ئیسلام و (هاوڕەگەزخوازی) (ڕەگەزی سێهەم) (گەی و لێسبیان)

Thursday, 10/11/2022, 20:47

5534 بینراوە


هەموو ئەو ناوانەی لە ناونیشانەکەدا نوسیومن لە کولتوری کوردیدا پێیان گوتراوە نێرەمووکی و ژنانی.! هەر خانمێک مەیلی بەلای خانمیکی تردا چووبیت، یان جۆرێک لەجۆرەکان پێکهاتەی بایۆلۆجی لە مێینەوە بەرەو نێرایەتی گۆڕابێت، هەروەها بە پێچەوانەشەوە، تەنانەت لەرەفتاریشدا بێت، پێیانگوتووە نێرەمووک یان ژنانی.
 پێش ساڵی 1992 زاناکان و توێژەرەوە پزیشکیەکان پێیان وابوو کە ئەم جۆرە کەسانە نەخۆشن و دەبێت چارەسەر بکرێن، بەڵام لەساڵی 1992وەوە، پاش لێکۆڵینەوەیەکەی وردو قووڵ، گەیشتنە ئەو بڕوایەی کە نەخۆش نین بەڵکو سروشتیان وایەو خودی خۆیان هیچ کاریگەریەکی پۆزەتیڤ یان نێگەتیڤیان لەسەر سروشتی خۆیان نیەو ناشیانبیت، چونکە پێکهاتەی بایۆلۆجیان و ئاکارو ڕەفتاریان لە هەردوو ڕەگەزەکەی تر جیاوازترە، نە ئەوەتا نێر بن و نە ئەوەتا مێ بن، بەڵکو ڕەگەزێکی تایبەت بە خۆیانن. وەک چۆن پێکهاتەی نێر لەمێ و مێ لە نێر دەچێت هەرواش ئەمانیش لەوان دەچن. گەر کەمێک دەستکاری جلوبەرگ و شێوازی بڕینی قژیان بکرێت بە ئاستەم دەتوانین ئەم سێ ڕەگەزە لەیەکتر جیابکەینەوە. ئیتر لەو ساڵەوە بە ڕەگەزی سێهەم ناوزەد کراون و ئەگەر جاران واتزانیوە کە لە مرۆڤدا تەنها نێرو مێ هەیە، ئەوە لەئێستاوە بزانە کە ڕەگەزیکی تریش هەیەو یەکێکی دیکەیە لەدیاردە سرووشتیەکانی ئەم گەردوونە. 
زانست دەڵێت: هێمای کرۆمۆسۆماتی مێ بریتیە لە (XX)، هێمای ڕەگەزی نێریش بریتیە لە (XY). پیاوان هەڵگری هەردوو جۆرەکەن (XY) و (XX)، خانمانیش هەڵگری کرۆمۆسۆماتی تەنها (XX)ن. (ئەڵبەتە جۆری کرۆمۆسۆماتەکان زۆرن بەڵام لەم بەشەدا پیویستیمان بەباسکردنیان نیە) ئەو کاتانەی کە نێر تۆوی خۆی لە منداڵدانی مێدا دادەنێت، توانای هەیە بە هەردوو هێماکە 👍 و (X) کرۆمۆسۆمات دابنێت. جا ئەگەر هاتوو پیاوەکە کرۆمۆسۆماتی (Y)ی دانا، لەگەڵ (X)ی خانمەکە یەکدەگرن و منداڵەکە دەبێتە نێر (کوڕ)، ئەگەر کرۆمۆسۆماتی (X)ی دانا لەگەڵ (X)ی خانمەکە یەکدەگرن و منداڵەکە دەبێتە مێ (کچ). 
کەواتە ئەوە پیاوەکەیە بڕیار لەچارەنوسی ڕەگەزی منداڵەکە دەدات نەک خانمەکە. ئەگەر لە خێزانێکدا منداڵەکان تەنها کوڕ بن یان تەنها کچ بن، ئەوە پیاوەکە بەرپرسیارە نەک خانمەکە، خانمەکە تەواوکەرە. هەموو کەسێک هەم کرۆمۆسۆماتی پیاوەکەی تێدایەو هەمیش کرۆمۆسۆماتی خانمەکەی تێدایە، واتە هیچ نێرێک بەتەواوی نێر نیەو بەشێکی کەم مێیەتی تێدایە، هیچ مێیەکیش بەتەواوی مێ نیەو بەشێکی کەم نێرایەتی تێدایە. 
پیاوێک (نێرێک) نییە بەمانای وشەکە پیاو (نێر) بێت، بۆ ژنیش بەهەمان شێوە مەسەلەکە وایەو هیچ ژنێک (مێ) بەتەواوی ژن (مێ) نیە. واتە ڕێژەی نێرایەتی و مێیایەتی لای هیچیان لە100% نییەو هەریەکەیان بەشێک لەم و بەشێک لەوی تری تێدایە. بۆ نموونە پیاو هەیە رێژەی نێرایەتییەکەی لە85%ـەو لە15%کەی تری مێینەیە.
 بوونی ئەندامی سێکسی نێرینە (چووک) لەپیاوێکدا مەرجی پیاوەتی تەواوو کامڵیی نێرینەیی سێکسی ئەو پیاوە ناگەیەنێت، زۆر رێدەکەوێت، کەسێکی وا لەشێوەی پیاوەتیدا، ئاکاری ژنانەی لەڕۆشتن و قسەکردن و جل لەبەرکردن و تەنانەت لە ئارەزووی سێکسیشدا هەبێت، چونکە دابەشبوونەی ڕێژەی کرۆمۆسۆماتەکان کاریگەری لەسەر ئارەزوو و سروشت و ئاکاری سێکسی مرۆڤەکە جێدەهێڵن. 
 ڕەگەزی سێهەم وەک ڕەگەزی یەکەم و دووەم نیە بەڵکو تێکەڵەیەکی ترە، ئەویش بە دوو هۆکار، یەکەمیان: 
پێکهاتەی بایۆلۆژی ئەمانە بۆماوەییە (ویراسیە) باوان هەڵگری ئەو جۆرە کرۆمۆسۆماتەن و نەوە دوای نەوە تا ئێستا ماوەتەوە. یان تێکەڵەیەک لە نێوان هەردوو کرۆمۆسۆماتەکە ڕوو دەدات و بە ڕێکەوت (XX-XY) زۆرتر یان کەمتر بەیەک دەگەن و کاریگەری لەسەر ڕەگەزی منداڵە دادەنێن. ئەم بابەتە لەوە قووڵترە کە من لێی بدوێم، تایبەتمەندان دەتوانن ئەم باسە شیی بکەنەوەو هۆکارەکانی بەشێوەیەکی زانستیانە دەستنیشان بکەن. بەڵام پێویستە ئەوە بگوترێت کە جۆری (بۆماوەیی، ویراسی) ڕێژەکەی زۆر نزیکە لە سەدا سەد، واتە بەشی هەرە زۆری ئەم رەگەزە ویراسیەو لە باوانیانەوە بۆیان ماوەتەوە. بەڕێژەیەکی هێجگار کەمیش، لەناو سەدان هەزار کەس ئینجا حاڵەتێک یان دوان و رەنگە سیان و چوار دەربکەون. 
هۆکاری دووەمیش لە ئەنجامی پەروەردەو کاریگەریەکانی ژینگەوە دروست دەبن و نێر مەیلی بۆ لای نێرو مێ مەیلی بۆ لای مێ دەچێت. 
ئێمە (کورد) لەم زانیاریانە زۆر هەژارین چونکە هێشتا نەبووە لە سیستەمی خوێندنە سەرەتاییەکاندا ناخوێندرێت و نەبووە بە باسێک لە پەروەردەو گرنگی پێنەدراوە. هەر لە دێرینیشەوە بەچاوێکی سووک تەماشای ئەم ڕەگەزە کراوە.  ئەوانەی کە نێرن و هەندێک حاڵەتی مێیان تێدا بینراوە لەکولتوری کوردیدا پێیان گوتوون ژنانی، بەو خانمانەش کە ئاکارو شێوەی نێرایەتیان لێ بینراوە پێیان گوتوون نیرەمووک. بەهۆی ئاستی نزمی مەعریفەو نەبوونی سیستەمێکی پەروەردەی تەندروست لەکۆمەڵگاکەماندا وەک دیاردەیەکی نامۆ تەماشای ئەم ڕەگەزە دەکەن و سوکایەتی پێکردنیان تا ئێستاش بەردەوامە. بێگومان تێڕوانینی ئاینی ئیسلام و تۆمارە مێژووییەکانی شارستانیەتی ئیسلامی کاریگەری خراپی بەجێهێشتوە، پاش کەمێکی دی بەڵگەکان ڕوون دەکەینەوە.
ڕەگەزی سێهەم، ویراسی بێت یان تێکەڵەو پەروەردە، لەهەردوو حالەتەکەدا کاریگەری بایۆلۆژی یان دەروونی یان هەردووکیان پێکەوە، لەسەر لەشی مرۆڤەکان دروست دەکەن، ئەوان کۆمەڵێک هەڵسوکەوتی تێکەڵەی نێرایەتی و مێیایەتیان هەیە. ئەوانەی کە کاریگەری بایۆلۆژیان لەسەر دروست بووە زیاتر پێیانەوە دیارە. بۆ نموونە تێیاندا هەڵدەکەوێت کە نێرە بەڵام دەنگێکی ناسکی ژنانەی هەیە، مێیەو دەنگێکی گڕی نیرانەی هەیە، موو لەسەر ڕوومەت و چەناگەی خانمان هەیە، لاشەی نێرەکانیش موویان پێوە نیە (کۆسە)ن. تێکەڵبوون یان بوونی پێچەوانەی ئەندامانی نێرینەو میینەی هەردوو ڕەگەز لەسەر لاشەی پێچەوانەی یەکتر هەیە. مێیەو چووکی هەیە، نێرەو زێ و مەمکی هەیە، یان مەمک و چوکی هەیە. ئەمانە، ئەمە جگە لەوانەی کە کرۆمۆسۆماتەکان کاریگەریان لەسەر باری دەروونی کۆمەڵێکی تر داناوە. 
لەم توێژەدا بەهەندێکیان دەگوترێت گەی و لیسبیان. ئەمانە وەک پێکهاتە هەست بەهیچ گۆڕانکاریەکیان ناکرێت، ڕەگەزەکە بەڕووکەش نێرە، واتە لە پێکهاتە بایۆلۆژیەکەیدا هیچ ڕووی نەداوەو هەموو شتێک ئاماژەن بۆ نێرایەتی کەسەکە، بەڵام لەدەروونیدا، لە ناوەوەیدا، خۆی بە مێ دەزانێت و مەیلی بۆ رەگەزەکەی خۆی (نێر) هەیە، بەمانە دەگوترێت گەی، یاخود بەپێچەوانەوە مێیەو تەواوی بایۆلۆژی مێینەیی دیارە، بەڵام لەدەروونیدا خۆی بەنێر دەزانێت و مەیلی بۆ رەگەزی مێ هەیە، بەمانە دەگوترێت لێسبیان.
ئەگەرچی لەهەموو دەمێکیدا جێی قسەوباس بوون، کەچی تا ئێستا ئامارێک لەبەردەستدا نییە کە رێژەی ئەم ڕەگەزەی لە جیهاندا خەمڵاندبێت، بەڵام وەک بەچاوی ئاسایی دەبینرێن، ڕێژەیان زۆر کەمە.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە