دارا سلێمان

https://www.facebook.com/daray.sleman.7


ژێیە ناوازەکان و خەونی ئەینشتاین لە دۆزینەوەی بیردۆزی هەموو شتەکان (بەشی یەکەم)

Friday, 11.04.2022, 23:35

1376 بینراوە


براين گرين:"ئەگەر بیردۆزی ژێیەکان ڕاست بێت، ئەوا تایبەتمەندییەکانی ئەم گەردوونە کەسێکی وەک ئەینشتاینیش تووشی سەرسوڕمان دەکات."


بەشی یەکەم: بیردۆزی ژێیەکان و هەوڵی بەدیهێنانی خەونەکەی ئەینشتاین

 زانای فرە بەناوبانگ ئەینشتاین لە دوا بیست ساڵەکانی ژیانیدا هەموو هەوڵەکانی بۆ ئەوە تەرخان کردبوو، بگاتە تاکە یەک بیردۆز بۆ ڕاڤەی تێکڕای دیاردە و ڕووداوەکانی گەردوون، ئەوەش بە یەککردنی بیردۆزە ڕێژەییەکەی خۆی لە هێزی کێشکردن لەگەڵ هێزی کارۆموگناتیسی (تەنیا ئەو دوو هێزە ناسراو بوون لەو دەمەدا). لەبەرئەوەی ئەینشتاین سەلماندی کە خێرایی کاریگەری هێزی کێشکردن هەمان خێڕایی تیشکی هەیە، کەواتە دەشێ هاوتایی و هاویەکییەک لەنێوانیاندا هەبێت. بەڵام لەگەڵ پێشکەوتن و داهێنانە مەزنەکانی ئاستی ژێر گەردیلەیی لە فیزیای کوانتەمدا (Quantum mechanics)، زاناکان زانییان کە جگە لە دوو هێزەکە چەند هێزێکی دیکە لەگەردووندا هەن، لە جیهانی تەنۆلکە هەرە وردەکانیشدا هێزی کێشکردن کاری پێ ناکرێت. 
بەداخەوە ئەینشتاین مرد و خەونەکەی نەهاتە دی. بەڵام پاش تێپەڕبوونی پتر لە نیو سەدە، زاناکان پێیان وایە، دوای ئەوەی توانرا کایەکانی کارەبا و موگناتیس، واتە پێکبەندی هێزی کارۆموگناتیسی لەگەڵ هێزی ناوکەیی لاواز، پاشان ئەوانەش لەگەڵ هێزی ناوکەیی بەهێز پێک ببەسترێن، تەنیا ئەوە دەمێنێ کە هەموو ئەو هێزانە لەگەڵ هێزی کێشکردن یەک بکرێن، ئەوا دەرەنجام سەرلەبەری کێشەکانی فیزیا چارەسەر دەبن. زانا هاوچەرخەکان زۆر نێزیک بوونەتەوە لە گەیشتن بە هەڵهێنانی ئەو مەتەڵە مەزنەی مێژووی زانستەکان، بە دانانی یەک هاوکێشەی سەرەکی، یان یەک بیردۆز بۆ کۆکردنەوە و پێکبەستنی گشت بابەتە جیاجیاکان، بۆ تێگەیشتن لە گەردوون بە بیرۆکەیەکی نوێ و جیاواز لەوەی لە زانستەکاندا ناسراوە، ئەمەش ناو نراوە بە بیردۆزی ژێیە ناوازەکان (Superstring theory)، یاخۆ بەکورتی بیردۆزی ژێیەکان.
لەڕاستیدا ئەگەر بیردۆزی ژێیە ناوازەکان بگاتە ئاستێکی باش لە وردایەتی و بتوانێ چەند پێشبینییەکی بەرئەزموون بخاتە بەردەست، ئەوا دەکارێ کۆمەڵێک بابەتمان بۆ ڕاڤە بکات وەک، چییەتی سروشتی تەنۆلکە سەرەتاییەکان، زانینی هۆکارەکانی تەقینەوەی مەزن و چۆنەتی سەرهەڵدانی گەردوون، نهێنی فرەگەردوونەکان و شیکردنەوەی ماددە و وزەی تاریکی شاراوە، ئەوانەی بە هەردووکیان نێزیکەی 95%ی گەردوونەکەمانی لێ پێک هاتووە، هەروەها زانینی کار و کردارەکانی ناو چاڵە ڕەشەکان.

گەورەترین بەربەست لەبەردەم فیزیادا، یەککردنی چوار هێزە بنەڕەتییەکانی سروشتە، ئەمە گرینگترین بیرۆکەیە بە دەیان ساڵە مێشکی فیزیازانەکانی تەنیووەتەوە، بۆ دۆزینەوەی چوارچێوەیەک کە هەردوو بیردۆزی ڕێژەیی و میکانیکی کوانتەم لەخۆ بگرێت. بێگومان هەر کاتێک بەو دۆزەوەیە بگەن، ئەوا دەبێتە گەورەترین شۆڕش لە زانستی هاوچەرخدا.
ئەو دەمەی لە سییەکانی سەدەی بیستەم، بیردۆزی ڕێژەیی گشتی زانای ناودار ئەینشتاین بە جیهاندا بڵاو بووەوە، توانی ڕاڤەیەکی گونجاو دەربارەی ئاستی گەورەی گەردوون لەڕێی چۆنەتی زاڵبوونی هێزی کێشکردن بەسەر تەنە ئاسمانییەکاندا بخاتە بەردەست زاناکان. فیزیای کوانتەمیش بە هەوڵی چەندان زانا، لەسەرووی هەمووشیانەوە دوو زانای بەناوبانگ ماکس پلانک (Max Planck) و نيلز بۆر (Niels Bohr)، گەلەک بەسەرکەوتوویی دەستی کرد بە شیکردنەوەی و تێگەیشتن لە نهێنییەکانی گەردیلە و پێکهاتەکانی، ئەوانەی بوونە هۆکاری بەبەرهەمهاتنی کۆمپیوتەر و تیشکی لەیزەر و مانگی دەستکرد و کۆمەڵێک داهێنانی دیکە. واتە بیردۆزی ڕێژەیی لە ڕەهەندە زل و مەزنەکەدا گشت شتێکی بۆمان ڕوون کردەوە، بەڵام کاتێک چووە دوورییە ژێر گەردیلەییەکان ئەوا تووشی هەرەس بوو، بەهەمان شێوە میکانیکی کوانتەم پێناسەیەکی تەواوی پێمان بەخشی لە بواری خۆیدا، کەچی پێی نەکرا هیچ شتێک بڵێ بۆ کاریگەری هێزی کیشکردن لەسەر پێکهاتە بچووکەکانی لە گەردیلە وردتر، ئەمەشە لەفیزیادا پێی دەگوترێت کێشەی هێزی کێشکردنی کوانتەمی.
ئەوەی جێی سەرنجە، بە کۆکردنەوەی میکانیکی کوانتەم و بیردۆزی ڕێژەیی بۆ هێزی کێشکردن، دەبێتە هۆی بەدەستهێنانی شتانێکی هەڵە و نالۆژیکی، بەڵام ئێمە دەزانین نابێ سروشت هیچی نائاسایی تێدا هەبێ. گەردیلە و گەلەستێرە فرە مەزنەکان هەموویان بەشێکن لە هەمان گەردوون، بۆیە پێویستە یەک پێناسە بوونی هەبێ بۆ تێکڕای شتەکان، نابێ دوو ڕاڤە بخەینە ڕوو بۆ گەردیلە و ئەستێرەکان. زاناکان دەڵێن، یاسا سروشتییەکان پێویستە لە هەموو شوێنێکدا پێڕەو بکرێن، بۆ ئەوەی هێزی کێشکردنیش بهێننە ناو بنەماکانی فیزیای کوانتەم، وەک چۆن سێ هێزە سەرەکییەکان یەککران و تێیدا کاری خۆیان دەکەن.
بۆ نموونە، ئەگەر بمانەوێ لە چاڵە ڕەشەکان بکۆڵینەوە، نازانین پەنا ببەینە بەر کامە بیردۆز، چونکە چاڵی ڕەش لە لایەکەوە خاوەنی بارستایی، یاخۆ کێشێکی لەڕادەبەدەر گەورەیە و دەبێ بیردۆزی ڕێژەیی گشتی بۆ بەکار بهێنین، بەڵام ئەو دەمەی دەڕوانینە قەبارە یەکجار ورد و بچووکەکەی، ناچار دەبین ڕوو لە بیردۆزی کوانتەم بکەین. گرفتەکە لێرەدا ئەوەیە بە پشت بەستن بەو دوو بیردۆزە لە یەک کاتدا، دەبێتە هۆکاری هەرەسهێنانی هەردووکیان و پێدانی دەرەنجامی سەیر و ناسروشتی. واتە کە هێزی کێشکردن دەبەینە ناو دوورییە یەکجار بچووکانی ژێر پلانک، ئەوا هاوکێشەکان بڕە نەزانراو و بێکۆتاکانمان پێ دەدەن (وەک دابەشکردن بەسەر سفڕ)، ئەمەش لە فیزیادا تەقینەوە یان کارەسات دەگەینێت. بێگومان ئەمە ئەستەمە بەو شێوازە بێت، لەبەرئەوەی گەردوون هەمیشە دەبێ خاوەنی یاسای ڕاست و ڕەوان بێت، بەمەش بایەخ و گرینگی بوونی بیردۆزێکی گشتی بۆ سەرلەبەری یاساکانی گەردوون گەلەک پێویستە.

لە بیردۆزی نموونەی پێوانەیی (Standard model‏) لە فیزیای تەنۆلکەییدا، تەنۆلکە سەرەکییەکان سادەترین پێکهاتەی بوونن و دەکرێنە دوو بەش، ئەوانەی ماددەیین بە فرمیۆنەکان (Fermions) دەناسرێن کە ئەلیکترۆن و کوارکەکان و میۆن و تاو چەندانێکی دیکە دەگرنەوە. ئەوانەشی بەندن بە هێزەکان، یاخۆ گوێزەوەی هێزەکان پێیان دەگوترێت، بۆزۆنەکان (Bosons) کە دەبنە گلوۆن (Gluons) بۆ هێزی ناوەکی بەهێز، بۆزۆنی (W و Z) بۆ هێزی ناوەکەیی لاواز، فۆتۆن (Photon) بۆ هێزی کارۆموگناتیسی، هەندێ تەنۆلکەی دی وەک بۆزۆنی هیگز (Higgs boson)، ئەوەی بەرپرسە لە پێدانی بارستایی بە تەنۆلکەکان. لەڕێی هەموو ئەو ئەزموونانەی ئەنجام دراون، ڕاستی پێشبینییەکانی بیردۆزی نموونەی پێوانەیی سەلمێندراون، تاکە کەموکوڕی ئەم بیردۆزە ئەوەیە هێزی چوارەمی گەردوون کە کێشکردنە لەخۆ ناگرێت، واتە ناتوانێت هێزی کێشکردنیش وەک ئەوانەی دی بە تەنۆلکەیەک بەدەستەوە بدات. لێرەدا زاناکانی بیردۆزی ژێیەکان دێنە پێش و بۆ چارەسەری تەنۆلکەیەکی گریمانەکی بەناوی گراڤیتۆن (Gravitons)، پێشنیار دەکەن بۆ هێزی کێشکردن، هاوکات بنچینەی هەموو تەنۆلکە سەرەتاییەکان بۆ ژێیەکان دەگەڕێننەوە، بەمەش دەکارن بیردۆزە جیاجیاکان بەیەکەوە گرێ بدەن بۆ بەدەستهێنانی بیردۆزێکی گشتی بۆ تێکڕای شتەکان.
ئێستەش پێش ئەوەی لە چییەتی بیردۆزی ژێیەکان و پێناسەی چەمک و بنەماکانی بدوێین، پێویستە بڵێین کە لەگەڵ بوونی جوانی و هەستبزوێنی بیردۆزی ژێیە ناوازەکان، بەڵام یەکێکە لە ئاڵۆزترین بیردۆزە زانستییەکان، بەوەی هەر یەکێک بیەوێت بچێتە بنج و بنەوانی ئەم بیردۆزە، بەتایبەتیش بابەتی دوورییە زێدەکان، دەبێ شارەزایییەکی چاکی هەبێ لە چەندان بواری زانستی فیزیا و گەردوونناسی و لکەکانی ماتماتیک لە، جیاکاری و تەواوکاری، ئەندازەی بۆشایی شیکردنەوەکی، ژمێرەی سێگۆشەکان، ئەژمار و بیردۆزی ئەگەرەکان و هی دیکە.
بەڵام ئەوەی ئێمە لێرەدا مەبەستمانە، هەوڵ دەدەین بەکورتی و بە ئاسانکارییەکی زۆرەوە، بەبێ ئاماژەکردن بە هاوکێشە و وردەکارییە سەخت و دژوارەکان، ئەو بیردۆزە ڕوون بکەینەوە بۆ تێگەیشتن لێی، هەتا بۆ ئەوانەی زانیارییەکی باشیشیان لە بابەتگەلە ماتماتیکی و فیزیکییەکاندا نییە.

چییەتی و جۆری ژێیەکان

بیردۆزی ژێیە ناوازەکان لە بنچینەوە دەیەوێت وەڵامی ئەو پرسیارە بداتەوە، ئایا یەکە هەرە سەرەتایی و سەرەکییەکانی کە بۆ دابەشکردن و بچووککردنەوە ناشێن، ئەوانەی هەموو شتگەلەکانی گەردوونیان لێ پێک هاتووە چین؟
زۆربەمان دەزانین گەردیلە پێکهێنەری سەرجەم شتەکانی گەردوونە، لە تەنێکی بچووکەوە بگرە، تا دەگاتە گەلەستێرە یەکجار گەورەکان. گەردیلەکان پێک دێن لە ناوکەیەک لە پرۆتۆنە بارگە ئەرێنی و نیۆترۆنە هاوبارگەکان، لە چێوەکەیاندا هەورێک لە ئەلیکترۆنە بارگە نەرێنییەکان هەن. تەنۆلکە وردەکان بچووکترین بەشی ماددەکان نین، بۆ نموونە پرۆتۆن و نیوترۆنەکان لە تەنۆلکەی وردتر پێک هاتوون وەک کوارکەکان، کاتێکیش پتر دەچینە قوڵایی ئەوا بەگوێرەی ئەم بیردۆزە دەگەینە شتانێکی سەیر و ناوازە، ئەوانیش ژێیەکانن.
لەڕاستیدا بیرۆکەی گەڕاندنەوەی پێکهاتەی هەموو شتەکان بۆ ژێیەکان بیرۆکەیەکی سادەیە، بەڵام دەرنجامی یەکجار کاریگەری لێ دێتە کایەوە. هەر کاتێک ئەم بیردۆزە گشتییە بۆ تێکڕای دیاردەکانی گەردوون بە بەڵگەی یەکلاییکەرەوە سەلمێندرا، ئەوا بنەماکانی تووشی سەرسڕمانمان دەکات و سەرلەبەری بیروبۆچوونە ئاساییەکانمان دەربارەی گەردوون هەڵدەگێڕێتەوە.
لە باری ئاساییدا ئەلیکترۆن تەنۆلکەیەکی سەرەتاییە کە وەک خاڵێک بەبێ پێکهاتەیەکی ناوەکی دێتە بەرچاومان، ئاشکرایە خاڵیش جگە لە جووڵە توانای هیچ شتێکی نییە. کەچی ژێ لەپاڵ جووڵەکەی بۆی هەیە بە چەند شێوازێکی جۆراوجۆر بلەرێتەوە و شەپۆل دروست بکات، شەپۆل واتە وزە، زانراوە کە گشت وزەیەکیش خاوەنی بڕ و لەرەلەر و فرەوانی شەپۆلی جیاجیایە. ئەم تایبەتمەندییانە هەمان شتن لەلای تەنۆلکەکاندا کە بەندن بە شێوازی لەرینەوە و خێرایی ژێیەکان، وەک جیاوازی نێوان دەنگی دوو ژێی تووندکراوی ئامێرێکی موزیک کە هەر یەکەیان دەنگێک دەردەکات.
لەم بیرۆزەدا تەنۆلکە سەرەکییەکانی پێکهێنەی ماددە و ناماددەی (وزە) سەرجەم شتگەلەکانی گەردوون، دوورییەکانیان سفڕ نین، بەڵکوو ژێیەکانن بە یەک دووری. ئاشکرایە ئەگەر تەنێک تەنیا درێژی هەبێت، واتە پانی نییە و بێکۆتایە لە باریکیی، بۆیە دەتوانین وەک هێڵێک لێی بڕوانین، بەڵام زاناکان ژێیان پێ باشترە لە هێڵ، چونکە ژێ نەرمە و دەکرێ بە زۆر شێوازی جۆراوجۆر بنوشتێتەوە تا بۆ گەلەک جۆرە لەرینەوە دەست بدات. ژێیەکان تاڵی جووڵاوەی یەکجار بچووکن لە وزەیەکی سەرەتایی، هەر چەمانەوە و هەژانەوەیەکی ژێیەکان و کارلێک کردنیان بەیەکدییەوە، تەنۆلکەیەکی سەرەتایی بە بارگە و بارستایی جیاواز بەبەرهەم دەهێنن.
ژێیەکان بڕێکی لەڕادەبەدەر بچووکن بە نێزیکەی 10^-33 سانتیمەتر (نێزیکن لە درێژی پلانک)، واتە سەد ملیار ملیار جار لە ناوکەی گەردیلە بچووکترن، دوو جۆریشیان هەیە، ژێی داخراو و ژێی کراوە، دەشێ هەندێکیان بگۆڕێن بۆ هی دیکە. ژێیەکانی سێ هێزەکەی کارۆموگناتیسی و ناوەکی تووند و ناوەکی لاواز کراوەن و لە هەردوو لایەکانیان بە پەردەی گەردوونەوە لکاون، ئەوەی هێزی کێشکردنیش ( گراڤیتۆن) ژێیەکی داخراوە و بە پەردەکەوە بەند نییە، ئازادە لە جووڵە و هاتن و دەرچوون لە گەردوونێک بۆ یەکێکی دی. 

لەلایەکی دییەوە بیردۆزی ژێیە ناوازەکان بیرۆکەیەکی گەلەک سەیر و سەمەرەمان پێشکێش دەکەن، دەربارەی بوونی حەفت دووری دیکەی زێدە بۆ چوار دوورییە ناسراوەکان (سێی شوێنەکی و یەکێکی کاتەکی). ئەم دوورییانەن کە تایبەتمەندی گەردوونەکەمان دیار دەکەن، بەڵام دوورییە زێدەکان دیار نین و هەستیان پێ ناکەین، تەنیا لە ئاستی هەرە وردی ژێیە هەژاوەکاندا جیا دەکرێنەوە. واتە حەفت دوورییەکە کۆبوونەتەوە یاخۆ بەگۆ کراون بەسەریەکەوە، بەوەی هەر خاڵێک لە شانەی گەردوونەکەمان لە ڕەهەندە لەڕادەبەدەر بچووکەکان، لە گۆیەکی خاوەن حەفت دووری پێک هاتووە. وەک ئەوەی ئەگەر سەیری پەرە کاغزێک بکەین ئەوا تەنیا لە دوو دووریدا دەیبینین، بەڵام کاتێک بە وردبینێک لێی بڕوانین دەزانین جگە لە درێژەی و پانی بەرزیشی هەیە.
ئەگەر بە بەڵگەوە بوونی یازدە دوورییەکان سەلمێندرا، ئەوا بەرەو ئەوەمان دەبات ئەم گەردوونەمان تاکە گەردوون نییە، بگرە بەندە بە ژمارەیەکی یەکجار زۆر لە گەردوونی تێکهەڵکێش، ئەوانەی هەریەکەیان خاوەنی یاسا و رێسای تایبەت بەخۆی هەیە، واتە یەک ڕووبەری دیارکراو لە گەردوون دەشێ کۆمەڵێک تەن لەخۆی بگرێت، بەڵام لە چەندان دووری و گەردوونی جیاجیا.
هاوکات زاناکان دەبێژن، دەشێ ئەو دوورییە زێدانە بتوانن بمان گەینن بە وەڵامی قووڵترین پرسیار لە فیزیای تیۆری، پرسیارەکەش ئەوەیە. ئێمە کاتێک سەیری دەوروبەرمان دەکەین، دەبینین نێزیکەی بیست ژمارە، یاخۆ نەگۆڕ هەن بۆ پێناسە و تێگەیشتن لە گەردوونەکەمان. ژمارەکانی وەک، خێرایی تیشک، نەگۆڕی فرەوانبوونی گەردوون، بارستایی تەنۆلکەکانی هاوشێوەی ئەلیکترۆنەکان و کوارکەکان، بڕی هێزی کێشکردن، تووندی هێزی کارۆموگناتیسی و هی دیکە، ئەوانەی یەکجار بەوردی پێوراون، بەڵام هیچ کەسێک نازانێت بۆچی ئەو بەها دیارکراوەیان هەیە؟ کاتێک بزانین ئەو دووریانە چۆنن، وامان لێ دەکەن لە لەرە و هەژان و چەشنی ژێیەکان بگەین، بەمەش چۆنەتی هاتنە کایەی بیست ژمارەکە بەدەست بهێنین، دەرەنجام لە بنچینەوە هۆکاری پێکهاتنی گەردوون بەم شێوەیەی کە هەیە ڕاڤە بکەین.
دیسانەوە بە پەشت بەستن بە بیردۆزی ژێیە ناوازەکان، دەشێ بیر لە هەندێ بیرۆکەی فیزیکی بکرێتەوە کە هەمیشە بە ئەندێشەیەک لێمان دەڕوانی، وەک بابەتی گەشتکردن بە کات و چوونمان لە شوێنێک بۆ یەکێکی دی یەکجار دوور بە چەند چرکەیەک. بۆ ڕوونکردنەوەی پتر، وا دابنێ ئەو شارەی تێیدا دەژی گەردوون بێت، لەم شارەدا ئەگەر بتەوێ لە ماڵەکەتەوە بچیتە شوێنی کارکردنت، ئەوا پێویستت بە ئامرازێکی گواستنەوە و کاتێکی دیارکراو هەیە بۆ گەیشتن بەو شوێنە. لێرەدا هەوڵ بدە ئەو تێگەیشتنە ئاساییەت بۆ هێڵێکی ڕاستی سەر زەوییەکی ڕووتەخت لەبیر بکەی، بهێنە بەرچاوت شارەکەت چەند چەمانەوەیەک لەخۆ دەگرێت و شوێنی کارەکەت دەکەوێتە سەر ماڵەکەت لەبری ئەوەی چەند کیلۆمەترێک لێتەوە دوور بێت، یاخۆ پردێک، یان توونێڵێک لە تەک ماڵەکەتەوە هەیە و زۆر بەخێرایی و بە کاتێکی کورت دەتگەینێتە شوێنی کارەکەت، با ناوی ئەو توونێڵە بنێین بە کونە کرمییەکان (بیرۆکەی ئەینشتاین). دەشێ ئەم کونە کرمییانە بۆ گەشتی نێوان گەردوونەکان بەکار بهێندرێن، بەڵام ئەگەر یاساکانیان جیاواز بێت لەوەی ئێمە، ئەوە گەڕانەوەمان ئەستەمە!

زۆرینەی بابەتەکانی بیردۆزی ژێیە ناوازەکان بەندن بە تێگەیشتن لە دوورییەکان، بۆیە پێمان باشە زۆر بەکورتی چییەتی و دەرنجام لە بوونی ئەو دووریانە بخەینە ڕوو:
پێویستە ئاماژە بەوە بدەین کە هەر دوورییەک لەمانە، دوورییەکەی پێش خۆی لەخۆ دەگرێت، واتە دووەم دووری ئەوەی یەکەم لەخۆ دەگرێت و دەیەمەکە نۆیەم و ... هتد. 
- یەک دووری: بە هێڵێک نیشان دەدرێت کە پێناسەیە بۆ درێژی. ئەگەر بوونەوەرێک لەسەر ئەو هێڵە بژیێت، ئەوا دەتوانێت تەنیا بۆ پێش و بۆ پاش بجووڵێت.
- دوو دووری: ئەگەر دوورییەکی دیمان بۆ هێڵی یەکەم زیاد کرد و بەیەکمان گەیاندن، ئەوا دەبینە خاوەن ڕووتەخێک وەک ڕووبەری لاکێشەیەک. ئەگەر بوونەوەرێک لەسەر ئەو ڕووتەختە بژیێت، ئەوا دەتوانێت بۆ پاش و پێش، هەروەها ڕاست و چەپ بجووڵێت.
- سێ دووری: ئەگەر دوورییەکی دیکەمان بۆ ڕووتەختە دوو دوورییەکە زیاد کرد، ئەوا دەبینە خاوەن بەرزیش وەک قەبارەی شەشپاڵوویەک. ئەگەر بوونەوەرێک لەو جیهانە شەشپاڵووە بژیێت، ئەوا دەتوانێت بۆ پاش و پێش، ڕاست و چەپ، بەرزی و نزمی بجووڵێت.
- چوار دووری: ئەمەیان دووری کاتە کە تۆزێک ئاڵۆزە بۆ تێگەیشتن. کاتێک بمانەوێت شوێنی تەنێک لە ئاسماندا، بۆ نموونە باڵندەیەک دیار بکەین، ئەوا پەنا دەبەینە بەر سێ دوورییەکە، بەڵام کاتێک بمانەوێت جارێکی دی سەیری باڵندەکە بکەینەوە، دەبینین لەشوێنی خۆی نەماوە، بۆیە ناچارین کاتەکەشی دەستنیشان بکەین. کات بۆ ئێمە تەنیا یەک ئاراستەی هەیە ئەویش بۆ پێشەوە. ئەو بوونەوەری زاڵە بەسەر چوار دووری، دەتوانێت جگە لە سێ دوورییەکەی شوێن، ڕابردوو و ئێستە و دواڕۆژ ببینێت و تێیاندا بجووڵێت. 
- پێنج دووری: بوونەوەرێکی پێنج دووری دەتوانێت لە یەک کاتدا بە چەندان شێوە لە شوێنی جۆراوجۆر بێت، هەروەها پێی دەکرێ ڕابردوو و ئێستە و دوڕاۆژ بگۆڕێت بە یەکدی.
- شەش دووری: بوونەوەرێکی شەش دووری دەتوانێت جگە لە تواناکانی بوونەوەرە پێنج دوورییەکە، چەندان سروشتی جیاجیاشی هەبێت، وەک تەنۆلکەکانی ژێر گەردیلەیی لە جیهانی کوانتەمدا. دووری شەشەم دەکارێت ڕاڤەی بوونی گەردوونە تەریبەکان بکات، بە مەرجێک هەموویان بەهەمان شێوە سەریان هەڵدابێ، واتە ئەوانەی لەگەڵ گەردوونی ئێمە تەریب بن، پێویستە ئەوانیش بە تەقینەوەی مەزن هاتبن.
- حەفت دووری: بوونەوەرێکی حەفت دووری دەتوانێت لە ژمارەیەکی بێکۆتا لە گەردوونەکان هاتوچۆ بکات، هەروەها ژمارەیەکی بێکۆتا شێوە وەربگرێت. لێرەدا مەرج نییە تێکڕای گەردوونەکان بەهەمان شێوە سەریان هەڵدابێ.
- هەشت دووری: ئەم ڕەهەندە هەشت دوورییە پێی دەگوترێت، ئازادبوون لە سروشتی فیزیکی و ماددەیی. بوونەوەرێکی هەشت دووری بوونێکی سروشتی نییە، زاڵە بەسەر ڕابردوو و ئێستە و دواڕۆژی ژمارەیەکی بێکۆتا لە گەردوونەکان، بەڵام مەرجە ئەو گەردوونانە بە هەمان یاسا و ڕێسا کار بکەن. 
- نۆ دووری: جگە لە تواناکانی هەشت دووری، بۆ ئەمەیان دەشێ گەردوونە بێکۆتاکان یاسا و ڕێسای جیایان هەبێت.
- دە دووری: لێرەدا ژمارەی ئەگەرەکان بێکۆتان. واتە بوونەوەری دە دووری توانایەکی بێکۆتای هەیە بۆ ئەنجامدانی هەموو شتێک، لە گشت کات و شوێنێک و لە ژمارەیەکی بێکۆتا لە گەردوونەکان. 
- یازدە دووری: ئەمەیان گەلەک ئاڵۆز و دژوارە و ناتوانین بەهیچ شێوەیەک بیری لێ بکەینەوە، لێرەدا ئەستەم بوونی نییە، ئەوەی بیری لێ بکەیتەوە، یان بیری لێ نەکەیتەوە ئەگەری هەیە، واتە هیچ شتێک نییە تێیدا نەکرێت.