ڕیشەی دروشمی ژن ژیان ئازادی!

Thursday, 10/11/2022, 22:29

3504 بینراوە


وەڵامێک بۆ كاك هێمن سەیدی

شوان حەمە 


"من چیم وت تۆ بیڵێوە"
وێنەیەک لە پەیوەندی نێوان حیزب و نوخبەی کوردی!
کاک هێمن سەیدی مامۆستای زانکۆ و کەسایەتییەکی دیاری ناو کوردانی ڕۆژهەڵاتە، لە زۆرێک لە کەناڵە کوردی و فارسییەکان، وەک شرۆڤەکار بەشداری هەیە.
دوای دیداری کاک خالید عەزیزی لەدەنگی ئەمریکا بەفارسی، کاک هێمن لەسەر هەمان هێڵ، لە دیدارێکی کورد کەناڵدا دەڵێت ''ژن ژیان ئازادی بەرهەمی خەباتی هەشتاساڵەی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە''
لەبەر ئەوەی ئەم پرسە خەریکە جۆرێک لە دیبەت بەرهەم دێنێت، ئەم وەڵامە بە پێویست دەزانم.
سەرەتا پێویستە بڵێم: ڕۆژهەڵاتی کوردستان ئەوەندە شانازی هەیە، پێویستی بە ساختەکردنی مێژوو نییە.
 لەم باسەدا هەوڵ دەدەم دوو پرسی گرنگ کە کاک هێمن تێکەڵی کردووە، لەیەک جیا بکەمەوە.
یەکەم: دروشم و چەمک.
دووەم: دووبەرەکی یان مافی ڕەخنە.
 یەکێک لە ئەرگومێنتەکانی کاک هێمن سەیدی، بۆ بەموڵککردنی دروشـمی ژن ژیان ئازادی و لکاندنی بە ڕۆژهەڵات و حیزبی دیموکراتەوە، باسکردنی مێژووی ئەو حیزبەیە، وەک سەیدی دەڵێت: حیزبی دیموکرات داهێنەری ڕێکخراوی ژنانە! 
بۆ ئەوەی تێبگەین ئەرگومێنتەکەی کاک هێمن سەیدی زانستییە یان نا، پێویستە لە بەرهەمی هەشتاساڵی ڕابردووی حیزبی دیموکرات، سەبارەت بە مافی ژنان بڕوانین و بپرسین: ئایا لەو ڕابردووەدا، چەند ژن دەستەی دامەزرێنەر حیزبی دیموکرات یان حیزبەکانی تری ڕۆژهەڵات بوون؟ 
ئەی لە ئێستادا (دوای هەشتا ساڵ ئەزموون) ڕێژەی سەدی ژنان لەبازنەی یەکەمی سەرکردایەتی حیزبی دیموکرات و حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتدا چەندە؟
 ئایا بەرهەمی خەباتی هەشتاساڵەی حیزبی دیموکرات، چ گۆڕانکارییەکی ڕیشەیی جێندەری و پەروەردەیی و فەرهەنگی لەکۆمەڵگای ڕۆژهەڵاتدا درووست کردووە؟
داکۆکیردن لە ڕاستی مرۆڤ ناکاتە لایەنگری کەسێک یان لایەنێک، بەڵکو داکۆکیکردن لە ڕاستی، کردەیەکی ئەخلاقی و ویژدانیی و هەوڵیکی دادپەروەرانەیە. 
ڕاستی ئەم پرسە ئەوەیە، بۆ یەکەمجار لە مێژووی حیزبی کوردییدا، ساڵی ١٩٧٨، دوو ژن وەک دەستەی دامەزرێنەر، لەکۆنفرانسی دامەزاندنی پارتی کرێکارانی کوردستان بەشدار بوون، یەک لەو ژنانە ساکینە چانسز بوو، کە لەزیندانی ئامەد، لەژێر ئەشکەنجەدا مەمکیان بڕی. یازدە ساڵ زیندانی کرا، ساڵانێک دوای ئازادکردنی لە خەبات بەردەوام بوو، تا لە پاریس تیرۆر کرا. ساکینە پێش کۆنفرانسی دامەزراندنی پەکەکە، سەرکردەیەکی دیار و بەرپرسی ڕێکخستنی گەنجانی دێرسیم بووە. 
پێگەی دیارو کاریگەری ژن لە ڕێکخستنەکانی پەکەکە و هەدەپە و ڕۆژئاوای کوردستان، بۆ هەر چاودێرێکی بێلایەن و پیشەیی ئاشکرایە. 
لە سیستمی ئەواندا یاسای کۆتا هەیە،  هەر کۆمەڵ و ڕێکخستن و دەزگایەک، ژن یان پیاو، نابێت لە سەدا چل کەمتر و لە سەدا شەست زیاتر بێت.
با کاک هێمن سەیدی بگەرێتەوە بۆ چەند هەفتە پێش ئێستا، لەوێ ڕێورەسمی یەکگرتنەوەی هەردوو باڵی حیزبی دیموکرات بوو! با ئەو پێمان بڵێ: لە ریزی پێشەوەی سەرکردە پیاوەکان، چەند ژنی سەرکردە ئامادە بوون؟ 
کاک هێمن سەیدی دوو چەمکی "بەشداریپێکردن" و "بەشداربوون"ی تێکەڵ کردووە.
بەشداریپێکردنی ژن لە وێنە جیهانییەکەیدا، مۆدێلی یەکێتی سۆڤیەت و کۆماری چینە، لە وێنە کوردییەکەدا حیزبی دیموکرات و پارتی و یەکێتی و تەنانەت حیزبە ئیسلامیەکانن. 
بەشداربوونی ڕاستەقینەی ژن لە کایەی سیاسی و ڕێکخراوەیی، لە ڤێڕژنە کوردییەکەیدا، لە مۆدێلەکانی پەکەکە و هەدەپ و ئەزموونی ڕۆژئاوای کوردستاندا دەردەکەوێت. 
ژن ژیان ئازادی بەر لەوەی دروشم بێت، چەمکیکی تیۆریزەکراوە، عەبدوڵا ئۆجەلان لە پرۆسەیەکی فکری نوسراودا دایڕشتووە، میکانیزمەی کارکردن پێشخستنی بۆ داناوە. 
کاک هێمن سەیدی خۆی باش دەزانێت، کێ دروشم دەڵێتەوە و کێش بنەما مێژووی و مەعریفییەکانی ژن ژیان ئازادی داڕشتووە. ڕەنگە ئەو ڕاستییەش بزانێت، لە سەرەتای خۆپیشاندانەکانی سەقز و سنە، چ لایەن و هێزێکی سیاسی دروشمی ژن ژیان ئازادی کردە درووشمی سەرەکی خۆپێشاندانەکانی ڕۆژهەڵات و ئێران. بە دڵنیاییەوە ئەو لایەنە حیزبی دیموکرات نەبوو!
 دوای دیدارەکەی کاک خالید عەزیزی و ڕەخنەگرتن لە لێداوانەکانی، ڕایەک پەیدا بووە، کە کاک ‌هێمن سەیدی یەکێک لە داکۆکیکەرانی ئەو ڕایەیە، ڕایەک هەوڵ دەدات لەژێر ناوی یەکگرتن و کۆبوونەوە لەدەوری یەکتر، دەنگی ڕەخنە و بیروڕای جیاواز بخکێنێت. بیروڕای جیاواز و ڕەخنە وەک هەوڵی نانەوەی دووبەرەکەی بناسێنێت. 
ڕەخنە و بیروڕای جیاواز، هەوڵێکە بۆ ڕۆشنکردنەوەی یەکتر، داینەمۆی ساغبوونەوە و بەرچاوڕوونییە، تێگەیشتنە لە پرس و بینینی دۆخ لە وێنە فرەڕەهەند و گەورەکەیدا. ڕەخنە و بیروڕای جیاواز، بەتایبەت لەناو کوردانی هەندەران، کە ساڵانێکە تێکەڵ بە ژینگەی سیاسی و کۆمەڵایتی سیستەمە دیموکراتییەکان بوون، مافێکی ئاسایی و چاوەڕوانکراوە، 
ئێوە ناتوانن لەژێڕ ناوی نیشتمانپەروەریدا، مافی ڕەخنەگرتن زەوت بکەن.
ئیتر سەردەمی ئامۆژگاری بەسەرچوو!
 ئێمە لە گوندێکدا ناژین تا ڕیشسپییەک بێت و پیمان بڵێت چۆن ڕەفتار بکەین و کەی بدوێین! 
نزیکەی نیو سەدەیە جمهوری ئیسلامی لە ڕێگەی ئامۆژگارییەوە هەوڵی کۆنترۆڵکردنی کۆمەڵگای کوردی و ئێرانی دەدات.
دوای مەرگی ژینا ئەمینی، چیتر کۆمەڵگای کوردی لە ڕۆژهەڵات، پێویستی بە دەمسپی و عەڕابی ئامۆژگاری نییە. چیتر کەسانی وەک دکتۆر ئەنوشە و بەیتە شیعرییەکانی حافزە شیرازی و جەلالەدینی ڕومی ناتوانن ببنە لەمپەر لەبەردەم دنیابینیی نوێدا. کۆمەڵگای ڕۆژهەڵات پێویستی بە ئازادی بیرکردنەوە و ئازادی ڕەخنە و فێربوونی ئەزمونکراوی خۆی هەیە. 
سەرکوتکردنی ڕەخنە بە تۆمەتی "نانەوەی دووبەرەکی"، هەمان سیاسەتی ئێرانییەکانە، لە ژێر ناوی پاراستنی "ملت بزرگ ایران" نزیکەی نیوسەدەیە، کورد و نەتەوە جیاوازەکانی ئێرانی پێ بێدەنگ کردووە.
بەڵی دەتوانین وتووێژ بکەین، دەتوانین و مافی هەموومانە ڕەخنە بگرین، هەمانکات لەپرسە گشتی و ستراتیجییەکاندا هاوکار و هاوپشتی یەک بین.
ئێوە نابێت لە ڕەخنە بترسن. باسی ڕەخنە دەکەم نەک پەلاماردان و سوکایەتی و شکاندنی کەسایەتی.
ئێمە لە باشووری کوردستان تەنها ئەزموونی خراپمان لەگەڵ سیاسییەکان نییە، بەڵکو ئەزموونی خراپمان لەگەڵ بەشێک لە ڕۆشنبیر و ئەکادیمییەکانیش هەیە، کە وەک گرووپێکی ڕیاکاری بەرژەوەندخوازی دەربار، بوونەتە پارێزەری بەرژەوەندی حیزب و بنەماڵە سیاسیەکان و پشتیان لە خەڵک کردووە.
هیوادارم ڕۆشنبیران و ئەکادیمیستانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لە ئەزموونی بە ئازاری ئێمە فێر بن!

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە