ھیجرییەکان و سەرکردەیەتی باشوور لە چی تۆقیوون؟

Tuesday, 11.08.2022, 15:27

531 بینراوە


سەرەتا بانگی کورد بە ئاشکرا خۆشە، بە ئاشکرا جوانە، بە ئاشکرا زوڵاڵە و ھەر ئاشکرایشی لێ دێ.
ئێمە باسی واقعیی نیشتمان و نەتەوەی خۆمان دەکەین، کە تێکۆشانی ئەم نەتەوەیە یەکێکە لە بزوێنەرە گرنگەکانی پەیکەری  بزووتنەوە ئینسانییەکە کە ھێدی ھێدی بەرەو وشیاربوونەوە بە حاڵی خۆی وەک مرۆڤ، بەرەو باڵا ھەنگاو دەنێت.
نە دابڕاوە لە بزووتنەوە جیھانییەکە، نە بزووتنەوە جیھانییەکە دەتوانێ لە خۆیی داببڕێت.
لە ڕۆژئاوای کوردستان و بە تایبەت لە کۆبانێ، کچان و ژنانی کورد پەنجەرەیەکیان بۆ گەڕانەوەی کورد بۆناو مێژووی مرۆڤایەتی کردەوە ، کە بەرخۆدانی خوشکەکانیان لە نەبەردەکانی قەندیلدا زەمینەی بەردەوامی و خوڵقاندنی ئامڕازی نوێی تێکۆشانیان بوون، ئەو تێکۆشانە کوردستانییەی ھێدی ھێدی ڕەگی لە ڕۆحی ھەموو کوردێکی شەرافەتمەندا ڕۆ دەچێت و ھەموو تاکێکی کورد دەگەشێنێتەوە، تەنیا ئەو سەرکردەیەتییە ڕزیووە نەبێت، کە لەباشوور و ڕۆژھەڵاتدا لە بازنەیەکی تەسکی خۆویستن، حیزبی خۆ ویستن و سەرکردەیەتیی خۆ ویستندا، دەخولێنەوە. 
ئیستا ٥٠ ڕۆژ زیاتر تێپەڕیوە بەسەر شەهید کردنی ( ژینا) دا لە پارچەیەکی تری داگیرکراوی نیشتمانی کورددا و مەرگی ئەو بووە ڕاپەڕینێک کە ماکەکانی شۆڕشێکی نوێی لە هەناویدا هەڵگرتووە، جارێکی تر لە پارچەیەکەی تری نیشتماندا دەرفەتێکی مەزن ڕەخسا بۆ ئازاد بوون، وەک زۆر جار نووسیومە، ئەم دوو پارچەیە وەک دوو کەرتی یەک سێون کە کەرتەکەی باشووری داڕزاو و بۆگەن بووە، بووشە هۆی گواستنەوەی ئەم داڕزانەش بۆ کەرتەکەی ڕۆژهەڵات لە ڕێگای سەرکردەیەتی حیزبەکانییەوە، کە ئەوانیش بەهەمان ڕێڕە و ڕێگای نموونەکانیان لە باشوور (جەلالی و مەلایی)دا، هەنگاو دەنێن و لە قسەیان دەرناچن، من باسی سەرکردەیەتی حیزب دەکەم، نەک چەکدار( پێشمەرگە و ڕێکخستنەکانی ناو نیشتمانیان).
هەرچۆن ڕاپەڕینی باشوور بووە شەبەیخونێک بۆ حیزبەکانی باشوور و هیچ بەرنامەیەکیان بۆ ئەو جۆرە ڕووداوە نەبوو و بە بیریشیاندا نەهاتبوو کە ڕووداوێکی وا ڕوو بدات. کاتێک کەڕاپەڕینی باشوور ڕوویدا مەلاییەکانە، قیادە مووەقەتە، دەمێک بوو لە داموودەزگاکانی کۆماری ئیسلامی ئێراندا، توابوونەوە و ببوون بە شێک لەو دەزگایانە بەتایبەت، سپای پاسداران و دەزگای ئیتلاعات و سپای بەدر، ئەوان ئامادە  دەکران بۆ سەرکووتکردنی هەموو ڕاپەڕینێک لە ئایندەدا ئەگەر لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕوبدات، هەربەوجۆرە جەلالییەکانیش لە ڕاپەڕینی باشوور واقیان وڕما، هەرچەندە لەناو جەلالییەکاند، ئەم باسانە جاروبار باسی لێوە دەکرا و بە حوکمی ئەوەی جەلالییەکان لەناو خەڵکی ئەو بەشەی باشووردابوون و لە دوای ئاشبەتاڵەوە چالاکی پێشمەرگایەتیان هەبوو و ئەگەر سەرکردەیەتییەکی کوردستانیان هەبایە، بە دڵنیاییەوە سپایەکی کوردستانی چالاک و بە توانایان لێ دروست دەکرا*، و بزووتنەوەی کوردەوارییان لە هەر چواربەشەکەدا گەشە پێدەدا، زۆریینەی ئەو کەسانەی لەناو ڕیزەکانی کۆمەڵەی ناو یەکێتیدا بوون، بەو ئاواتەوە و بۆ ئەو ئامانجە گیان بەخشی، بەڵام هەمیشە بەوجۆرە بووە کە بە خراپ سوود لە هەست و سۆزی پاکی خەڵکی شەرافەتمەندی هەڵوەدای ئازادی کورد وەرگیراوە و نزیکەی هەموو جارەکان، کراونەتە قووربانی خواستی حیزب و سەرکردەیەتی حیزب، کە لە بەرژەوەندی بنەماڵەدا بووە.
وەک دەبینین سەرکردەیەتی حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتیش کەوتن بەسەر( تەرمی شەهید ژینا) دا و ئەو ڕاپەڕینە مەزنە نەتەوەییەی بەرهەمی هێنا. نە پلانیان هەبوو، نە زانیان هیچ نەبەێت لایەنگرانی خۆیان بەڕێوە بەرن (ئەگەر هەیان بێت لەناوخۆی نیشماندا) و بینیمان بەهەنگاوی حیزبێکی تر کە تەمەنی حیزبایەتی چارەکی تەمەنی حیزبایەتی ئەوانە، دەشڵەژین و کاردانەوەی توند پیشان دەدەن، هەروەک بەرانبەر پێشنیازەکەی ( پژاک) سەبارەت بە ئاڵای کوردستان تووشی شڵەژان بوون، ئەم ڕەفتارانە دەری دەخەن، کە سەرکردەیەتی ئەو دوو حیزبەی ڕۆژهەڵات بە تایبەتی دیمۆکرات، لە ئایندەیەکی نزیکدا چۆن ڕەفتار دەکات بەرانبەر هەموو دەنگێکی ترکە لە چوارچێوەی ئەو مێژووەی ئەو باوەڕی پێیەتی، نەبێت، ئەگەر بێت و ئەو بەشە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، هەمان هەڵەکانی ئەوبەشە بندەستە لە باشوور دووبارەبکاتەوە، سەبارەت بە حیزبەکانی. 
ئەمە حاڵی ئەو حیزبانەیە کە سی ساڵ لە باشووردا بوون و ماوەی سی ساڵیان هەبوو بۆ ڕەخنەی جدی لە خۆگرتن، هەڵسەنگاندنی کردارەکانیان، مەترسییەکانی بەردەم نەتەوەکە و لێکۆڵینەوەی جدی لە فەرمانڕانیی باشوور، پلانی جودا و کورت و درێژخایەن بۆ کاتی بە تالوکە و سەردەمی بنیاتنانەوە، ئەگەر ساڵی یەک پلانیشیان ئامادە کردبا ئێستا (سی) پلانی کاتی و درێژخایەنیان لەبەر دەستدا دەبوو کە لە بوارە پراکتیکیەکەدا جێبەجێی بکەن!!.
ئیستا دەبینی بۆ بچووکترین گرفت کە دێتە بەردەم بزووتنەوە ئازادیخوازەکەی ڕۆژهەڵات، دەبنە چەندین دەستە و تاقم و بیروڕای جودا، ئەمەش ئاساییە بۆ حیزبگەلێک کەلەسەر میراتی ڕابووردوو تەماشای ئایندەیەک بکات، کە سبەینێی ئەمڕۆی ڕەتدەکاتەوە، لەبەر خێرا دەرکەوتنی ڕووداوەکان و ئەو لێکەوتانەی کە بەدوای خۆیدا دێنێت.
جیاوازییە لەیەکچووەکانی نێوان باشوور و ڕۆژهەلات.
زۆر جاران باس لەوە دەکرێت کە ڕۆژهەڵات باشوور نییە و باشوور ڕۆژئاوا نییە  و....لەم بابەتانە کە مەرام لێی جودا کردنەوەی نەتەوەکەیە لەیەک، کە بەزۆری پیشەی دەستەوتاقمەکان و کۆمپانیای حیزبەکانە.
نیشتمانی کورد خاکێکی داگیرکراوە، سێ نەتەوەی جودا داگیری کردووە، کە ئەو ڕژێمانەی بەڕێوەیان دەبەن نوێنەرایەتی زۆرینەی ئەو نەتەوانەیان کردووە، ئەگەر ئەو زۆرینەیە ناکۆکیشی لەگەڵ ئەو سیستەمەی بەڕێوەبردنەدا هەبووبێت کە لەو وڵاتە کۆلۆنیالیستییانەدایە کە خاکی کوردستانیان داگیرکردووە، ئەوا لەسەر خاوەندارێتی بەشێک لە خاکی کوردستان کە بەهی خۆیانی دەزانن، هاوڕا و هاوبیر و پشتیوانن لە ئۆپێراسوێنە سەربازییەکانی ئەو ڕژێمە کۆلنیالستیانەدا. گەلانی وڵاتانی کۆلۆنیالیستی داگیرکەری بەشێک لە خاکی کوردستان، لەسەر بەڕێوەبردنی ئەو جوگرافیایەی کە ناوی ئێران، عێراق، سووریا و تورکیایە شەڕیانە لەگەڵ فەرمانڕانەکانیان، نەک لەسەر ئەوەی کە بۆچی مافی چارەنووسی گەلانی تر زەوتکراون و ستەم لەگەلانی تر لەو جوگرافیانەدا دەکرێت!!.

نموونە زۆرە کە زۆر سانا و ڕۆشن و هیچ تیۆرییەکی ناوێ کە ئاڵۆز بکرێت.
ئێمە زۆر جاران لەو ناڕەزایەتییانەی کە خەڵکی ئێران بەر لە ڕاپەڕینەکەی ( ژینا) دەیانکرد لەمەڕ خراپیی باری ئابوورییان، دەمانبیست کە دەیانگووت: بۆچی پارەی ئیمە بۆ شەرەکانی سووریا لوبنان و یەمەن خەرج دەکەن و ئێمە برسیمانە؟!.
هیچ کاتێک بیستتان بڵێن: بۆچی پارەی ئێمە بۆ ڕەشەکووژی ویرانکردنی خاکی میللەتێکی وەک کورد خەرج دەکەن؟!.
ئەو نەوەیەی کە تاکو ئێستا ئێران بەڕێوە دەبات لە ڕووی ( سەربازی، سیاسی، ئابووری و کلتوورییەوە)  نەوەیەکە پاشماوەی سیستەم و بیرکردنەوە ئێرانییەکەیە کە یەکپارچەیی خاکی ئێرانی لا پیرۆزە و لە پێناویدا ئەگەر پێویست بکات، لە پشت ڕژێمی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە شەڕ بۆ یەکپارچەیی خاکی ئێران دەکات.  داریوش همایون کە لە نووسەرە دیارەکانی ئێرانە و سکرتێری حیزبەکەی شا بوو بە ناوی رەستاخیز و سەرپەرشتی دەزگای سانسۆر بوو و ماوەیەک وەزیری فەرهەنگ، لە هەفتەنامەی کیهان/ لندن ژمارە ٤٧٤ ٢٣ سێبتەمبەری ١٩٩٣دا لە وتاری " مساءلە قومی ایران دو روشنگری و دو هشدار" دا، باس لەوە دەکات: کە ئەگەر حیزبی دیموکرات داوای جیابوونەوەی کوردستان بکات، ئەوا ئێمە هەموو دەبینە پاسدار لە پشت سەری خومەینییەوە، چوونکە لە ئێراندا مەسەلەیەک نییە بە ناوی مەسەلەی قەومی و ئەوەی هەیە خەڵکی ئێرانی گەورەن و گرفتاریی ئابووریان هەیە کە ئەوەش بە ئاسانی دەتوانرێ چارەسەر بکرێت!!. 

لەگەڵ ئەوەدا کە حیزبی دیمۆکرات هەرگیز بوێری ئەوەی تێدا نەبووە کە ئەم هاوارە بکات!! ئەوەی داریوشی هومایۆن دەیڵێت، نموونەی بیرکرنەوەیەکی فراوان و قووڵە لە ڕۆحی هەموو سەرە زلەکانی کلتووری ئیراندا و هونەر و ئەدەبیاتی نەخۆشی ئەو نەتەوە سەردەستانەدا کە بەشێک لە کوردستانیان داگیرکردووە، باسی ئەو نموونانەم زۆر جار لە وتارەکانمدا لە کوردستان پۆستدا کردووە. ئەم بیرکردنەوەیە بەردەوامە و ڕۆژانە تاکو ئێستا لە وتووێژیی تەلەفزیۆنی و سەر سایت و کڵاب هاوس و تۆڕەکانی تردا دەیبیستین و دەیبینین. ئەوەی ئەوان دەیڵین گرنگ نییە و نوێ نییە، گرنگ ئەوەیە کە ڕۆژهەڵاتی نیشتمان دەرس لە ڕابوورد و 
وەربگرێت بە تایبەت لە فەرمانڕانیی بنەماڵەیی سی و دووساڵەی باشوور، ئەوان لە چەند لاوە دەیانەوێت گیانی بەرگری لاواز و هێزی گەل پەرت بکەن و بە شتی لابەلاوە نەتەوەکەمان سەرگەرم بکەن، دەستەو تاقمی سەربەخۆیان هەیە و لە مێژە لە ڕاپەڕینی ڕۆژهەڵات سڵ دەکەنەوە چوونکە چارەنووسی ئەوان بەستراوەتەوە بە چارەنووسی ڕژێمی ڕەگەزپەرستی ئیسلامی ئیرانەوە و کاریگەریی شۆڕشەکەی ڕۆژهەڵات، هێز دەبەخشیت بە ئیرادەی کۆتکراوی خەڵکی باشوور و دامودەزگا سەربازییەکەی و بنەماڵەی تۆقاندووە، بۆیە دەیانەوێت لە ڕێگای سەرکردەیەتی حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتەوە، خەت و نیشان بۆ ڕاپەڕینەکە بکێشن و وەک بنەماڵەی فەرمانڕان و دکتاتۆر دەیانەوێ، قسەی پووچ بە گوێی ئیوەدا بدەن، کە ئەو قسانە بەتەواوی دەچێتە خزمەت بە ڕژێمی ئیسلامی ئێرانەوە و درێژە بە تەمەنی تاوانبارانە.
شۆڕشی ئیوە شۆڕشێکی خەڵکی دابەش و ستەملێکراوی ئێرانە و لە پێشەنگیانەوە نەتەوەی کورد، مەسەلەی ئێمە لەگەڵ ڕەجەوییەکان و مریەمەکان و ڕەزا و فڵان بیری چەپ و فیسار بیری ئێرانی جودایە و وەک لەسەرەتاوە گووتم، بانگی ئێمە ڕەوایە، بۆیە بەئاشکرا خۆشە، ئەو بانگەی تاکو ئێستا لە ڕۆژهەلات و باشوور کراوەتە قووربانی مەرامی سەرکردەیەتی تاقم و دەستەکانی کۆمپنیا حیزبییەکان، گەلان دەبێت خۆیان بڕیار لەسەر چۆنێتی ژیانی خۆیان بدەن و ئەوان دەبێت مەرجیان بۆ دەستە و تاقمەکان هەبێت، نەک حیزبە کلاسیکییەکان، ئەم خاڵە گرنگە.
خاڵی هاوبەشی ئەم دوو دییوەی یەک نیشتمان، لە هەموو ڕوویەکەوە لەیەک دەچن:
- بیری کوردەواری و تێوری کوردایەتی لە ڕۆژهەڵاتەوە تەشەنەی کردووە بۆ باشوور.
- ئازادیخوازانی شەرافەتمەندی هەردوو بەشەکە لە هەموو سەرهەڵدانەکانی ئەمدیو و ئەودیودا، هاوبەش بوون.
- هیچ کاتێک سنووری دەسکردی ئیمریالیزم و پارێزەرانی کە ڕژێمە کۆلۆنیالیستەکانی داگیرکەری ئەم دیو و ئەو دیو بوون، نەیانتوانییوە سنوورەکە ببەستن، لە سەخترین ڕۆژەکاندا هیچ کاتێک سنوور نەبۆتە بەربەست لە نێوان هاتوچۆی کوردی ئەودیو و ئەم دیودا، ئەمە لەو ناوچەیەی کە ئێستا پێی دەڵێن ناوچەی زەرد، کەمتر بووە، چوونکە بنەماڵەی دەسەڵاتداری ئەو ناوچەیە، ڕێگەیان بە کوردەکان نەداوە تێکەڵاو ببنەوە لەگەڵ یەکدا، هەموو کۆبوونەوەیەکی کورد ئەوان دەتۆقێنێ، چوونکە دەسەڵاتی بنەماڵەکەیان دەلەرزێنێ، بەڵام بوونەتە کەواسووری بەر لە شکری تورک بۆ کوشتنی برا و خوشکە ئازادیخوازەکانمان لە چیای قەندیل، بە ئومێدی ئەوەی کە سپای فاشستی تورک لە ڕۆژی تالوکەدا لە ڕق و بێزاریی ئەو بەشەی نەتەوەکەمان لە باشوور بیان پارێزێت!!.
ئەوە ڕاستییە کە ئێمە ( نووسەرانی وەک من) لەگەڵ ئیوەدا هاوبەشی فیزیکیمان نییە و لە ڕووی جوگرافییەوە زۆر دوورین لە ئیوەی ڕاپەڕیوو، بەڵام بە شێکی جودا نەکراوەین لە تێکۆشانی ئازادیخوازانەی ئێوە، بۆیە ڕێگە بە خۆمان دەدەین کە ئەوەی هەستمان دەوروژێنێ و لە دڵسۆزیمانەوە بۆ چارەنووسی نەتەوەکەمان لەمەڕ ڕاپەڕینەکەتان بنووسین و ڕای خۆمان بۆ ئیوە ڕوون بکەینەوە، هەر یەکەمان بەپێی ئەزموونی کوردبوونی خۆیی و دەرککردنمان بە مەسەلەکان، هێزێکی پشتگیری و قەلەمگەلێکی بەوەفا ودڵسۆزی گیانی ئێوەین، ئەگەر لە دوور ڕا گفتوگۆتان لەگەڵ دەکەین، بە ئەندازەی ئەو دوورییە نزیکین لە بەرخۆدانی ئێوەوە، کە لە داهاتووەیەکی نزیکدا هەموو ئەم توانا و ویستە کوردستانیانە دەبنە بازووی یەک هێز و یەک ئامانج بەدی دێنن، ئەرکی لە پێشینە و یەکەمینی هونەریش، بەرهەمهێنانی ئازادییە بۆ مرۆڤ.
چەند پێشنیاز بۆ مرۆڤە ئازادیخوازەکانی ڕۆژهەڵات.
1- ئەنجوومنە گەلییەکان لە مرۆڤە ژیر، کوردستانی و دڵسۆزەکان، بۆ سەرپەرشتی ڕاپەڕینەکەتان دابمەزرێنن.
2- ئەوە بکەن بەبنەما کە مانەوەتان زۆر گرنگە بۆ نەتەوەکە، لە جێی هەر دڵۆپە خوێنیکی ڕژاو دەبێت دارێکی ئازادی سەوز ببێت، بیرێکی کوردستانی بگەشێتەوە، واتە زۆر بەنرخ بوونی گیانی ئیوە بۆ بەردەوامی شۆڕش.
3- ڕێگە بەهیچ چەکدارێکی حیزبی مەدەن کە شکۆی تیکۆشانە کوردستانییەکەتان بشکینێ، ئێوە ببنە هەوێنی 
(سپای ڕزگاریی کوردستان) ئەوە یەکێک بوو لەو هەڵە کوشندانەی کە ئەو بەشە لە نەتەوەکە لە ڕووی سۆزەوە کردی بەرانبەر بە هێزە چەکدارەکانی یەکێتی و پاش ماوەیەکی زۆریش لە ڕاپەڕینەکە بەرانبەر بە چەکدارەکانی قیادە موەقەتە.
4- ئەندامانی (سپای ڕزگاری کوردستان) پشتیوان و هێزی چاودێرن و ئاگادارن بە وردی لە ڕووداوەکان و دەیانەوێت گەل ببێتە هەوێنی ڕاستەقینەی خواستەکانی خۆی و توانای خۆڕێکخستن و مامەڵەکردنی لەگەڵ ڕووداوەکاندا خوردتر ببێت و بتوانێت خۆی خۆی بەڕێوە بەرێت، لە کاتی گەیشتوو و پێویستدا، سپای ڕزگاری کوردستان، شورای بەرگری و هەڵمەتی کوردستانی دەبێت بەرانبەر بە دوژمنی دێرینەی کورد.
5- حیزبەکانی ڕۆژهەڵات وەک دەستەی مەدەنی دەتوانن هاوبەشی ڕاپەڕینەکەتان بن، بەو مەرجانەی ئێوە بۆیان دیاری دەکەن، هیچ مەرجێک لەو حیزبە وابەستە و کلاسیکییانە قەبوڵ مەکەن، ئێوە بە دەیان قۆناغ لە پیش هەوڵ و بیرکردنەوە و توانای ئەوانەوەن، لە باوانی چەکدارانی حیزبەکان داوا بکەن کە کوڕو کچەکانیان بانگهێشت بکەن بۆ بەشداری لە ڕاپەڕینی ئیوەدا و ببنە ئەندامانی سپای ڕزگاری کوردستان، نەک چەک هەڵگری حیزبەکان.
6- هەر جاشێکی کوردی سەر بەڕژێم، دەستی بە خوێنی کورد سوور نەبووبێت، هاوبەشی فەساد و گەنگەکاریی سپای پاسداران و دەزگا هەواڵگرییەکانی ڕژێم نەبووبێت، ئاگاداریان بکەنەوە کە ڕیزەکانی ڕژێم جێبهێڵن، بە ڕێزێکی کوردستانییەوە مامەڵە لەگەڵ خیزانەکانیان بکەن، ئێوە شایان بەو مامەڵە شەرافەتمەندانەیەن و گەرەکتانە کۆمەڵگایەکی دادپەروەر و وشیار دروست بکەن و خۆتان نمونەی ئەو بەڕێوەبردنە بن کە ئێستا خوێن و گیانی لە پیناودا دەدەن، دەبێت دەرس لە باشوور و باشووریان وەربگرن، زۆر گرنگە.
7- دەستەیەک بۆ کۆکردنەوەی هەواڵ و دەستنیشانکردنی ئەو جاشانەی بێنامووسییان کردووە و کەسایەتی خوشک و براکانی ئێمەیان شکاندووە و بە هۆی ئەو بنکانەی وەک بنکەی فەسادی شەهیدان، دەستدرێژیان کردۆتە سەر خێزان و منداڵانی کوژراوەکانی خۆیان و بە دیاریی و یا تۆقاندن ناچاریان کردوون مل بۆ خواستە نا ئینسانییەکانیان بدەن، پێک بێنن و بەڵگە و نامە و دوکیومێنتە فەرمییەکان بپاریزن، تا لە دادگای گەلدا، ببنە بەڵگەی ڕەفتارەکانیان بەرانبەر بە مرۆڤی ناچارکراوی کورد، نەتەوەی کورد بەڕیزێکی زۆرەوە دەروانیتە ڕەفتاری ئینسانی و کوردستانی ئیوە و بەرخۆدانی وشیار و کوردستانیتان.
سەرکەووتن بۆ بیری چاک و گفتاری چاک و کرداری چاکی کوردستانی ئێوەیە و ئێوە بەردەوامیی هەمووئاکارە چاک و جوانەکانی خەباتی نەتەوەکەن و شكێنەری تەلیسمی سەرکردەیەتی حیزبی کلاسیکی وداڕزاوی سەدساڵی قووربانی دانی نەتەوەکە.
شکۆدارە تێکۆشانی شۆڕشی ژینا و بەرخۆدانی ڕۆژهەڵاتی نیشتمانی کورد.  

سەرنج:

*کوڕی گەورەی کاک ئازادی سکرتێری پاسۆک لە پۆستێکدا بۆی نووسیم: لە مقەڕەکەی پاسۆک لە مالومە، ئەو ڕۆژە دەستم لە ناو دەستی باوکمدا بوو، لەبەر دەمی مقەڕەکەدا وەستا بووین، پۆلێ پێشمەرگەی یەکێتی بە داوێنی چیاکەی ئەو بەرمانەوە دەڕۆیشتن، هەرگیز لە یادم ناچێت، باوکم هەناسەیەکی قوڵی هەڵکێشا و وتی: ئەگەر ئەو پێشمەرگانەی یەکیتی لە ژێر فەرمانی مندا دەبوون دەمزانی چیم لێ دروست دەکردن.