کێشەی بێکاریی

Thursday, 17/11/2022, 21:21

3633 بینراوە


بێکاری یەکێکە لە کێشە کۆمەڵایەتییە سەرەکییەکان ، کە مەترسی ترسناک لەسەر ئارامی و ئاسایش و ئایندەی وڵاتێک دروستدەکات . بێگومان لە دوای ڕاپەڕینەوە بەردەوام لە هەرێمدا ڕێژە و پشکی بێکاری لە
هەڵکشانێکی بێ سنوردایە و یەکێکە لە کیشە هەرە گەورە و گرنگەکانی هەرێم ، کە بە دەستییەوە دەناڵێنی و نەتوانراوە چارەسەرێکی گونجاوی بۆ بدۆزرێتەوە ، هەر بۆیە کاردانەوەی زۆر خراپی لەسەر ژیان و گوزەرانی زوربەی هەرە زۆری هاوڵاتییان و هەموو کۆمەڵگا دروستکردووە . دیارە ئەمەش ڕاستەوخۆ پەیوەندی بە بارودۆخی ئابوری وڵاتەوە هەیە ، کە لە لایەن حیزب و دەسەڵاتەوە تاڵان و وێرانکراوە . جا ئەگەر بمانەوێت پێناسەی بێکاریی بکەین ئەوا دەڵیین : بریتییە لە نەبوونی کار بۆ ئەو کەسانەی تەمەنی گونجاو وحەز و توانای کاریان هەیە و بە پەرۆشەوە بە دوایدا دەگەڕێن ، تا دەوری کارای خۆیان بگێڕن و بە شێوەیەکی کاریگەر هاوبەشی لە ئابوری گشتیدا بکەن ، بەڵام بەهۆی نەبوونی هەلی کارەوە نائومێد و بێ هیوا دەبن . یان نەبوونی داهاتی تەواو بۆ ژیان و گوزەرانێکی شایستە بۆکەسی بێکار و خێزانەکەی . بێگومان  بێکاریش ئەو کەسانە ناگرێتەوە ، کە خانەنشین ، یان بەهۆی نەخۆشی و خواستی تایبەتی خۆیانەوە بێکاربوون ، یان دەوڵەمەندن و پێویستییان بە کار نییە .
ئەوەی شایانی باسە بەرزبوونەوەی ڕێژەی بێکاری زیان و کاردانەوەی زۆر خراپ لە جومگەکانی دەوڵەتدا دروستدەکات وەک :
١ – لە بواری ئابوریدا ، کاردانەوەی زۆر خراپ ونەرێنی لە گەشەکردنی ئابوریی دەوڵەتدا دروستدەکات و دەبێتە هۆی بە فیڕۆدانی داهات و بارگرانی و نەهامەتی .
٢ –  لە ناو کۆمەڵگادا کاریگەریی زۆر خراپ لەسەر تاکەکان دروستدەکات ، بەشێوەیەک ناتوانن ژیانێکی شایستە بۆ خۆیان و خێزانەکانییان دروستبکەن ، تووشی قەرزاری و کێشەی دەروونی و بێ هیوایی دەبن . یان لە ئەنجامی نەبوونی کاری شیاودا پەنادەبەن بۆ کارێک ، کە دوورە لە پسپۆڕی و خواستی خۆیانەوە ، بەمەش ئەو کەسانە تووشی نەخۆشی و فشاری نەفسی و خەمۆکی و هەژاری دەبن و بیر و توانایان گەشەناکات . لە ئەنجامیشدا ڕێژەی هەژاری و برسێتی و ئاوارەیی بەرزدەبێتەوە ، وڵات و دەوڵەتیش سەرمایە زۆر بەنرخەکەی خۆیان ، کە بریتییە لە هێز و توانای ڕۆڵەکانییان لەدەستدەدەن .
٣-  لە ڕووی سیاسی و کۆمەڵایەتیشەوە بێکاری دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی ڕێژەی تاوان و دزی و هەڵوەشاندنەوەی خێزان و نائارامی و خرۆشان و سەرهەڵدانی خۆپیشاندان و توندوتیژی و بڵاوبوونەوەی بازرگانی چەک و ماددەی هۆشبەر و کاری نایاسای و بەڕەڵڵایی ، چونکە هەژاری پشێوی بە دوای خۆیدا دەهێنێت .  
٤ –  بێکاری وا لە گەنجان دەکات لە سەرەتای ژیانییاندا بە جارێک لە گیان و ژیانی خۆیان بێزاربن و هەست بە بێ هیوایی بکەن و بیر لە کۆچکردن بکەنەوە ، لە پێناوی گەڕان بە دوای هەلی کار و ژیانێکی شایستەدا . بەمەش وڵات هەموو جۆرە تواناکانی ئەو گەنجانە لەدەستدەدات .
٥ – دەردی بێکاری کۆمەڵگا بەرەو دواکەوتن و دەوڵەت  بەرەو لاوازبون دەبات و ئەستەمە بگاتە ئاستی کۆمەڵگا پێشکەوتووەکان .
٦ – نەڕەخسانی دەرفەت بۆ داهێنان و پێشکەوتن لە هەموو بوارە جیاوازەکاندا .

بە گشتی  هۆکارەکانی بێکاریش بریتیین لە : 

١ –  یەکێک لە هۆکارە هەرە سەرەکییەکانی بێکاری بریتییە لە بڵاوبوونەوەی دیاردەی چۆڵکردنی گوندەکان و کۆچکردنی بە کۆمەڵی گوندنشینەکان بۆ ناو شارەکان و بەرزکردنەوەی ڕێژەی بێکاریی و کەمکردنەوەی هەلی کار . ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ گەندەڵی و نەبوونی پلان و گرنگی نە دان بە گوندەکان و کەرتی کشتوکاڵ و بەرهەمی خۆماڵی و هاوردەکردنی بەرهەمی بێگانە . 
٢ –  سەرهەڵدانی کێشەی ئابوری بەهۆی دزی و بە تاڵانبردنی سامانی وڵات و دانانی کەسانی نەشارەزای مفتەخۆر لە پۆستە گرنگەکاندا .
٣ –  گۆڕانکاری لە تەکنەلۆژیادا و پشتبەستن بە ئامێر و ئامرازە تازەکانی وەک کۆمپیتەر و ئامێری ئەلکیترۆنی و کارەبایی و میکانیکی لە بوارەکانی پیشەسازی و بەرهەمهێناندا ، کە جێگای بەشێک لە فەرمانبەر و کرێکار دەگرنەوە . 
٤ -  داواکارییە زۆر و قورسەکانی کۆمپانیاکان ، وەک بڕوانامە و شارەزایی و ساڵی خزمەت لە کەسانی بێکار .
٥ – بەکارهێنانی کەسانی بیانی ، کە بە کریێ کەمتر لە هاوڵاتییان کاردەکەن . بەمەش خاوەن کار قازانجی زیاتر دەکات و خەڵکە ڕەسەنەکەی وڵاتەکەش بێکار دەمێننەوە .
٦ – بەرزبوونەوەی ڕێژەی دانیشتووان و زۆربوونی ئەو کەسانەی بە دوای کاردا دەگەڕێن و کەمی هەلی کار .
٧ – دواکەوتن و دابەزینی ئاستی بواری پەروەرد ، چونکە ڕۆژگاری
 ئەمڕۆ بازاڕی کار ، پێویستی بە کەسانی زیرەکە ، کە لە ڕێگای پەروردەیەکی سەردەمیانەوە شارەزاییان پەیداکردووە .  
٨ – نەبوونی پڕۆژەی تازە ، بە تایبەتی پڕۆژەی ستراتیجی .

چارەسەرەکانی بێکاری :

١ –  بەرگرتن لە کۆچی گوندنشینەکان بۆ ناو شارەکان . هەوڵدان بۆ دابینکردنی هەلی کار بۆیان ، لە ڕیگای بوژاندنەوەی کەرتی گرنگی کشتوکاڵ و دابینکردنی پێویستییەکانی ژیان بۆیان . 
٢ -  ڕاگرتنی هێنانی کەسانی بێگانە بۆ کارکردن بە یاسا . تا بەر لە کۆچیان بگیرێت و هەلی کار بۆ هاوڵاتی بڕەخسێت .
٣ - گرنگی دان بە کەرتی گشتی  بۆ دامەزراندنی پڕۆژەی تازە و  بوژاندنەوەی پڕۆژەکانی سەردەمی حکومەتە یەک لە دوای یەکەکانی عیراق . پاشان ئاسانکاری وگرنگیدان بە کەرتی تایبەت و کەمکردنەوەی باج و سەرانە لەسەریان ، تا بتوانن برەو بە پڕۆژەکانییان بدەن و هەلی کار بۆ هاوڵاتییان بڕەخسێنن .
٤ -  کردنەوەی خولی ڕاهێنان بۆ لاوان ، تا زانیاری نوێ وەربگرن و شارەزای گۆڕانکارییەکانی ڕژۆگاری ئەمڕۆبن ، تا بتوانن هەلی کار بۆ خۆیان بدۆزنەوە
٥ -  پێداچوونەوە بە پڕۆگرامەکانی خوێندندا ، بە شێوەیەک بگونجێ لەگەڵ پێشکەوتنەکانی سەردەمی ئەمڕۆدا .
٦ – وازهێنان لە گرنگی دان بە خزم و کەسوکاری لێپرسراوان و
ئەوانەی سەر و کلک و نۆکەری خۆیانن ، لە وەرگرتنی پۆست و کارە 
هەستیارەکاندا ، کە شارەزاییان نییە ، چونکە جگە لە مووچە وەرگرتن و کات بە فیڕۆدان ، ناتوانن یەک بکەن بە دوو .
٧ – نەبوونی پلان و توێژینەوەی ورد دەربارەی دامەزراندنی پڕۆژەی ستراتیجی ، کە توانای وەرگرتنی کارمەندی زۆری هەیە .
٨ -  وازهێنان لە دروستکردنی باڵەخانە و کۆشک و تەلار و هاندانی وەبەرهێنەکان بۆ دامەزراندنی پڕۆژەی گەورە و بچووک ، بە مەبەستی زۆر بوونی هەلی کار .
٩– کەمکردنەوەی مووچەی بەرزی کاربەدەستە پلە باڵاکان و ئەندامانی پەڕلەمان و بندیوارەکان ، کە حاڵی خراپ و وێرانی ئەمڕۆی وڵات و کۆمەڵگاکەمان ، بەڵگەیەکی حاشا هەڵنەگرە ، کە کار و ماندووبوونییان شایانی ئەو مووچە زۆرانە نیین ، پاشان پاشەکەوتکردنی و بەکارهێنانی بۆ دامەزراندنی پڕۆژەی تازە و زیادکردنی هەلی کار .
لە دواجاردا ئەوە ماوە بڵێم :  لە ڕۆژی دامەزراندنی دەوڵەتی عیراقەوە تا ڕاپەڕین ، کێشەیەک نەبووە بە ناوی بێکارییەوە .. هەتا لە سەردەمێکدا شێتەکانیشییان دادەمەزراند ، تەنها بۆ ئەوەی مووچەیەکی بێ پاشەکەوت و بێ بڕینیان هەبێت و دەسگیرۆیی خێزانەکانیان بکەن . شتێک نەبووە بە ناوی کێشەی مووچە و مردنی خانەنشینی هەناسە ساردەوە ، دەزگایەک نەبووە خۆبەخشی بەشەرەفی ڕووسوور بچێتە ژێر باڵی و لە ئاشبەتاڵ بیپارێزێ ، نەخۆشخانەیەک نەبووە ڕەفەکانی بێ داودەرمان بێ ، ڕۆژێک دیواری خوێندنگایەک بەسەر خوێنکاردا نەڕوخاوە ، کێشەیەک نەبووە بە ناوی ئاو و کارەبا و سووتەمەنییەوە . مەرگی بە کۆمەڵی شەپۆلەکانی دەریای ئیجەمان هەر نەبیستبوو ،  بەڵام سیاسییە هەلپەرستەکان ، ڕاپەڕێنیان وەک گابەردێکی گەورەی خوێناوی ، لە لوتکە و تروپکی هەزار بە هەزاری چیاوە تلۆرکردەوە ، گوند و دار و درەخت و کارگە و دامودەزگاکانی  پانکردەوە ، شیرازەی کۆمەڵایەتییان لەبەریەک هەڵوەشاند و هیوایەکیان نەهێشت ، هەر بۆیە ڕۆڵە برسی و بێکارەکان ، کە نانیان لێ پەڕیوەتە سەر پشتی شێر ، بە سەرگەردانی و کڵۆڵی کۆچ دەکەن و پشت لەو نیشتمانە دەکەن ، کە ڕۆژێک لە ڕۆژان ، بە دڵ ئاڵاکەیان ماچ دەکرد و بـە پـەرۆشەوە سـرودی ئـەی ڕەقیب و خوایە وەتـەن ئــاواکەیان بـۆ دەووت ..!!

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە