من و مام جەلال

Sunday, 20/11/2022, 15:51

2771 بینراوە


من کوڕی خانەوادەیەکی جەلالیم – (جەلالیی تۆخ). زۆرینەی گەورەخانەوادەکەمان جەلالی بوون.


جارێک، لە منداڵیدا، چۆلەکەیەکم بە بەچکەیی گرت. گۆتم، خۆم بەخێوی دەکەم. چۆلەکەش هێدی هێدی لە نێوماندا ڕاهات. دەمخستە سەر سەرم، سەر شانم، نێو باخەڵم، بەسەر سنگمدا هەڵدەزنا و لە کراسەکەمەوە بە جریوە جریو سەری دەردەهێنا. هەندێک جار دەهاتە سەر سفرەی نانخواردن، لە تەنیشتمەوە کەمێک برنج یان ساوەرم بۆ ڕۆ دەکرد و دەستی دەکرد بە خواردنی.
بە خۆمم گۆت، ئێمە جەلالین، منیش چۆلەکەکەمم زۆر خۆش دەوێت، کەواتە ناوی دەنێم "مام جەلال".
 ڕۆژێک، نیوەڕۆ، دایکم خواردنی هێنایە سەر سفرە و منیش پێش دانیشتن بانگی چۆلەکەکەمم کرد: مام جەلال! مام جەلال! وەرە کاتی خواردنە!

قەوما

باوکم چاوانی زەق بووبوونەوە و لە دایکمی پرسی: "مام جەلال کێیە؟" ئەویش بە زەردەخەنەیەکی هێورکەرەوە وەڵامی دایەوە:
"چۆلەکەکەی! لە خۆشەویستییا ناوی ناوە مام جەلال".
باوکم یەکسەر بۆم هەستا. خێرا ڕۆیشت بۆ لای دەرگەکە، تاکێک لە پێڵاوەکەی هەڵگرت، منیش بەحەپەساوی بەرانبەری وەستابووم، تێی گرتم و بەر ڕوخسارم کەوت. لووتم پڕ بوو لە خوێن. ئەوجا بۆم هات تا سزام بدات، وەلێ من بە فێڵبازیی منداڵانە کە لە فیلمی کاوبۆیەکانەوە فیری بووبووم، بەژێر دەستیدا خۆم خزاند و بۆی دەرچووم. ئەو تا سەری کۆڵان ڕای کرد بەدوامدا و بە دەنگی بڵند سوێندی خوارد: "وەڵڵا ملت هەڵدەکێشم".
بە پێی پەتی ڕامکرد بۆ ماڵی نەنکم لە گەڕەکی شێخان.
باوکم ملی چۆلەکەکەی هەڵنەکێشابوو. بردبووی لە باخی مزگەوت بەرەڵای کردبوو.
منیش بە لووتی پژاو و سێ ڕۆژ پەنابەری لە ماڵی نەنکم هەقی خۆشەویستییەکەمم بۆ "مام جەلال" دا.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە