لاهور شێخ جەنگی

ئەم ئەرشیفە کە بە ناوی لاهور شێخ جەنگی نیوە برازای جەلال تالەبانی کردوومانەتەوە، تەنیا بۆ ئەو بابەت و نووسینانەیە کە لەمەودوا لەسەر کوڕەکانی شێخ جەنگی لێرەدا ئەرشیفیان دەکەین


من نەمهێشت د.بەرهەم ببێت بەسکرتێری یەکێتی

Tuesday, 11.08.2022, 19:01

1031 بینراوە


ئا: ئاوێنە

لاهور شێخ جەنگی، هاوسەرۆكی پێشوی یەكێتی باس لە كێشەكانی نێوان یەكێتی و پارتی و كێشەكانی نێوخۆی حزبەكەی و كوژرانی هاوكار جاف و هەروەها كوژرانی قاسم سولەیمانی دەكات و دەشڵێت، بەرهەم ساڵح بەبێدەنگییەكەی لەبارەی "هەڵەكانی نێو یەكێتی"، منی لەدەستدا.


لاهور شێخ جەنگی لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ پێگەی ئەلمۆنیتۆر، لەبارەی ناكۆكییەكانی ئێستای نێوان یەكێتی و پارتی ئاماژەی بەوەداوە كە ناكۆكییەكی گەورە لەسەر حوكمڕانی هەرێمی كوردستان هەیە، ئێستا كۆبونەوەی سیاسی لەنێوان پارتی و یەكێتی نییە، قوباد تاڵەبانی دژی كاك مەسرور قسە دەكات لە دیداری مێری و بەپێچەوانەشەوە.
جەختیشی كردۆتەوە، بەردەوام كێشەی راستەقینە لەنێوان یەكێتی و پارتیدا هەبوە، بەڵام هەمیشە من كراومەتە قوربانی لەوەدا، هەردو لا بانگەشەی ئەوەیان دەكرد كە كێشەكە منم. لەگەڵ دورخستنەوەم، كێشە راستەقینەكان ئاشكرابون و خەڵك تێگەیشت كێشەكان لە لاهور قوڵترن.
ئەوەشی خستۆتەڕو، یەكێتی بەردەوام خۆشحاڵ نەبوە بەو شێوازەی پارتی حوكمڕانی پێ كردوە كە دەستێكی باڵای لە هەمو شتەكاندا هەیە. پێشتر ئەم كێشانەمان دیاریكردن و هەوڵماندا بە دیالۆگ لەگەڵ پارتی چارەسەریان بكەین. بەڵام تیمێك لەنێو یەكێتی هەبو كە ئەو كات نزیك بون لە پارتییەوەو بەردەوام هەوڵیاندەدا خەتاكە بخەنە ئەستۆی یەكێتی، بۆیە ئەو هەوڵانەی چارەسەر هیچیان لێ نەكەوتەوە.
وتوشیەتی"ئەو تیمەی نێو یەكێتی قوباد تاڵەبانی سەركردایەتی دەكرد كە ئەو كات نزیك بو لە پارتییەوەو هەوڵی دەدات لەو كێشانەدا سەرزەنشتی یەكێتی بكات. ئێستاش كارەكە هاتۆتە سەر براكەی خۆی(بافڵ تاڵەبانی)، كە ئەویش لەگەڵ پارتی هاوڕا نییە. "
لەبارەی ئەوەی كێشەكان بەدیاریكراوی چین لەنێوان پارتی و یەكێتی، لاهور شێخ جەنگی ئاماژەی بە كێشەی كۆنەكردنەوەی داهات لە سنوری سلێمانی داوە، لەگەڵ بونی رێككەوتنێك بۆ كۆكردنەوەی داهات بە رێژەی لەسەدا 43 بۆ سلێمانی و لەسەدا 57 بۆ هەولێرو دهۆك و وتوشیەتی، پیموایە یەكێتی لە هەڵسەنگاندنی دۆخەكەدا هەڵەی كردوە كاتێك رازی بوە بەو رێككەوتنە، چونكە هەست دەكەن ئێستا داهاتی پێویست لە سلێمانی نییەو سەدان پڕۆژە بەهۆی نەبونی پارەی پێویستەوە لە سلێمانی راوەستاون. كاك مەسرور بارزانی، كێشەی ئەوەی لەگەڵ یەكێتی و جێگرەكەی لە حكومەت هەیە ، داهات و پارەی سلێمانی دیار نامێنێت و ناگەڕێتەوە بو خەزێنەی حكومەت لە هەولێر، ئەویش دەڵێ، بەوهۆكارە ئامادە نییە پارە بنێرێتە سلێمانی و دیار نەبێت و داهاتیش نەگەڕێتەوە".
هەروەها لاهور شێخ جەنگی باسی كێشەی كوژرانی هاوكار جافی كردوە لەهەولێرو ئەوەی ئەنجومەنی ئاسایش كردەوەكەی خستۆتە ئەستۆی چەند كەسێك لە دژە تیرۆری یەكێتی و وتوشیەتی: یەكێتی نیگەران بوە لەمەو ویستویەتی زانیارییەكانی پەیوەست بە لێكۆڵینەوە لەو كردەوەیە لە خەڵك بشاردرێنەوە. بەڵام ئەوە لە شەوی پێش هەڵبژاردنی سەرۆككۆماردا راگەیەندراو زانیارییەكان ئاشكراكران.
لاهور شێخ جەنگی هێمای بۆ ئەوەش كردوە كە هاوكار جاف، كەسێكی نزیك بوە لەوەوەو بۆ ماوەی 20 ساڵ كاری لەگەڵ كردوە. جەختیشی كردۆتەوە كە لە رێگەی كوشتنی هاوكار جافەوە، ئەم كراوەتە ئامانج.
وتوشیەتی، چوار كەسی دیكەم لە ساڵی رابردودا بەشێوەیەكی دڕاندانە، كاتێك لە چێشتخانەیەك لە رانیە نانیان دەخوارد، كوژران و هیچ لێكۆڵینەوەیەكیش لەوبارەیەوە نەكرا. یەكێك لەوانەی كوژران عەقید بو لە پۆلیس، لەمنەوە نزیك بو و شەوانە دەهاتە ماڵەكەم بۆ پاراستنم. ئەوان دەیانەوێت كەسە نزیكەكانمم لێ دوربخەنەوە، ئەوەش كارێكی زۆر سەختە.
لەبارەی بانگەشەی ژەهرخوادكردنی بافڵ تاڵەبانییەوە، لاهور شێخ جەنگی وتویەتی، بۆ ئەو تۆمەتانە چومە بەردەم دادگا، سكاڵای یاساییشم تۆماركرد بۆ ئەو تۆمەتانەی درانە پاڵم، بەڵام بافڵ نەهاتە دادگاو دادوەر دۆسیەكەی داخست. تەواوی ئەو تۆمەتانەم رەتكردنەوەو زۆریش رون بو كە هەوڵی دورخستنەوەیاندام. ئەو یارییە دەزانم كە دەگوزەرێت. بەڵام ئەو كارەیان بەشێوەیەكی ترسناك ئەنجام دا. ئامانجەكە داماڵینی هەمو دەسەڵاتێك بو لەمن.
لەبەشێكی دیكەی چاوپێكەوتنەكەدا لەبارەی ئەوەی گوایە زانیاری داوەتە ئەمریكییەكان بۆ كوشتنی قاسم سولەیمانی، لاهور شێخ جەنگی وتویەتی، پێتشر بەتەواوەتی ئەوەم رەتكردۆتەوەو ئێستاش رەتی دەكەمەوە، ئەوە بەشێك بو لە بانگەشەكانی هەڵمەتی ناشرینكرنم بۆ بەدەستهێنانی پشتیوانی ئێرانییەكان.
ئەوەشی وتوە"دەشزانم ئێرانییەكان تێدەگەن كە من هیچ پەیوەندییەكم بەو پرسەوە نەبوە."
لەبارەی بەرهەم ساڵح و كێشەی پۆستی سەرۆككۆمارەوە، لاهور شێخ جەنگی وتویەتی "یەكێتی بەرهەم ساڵحی لەدەستدا، من بەرهەم ساڵحم لە دەست نەدا، بەڵكو ئەو پێشتر منی لەدەستدا، بەداخەوە كاتێك بێدەنگ بو بەرامبەر هەمو هەڵەكانی نێو یەكێتی و پاڵی دا بە بافڵ تاڵەبانییەوە و هیچ قسەیەكی باشی لەبارەی منەوە نەكرد، منی لەدەستدا."
وتوشیەتی"من ئەو كەسە بوم كە ئەوم كردە سەرۆككۆمار كاتێك قاسم سولەیمانی و ئەمریكاو هەروەها نیوەی یەكێتی و هەمو پارتی لە دژی ئەوە بون. من تا دوا سات لە پشتی وەستام تا بوە سەرۆك كۆمار. قاسم سلێمانی پێی وتم: بەرهەم ساڵح دەكەم بەسكرتێری گشتی یەكێتی و بافڵ تاڵەبانیش دەكەم بەجێگر، بەڵام من رازی نەبووم، وتم بە چ حەقێك تۆ سكرتێر و جێگر بۆ یەكێتی دادەنێیت خۆ تۆ سكرتێری ئێمە نیت، لەو قسەیە لێم نیگەران بوو."
لاهور شێخ جەنگی دەشڵێت "کاتێک د. بەرهەم ساڵح لەیەکێتی جیابووەوە. لە هەموو ئەو ماوەیەدا، جگە لەو کارە سەختەی کە دەبوو بیکەم لە پاراستنی هەرێمی کوردستان و کوردستانی ڕۆژئاوا، ئەو قورساییە قورسەی یەکێتیم لەسەر شان هەڵگرت چونکە ئەوکات کاک قوباد دەستی لە هیچ بابەتێکی سیاسیدا نەبوو. کاک بافڵ تەنانەت لەوڵاتیش نەبوو، دایکی بافڵ نەخۆش بوو. من بەو هەموو بارگرانییەکەوە مابوومەوە مامەڵەم لەگەڵ کێشە ناوخۆییەکانی یەکێتی و فشارە دەرەکییەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان دەکرد. کە منی وەک هەڕەشەیەک دەبینی چونکە من سەفەرم بۆ ڕۆژئاوا کرد لە کاتێکدا سنوورەکانیان لەگەڵ ڕۆژاوا داخستبوو".
سەبارەت بەهەوڵەکانی لەگەڵ کوردەکانی باکور، دەڵێت "ساڵی 2015 چوومە توركیا داوام لە هەدەپە كرد كە بەشداری حكومەت بكەن لەگەڵ ئاكەپە،  بەهاكان فیدانم وت من رازییان دەكەم، بەڵام داخەوە هەدەپە بەقسەی منیان نەكرد  بۆ ئەوەی بەشداری حكومەت بكەن،  بەقسەی پەكەكەیان كرد، بۆیە هەموو شتێكیان تێكدا و ئەو دۆخە دروستبوو لە باكوور و ورۆژئاوای كوردستان".
دەشڵێت "توركیا چاوی لەوەیە بچێتە شنگال، بەڵام بەهۆی بوونی میلیشیاكانی نزیك لە ئێران كە زۆر دژی توركیان، ئەوە قورسە لەم قۆناغەدا، توركیا هەرگیز قبوڵناكات، هەرێمێكی دیكەی كوردان دروستبێت، بۆیە باشترە كوردانی سوریا لەگەڵ حكومەتی سوریا رێككەون، تەنانەت خودی ئەمریكیەكانیش ئەوەیان پێوتون، من ئاگادارم داوایان لێكردوون لەگەڵ سوریا رێكبكەون."
هەروەها ئاماژەی بەوە کردووە "ئێران ناڕازییە لەبوونی هێزەكانی ئۆپۆزسیۆنی كوردی لە هەرێمی كوردستان، داوایكردووە یان ببرێنە كەمپێكی دیكە یاخود هۆشداری بە حكومەتی هەرێم و عێراق داوە و كاتی بۆ دیاریكردوون لە ئەگەری جێبەجێنەکردنی هێرشیان دەکاتە سەر."