ناوەندی بەرهەڵستی شارەزوور هەڵوێستی خۆی رادەگەیەنێ‌

Thursday, 10/11/2022, 19:08

4933 بینراوە


یەكێتی نیشتمانی پێش كۆنگرەو دوای كۆنگری چوار، چی بەسەرهاتووە؟!
لەدوای نەخۆشكەتنی سكرتێری گشتی (ی.ن.ك) ڕۆژ بە ڕۆژ دەنگی پێویست بۆ بەستنی كۆنگرە بۆ ڕێكخستنەوەی پەیكەری یەكێتی و داڕشتنەوەی سیاسەتی یەكێتی بەرزدەبوەوە مقۆمقۆو ڕەخنەگرتن فۆرمێكی نوێی وەرگرت لەناو زۆربەی ئۆرگانەكاندا ڕۆژانە گفتوگۆو موناقەشە بەردەوام بوو، بەشێكی زۆری مەكتەبی سیاسی‌و سەركردایەتی تەفاهومی ڕەخنەو مناقەشەكانیان دەكرد بەئومێدی هەستانەوەو نوێ بونەوەی یەكێتی، سەرئەنجام بڕیاری كۆنگرەی چوار درا. بەڵام هەر لەسەرەتاوە ئەم كۆنگرە بوو بە كۆنگرەیەكی ئەمنی‌و تارمایی مۆنۆپۆڵ كردن و خۆسەپاندن دەركەوت لەژێر چەتری هێزێكی ئەمنی دا كۆنگرە بەسترا كە ئامانجی باڵی دەست ڕۆیشتوو بەنەفەسی كودەتا هەوڵ درا بەناوی جۆربەجۆر تێكۆشەرو كادری خاوەن ڕابردوو بەهەڵوێست وەلابنێن و شوێنیان بەكەسانی دەستەمۆو بێ‌ئەزمون پڕبكەنەوە.
دەرئەنجامی ئەو بیری تەسكی خۆسەپاندنە (8ی) تەموز ڕووی دا، لەدوای هەشتی تەمووز لەبری زیندووكردنەوەو گەڕانەوە بۆ سەرەتاكانی حزبایەتی، كاركردن بە پڕەنسیپی حزبایەتی هەر لەسەر هەمان ئاڕاستەی پێشووتر بەلەخۆبایی بوون بێ‌ئەزمون وەرگرتن لە هەڵە كوشندەكانی ڕابردو بەپشت بەستن بە هێز هەموو دەرگای ڕەخنەو ڕەخنەگرتنیان كڵۆم دا و هەموو ئەو جیاوازیانەی كە (ی.ن.ك)ی لەسەر دامەزرابوو، وەك ڕای ئازادو بەهێزكردنی پایەكانی دیموكراسی. تەوژمی خێڵەكی و بنەماڵەیی جێگەی گرتەوەو ڕۆژ بە ڕۆژ فكری خۆسەپاندن و عەسكەرتاریەت لەبەڕێوەبردنی یەكێتی دا زیاتر ڕەنگ دەداتەوەو پەرەدەسەنێ‌، لەولاشەوە بانگەشەی نوێ بونەوە دەكەن. ئەو نوێ بونەوەی كە هەڵبژاردن دوای هەڵبژاردن كێرڤی دەنگەكانی دادەبەزێت و پاساوی بێ‌ بنەما دەهێننەوە بۆ دواخستنی هەڵبژاردن.
هەربۆیە پێویستە ئەركی حزبیی دیموكراسی ڕووبەڕووبونەوەی گەندەڵی دەكاتە فاكتەری بەهێز بۆ گەشەكردن و پێش خستنی كۆمەڵگە و دامودەزگاكانی بەڕێوەبردن، ئەمە لە یەكێتی دا پێچەوانە بۆتەوە، حزب بۆتە سەرچاوەی گەندەڵی و ناعەدالەتی بەشێوەیەك دەست بۆ قوت‌و ژیانی هاوڵاتیانیش دەبەن. بەم هۆیەشەوە گەندەڵی ئابوری و سیاسی و ئیداری سەرجەم جومگەكانی حوكمڕانی گرتۆتەوە بەگشتی زۆنی سەوز بەرەو داڕمان دەڕوات.
هەژانێك و بوركانێكی بەهێز بەڕێوەیە بۆ بەرپابونی تەوژمی بەرهەڵستكارێكی ژان گرتوو كە چیتر ئەم پاشاگەردانیەی قبوڵ نیە.
ئێمە وەك ناوەندی بەرهەڵستی كە نوێنەرایەتی ویژدانی سەدان كادرو تێكۆشەری كاریگەری پشت بەستوو بە جەماوەر و كەس‌وكاری سەربەرزی شەهیدان دەكەین. دڵنیاشین لە تەواوی مەڵبەندو ئۆرگانەكاندا، هەمان هەڵوێست و بەرهەڵستی هەیە، ئەنجومەنی سەركردایەتی ئاگادار دەكەینەوە، كۆتایی بەم تاقیكردنەوە شكست خواردوە بهێنن و هەڵوێستی ڕوون و ڕەوای خۆتان بە كار و كردەوە دەربخەن لەپێناو گەڕانەوەی شكۆی یەكێتی نیشتمانی و پابەندبون بە خەباتی دیموكراسی و ئازادی لەپێناو بەرژەوەندیە گشتیەكانی خەڵكی كوردستان دا و بگەڕێنەوە سەر ڕێگای خزمەتكردن. ئەگینا كاتتان بەدەستەوە نامێنێ‌ و یەكێتی دوچاری داڕمان دەبێ‌.
ناوەندی بەرهەڵستی شارەزور
15/ی ئۆكتۆبەری 2022

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە