سیاسەت و کۆستەڵە

Sunday, 20/11/2022, 18:13

2924 بینراوە


ئەو دۆخەی کە ئەمڕۆ کوردی تێکەوتووە کوتومت وەک ئەو کۆستەڵەیەی دەورانی منداڵیمانە ، کەس حسابی تورێکی قوڕاوی بۆ ئەویتر ناکات و بێباکن لەوەی خەون و خوێن قوربانی سەدان ساڵەی کورد بکەنە قوربانی حەزو رقە سیاسییەکانیان ، پارتی و یەکێتی هیچ نەماوە خراپی نەکەن و  شەرمیش ناکەن لە شانازیکردن بە خوێنی شەهیدانەوە ! شەهیدانێک کە نەیانزانی بە خوێنی ئەوانەوە بازرگانی دەکرێت !
ئاشکرایە  هاوپەیمانیەتی پارتی و یەکێتی هەتا شەڕو ئاشتیان هیچ خزمەتیکی بە خەڵکی کوردستان نەکردووەو هیچ دەستکەوت و ئینجازێکی بۆ کوردو دۆزەکەی تیدا نەبووە ، ڕێکەوتنەکانیشیان وەکو کۆستەڵەی منداڵی وایە و هەرکاتێک لەسەر ئەنجامەکان ڕێکنەکەوتن بەیەک کۆستەڵە تێکی دەدەن و هەر لایەو پڕدەکاتەوە بە مووشەکەی خۆیدا دەڵی ؛ ئەوەی من ویستم دەستم کەوت تۆش بیخولێنەوە ! 
لە منداڵیدا  ئەگەر منداڵێک لە یاری هەڵماتێندا هەستی بە دۆڕان بکرادایە یاسایەکی قەرەقوشانە هەبوو بۆ ئەوەی بێتەوە مایە پڕی دەکرد بە هەڵمات و موشەکەی خۆیدا و دەیگوت کۆستەڵەیە ، کۆستەڵە واتە دۆڕان و براوەیەک بوونی نییە ، کۆستەڵە لە دەورانی منداڵیدا شتیکی جوانە ، منداڵی منیش وەک منداڵانی تررۆژ هەتا ئێوارە لە دەرەوە بووین ، بەیانیان هەڵماتێنمان دەکرد و کۆستەڵەی تێدەکەوت ، ئێوارانیش هەلوکێن ، کچەکانی دراوسێمان خەتخەتێن و هەڵماقۆیان دەکرد ، لە تەمەنێکی بچوکەوە لە پاڵ خوێندن دەستم کرد بە کارکردن ، چاوبڕکێم لەگەڵ کچان کردووە و ئەگەر ڕێک کەوتبا لە ماچ و مووچێک زیاتر تێنەدەپەڕی ، بەڵام لە نوێژ و ڕۆژوو گرتندا زۆر ئازا بووم .
سیاسەت هونەری بەرێوەبردن و هونەری ململانێ یە لەسەر چۆنیه‌تی به‌رێوه‌بردن و ڕێکخستنی کۆمه‌ڵگا ، لەهیچ سوچێکی دونیادا سیاسەت هونه‌ری فرتوفێڵ و ته‌ڵه‌كه‌بازی و کۆستەڵە نەبووە بۆ به‌ده‌ستهێنانی مه‌رامی حیزبی و خێزانی‌ ، خودا فرسەتی ئەم کۆمەڵگایە بدات کە حیزب و سەرۆک و سەرکردەکانی ڕقیان لە پارەیە و میللەت بە زۆر دەیخاتە گیرفانیان ! نازانم ئەم حەماقەت و کۆستەڵەی یەکێتی و پارتی تاکەی بەردەوام دەبێت، بەڵام ئومێدم هەیە کە ئەم میللەتە بە خۆیدا بچێتەوەو رۆژێک زوتر هەنگاوێک خێراتر هەڵبگرێت تێیان گەیەنێت کەی وەختی کۆستەڵە!

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە