دارا سلێمان

https://www.facebook.com/daray.sleman.7


ژێیە ناوازەکان و خەونی ئەینشتاین لە دۆزینەوەی بیردۆزی هەموو شتەکان (بەشی دووەم)

Wednesday, 11.09.2022, 2:57

640 بینراوە


لە ژێیەکانەوە بەرەو بیردۆزی هەموو شتەکان

هەرچەندە بیرۆکەی بیردۆزی ژێیەکان لەمێژە بوونی هەیە، بەڵام لە شەستەکانی سەدەی ڕابردوو وەک گریمانە و پاشان بیردۆزێکی زانستی کاری لەسەر کرا. لە دوا ساڵی حەفتاکان، ئەو زانایانەی خەریکی ئەم بیردۆزە بوون لەبەر بوونی چەندان کێشەی جۆراوجۆر، ژمارەیان گەلەک کەم ببوو. بەڵام کاتێک لە ساڵی 1984دا زانا جۆن شوارتز (John Henry Schwarz) بە هاوکاری مایکل گرین (Michael Boris Green) هاتنە پێش و پەرەیان بە بیردۆزەکە دا، توانیان کەموکوڕییەکان لاببەن و گرفتە ماتماتیکییەکان چارەسەر بکەن.
بە ناساندنی بڕی لەڕادەبەدەر بچووکی ژێیەکان (درێژی پلانک) و پێشنیاری تەنۆلکەی گراڤیتۆن بۆ گوێزانەوەی هێزی کێشکردن، گەیشتن بەو بەشە ونبووەی کە پێناسەی کێشکردن دەکات لە ئاستی کوانتەمیدا، بەمەش بەرەبەرە بڕوا بەخۆبوونێکیان تێدا بەدی کرا. کاتێکیش چەمکی هاویەکی (Symmetry) هاتە کایەوە، بووە هۆی یەکخستن و ئاڵوگۆڕی تەنۆلکە و هێزەکان، بەوەی هەر فرمیۆنێک هاویەکێکی هەیە لە بۆزۆنەکان و بەپێچەوانەوەش (هاویەکی واتاکەی ئەوەیە: تایبەتمەندییە فیزیکییەکانیان گۆڕانیان بەسەردا نایەت کاتێک کارلێکێک ڕوو دەدات لە سیستەمێکدا). بۆ نموونە، بە فەرامۆشکردنی هێزی کارۆموگناتیسی، ناتوانین هیچ جیاوازییەک لەنێوان پرۆتۆن و نیۆترۆن ببینین ئەو دەمەی لەناو ناوکەی گەردیلەن، تەنیا ئەوەندەمان پێ دەکرێ بڕوانینە دۆخی ناوکە کە وەک پێکبەندییەکی بەسەریەکەوەبوونە (Superposition) لە هەردوو تەنۆلکە و بەدەستهاتنی دۆخێکی دیکەی نوێ. بە هەموو ئەوانە بیردۆزی ژێیەکان توانی بەربەستەکان تێک بشکێنێت، ئەوەش بە شۆڕشی یەکەمی ژێیە ناوازەکان ناسرا.
لەگەڵ گرینگی ئەو هەنگاوانەی بیردۆزی ژێیەکان پێی گەیشت، بەڵام دیسانەوە گەلەک کێشەی گەورە ڕووبەڕووی دەبووەوە، چونکە نەک تەنیا یەک، بەڵکوو پێنج بیردۆزی ژێیەکان سەریان هەڵدا، واتە لەبری گەڕان بەدوای بیردۆزێکی گشتی بۆ یەککردنی میکانیکی کوانتەم و هێزی کێشکردن، ئەمجارە پێنج بیردۆز هاتنە پێش.
پاشان لە ساڵی 1995دا، داهێنەری سەرەکی بیردۆزی ژێیەکان زانای هاوچەرخ ئیدوارد ویتن (Edward Witten)، ئەو بلیمەتەی کە بە جێگرەوەی ئەینشتاین دادەندرێت، هەموو ئەو بیردۆزە جیاوازانەی هەبوون لە یەک بیردۆزدا کۆ کردەوە. ویتن پێی وابوو، بیردۆزەکان پێناسەن بۆ هەمان شت و لە گەلەک بابەتدا هاوبەشن، بەڵام لە ڕوانگەییەکی ماتماتیکییەوە جیاوازن. بە یەککردنیان کۆمەڵێک زانای بۆ لای خۆی ڕاکێشا و چەندان تۆژینەوەی جۆراوجۆر ئەنجام دران، دواجار بە پتەوبوونی زیاتر ناو نرا بە بیردۆزی هەموو شتەکان، یاخۆ بیردۆزی-ئێم (M-Theory).
ویتن پێنج بیردۆزەکەی کە هەریەکەیان بە جۆرێکی تایبەت لە هاویەکی و جۆری ژێیەکان دەڕوانێت (I،IIA ،IIB ، HO، HE)، بە بابەتی دووانەکییەکان یەککرد، وەک دووانەی (T) بۆ لابردنی جیاوازی نێوان دوورییە بچووک و گەورەکان، دووانەی S)) بۆ نەهێشتنی جیاوازی کارلێکە بەهێز و لاوازەکان، پاشان بە زێدەکردنی دووری یازدەیەم، ژێیەکان وایان لێهات بلەرێنەوە و بکشێن و ببنە پەردەیەک. پەردە دەشێ سێ دووری و پتری هەبێت، ئەگەر بشبێتە خاوەن وزەی تەواو ئەوا دەتوانێت یەکجار گەورە بێت تا ئاستی فرەوانی گەردوون، لەبەرئەوەشە دەشێ ئەو پیتەی (ئێم) لە وشەی (Membrane)، لە واتای پەردەوە هاتبێت. لەڕاستیدا دیار نییە ئەو پیتەی ئێم ئاماژەیە بۆ چی شتێک؟ جگە لە پەردە چەندانێک پێیان وایە، دایک (Mother) بۆ دایکی بیردۆزەکان، یان بیردۆزی سیحر (Magic) و ئەفسانە (Myth) و چەندان واتای دیکە.
ئەم بیردۆزە بۆ پێی دەگوترێت بیردۆزی ژێیە ناوازەکان؟ چونکە بیردۆزی ژێیەکان سەرەتا تەنیا بۆزۆنەکانی دەگرتەوە بە 26 دوورییەوە، بەڵام کاتێک لەگەڵ ئەوانەی دی یەککران و فرمیۆنەکانیشی هاتە سەر ئەوا بووە ژێیە ناوازەکان، بۆ هەموو پێکهاتەکان و تەنۆلکەکانی گەردوون. کۆی بیردۆزی هاویەکی ناوازە لەگەڵ بیردۆزی ژێی بۆزۆنی کرایە بیردۆزی ژێیە ناوازەکان، ئەو دەمەشی پێنج بیردۆزەکانی ژێیە ناوازەکان یەککران ئەوا ناو نرا بە بیردۆزی-ئێم.
بۆ بابەتی تەقینەوەی مەزن، لەبەرئەوەی ئەم بیردۆزە وای دادەنێت پەردەیەکی لەڕادەبەر فرەوان هەڵگری گەردوونەکەمانە، بۆیە دەشێ پەردەی دیکە لە نێزیک ئەوەی ئێمەدا بوونی هەبێت، بەریەککەوتنی پەردەکان ببێتە هۆی هاتنەکایەی وزەیەکی یەکجار بەرز، دەرەنجام تەقینەوەیەکی مەزن ڕووبدات و گەردوونێک بێتە بەرهەم. واتە تەقینەوەی مەزن دەرەنجامی پێکدادان و بەریەککەوتنی پەردەکان یان گەردوونە تەریبەکانە، ئەمەش ئەوە دەگەینێت ژمارەیەکی یەکجار زۆر لەگەردوون هەن، بۆ هاتنەکایەی گەردوونەکان لە ڕابردوو و لە دواڕۆژدا، کەواتە پێش تەقینەوەی مەزن گەردوونی دی هەبوون و گەردوونەکەی ئێمە بەرهەمی ئەوانە. بیردۆزی ژێیەکان پێی دەکرێ بزانێت پێش تەقینەوەی مەزن چی ڕووی داوە، بەوەی ڕاڤەیەکمان پێ بدات دەربارەی گەردوون لەو دەمەیدا کە خاوەنی نۆ دووری تێکهەڵکێش بوو، کاتیش دووری دەیەم بوو. هاوکات هەر چوار هێزە سەرەکییەکە لەبەر بوونی گەرمی و پەستانی بێپایەن یەکیان گرتبوو، تا گەیشتە قۆناغێک لە ناجێگیری و پاشان تێکشکا و بووە دوو بەش. دەرەنجامی ئەوەشە ئێستە دوو شێوە دووریمان هەیە، یەکیان بووە جیهانێکی سێ دووریی و کات، ئەو شەش دوورییەی دی چڕ بوونەتەوە لە ڕەهەندە یەکجار وردەکانی تەنۆلکەکان.
بیرۆکەیەکی دیکەی فرە گرینگی ئەم بیردۆزە، تێگەیشتنە لە سروشتی هێزی کێشکردن. هێزی کێشکردن یەکجار خاو و سستە، ئەمەش جێی سەرسڕمانە کە هەرچەندە وا دەکات بەو دوورییە زۆرەی نێوان خۆر و زەوی، زەوی لەسەر خولگەکەی بهێڵێتەوە، کەچی ئێمە لەسەر زەوی بە دەستمان دەتوانین شتێک لە زەوی هەڵبگرینەوە و بەسەر کێشکردندا زاڵ بین. ئەم بێهێزییە لە بیردۆزی ژێیەکان دەتوانین هۆیەکی بۆ بدۆزینەوە کە کێشکردنیش هاوشێوەی سێ هێزەکەی دییە و گەلەک بەهێزە، بەڵام ئێمە هەستی پێناکەین لەبەر تایبەتمەندی ژێیەکان. هۆکاری ئەو بێهێزییە لە تەنۆلکەی هەڵگری کێشکردنە (گراڤیتۆن)، چونکە تەنۆلکەیەکی چەسپاوی گەردوونەکەمان نییە، دەتوانێت دزە بکات بۆ گەردوونی دیکە، بەمەش کاریگەری لاواز ببێتەوە لە گەردوونی ئێمەدا. لەم بیردۆزەدا وەک گوتمان، ژێی ماددەیی و هێزەکان کراوەن و لکاون بە پەردەی هەڵگری گەردوونەکەمان، ژێی هێزی کێشکردنیش داخراوە و دەکرێ لە گەردوونەکەی ئێمە بچێتە گەردوونە تەریبەکانمان.

وەرچەرخانێکی دیکەی ئەم بیرۆزە بەرەو سەرکەوتنی پتر ئەوە بوو، لە ساڵی 1996دا هەردوو زانا ئەندرو سترۆمینگەر (Andrew Strominger) و کومرون ڤافا (Cumrun Vafa)، لەڕێی بیردۆزی ژێیەکانەوە گەیشتنە ئەوەی جۆرێک لە چاڵە ڕەشەکان بنیات بنێن، بەهەمان شێوازی میکانیکی کوانتەم بۆ پێکەوەنانی گەردیلەی هایدرۆجین لە پێکبەندی ئەلیکترۆن بە پرۆتۆنەوە. ئەم دووانە دەرەنجامی تۆژینەوەکانی جاکۆب بکنشتاین (Jacob Bekenstein) و ستیفن هۆکینگ (Stephen Hawking) دووپات دەکەنەوە، ئەو تۆژینەوانەی دەریان خست کە ڕێژەی پشێوی و هەڕەمەکییەتی (ئینترۆپی) لە هەندێک جۆری چاڵە ڕەشەکاندا گەلەک بەرزە. ئەمە دۆزەوەیەکی نوێ بوو، چونکە تا ئەو دەمە کەس نەیدەزانی تەنێکی سادەی وەک چاڵی ڕەش کە بەپێی بارستایی و خوولانەوەکەی پێناسە دەکرێت، بەچی شێوەیەک لەناخیدا بووەتە خاوەنی ئەو هەموو پشێوی و شێوانە. سترۆمینگەر و ڤافا بە بنیاتنانی چاڵی ڕەش و بە پشت بەستن بە بنەماکانی بیردۆزی ژێیەکان، توانیان بەهای ڕاستی ئینترۆپیای تیێدا دەست نیشان بکەن، بەتەواوی وەک ئەوەی بکنشتاین و هۆکینگ پێشبینیان کردبوو. ئەمە کاریگەرییەکی زۆری هەبوو لەسەر گشت زاناکانی فیزیا و هەموویانی سەرسام کرد، چونکە بۆ یەکەم جار بوو دەرەنجامێکی فیزیای کلاسیکی لەلایەن بیردۆزی ژێیەکانەوە بەدەست بهێندرێت.
لەگەڵ ئەوەی بیردۆزی ژێیەکان لەلای گەلەک زانای فیزیکی ناسراوە، بەڵام ڕەخنەی تووندیشی لێ گیراوە و هەتا ئێستە نەبۆتە بیردۆزێكی زانستی ڕاستەقینە.
پێویستە بەکورتی ئاماژەیەک بدەین بە خاڵە نەرێنی و ئەرێنییەکانی بیردۆزی ژێیە ناوازەکان. نەرێنییەکان وەک؛
- ئاشکرایە ژێیەکان لەڕادەبەدەر بچووکن و بە هیچ شێوازێک و ئامێرێک ناتوانین بیان دۆزینەوە.
- ئەگەری ئەوە هەیە کە بە سەدان ساڵێ دیکەش لە تواناماندا نەبێت، بگەین بەو وزەیە یەکجار بەرزەی کە پێویستە بۆ خێراکردن و پێکدادانی تەنۆلکەکان، لە شوێنێکی هاوشێوەی ئەزموونگەی ئەوروپایی سێرن (CERN)، بۆ دۆزینەوەی تەنۆلکە گریمانەکییەکانی کە لەو بیردۆزەدا پێشبینی هەبوونیان دەکرێت.
- لە بیردۆزە هاوتایە ناوازەکاندا دەبێ هەموو تەنۆلکەیەکی گەردوون هاوتایەکی هەبێت، مەبەستیش دژەکان نییە وەک ئەلیکترۆن و پۆزیترۆن، بەڵکوو بۆ نموونە بە هاوتای ئەلیکترۆن دەگوترێت سلیکترۆن، واتە هەر فرمیۆنێکی سەرەکی هاوتایەکی ناوازەی هەیە (Superpartner) لە بۆزۆنەکان و بەپێچەوانەوەش، ئەمەش گریمانەیەکی سەختە بۆ سەلماندن.
- کاتێک لە هاوکێشەکانی ئەم بیردۆزە لە نەگۆڕەکان دەگەڕێین، ئەوا لەئەندازە بەدەر دەرنجاممان پێ دەدات، لە ژمارەیەکی یەکجار زۆر لە گەردوونەکان کە دوورن لە یاسا و ڕێساکانی گەردوونی ئێمە.
- لە هەمووی گرینگتر، ئەم بیردۆزە بەرئەزموون نییە، ئەگەر پێشبینی نەخاتە بەردەست بۆ سەلماندن، ئەوا دوچاری کێشەیەکی گەورە دەبێتەوە. چونکە بەگوێرەی بنەمای فەلسەفەی زانستەکان، دەبێ تێکڕای بیردۆزە زانستییەکان بەرهەڵە و بەرئەزموون بن. بۆیەش گەلەک لە زاناکان بیردۆزی ژێیەکان بە نازانستی دادەنێن و پێیان وایە تەنیا وڕێنەیەکی ماتماتیکییە.

خاڵی ئەرێنی ئەم بیردۆزەش ئەوەیە؛

- چەند دووانەکییەکمان پێ دەدات بۆ پێکبەستنی ئەو بوارانەی جیاواز و دوور لەیەک دەبیندرێن، وەک گواستنەوە لە هێزی کێشکردن بۆ کارۆموگناتیسی. لەم بیردۆزەدا دەکارین دووانەکی ماتماتیکیش بەدەست بهێنین، وەک پێکبەندی لەنێوان شێوە ئەندازەییەکان و بیردۆزی ژمارەکان کە زۆر دوورن لەیەک.
- بۆ بیرۆکەی دوورییە زێدەکان، دەشێ لەم چەند ساڵەی داهاتوو لە سێرن بسەلمێندرێت، ئەو دەمەی تەنۆلکەی وزەداری یەکجار بەرز پێکدا دەکێشرێن، هەندێ لە وزەی بەبەرهەم هاتوو دەگوێزرێتەوە بۆ دوورییە نادیارەکان و شێوانی یاسای پارێزرانی وزە دێتە کایەوە، چونکە هەمیشە دەبێ وزەی پێش و پاشی پێکدادانەکان یەکسان بێت. یان بەشێوازێکی تایبەتی لە پێکدادانە جۆراوجۆرەکان، بتوانین گراڤیتۆنی تەنۆلکەی کێشکردن بدۆزنەوە و پاشان ون ببێت و بچێتە دەرەوەی پەردەکەمان و بگواسترێتەوە بۆ گەردوونێکی دیکە.
- لەڕێی تەلسکۆپە یەکجار ناوازەکانی هاوشێوەی جێیمس وێبی بۆشایی ئاسمان (James Webb Space Telescope)، بتوانین دیمەنە هەرە سەرەتاییەکانی سەرهەڵدانی گەردوون ببینین، بەمەش شوێنەوەرای بوونی دوورییە زێدەکان لەسەر گەشەکردنی گەردووندا دەستنیشان بکەین. 
دوور لەو سەختی و ئاڵۆزییانەش، بیردۆزی ژێیەکان خاوەنی بنچینەیەکی تیۆریی پتەوە و توانایەکی بەهێزی هەیە بۆ ڕاڤەی دیاردە سروشتییەکان و کار و کردەوەکانی ناوەوەی گەردوون. هاوکات بیرۆکەی بوونی تاکە یەک بیردۆز بۆ وەڵامی هەموو پرسیارە سەرەکییەکان، شتێکی جوانە و شایەنی گشت هەوڵ و ماندووبوونێکە.
دواجار دەبێژین، ئەگەرچی تیۆری ژێیەکان هێشتا لە چوارچێوەی فیزیای تیۆریدا دەخوولێتەوە و خاوەنی چەندان بیرۆکەی ئەندێشەییە، بەڵام دیسانەوە ناتوانین بڕیاری فەرامۆشکردنی تەواو و یەکجارەکی لەسەر بدەین، چونکە گەلەک ئەزموونمان هەیە لەگەڵ بابەتەکانی فیزیکی تیۆری کە سەرەتا وەک ئەندێشەیەک دەهاتنە بەرچاو، پاشان بوونە ڕاستی و بە کردارەکی سەلمێندران.
لە هەمووی گرینگتر، بیردۆزی ژێیە ناوازەکان لەبەر ڕاستبوونی لەڕووی ماتماتیکەوە لەلای زاناکانەوە پشتی پێ دەبەسترێت، ئەگەرنا لەمێژ بوو بەلاوە نرابوو. ئەمەشە هۆکاری ئەوەی ستیڤن واینبێرگی (Steven Weinberg) خاوەن نۆبڵ دەڵێت: "ڕێی تێناچێت بیردۆزێکی ئاوا ڕێکوپێک و جوان لە لایەنی ماتماتیکییەوە، هەروا بەئاسانی بەهەڵە بخرێتەوە."

سەرچاوەکان؛