کوردبوون

Friday, 04/11/2022, 22:46

4401 بینراوە


بەشێک لە بیروەرییەکانی کاپیتان حەمەدی مەولوودی

ھەرچەندە ئەمن بیرەوەریی کەم دەخوێنمەوە، بەڵام جیاوازی ئەو مرۆڤە زۆر سەرنجی ڕاکێشام، کەسێکە ڕێک ئەو پەیامەت دەداتێ کە بۆ دەبێت بیرەوەریی بنوسرێتەوە، ژیانبکە و ئەزموون پەیا بکە، ئینجا وەرە بینووسەوە، بەشداریکردنت لە ڕووداوە گرنگەکان مێژووت واتادار و سەرنجڕاکێشتر دەکات.
زۆر سەرسام بووم بە ڕاستگۆیی و بوێری ئەو مرۆڤە. چۆن باسی تاکەکان و کۆمەڵگەت بۆ دەکات، حەمەدی مەولوودی کەسێکی زیرەک نییە لە ڕوویی ھزریەوە، بەڵام ھەست و ئیدارکێکی زۆر بە ھێزی ھەیە بەرانبەر ھەق و ناھەق، ناشتوانێت بەرانبەریان بێدەنگی ھەڵبژێرێت، جا بۆ ئەو گرنگ نییە، ئەو کەسە چ سی ڤیی و چ پلە و پاییەکی ھەبێت.
لە خێزانی خۆیان دەست پێدەکات، لە نێوان باوکێکی ترسنۆک و ژنی دووەمێکی زاڵم،  هەر لە سەرەتا هەستێکی زۆر سەیر و ترسناکت دەداتێ، لەگەڵ ئەوەی سەدەر سەدیش دەزانیت، کە ئەو حەفتا ساڵ زیاتر دەژی، بەڵام هێندە بە  ووردی باسی بێ بەزەیی ژنی دووەمی باوکیت بۆ دەکات، (چونکە حەمەدی بە بیری نایێت کە دایکی خۆی دیتبێت) کەچ دەسەڵاتێکی ھەیە و چۆن بەرنامەڕێژی دەکات بۆ لەناوبردنی منداڵێک، وەک خۆی و ژنانی گەڕەک دەڵێن، کە دایکی حەمەدیشی دەرمانخوارد کردووە، کەچی حەمەدی دەڵێت " لەبەر ئەوەی بەس ئەوم دەدیت لەماڵی، هەمیشە بە دواوەیەوە بووم و هەر وامدەزانی دایکمە کەچی ئەویش پلانی دا دەنا چۆن لە ناوم ببات" ئاخر ئێمە زۆرجار چیرۆکی ئەو دایک و باوکانەمان بیستووە، کە لە ئیرەیی منداڵێکیان دەترسن بەرانبەر بە کۆرپەکەیان، بەڵام  گەورەییەک بەرنامە دا بنێت بۆ لەناوبردنی منداڵێک ھێندە سەخت نییە ، کە کارەکەی سەربگرێت، چونکە منداڵ حەزی فیربوون و زانینی ھەیە، دەیەوێت زۆربەی شتەکان تاقی بکاتەوە، بە تایبەت ئەگەر کەسێکی بێ ویژدانیش بێت، پێم سەیرە حەمەدی مەولوودی چۆن ڕزگاری بووە؟ ئاخر حەمەدی مەولوودی چیرۆکی ئەو کچە منداڵە خوێنشرینەمان بۆ دەگێڕتەوە، کە باوکی حەمەدی  لە تاڵانەکەی ھاونیشتیمانە ئاشورییەکانمان بەشداری دەکات، دوای تیرۆکردنی( مارشەمعون) باوکی کچێک بە یەخسیری دەیھێنتەوە ماڵێ، بەزۆر دەیکەن بە موسڵمان و ناوی لێدەنێن " حەبیب"لەترسی ژنەکەی لە حەمەدی مارەدەکەن، ئای کە چەند بە ئازارە ئەو بەشە؟ بەوە دەڵین" بەرد دەکات بەئاو" بۆ من گرنگ نییە، کە کێ دەستپشخەر بووە لەو ئاژاوانەی ئەو ناوچەیە؟  ئەوەی زیاتر خەمی لێدەخۆم، چۆن ئەو پێکەوەژیانە جوانەیان لێ تێکداین بە نەزانی خۆیان، ئاخر ئێمە ھاوخاک و ھاونیشتیمانی یەک بووین بە درێژایی مێژوو، بەو پێکەوەژیانەوە جوان بووین.
 حەمەدی بۆمان دەگێڕێتەوە کە زڕدایکی ئەو کچە زوڵملێکراوە دەرمانخواردی دەکات، بۆیە حەمدیش بەسەرسوڕمانەوە دەڵێت" بۆ خۆشم نازانم بۆچی تا ئێستا منی دەرمانداو نەکردووە؟" .
حەمەدی گلەیی لە منداڵی و بێ دەسەڵاتی خۆی دەکات، کە کەمی پێکراوە بەرانبەر بە حەبیب" دەنا دەستم ڕۆیشتبا، دەمزانی چۆن قەدری ئەو خوشکە پاک و بە قیمەتەم بگرم" ئەوەش جوانیەکیتر حەمەدی مەولوودی ھەر وەک خوشکی خۆی سەیری کردووە، نەک ھاوسەری، بۆیە کچەکەش وەک رەحمانی برای بچوکی حەمەدی ھەر پێی دەڵێت" کاکە".
وەک خۆی باسیدەکات کە باوکیی پیاوێکی  بێ کەسایەتی بووە" منی خۆشدەویست بەڵام زڕدایکەکەمی خۆشتر دەویست" حەمەدی مەولوودی زۆر بوێرانە باسی کەسایەتیەکان دەکات، بە ھۆی ئەوەی ڕزگاری بووە لەو ڕۆژگارە سەخت و باوەڕپێنەکراوە،  بەشێوەیەکی زۆر پێکەنیناوی وەسفی باوکیمان بۆ دەکات" باوکم لە خانەقا پێڵاوانی جووت دەکرد، ئەوەندە شارەزابوو لە کارەکەی خۆی ئەگەر چاویشیان ببەستاوە پێڵاوەکانی دەناسینەوە"  هێندە باوەڕی بەشێخەکەی هەبووە، ئاوی دەسنوێژەکەی هێناوەتەوە و داویەتیە ژنەکەی، ژنەکەشی بە کەوچکان بەسەر دراوسێیەکانی دابەشکردووە، بەڵام ئەوەی ڕقی لێی بووە، بێ بەشیکردووە لەو ئاوە موتفەڕکە.
ڕاستیەکەی بە هۆی ترسنۆکی باوکی و دڵڕەقی دایکی  کە نانی ناداتی،حەمەدی مەولوودی ناچار دەبێت لە تەمەنێکی زۆر بچووک دەست بە دزی بکات، لێرە حەمەدی مەولوودی وانەیەکی زۆر گرنگمان لە زانستی فێرکار و پەروەردەکردن( پێداگۆگی) دەداتێ کە بەنەبوونکردن و برسیکردنی منداڵ، چۆن منداڵ ناچاردەبێت ڕوو لە کاری نائاسایی بکات، ڕاستیکەی لەو بەشە بۆ من  تامێکی زۆری" نانی ڕووتی، محمد شوکری" دەدا، چۆن لە ڕێگەی ڕۆمانەکەی ئەو کوچە و کؤلانەکانی (تەنجە) ئاشنا دەبین، ئەوە لە ڕێگەی ئەو مندالییە بەدبەختەی حەمەدی مەولوودیەوە بەتەواوی ئاشنایی کوچە و کۆڵانەکانی مهابادێ دەبیت، چۆن دەست بەدزی دەکات لەو تەمەنە گچکەیە و ، چۆن کەلو پەلە دزراوەکان دەباتە لای ( رەحمان جوجیلە) دەڵاڵ؟ بەشێکی پڕ لەسەرکێشیە، بەڵام  ئەو خاڵەی پاڵەوانەکەی ئێمە لە محەمەد شوکری جیادەکاتەوە و ڕێڕەوەی ژیانیشی دەگۆڕێت. ئەویش  " غەدرقبووڵ نەکردنە" ئەوەش لە هەناوی بوێڕییەکەوە چەکەرە دەکات و دەیکات بە خاوەن دەیان چیرۆک و بەسەرهات،  تادەشمرێت هەر لەبەرەی زوڵملێکراوانی دەهێڵێتەوە، نووسینەوەی بیرەوەرییەکەشی ھەر بۆ ئەوەیە، ترسنۆک نەکرێت بە پاڵەوان و پاڵەوانیش مافی نەخورێت،  ئەوە سروشتی حەمەدی مەولوودییە ھەر لە منداڵییەوە.
 ئەو کاتەی لە " باکۆ" دەژی کێشەی زۆربووە لەگەڵ ( رەحیمی قازی) یەکەم لەبەر ئەوەی ھەستیکردووە، چونکە  کوڕی سەیفی قازی و برازای قازی محەمەدبووە، شایستەی ئەوە نەبووە ئەو ھەموو گرنگیەی پێ بدرێت و لە منداڵی ئەوانیتر جیابکرێتەوە، لە ڕوانگەی حەمەدی مەولوودی ھیچ لەباربوو نەبووە،  دووەمیش کێشەی زۆر بۆ دروست کردووە لەگەڵ مەلا مستەفا، دکتۆر ئاسۆ دەگێڕێتەوە(... ڕۆژێکی کاک حەمەد ھاتە ماڵمان و لەبەر دەرگای ماڵمانەوە بە پێکەنین و خۆشحاڵییەوە بە ڕەعنا خانمی ھاوسەرمی گوت: مزگێنم دەیە، ڕەحیم ئاغا بەردی گورچیلەی ھەیە و لە نەخۆشخانە کەوتووە، دەزانی ئەو بەردە چییە؟ ئەوە ھەمان ئەو رەردەچێوەیەی کە لە ئێرانەوە بۆیان ناردبووم و ڕەحیم ئاغا لێی خواردم و نەیدامەوە. ئێستا لێی بووەتە بەردی گورچیلە. بەو قسەیە دەیویست پێمان بڵێ ھەرکەس زوڵمی لێبکات خودا ئاوای بەسەر دێنێ.. .) .
ھەر لە تەمەنی منداڵی باسی ئەوەمان بۆ دەکات، بە قەولی خۆی چۆن سەربازێکی عەجەم، دەیەوێت لەو تۆپێنەدا دەستی بۆ منداڵێکی  بەناوی ( برایم خانی…) ببات و کوڕەکەش قبوڵ ناکات و سەربازەکەش وازی لێ ناھێنێ و خەڵکێکی زۆریش لەوێیەوە و بەڵام ھیچ ناڵێن، حەمەدی مەولوودی دەڵێت "جیا لەو هەموو پیاوەی کە لەو دەوروبەرەی بوون و جیا لەو هەموو منداڵەی. چوومە پێشێ و لێی وەجواب هاتم، کابرا شەقێکی داهێنامێ،بەڵام خۆم لادا نەیگرتم، ڕۆ بوومە بەردێک پڕ بە چنگم و پڕ بە هێزی خۆم لە کە للەی سەریم دا و بورایەوە و کەوت، ئەو پیاوانەی لەوێ دانیشتبوون  هەموو وەک با ڕایانکرد" ڕاستیەکەی ئەو ڕووداوە حەمەدی مەولوودی دەباتە ناو قۆناغێکی نوێ، دەکەوێتە زیندان و پاشان ئەو ڕووداوە دەبێت بە هۆکاری ناوبانگ دەرکردنی، هەرچەندە ئەو بەینەش زۆر خۆشە لە گێڕانەوەکەی، چونکە دەسەڵات حەمەدی مەولوودیی پێ ناگیریێت باوکی دەگرن و دارکارییەکی زۆری دەکەن" هێندەیان لێدابوو کە هێزی نەبوو لەسەر قوون دانیشێت…  شپڕزەیان کردووە، تەنیا کەمێک زمانی کار دەکات، ئەویش هەر بەشی ئەوە دەکات جنێوم پێبدات" وەک گوتم ئەو بوێرییە و قبوڵنەکردنی غەدر لەکەس وای لێدەکات، ووردە ووردە پێ باوێتە ناو قۆناغێکی دیکە. بە قەولی خۆی حەز لە عەجەمان ناکات و " ھەرچەندە لە منداڵیمەوە چاوم بەرایی نادات تەماشای دەوڵەمەند و ئاغایان بکەم، ھەر خۆم دەزانم چن! لە بەرانبەر عەجەماندا خۆپێکەم و لە بەرانبەر کوڕە فەقیر و نەدارانیشدا شێرن"  حەمەدی مەولوودی لەبەر ئەوەی ناترسێت ھیچ شتێک پینە ناکات ، بە زمانە سادەکەی ھەموو ھەقیقەتەکانمان پێ دەڵێت و زووش درک بە دووڕوویی ئەوانە دەکات و دەشزانێت ئەو ئاغا و شێخ و دەرەبەگانە ھی ئەوەنین پشتیان پێ ببەسترێت، ئەو کەسێک نییە تیئورییان بنووسێتەوە بەڵکو ھەموو کات نموونەی زیندوومان دەداتێ، لەو کاتەی تووشی یەکێک لە ئاغایەکان دەبێت بەناوی " حەمەد ئاغا" پێ دەڵێت" سامەی برات لە نێو عەجەمان دایە و تۆش پۆلکلۆنیکی کوردستانی، چۆن شتی وادەبێت؟ ھەرچەندە ئاغا بۆ ئەوەی کارەکەی ئاشکرانەبێت دەیەوێت بە درۆییەک ڕازی بکات، بەڵام حەمەدی مەولوودی باش دەزانێت، کە ئەوە ھەر ئەو نییە، ئەو کارەی کردووە، بەڵکو بەشێکی زۆر لە ئاغایەکان ئەو شێوازەیانە بەکار ھێناوە ، ئەگەر ئەوبەرە سەرینگرت بەرەکەیتریان لە دەست نەچێت، ھەر ئەوانەش کۆمار بە ڕۆژە ڕەشەکە دەبەن.
حەمەدی مەولوودی لەگەل ئەوەی قازی محەمەدی زۆر خۆشدەوێت بەڵام تێڕوانینی خۆی ناشارێتەوە بەرانبەری و دەڵێت" قازیش دوو شووتی بە دەستێک ھەڵدەگرت، لە لایەک دەیھەویست کوردستان ئازاد بێت و لە لایەکیش لە دواڕۆژ دەترسا، نەیدەویست دڵی حکومەتی ئێران بڕەنجێنێ" ئەوە ڕێک ئەو خوێندنەوەیە ، کە بزووتنەوەی کوردایەتی بەبێ بیرکردنەوە کەوتە دوای دروشمێک  کە گەورترین زیانی لە خەباتی میللەتی کورد دا " خودموختاری بۆ کوردستان و دیموکراتێ بۆ ئێران" لە باشووریش " ئۆتۆنۆمی بۆ کوردستان و دیموکراتی بۆ عێراق" کە وایکرد ھەمیشە کورد لە قۆناغێ داکۆکیکردن بێت نەک ھێرشکردن، ھەردەم چاوێکی لە بەغدا و تاران بێت، ئاخر ئیسرائیلیێەکانیش کە پڕۆژەی پارەوەرگرتن بەرانبەر بە پاراستنی بیرە نەوتەکان بۆ مەلا مستەفا دەکەن، ئەویش یەکسەر پێیان دەڵێت" ئێمە نامانەوێت کێشەکەمان ھێندە گەورەکەین لەگەڵ بەغدا" ھەندێک کەس بەھەڵە ناو لە بزووتنەوەی کوردایەتی دەنێت،  بزووتنەوەیەکی ناسیۆنالیستی کوردی، لەوەدا زۆر بەھەڵەداچوون بزووتنەوەی کوردایەتی واتە پاراستنی بەرژەوەندی ئاغا، شێخ ، دەربەگ و سەرۆک عەشیرەت. بەکورتییەکەی جەماعەتی کوردایەتی لەسەرەتای سەدەی بیستەوە ھەتا ئێستا چەندان تاقیکردنەوەیان کردوو، سەرکەوتوو نەبوون، بەسەدان دەرفەتیان وەرگرت، بەبڕوای من کاتیان بەسەرچووە و بچوکترین دەرفەتیتریان بدرێتێ، ژینگە پیس دەکەن.
چەندی مێژووی نەتەوەکەی خۆم دەخوێنمەوە، زیاتر ئەو ڕاستیەم بۆ دەبێت بە یەقین، کە ئێمەی کورد قەت خاوەنی بزووتنەیەکی ناسیۆنالیستی نەبووین، بەڵکو کۆمەڵێک تاکی ناسیۆنالیستمان ھەبوو کە لە ناو بزووتنەوەی کوردایەتی ووزەکانیان توایتەوە، بۆ پێناسەی کوردایەتیش دەکرێت چاوێک بە مێژووی پارتی و یەکێتی دابخشێنن بۆ ئەوەی لەو چەمکە بگەن.
ئەمنیش ھەر لەسەر زاری حەمەد مەولوودیی نموونەیەکی زیندووی ئەوتان بۆ دەگێڕمەوە لە نێوان دووکەسی دڵسۆز ڕوویداوە،  یەکێکیان پێشەوا قازی محەمەد وەک نموونەیەکی کوردایەتی و ئەویتریش یەکێک لە ئەفسەرە خۆشەویستیەکانی نیشتمانە ئەفسەر مستەفا خۆشناو، وەک نموونەی کەسێکی ناسیۆنالیست، بەر لەوەی بچمە ناو بابەتەکە بەو خاڵە دەست پێدەکەم، پێشەوا نموونەی کوردایەتی پشت بە سەرۆک عەشیرەتەکان دەبەستێت و مستەفا خۆشناویش لەگەڵ کۆمەڵێک ئەفسەری نیشتیمانپەروەر دەیانەوێت سوپایەکی نیشتیمانی دروست بکەن، کە بەداخەوە ئەو پڕۆژەیە لە ئەقڵیەت و دەسەڵاتی  کوردایەتی جێگەی نابێتەوە.
حەمەدی مەولوودی بۆمان دەگێڕێتەوە کە چۆن جارێک چەک و تەقەمەنیەکی زۆری سوپای ئێران دەگرێت لەگەڵ چەند بەرپرس و  ماشێنەکانیان ، ئەو کاتە مستەفا خۆشناو فەرماندەی ئەو جەبھەیە بووە بەڵام لەوێ نەبووە، پاش ئەوەی کە دەگەڕێتەوە ( وەھاب بلووریان) یش لەگەڵدابووە وەزیری کۆماربووە، کە زۆر ھاوسۆزبووە لەگەڵ بەرپرسە ئێرانیەکان و دژی ئەو ھەڵوێستەی حەمەدی مەولوودیی بووە، پاشان مستەفا خۆشناو ڕازی دەبێت کە ماشێنەکانیان بدەنەوە و ئازادییان بکەن، چەک و تەقەمەنیەکانیش بۆ سابڵاغێ دەنێرن، پێشەوا دەڵێت:" نەدەبوایە ماشێن و خۆراکەکەشت دابانەوە بە ئێرانێ" حەمەدی مەولوودی پێ دەڵێت:" قوربان جەنابی وەزیرەکەت لە کن ئەو ئێرانیانە لە گەڵم بەشەڕ ھات و چاوی لێ سوور و شین دەکردمەوە، ئەو پێداگری کرد کە بیاندەمەوە..." پاشان قازی بۆ خۆی چەک و تەقەمەنیەکانیان دەداتەوە، بەڵام حەمەدی مەولوودییان وازی لێ ناھێنێ و دەچێتەوە لای قازی:" تۆ بە منت دەگوت بۆچی ماشێنەکانت داونەوە کەچی بۆخۆت ھەموو ئەو قۆرخانە( چەک و تەقەمەنی) باشەت دەوەتەوە بە ئێرانێ!؟ تۆ ھەمان کاری وەزیرەکەت کردەوە، چۆن شتی وا دەبێت!؟
قازی محەمەد لە وەڵامدا دەڵێت:" ڕووسەکان گوشاریان ھێنابوو..."
حەمەدی مەولوودییان خۆی دەگەیەنێتە ( ئەسەدۆف) کە موستەشاری شۆڕەوی بووە لە سابڵاغێ، ئەویش پێ دەڵێت:" ئێمە کاری وامان نەکردۆت و ئاگاشمان لێنەبووە، برای قازی لە تارانێ ڕا ھاتۆتەوە بۆ ئەو تۆپانە تاوەریانگرێتەوە بۆ ئێرانیان. پاشان حەمەدی مەولوودی ڕووداوەکە بە ووردی بۆ فەرماندەکەی کە مستەفا خۆشناوە دەگێڕێتەوە و ئەویش پێ دەڵێت:" ھەموو شتێکم زانیوە و ئاگادارم، بەڕاستی کارێکی زۆر خراپیان کردووە. حەمەدی مەولوودی دەڵێت:" بەشەرەف ئەوەی دەیڵێم قسەی ئەو بوو( مەبەست مستەفا خۆشناو) گوتی: ئاخرمان خێر بی، قسەیەکی تری گوت کە بۆ نووسین نابێ و من خۆی لێدەبوێرم" جا ئەوە سیاسەتکردن ئەو تاقمەبووە بە درێژایی مێژوو، ھەموو کات نەرم و نیانیان نیشانداوە بەرانبەر بە دوژمن و داگیرکەر و قەت بەرنامەی یەکلاکەرەوەیان نەبوو نە بۆ گەلەکەیان و نە بەرانبەر بە دوژمن.
حەمەدی مەولوودی لە زاری ( قادری مەحمود زادە- کە دەکات دکتۆر ئاسۆ) بۆمان دەگێڕتەوە کە، مەلامستەفا گوتویەتی :" ئەرێ ئەوە چییە  ھێندە باسی حەمەدی دەکەی؟ ئەو خوێڕییە چیە؟ باسی ئەو مەکە لای من بەسە" حەمەدی مەولوودی ئەوەی بە چاودا دەداتەوە و دەڵێت:" ئەدی ئەو کاتە کە چواردەورەیان گیرابوو و چووم بە خۆی بە دوازدە ئەفسەرەکانییەوە لە مردن ڕزگارم کردن، بۆ ئەودەم خوێڕی نەبووم و باش بووم؟" ھەرچەندە ئەمن لەگەڵ ئەوەنیم، کاری باش و جوان بە چاوی کەسدا بدرێتەوە، بەڵام ھەندێک کەس ناچارت دەکەن، بەڵام ئەو تێبینیەی حەمەدی مەولوودیانم زۆر پێ جوان و زیرەکانەیە کە بە مەلا مستەفا دەڵێت:" جا وەرە قوڕی ھەموو دنیایە وەسەری خۆت مەکە کە لەبەر میرات بەشکردنی کوردستان و خۆکردن بە کوێخای کوردستان، ھۆشی ئەوەیان نییە وەدوای خوێندن و سەنعەتێکی بکەون! ئاخر لە وڵاتی شۆرەوی خوێندن زۆر ھاسان و بەلاشە، لە قوتابخانە لیباس و خەرجی، ھەمووی لەسەر دەوڵەتە. مەلا و رەحیمیش( مەبەست مەلا مستەفا و رەحیمی قازی) لەسەر پیاوەتی کردنی لەسەر ئاوی حەمامێ و خۆ بەسەر یەکتر ڕانان و تەخشان و پەخشان کردنی خاکی کوردستان سەریان لەو لاو و جحێڵانەی بارزانیش شێواندبوو و نەیانھێشت فێری سەنعەت و خوێندن بن. ھەمووی بەکوێری گەڕانەوە کوردستان" ئەو ڕەخنەیەم زۆر بەلاوە گرنگە، چونکە ئەگەر بمانەوێت پێشکەوین، تاکە ڕێگەمان خوێندن و فێربوونی پیشەیە.
ھەندێک بەشی ھەیە، بۆ ماوەیەک ماندووت دەکەن، بەشی کاک (حەمەدەمین ڕاتب) زۆر ئازاری دام .

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە