پەیامی نوێی سەرۆکی عێراق

Wednesday, 09/11/2022, 2:48

6841 بینراوە


 لە قاهیرە سەرۆکی عێراق هۆشداری دا لەوەی دەوڵەتی عێراق هەنگاو بەرەو بە بیابان بوونی ئەنێ و ئێستا لە٤٠% ئەو خاکە بە کەڵکی ژیانی ئاسایی نایەت و کار وا بڕوا ئەوا لەماوەی چەند ساڵی داهاتوو ئەو ڕێژەیە بەرەو هەڵکشان ئەڕوا ڕەنگە ژیان لەو ووڵاتەدا،نەمێنێ‌.
ئەم سەرۆکە هەزەلیە غیرەتی ئەوەی نەبوو هۆکارە بنەڕەتیەکە بدرکێنێ کە بۆچی عێراق بەرەو بە بیابان هەنگاو ئەنێ،،، ئەم بەشەرە نەیوێرا بڵێ ئەوە دراوسێکانمان ئاویان لێ گرتووینەوە و هەردوو ڕووباری دیجلەو فورات ئێستا قاز و مراویش خۆیانی تیا تەڕ ناکەن و گەر بکەونە ناوی ئەوا سەرسنگیان ئەڕووشی، چونکە ئاویان تیا نەماوە و قولەپێش تەڕناکا. کاکە لەتیف نەختێ لوتی نواند و چەمایەوە و ووتی هۆکاری سەرەکی تەنها ووشکە ساڵی و کەمی باران بارینە،، وەك ئەوەی ساڵان لە جنوبی حەبیب ئەوەندە باران باریبوبێ لافاو و زریان کاولی کردبوون.
مێردە چاو کاڵەکەی شاناز ئەوەندە شانازی بە تورکیا و ئێرانەوە ئەکا و ئەوەندە لەخەمی ئەواندایە زۆرجار نازانێ بۆچی کراوەتە سەرۆکی عێراق.. ئاخر گەر بێ پیاوی و نەگبەتی ئەو عێراقە نەبێ کەسی وەك لەتیفە گێژ چۆن ئەتوانێ لە ئاست ئێران  و تورکیا نوتق بکا و دەست بخاتە سەر هۆکاری سەرەکی بێ ئاوی لە عێراق.. کێ هەیە نەزانێ کەوا هەریەك لە ئێران و تورکیا بە سەدان بەنداویان لەسەر ڕێڕەوی ئاوەکان دروست کردوە و نایەڵن وەك پێوست ئاو بگا بەدەستی هاوڵاتی عێراقی، کەچی هیچ لەو سەرۆکانەی عێراق دوای سەدام ناتوانن و زاتی ئەوە ناکەن هەر هیچ نەبێ بڵێن ئەوە تورکیا و ئێرانە چەکی ئاو دژمان بەکار دێنێ. وەیان ئەڵێ هۆکاری ئەو بێ ئاویە ئەگەڕێتەوە بۆ زیادبوونی ژمارەی دانیشتوان ،،ئاخر ووڵات هەیە لەسەر ئەم زەمینە ژمارەی دانیشتوانی زیادی نەکردبێ؟؟
ئەم سەرۆکە نازانێ وەیان ناوێری بڵێ ئەو سیاسەتەی ئەم دراوسێیانە دژی عێراق پەیڕەوی ئەکەن لە کەمکردنەوەی ئاو بۆ مەبەستی ئەوەیە کە برا عەرەبە چاو ڕەشەکان جنوب جێبێڵن و ڕوو بکەنە کوردستان،،واتە ئەمە جۆرێکی ترە لە تەعریب، کەچی لەجیاتی ئەوە دەرگایان بۆ کردونەتەوە و کوردستانیان پڕ کردوە لە عەرەب.. ئەمەش ئەو سەرۆکەیە وەك ئەوانی پێش خۆی لە تاڵەبانیەوە بۆ مەعسوم کەوا هەر خەریکی نوکتە کردن بوون لەسەر کورد وەیان خەریکی بەرژەوەندی تایبەتی خۆیان بوون و میلەتی کوردیش چاوی لەدەستی ئەوان بوو بۆ ئەوەی تەعریب بوەستێنرێ و ماددەی ١٤٠ جێبەجێ بکرێ و عەرەبەکانی بچنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان و کوردەکان بگەڕێنەوە سەر زێدی باوك و باپیرانیان..

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە