جامانەی سوور و ئەو مێژووەی لێیان شێواندبووین!

Tuesday, 08/11/2022, 21:11

5319 بینراوە


پۆڵا سەعید یەکێک بوو لەو نووسەرانە و ئەندامی ستافی پێشووی کوردستانپۆست، کە دژی بنەماڵەی بارزانی و تالەبانی وتاری دەنووسی، دوایی گەڕایەوە بۆ لای یەکێتیی و بۆ ماوەیەک بوو بە پیاوی مەلا بەختیار، بەمە نەوەستا ئیدی وەکو  مەهاباد قەرەداغی خۆی بە پارتی فرۆشت، بوو بە نووسەری باسنیوزی دەزگای پاراستن، ئەو نووسینەی خوارەوە تازەترین نووسینێتی، کە  بێشەرمانە پێنووسە پیسەکەی خستۆتە خزمەتی بنەماڵەی بارزانیی، بڕوانە چۆن و چی نووسیوە. کوردستانپۆست ئەو نووسینەش ئەرشیف دەکات تا لە یاد نەچێت و  بەر نەفرەتی مێژوو بکەوێت. بۆ ریسواکردنی ئەم جۆرە کەسانە ئێوەش  ئەم خۆفرۆشە بناسن.

ئەگەر لێرەدا بە پرسیارێکی کراوە دەست پێبکەم و لە تۆی خوێنەر بپرسم، کە ئاخۆ لەم تەمەنەی ژیانتدا، لە چ شتێک خەم دەخۆیت؟ دیارە ئەم خەمە، خەمێکە، کە خاوەنی ڕەگە، خاوەنی مێژووە. لێ ڕەگ و مێژوویەک، کە سوبیەکتیڤانە خۆی لەناو هەڵسووڕێنەرێکی شاردراوەی کاراکتەرماندا دەبینێتەوە.
ئەم هەڵسووڕێنەرە شاردراوەیە، بەرهەمی بیرکردنەوەی زیگمووند فرۆیدە، کە خۆی لەنێوان پێش ئاگایی و نائاگاییدا دەبینێتەوە. ئەم هەڵسووڕێنەرە ئەو هەستانە دەشارێتەوە، کە لە کاتی خۆیدا نەتوانراوە دەرببڕدرێت، لێ لە ئایندەدا، لەژێر کاریگەریی چەند فاکتۆرێکی دەرەکییدا دەبنە خاوەنی هەلومەرج و دەبنە ئاگایی.
وتەکانی سەرۆک بارزانی لە کۆتایی کۆنگرەی چواردەدا سەبارەت بە جامانەی سوور، ئەو فاکتۆرە دەرەکییە بوو بۆ من، کە بووە هۆی لێکەوتنەوەی خەم و خەمخواردن. ئەوەی جێگای سەرسووڕمانە لێرەدا بۆ خودی خۆم ئەوەیە کە ئەوەی سەرۆک بارزانی بووە هۆی ئازادکردنی لەناو مندا، لەناو هەڵسووڕێنەری شاردراوەی مندا، خەم نەبوو، بەڵکوو ڕق بوو، لێ لە ئێستا و ئا لێرەدا لەم تەمەنەد،ا ئەم ڕقە لە کەمتریین لە میلی چرکەدا وەردەگێڕدرێت بۆ خەم، دەگۆڕدرێت بۆ خەم.
پرسیار لێرەدا ئەوەیە، بۆچی؟ وەڵام، چونکە ئەوەی من لە سەردەمی منداڵی و گەنجیدا فێری بووم، بە هەڵە فێر کرابووم و وەک ڕاستی لە خۆمدا هەڵمگرتووە. من لە منداڵی و گەنجیمدا لە شاری سلێمانییدا فێر بووم، کە جامانەی سوور سیمبوڵی دۆڕانە! هەموو ئەمانەش دەبەسترێتەوە بە بنەماڵەی بارزانییەوە!
كەچی دوای چەندیین دەیە، نەوەیەکی بارزانی دێت و بۆمان شی دەکاتەوە کە جامانەی سوور چییە؟ بارزانی دەڵێ، هەر کەسێک جامانەیەکی سووری لەسەردا بوو، واتای ئەوە نییە، کە ئەو کەسە بارزانییە، بەڵکوو بارزانیبوون و رێبازی بارزانی بیروباوەڕە. ئەم شیکردنەوە و دەربڕینە، شیکردنەوەیەکی سیمبوڵییە، کە خاوەنی نرخ و باوەڕە. ئەم نرخ و باوەڕە لە جامانەی سووردا سیمبوڵە.
سیمبوڵی ئازادی، سیمبوڵی بەرخودان، سیمبوڵی خۆنەچەماندن، کە دەکرا ئێمەی کورد هەر لە سەرەتاوە، لە منداڵییەوە فێر کراباین کە جامانەی سوور سیمبوڵی ئازادی و بەرخودانە نەک دۆڕان و جاشایەتی. ئەم بەهەڵە گواستنەوەیەی واتای جامانەی سوور لەلایەن کورد خۆیەوە، زیاد لە فڕۆکەکانی بەریتانیا و سوپا یەک لەدوا یەکەکانی عێراق، کاریگەریی نێگەتیڤی بۆ سەر کورد هەبووە و ئێستاش هەیە. چاککردنەوەی ئەم هەڵەیە لە مێژوودا، ئەرکی سەر شانی هەموو تاکێکی کوردە. لەم ئەرکەدا یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان پشکی شێریان بەردەکەوێت.
سەرۆک بارزانی مێژووی جامانەی سوور دەگەڕێنێتەوە بۆ سەرەتای سەدەی بیست، کە کورد لە باشووردا، لەژێر چەپۆکی هێز ەئاسمانییەکانی بەریتانیا و سوپای عێراقدا تووشی زیانێکی گەورە هات. دوای ئەم تێکشکانەی بەرخودانی بارزان، تێکۆشەرەکانیان دەچنە خاکی تورکیاوە. لە تورکیادا تێکۆشەرەکانی بارزان ئاشنای جامانەی ڕەنگاوڕەنگ دەبن، کە مۆدێکی تازە بووە لە بازاڕەکاندا.
سەرۆک بارزانی دەگێڕێتەوە و دەڵێ، کە شێخ ئەحمەدی بارزان جامانەی سووری هەڵبژارد. لەدوای ئەمە، هێزەکانی بەریتانیا و عێراق فەرمانیان دەرکرد، کە هەرکەسێک بە جامانەی سوورەوە ببینن، ئەوا دەستبەجێ بیکوژن. سەرۆک بارزانی دەگێڕێتەوە و دەڵێ، کە هێزەکانی پۆلیسی عێراق لە خوار گوندی بارزان ڕوویان دەبێت بە ڕووی شوانێکی مێرمنداڵەوە، کە جامانەیەکی سووری بەستووە. پۆلیسەکان تووڕە دەبن و دەسبەجێ مێرمنداڵەکە دەکوژن. مێرمنداڵەکە هەر بە جامانەکەی خۆی دەخنکێنن. (خۆزیا هەر لەو شوێنەدا، پەیکەرێکی زێڕینیان بۆ ئەو مێرمنداڵە دروست دەکرد و چیرۆکی کوشتنیشیان لەژێر پەیکەرەکەدا بنووسیایەتەوە).
بارزانی دەگێڕێتەوە و دەڵێ، کە خەڵکی ئاوایی لە تووڕەییدا پەلاماری قشڵێیان دا. هێزەکانی عێراق لە تۆڵەی ئەمەدا، دوازدە کەسیان لە گوندی بارزان هێنا و بۆ چاوترسانی ئاوایی گوللەبارانیان کردن. ئیدی لێرەوە، لە ناوچەی بارزان و زۆر شوێنی دیكەی باشووری کوردستان، خەڵک جامانەی سووریان دەبەست، وەک دەربڕینی ناڕەزاییی بەرانبەر بە کردە دڕندەکانی بەریتانیا و عێراق. ئیدی لەو ڕۆژەوە جامانەی سوور بووە سیمبوڵی بەرخودان و خۆنەچەماندن. بارزانی دەگێڕێتەوە و دەڵێ، کە لەو سەردەمەدا، ئەگەر کەسێک جامانەی سووری نەبەستبا، ئەوا پێیان دەگوت، کە ئەو کەسە جاشی پۆلیسە.
دوا قسەی سەرۆک بارزانی، داوایەکی مرۆڤدۆستانە و نیشتمانییانەیە، کە دەڵێ، بڕیار لەسەر ڕێبازی بارزان لە هەڵسوكەوتی ئێمەی ئەم نەوانەوە مەدەن، بەڵکوو لە مێژووەکەیەوە بڕیار بدەن. بارزانی ڕاست دەکات، چونکە ئەم مێژووە هێندە جوان و پڕ شانازی و شکۆیە، کە دەکرا ڕێزێکی وەهای لێ بگیرایە، کە تاکی کورد هێندە شانازیی بە جامانەی سوورەوە بکردایە، کە لەپاڵ ئاڵای کوردستاندا هەڵیبکردایە.
پرسیار لێرەدا ئەوەیە، کە بۆچی مێژووی دەستپێکردنێک هێندە خاوەنی نرخ و قورساییە؟ وەڵام، چونکە یەکەم هەنگاوی ئایندە لەو مێژوودایە کە بەداخەوە ئێمەی کورد نەمانتوانی ئەو ئایندەیە لەو مێژووەدا ببینین. لەپاڵ ئێمەی کورددا، نزیکەی بە دووسەد ساڵ پێش کوژرانی ئەو شوانکارە مێرمنداڵەی بارزان، لە وڵاتی ئەڵمانیادا، ڕووداوێکی هاوشێوەی شوانکارەکەی بارزان ڕوو دەدات و هانی هەموو هاووڵاتییانی ئەڵمان دەدات، کە یەک بگرن و بیر لە دروستکردنی دەوڵەتێکی ئەڵمانییش بکەنەوە. ئەودەم لە ئەڵمانیا لەبری جامانەی سوور، ڕاوچییەکانی ئەڵمانیا خاوەنی ئاڵایەکی تایبەتی خۆیان بوون، ئەو ئاڵای ڕاوچییانە لەلایەن خوێندکارانی ڕاپەڕیوی ئەڵمانەوە دژ بە داگیرکاریی ناپۆلیۆن، وەک سیمبوڵی بەرخودان بەکار هێنرا.
کاتێک ناپۆلیۆن بەمە دەزانێت، فەرمان دەردەکات، لە هەر شوێنێک ئاڵا بەدەستێکیان بینی بیکوژن. لێ لەم کوشتنەدا ڕاوچییەکانیش بەر کەوتن، کە ئەمە وێڕای ئەوەی ڕاپەڕیویش نەبوون، بەڵکوو تەنیا چوون بۆ ڕاو. ئیدی لەوە بەدواوە، لە ساڵی ١٨١٣ەوە ئاڵای ڕاوچییەکان بوو بە سیمبوڵی بەرخودان دژ بە ناپۆلیۆن و لە هەموو ئەڵمانیادا بڵاو بووەوە.
ئەم مێژووە خاوەنی هێندە نرخێکی گەورە بوو، کە ئەڵمانەکان لەسەری ڕێک کەوتن، کە ئاڵای ڕاوچییەکان بکەن بە ئاڵای نەتەوەیی خۆیان. لەو ڕۆژەوە ئەو ئاڵای ڕاوچییانە بووە ئاڵای نەتەوەی ئەڵمان. جامانەسوورەکەی ئێمەش لەسەر دەستی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بوو بە فاکتۆرێکی ڕق، بۆ دژایەتییکردنی بارزانییەکان. بەڵام، سوپاس بۆ سەرۆک بارزانی، كە هەرچەندە درەنگیش كەوت، بەڵام ئەم ڕاستییەی بە ئێمە گەیاند و ئێمەش لێرەوە خەم لە هەڵەی خۆمان دەخۆین و ئەم هەڵەیەش چاک دەکەینەوە.

چەند بابەتێکی دیکەی پەیوەست بەم  قەڵەمفرۆشە:

1- بنار هیدایت: بۆلا سەعید تۆ لە باوەشی دەسەڵاتدا و ئێمە لەمەتەریزی شەرەفدا

2- لایه‌ق کونجرینی: پۆڵا سەعید تەسلیم بە ڕژێم بۆتەوە


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە