كورد و سه‌ربازیی زۆره‌ملێی عیراق

Thursday, 11.10.2022, 23:01

498 بینراوە


له‌ سه‌ره‌تای دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی عێراقدا، دیسان كورد بوو له‌به‌ر هه‌ست به‌كه‌می خۆی و  زاڵبونی هه‌ستی نامۆیی له‌ وڵاتێكدا كه‌ له‌ ناخی خۆیدا یه‌كلابوو كه‌ هی ئه‌و نیه‌، وه‌ك ده‌ستپێشخه‌ر و بۆ سه‌لماندنی عیراقیبونی خۆی، به‌ردی بناغه‌ی دامه‌زراندنی سۆپای عیراقی دانا و به‌ فه‌وجٍێكی عه‌سكه‌ری به‌ ناوی موسای كازمه‌وه‌  و به‌ فه‌رمانده‌یی كوردێك به‌ ناوی جه‌عفه‌ر عه‌سكه‌ری و به‌ده‌ستی خۆمان ئه‌و خێو و مڵۆزمه‌مان بۆ نه‌ته‌وه‌كه‌مان هێنایه‌به‌ر و له‌جیاتی پارێزه‌ری سه‌رجه‌م چین و توێژه‌كانی گه‌لانی عیراق بێت، بوو به‌ ماری حه‌وت سه‌ر و به‌ ناوی بنه‌ماكانی پاراستنی ده‌وڵه‌ته‌وه‌، هیچ كارێكی خراپ نه‌ما تاوه‌كو به‌كارهێنانی كیمیاوی و ئه‌نفالكردنی گه‌لێكی بێ ده‌ره‌تانیشی هاتبێه‌ سه‌ر، به‌ سه‌رماندا نه‌هێنێت. ئه‌مرٍۆش به‌ پاساوی زۆره‌وه‌، له‌ پێشه‌وه‌یاندا بیرو بۆچونی ره‌گه‌زپه‌رستیه‌وه‌، ئه‌مجاره‌ خه‌ڵكانێكی عه‌ره‌بی به‌نهێنی نه‌ته‌وه‌ په‌رستی توندرٍه‌و،  ده‌یانه‌وێت ئه‌و مێژووه‌ دووباره‌ بكه‌نه‌وه‌، كه‌ خۆمان به‌ده‌ستی خۆمان خوڵقاندمان و، هێزگه‌لێك به‌بیر وعه‌قیده‌ی ره‌گه‌زپه‌رستی و توندرٍه‌وی و ده‌مارگیری به‌ناوی عه‌قیده‌ی عه‌سكه‌ری سوپای ده‌وڵه‌ت دووباره‌ دروست بكه‌ن، كه‌ تا ئه‌مرٍۆ جگه‌ له‌ نه‌هامه‌تی و ماڵوێرانی به‌سه‌ر سه‌رجه‌م عیراقیه‌كاندا، هیچ به‌رگریه‌كی له‌بستێكی ئه‌م ده‌وڵه‌ته‌ له‌ به‌رامبه‌ر هیچ دوژمنێكی راسته‌قینه‌ نه‌كردووه‌ و هه‌میشه‌ دارده‌ستی ده‌سه‌ڵاتدارانی به‌غدا بووه‌ بۆ سه‌پاندنی بیر و بۆچون و عه‌قیده‌ و سیاسه‌ت و حزبایتیه‌وه‌، ئه‌وه‌ی ناوی عه‌قیده‌ی عه‌سكه‌ری بێت له‌م سوپایه‌دا نه‌بووه‌ و هه‌موو فكرو بیرێكی ته‌سكبینانه‌ی ده‌سه‌ڵاتداران و له‌ روانگه‌ی فكری ده‌مارگیری و ره‌گه‌زپه‌رستی و حزبیه‌وه‌ له‌م سوپایه‌دا ره‌نگی داوه‌ته‌وه‌. 
ئه‌مرٍۆش ده‌سه‌ڵاتدارانی عیراق به‌ ناو و ناونیشان و پاساوی دیكه‌وه‌، ده‌یانه‌وێت سوپایه‌كی له‌و جۆره‌ و به‌ڵكو خراپتریش به‌به‌رچاوی ئێمه‌وه‌ بسه‌پپێنن و سه‌ره‌تایه‌كی خه‌ته‌رناكی تر له‌ عیراقدا ده‌ست پێبكه‌ن.
ئه‌وه‌ی جێگه‌ی سه‌رسورٍمانه‌ تا ئێستا نوێنه‌رانی كورد و حزبه‌ كوردستانیه‌كان ئه‌وه‌نده‌ سه‌رقاڵی كێبركێ و شه‌رٍه‌ قوچان و ململانێی نابه‌جێی نێوان خۆیانن له‌ كوردستاندا و مه‌یدانه‌كه‌یان بۆ ته‌راتێنی هێزه‌ توندرٍه‌وه‌ ره‌گه‌زپه‌رست و ده‌مارگیره‌ نه‌ته‌وه‌په‌رست و پان نه‌ته‌وه‌ییه‌ عیراقیه‌كان فه‌راهه‌م كردووه‌ بۆ ئه‌وه‌ی مه‌رامی خۆیان له‌ دامه‌زراندنی سوپایه‌كی زۆره‌ملێ بهێننه‌ دی، هیچ هه‌ڵویِستێكی جددی و راستودروستمان له‌ هیچ هێزێكی مه‌ده‌نی عیراقی بێت یان ئه‌وانه‌ی به‌ناو كوردستانی نه‌بینی ئه‌و مێژووه‌ خوێناویه‌  بێننه‌ یادی ئه‌وانه‌ی رێكخستنی عیراق به‌ بنیاتنانی سوپاوه‌ به‌ستۆته‌وه‌ و نیازیان وایه‌ پرۆژه‌ یاسای سه‌ربازیی زۆره‌ ملێی بێ قه‌ید و شه‌رت و مه‌رجی هیچ لایه‌ك له‌ په‌رله‌مانی عیراق تێپه‌رٍێنن.  
ئه‌وه‌ی له‌ هه‌مووی سه‌رسورهێنه‌رتره‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ خه‌ریكه‌ ئه‌و فیعله‌ به‌ بێده‌نگی و به‌به‌رچاوی هه‌مووانه‌وه‌ تێده‌په‌رٍێنرێت و ته‌نها راگه‌یاندنێكیش چیه‌ وه‌كو خۆی باسی نه‌كردووه‌ و بواری ئه‌وه‌ نه‌دراوه‌ كه‌ ئه‌م ئامانجه‌ پر له‌ ترسناكیه‌ بۆ خه‌ڵك و به‌تایبه‌تی گه‌لی كوردستان شیبكرێته‌وه‌ و ته‌نانه‌ت راگه‌یاندنه‌ سه‌ربه‌خۆكانی عیراق و ته‌نانه‌ت كوردستانیش ئه‌وه‌نده‌ سه‌رقاڵی گۆنگره‌كه‌ی پارتین له‌م كاته‌دا ئه‌وه‌نده‌ خۆیان له‌م پرسه‌ ترسناكه‌  نه‌بان كردووه‌ و چاو و گوێیان داخستووه‌ و به‌م شێوه‌یه‌ بێت ترسێكی دیكه‌ ده‌چێته‌ سه‌ر ئه‌و كۆمه‌ڵه‌ ترسانه‌ی به‌ تایبه‌تی له‌سه‌ر ئاینده‌ی گه‌لی كوردستان كه‌ڵه‌كه‌ ده‌بێت .
پرسیاره‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌: ئایا به‌ ریشی كێ ره‌وایه‌ كه‌ ئێمه‌ی كورد هه‌ڵه‌ی مێژوویه‌كی نزیكی خۆمان به‌ ده‌ستی خۆمان دووباره‌ بكه‌ینه‌وه‌ و هیچ هه‌ڵوێستێك نه‌نوێنین؟