رون ده‌ركه‌وتنی په‌یامی كۆنگره‌كه‌ی پارتی بۆ هه‌موان

Sunday, 11.13.2022, 23:17

834 بینراوە


ئه‌گه‌ر به‌ نارٍاسته‌وخۆش بێت، ده‌رئه‌نجامی چوارده‌هه‌مین  كۆنگره‌ی پارتی دیموكراتی كوردستان، كۆمه‌ڵێك په‌یامی راست و روون و بێ پێچو په‌نای بۆ خه‌ڵكی كوردستان و حزبه‌كان و سه‌رجه‌م كادر و هه‌وادارانی پارتی و به‌ تایبه‌تی بۆ پرٍۆپارتیه‌كانی ناو حزب و رێكخراوه‌كانی تری نارد، كه‌ پارتی ئه‌گه‌ر به‌ ئاگاییه‌وه‌ ئه‌وه‌ی كردبێت یان له‌ده‌ست ده‌رچوبێت یان به‌ وردی بیریان له‌ ئاینه‌ده‌ی جزبه‌كه‌ی خۆشیان نه‌كردبێته‌وه‌، یان رێباز و مه‌نهه‌جی تایبه‌تی پارتی ئه‌وه‌ی ویستبێت و له‌وه‌ زیاتری پێ نه‌بوبێت و پێی نه‌كرابێت، ئه‌وه‌ی زۆر به‌ روون و ئاشكرایی ده‌رخست كه‌ پارتی حزبی كۆمه‌ڵێك خه‌ڵكه‌ و بنه‌ماڵه‌ به‌ ته‌واوی قۆرخی كردووه‌ و ئه‌وه‌ی حزبایه‌تی راسته‌قینه‌ بێت به‌ هیچ شێوه‌ و هیچ كلۆچێك له‌ هیچ كون وقوشبنێكی ئه‌م حزبه‌دا به‌دیناكرێت. ده‌توانین بڵێین حزبێكی تایبه‌تی و بێ وێنه‌ی كوردستانیه‌ و ته‌نانه‌ت له‌م كاته‌دا و به‌ تایبه‌تی له‌  ناوچه‌كه‌شدا شتی وا به‌دیناكرێت، هیچ رێكخستنێكی مه‌ده‌نی نادۆزیته‌وه‌ ره‌فتار و كرداری به‌و شێوه‌یه‌ بێت و باسی دیموكراتی بكات و ته‌نانه‌ت ناوی حزبه‌كه‌ش دیموكرات بێت، واته‌ وه‌كو هه‌ندێك رژێمی ناوچه‌كه‌ به‌ ناوی دیموكراسیه‌وه‌ حوكمێكی تاكرٍه‌وی بنه‌ماڵه‌یی بسه‌پێنێت و ته‌نانه‌ت منداڵی سه‌ر بێشكه‌كه‌یان خۆی ئاماده‌باشی كردبێت بۆ حكومرٍانی حزبی و كوردستان بۆ چه‌ندین ده‌یه‌ی تر، ئه‌گه‌ر به‌و شێوه‌یه‌ بمێنێته‌وه‌. هه‌وڵی زه‌مینه‌سازی ته‌واو بۆ حوكمی پاشایه‌تی له‌و هه‌نگاوانه‌ بوون كه‌ له‌م كۆنگره‌یه‌دا جوانتر له‌وانه‌ی پێشوو ده‌ركه‌وتن.
 ده‌شێت بڵێین، به‌ بێ ئاگایی خۆیان، زیانی لێكه‌وته‌كانی ئه‌‌و ره‌فتار و شێوازه‌ به‌ریوه‌بردنه‌ی پارتی به‌و بیركردنه‌وه‌ له‌ چه‌ند خاڵێكدا ده‌رده‌كه‌وێت:
1-ئه‌وه‌ی روون ده‌رده‌كه‌وێت كه‌ حكومرٍانی راسته‌قینه‌ كێیه‌ و كێش مێگه‌لانه‌ به‌دوای كۆمه‌ڵێك به‌رژه‌وه‌ندیه‌وه‌یه‌ و ته‌نها  پله‌ی شێخی ده‌رباری بۆ ده‌مێته‌وه‌ .
2- پێكهاتنی چین وتوێژی هه‌مه‌چه‌شن له‌ ناو حزبه‌كه‌دا،قه‌ت به‌قه‌د ئه‌م كاته‌ وا به‌روونی ده‌رنه‌كه‌وتووه‌ و ئه‌وه‌ی یه‌كلایی بووه‌وه‌ كه‌ تا دێت چه‌ندین چینی جیاوازی نێو پارتی له‌ باری حزبی و مادی مه‌عنه‌ویه‌وه‌ هه‌ڵده‌تۆقێن.
3- به‌ گه‌وره‌ و بچوكی به‌شداربووانی گۆنگره‌ سه‌لمێنرا كه‌ پارته‌كه‌یان حزبێكی  موخابه‌راتیی تۆكمه‌ی پر له‌ پرنسیپی ته‌سكی بنه‌ماڵه‌یین و به‌دوورن له‌ حزبی مۆدێرنه‌ن.
4- ئه‌وه‌یان بۆ ده‌ركه‌وت كه‌ باوه‌رٍبوون به‌ حزب به‌ پێی پله‌ی ملكه‌چبوون و وه‌لا‌و بۆ كه‌س و بنه‌ماڵه‌یه‌ نه‌ك حزب و رێباز و شیعار و ئامانج.  
بۆیه‌، تاقه‌ سودێكی ئه‌م كۆنگره‌ و ره‌فتاری ئه‌م حزبه‌ له‌وه‌دا ده‌بینرێته‌وه‌  كه‌ ده‌رئه‌جامه‌كان تاكه‌ سودێكی گشتی حزبی بۆ خه‌ڵك له‌وه‌دا ده‌رخست كه‌ خه‌ڵكی دیكه‌ی دوور له‌ پارتی و به‌تایبه‌تی ئه‌وانه‌ی پرٍۆ پارتین له‌ ناو حزب و رێكخراوه‌كان و ده‌ره‌وه‌شیاندا، ئه‌وه‌یان بۆ روون بووه‌وه‌ كه‌ ئاینده‌یان له‌ نێو ئه‌م حزبه‌ نادۆزنه‌وه‌ و دڵسۆزی و ملكه‌چی و حزبایه‌تی دروست له‌م حزبه‌دا ناخوات و تا ئه‌م حزبه‌ به‌م شێوه‌ به‌رێوه‌ ببرێت موڵكی تایبه‌تی چه‌ند كه‌سێكی تایبه‌ته‌ و بۆ كه‌س نیه‌ دوور و نزیك توخنی بكه‌وێت و مێژووه‌كه‌ی له‌و بازنه‌یه‌دا ده‌خولێته‌وه‌ و به‌س، بۆیه‌ ئه‌مه‌ باشترین خاڵه‌ كه‌ گه‌لی كوردستان ده‌توانێت قازانجی لێ ببینێت. ئه‌وه‌ دیاره‌ كه‌ جه‌ماوه‌ری ئه‌م حزبه‌ له‌ بازنه‌یه‌كدا بێ گه‌شه‌ی رێكخستنی ئاسۆیی و ئه‌ستونی و وه‌كو خۆی ده‌مێنێته‌وه‌ ، ئه‌مه‌ش ده‌رفه‌تی باش بۆ خه‌ڵك فه‌راهه‌م ده‌كات كه‌ حزبی نوێی سه‌رده‌میانه‌ و یه‌كگرتوو به‌دوور له‌م حزبه‌و هاوشێوه‌كانی له‌ماوه‌یه‌كی دیاریكراودا دابمه‌زرێنن و كێبركێی پارتی و پاشكۆ و هاوشێوه‌كانی بكه‌ن و ئه‌و ده‌ره‌فه‌ته‌ دروست ده‌بێت كه‌ وه‌رگۆرٍان و گۆرانكاری ریشه‌یی هه‌مه‌چه‌شنی سیاسیی فراوان له‌سه‌ر ئاستی كوردستان له‌ ئاینده‌دا دروست بێت,