فەلسەفەی ئیسلامی لە سەرەتاوە تا سەردەم

Sunday, 11.20.2022, 18:42

874 بینراوە


ئولریش ڕودۆلف
کاوە جەلال لە ئەڵمانییەوە
سێیەم پرۆژە: ئەبو ناسر ئەلفارابى


پرۆگرامەکەى ڕازى بوێرانە بوو و تێڕوانینی نوێى بۆ فەلسەفە ئاوەڵا کرد. کندى کارایی فەلسەفەی وەک خزمەتکارى دۆگم دیاری کرد، وەلێ ئێستا هەڵسەنگاندنەکە وەرچەرخێنرا و گۆترا کە فەلسەفە بەسەر هەموو هزرێکی ئایینییانە ئیلهامپێدراودا باڵادەستە و هەروەها تاکە ڕێگەی ناسینى ڕاستییە. سەرەڕای ئەوە هەردوو کۆنسێپتە تیۆرییەکە لایەنێکى هاوبەشیان هەبوو: هەردووکیان کێماسی بناغەڕشتنێکی ئەوتۆیان هەبوو کە مێتۆدیانە تەواو تۆکمە بێت بۆ ساغکردنەوە دوورهاوێژەکانیان. ئاخر نە کندى و نە ڕازى کۆنسێپتێکى گشتگیرى هێرمینیۆتیکییان نەخستە بەردەم کە لێوەى خویا ببووایە، داخۆ مۆرکی تایبەتى مەئریفەی فەلسەفەیى لە بنەڕەتدا چی بێت و داخۆ چە پەیوەندییەکى بە فۆرمەکانى دیکەى هزر و تێگەیشتنەوە (سروش، تیۆلۆگى، یاساناسى و هتد) هەبێت کە ئەوانیش هاوشێوەی ئەو داواکارییان بۆ ڕاستى بەرز کردۆتەوە.
سەرەتا ئەبو ناسر ئەلفارابى  (870-950) ئەم جۆرە پرسیارە بناغەییانەى هێنایە بەر باس. بێگومان ئەمیش هاوشێوەى ڕازى جەختی لە باڵادەستیى فەلسەفە کرد، وەلێ هەروەها ڕێگەى بۆ ئەوەش دۆزییەوە کە نەک تەنیا ئەو تێڕوانینە وەک گریمانە بچەسپێنێت، بەڵکو هەروەها بناغەی بڕێژێت، ئەوەش بە هزرینی قووڵ لە شیمانە جیاوازەکانى مەئریفەی مرۆڤ. جگە لەوە کارکردنى فارابیش لە سەردەمێکدا بوو کە هێشتا هەر بەرهەمگەلى ئەنتیکە بۆ ئەرەبى وەردەگێڕران، بەڵێ تەنانەت خۆى لەم پرۆسەیەدا بەشداریى کرد، چونکە چەند ساڵێکى زۆرى لەنێو ئەڵقەیەکى هزرڤانانى بەغدادیدا بەسەر برد (و زۆرینەیان کریست بوون، لەوانە یوحەننا ئیبن حەیلان و ئەبو بیشر مەتتا)، کە تێکستى فەلسەفەییان (ئێستا بەئاسایی لە سریانییەوە) وەردەگێڕا و بەقووڵى دانوستان دەکرد. باوەجو ئێستا پێگەی فارابى پەیوەند بە میراتەکەى ئەنتیکەوە چیدى هاوشێوەى پێگەى فەیلەسوفانى پێش خۆى نەبوو، چونکە ئەوان، وەک بینیمان، هەر یەکەیان تەنیا کەرتی تایبەتیى ئەو میراتە فراوانەی ناسى بوو (کندى بەتایبەتى تاکە کاری ئەڕیستۆتێلى و نوێپلاتۆنی، ڕازیش خوێندنەوەى پلاتۆن ی لای پزیشکەکان ناسیبوو). وەلێ ئێستا فارابى بە پێچەوانەی ئەوانەوە چاوی بە سەرجەمى ئەو میراتەدا دەخشاند کە بە ئەرەبى لە بەردەستدا بوو، ئەوەش کۆتێکستێکی (کۆرپوسێکى) فراوانى نووسین بوو: لە ڕاستیدا سەرجەم ئەڕیستۆتێلیس و ڕاڤەگەلی نووسینەکانی کە ئالێکساندەرى ئەفرۆدیسیاسى، پۆرفیریۆس، تێمیستیۆس، ئاممۆنیۆس، یۆهانس فیلۆپۆنۆس و کەسانى دیکە ئەنجامیان دابوون؛ ئەوجا هەڵبژاردەیەکی پلاتۆن کە زۆر جار شوێنکەوتووەکانی لە ئەنتیکەى دەمەو کۆتاییدا گەیاندبوویان؛ پاشان نوێپلاتۆنیکا کە پێشتر ناومان برد، لێرەشدا بەتایبەتى "تیۆلۆگیى ئەڕیستۆتێلیس"؛ جگە لەوە ژمارەیەکى فرە تاکە نووسین، لەوانە (Placita Philosophorum) ى ئاێتیوس و زۆری دیکەش. ئەوە بوو ئیدی فارابى دەرفەتی بۆ ڕەخسا خۆی لەسەر ئەم بناغەیە ئامادە بکات تاکو کۆنسێپتێکی فەلسەفەیى خۆیى بخاتە بەردەم کە سیستەماتیکێتییەکەی لە سەرجەمی دەستپێکە تیۆرییەکانى پێش خۆی تێپەڕبکات و بەهێزتریش لەوان کاریگەری لەسەر گۆڕانى پتری فەلسەفە بنوێنێت.
نووسینە لۆگیکییەکانى ئەڕیستۆتێلیس (کە ناونرابوون 'ئۆرگانۆن' و لە ئەنتیکەی دەمەو کۆتاییەوە لەتەک 'ڕێتۆریک' و 'پۆئێتیک'دا دەخوێنرایەوە) دەرچەی ئەو فەلسەفەیە بوون. فارابى بینیی کە لەم نووسینانەدا نەک تەنیا بونیادى هزرى مرۆڤ بەگونجاوی شرۆڤەکراوە، بەڵکو هەروەها وەسفکردنی ئەو فۆرمە جیاوازانەى ئەرگومێنتهێنانەوەشی ناسی کە هەموو مرۆڤێکی هزرکردوو دەتوانێت بەکاریان بهێنێت. بە دیدی فارابى سێ نووسینە ئاوەڵاکەرەکەى ئەو کۆتێکستە یەکەم ئەرک ئەنجام دەدەن و خۆیان بەدووی یەکدا بە تێگە (کاتێگۆرییەکان)، بڕیار (هێرمینیۆتیک) و دەرئەنجامگیرییەوە، واتا سیلۆگیزمەوە، خەریک دەکەن. ئەڕیستۆتێلیس سیلۆگیزمى بە تاکە فۆرمێکى چواندووى دەرئەنجامگیری دانابوو (یەکەم ئانالیتیکەکان)؛ ئەوجا دووەم ئەرک لە بەشەکانى دیکەى 'ئۆرگانۆن'دا چارەسەر کرابوو. ئاخر، وەک فارابی دەبێژێت، ئەڕیستۆتێلیس لەم بەشانەدا ئەو جۆرە جیاوازانەى سیلۆگیزمى ڕوونکردۆتەوە کە بۆ ئێمە شیاوى پێکهێنانن و بریتین لە: دەرئەنجامگیریى دێمۆنستراتیڤ (واتا بەڵگە) کە لە پێشدانراوى مسۆگەرکراوەوە ئەنجامێکى نەشیاوى دژبێژیکردن دەخاتەوە (دووەم ئانالیتیکەکان)؛ دەرئەنجامگیریى دیالێکتیکى کە لە پێشدانراوى بەئاوەزداچووەوە، واتا ڕەوایانە لە پێشدانراوى بڕواپێکراوەوە دەردەچێت و زۆر جار بە لەگەڵ و لەدژى دانوستاندنێک گۆڕان دەبینێت (تۆپیک)؛ دەرئەنجامگیریى چەوت کە تێیدا پێشدانراوى ناڕوون و هەڵەى لۆگیکییانە بەکاردەهێنرێن (دژبێژیى سۆفیستییانە)؛ دەرئەنجامگیریى ڕەوانبێژییانە کە گەرەکە بڕوا بە کەسانی ڕووتێکردوو بهێنێت و لەبەر ئەم هۆیەش لە بۆچوونى بەگشتى سەروەرەوە دەردەچێت (ڕێتۆریک)؛ ئەوجا لە کۆتاییدا دەرئەنجامگیریى پۆئێتییانە (ئەڕیستۆتێلیس ئەمیانی نەسەلماندوە) کە ئامانجەکەى ئەوەیە، لەنێو بیستەران یان خوێنەراندا پێشبینییەکى تایبەتى بهێنێتە گۆڕێ تاکو پاشان بتوانن لەو پێشبینییەوە دەرئەنجامێکى خوازراو دەربکێشن (پۆئێتیک).
هەموو ئەم جۆرانەى دەرئەنجامگیری (جگە لە دەرئەنجامگیریى چەوت) بۆ فارابى بریتین لە فۆرمى زانینى مرۆڤ و دەرخەری ئەو شێوازە جیایانەن کە تێیاندا هزرینی ئاوەزمەندانەی ئێمە توانای خۆدەربڕینی هەیە. سەرەڕای ئەوە فارابى نابێژێت کە ئەو لە خوێندنەوەى تێکستەکانى ئەڕیستۆتێلیسدا تەنیا فێرى ئەوە بووبێت، بەڵکو هەنگاوێکى دى دەنێت و دەبێژێت، هەر جۆرێکی دەرئەنجامگیری کە لە 'ئۆرگانۆن'دا شرۆڤە دەکرێت، بە جۆرێکى تایبەتیى زانست دەگونجێت، ئەمەش دەرفەتی بۆ دەڕەخسێنێت تاکو سیستەماتیکییانە میراتە جیاوازەکانى زانین (بە گەڕاندنەوەیان بۆ 'ئۆرگانۆن') پێکەوە بلکێنێت و هاوکات (بە دانانیان لەپاڵ بەشى جیاوازى 'ئۆرگانۆن'دا) چۆنێتییانە لە یەکدی جیایان بکاتەوە. هەر بەم پۆلاندنانەی فارابیدا خویا دەبێت کە جیاوازیکردنەکانى ئەو لە کۆتاییدا بە بنیاتنانی هیرارشییەک تەواو دەبن: دەرئەنجامگیریى دێمۆنستراتیڤ وەک تاکە دەرئەنجامگیرییەکی بەتوانا بۆ سەلماندنى ڕستە بەگشتى چواندووەکان، لە لایەن فارابییەوە بۆ فەلسەفە تەرخان دەکرێت، وەلێ دەرئەنجامگیریى دیالێکتیکى کە هەمیشە تەنیا بەشێکى مرۆڤان (لایەنگرانى ئایینێک، دانیشتوانى ناوچەى زمانێک) پێشدانراوەکانى دەناسێنن، وەک مۆرکى زانستە تایبەتییەکان دادەنێت (تیۆلۆگى، یاساناسى، زمانناسى و هتد)؛ لە کۆتاییدا دەرئەنجامگیرییە ڕێتۆریکى و پۆئێتیکییەکان بە هیچ شێوەیەک ناتوانن بناغەى زانست بڕێژن، چونکە ئایین کایەى بەکاربردنى ئەم دەرئەنجامگیرییانەیە، واتا، بە بەرجەستەیی ببێژین، کایەکەیان بریتییە لە تێکستى سروش کە گەرەکە، بە یاریدەى پێشبینیى هەڵبەستڤانیانە و نموونەى بڕواپێهێنی ڕەوانبێژی، مرۆڤان بەرەو ڕاستی بەرێت.
فارابى بەم تێزە 'ئۆرگانۆن'ى هێنایە نێو جەرگەى دانوستاندنەکەوە و لە ئێستا بەدوواوە مەرجێک دانرا: کێ بییەوێت خۆی بەکارامەیی لەبارەی پرسیارەکانى فەلسەفە (درەنگتریش گۆترا: کێ بییەوێت خۆی بەکارامەیی لەبارەی پرسیارەکانى تیۆلۆگى و یاساناسی (شەریئە)) دەرببڕێت، دەبێت ئەم کۆتێکستە بناسێت. با جارێ لەم جێیەدا تێبینییەک سەبارەت بە گۆڕانەکانی ئایندە بدەین: ئەم داواکارییە بوو بە دەستپێکی خەریکبوونێکى چڕى چەندسەد ساڵى بە لۆگیکى ئەڕیستۆتێلیسەوە. بێگومان فارابى تەنیا پشتئەستوور نەبوو بەو تاکە ئەرگومێنتە کە دەتوانین وەک ئەرگومێنتێکى تیۆریى زانست دیاریى بکەین، بەڵکو بۆ مسۆگەرکردنى تێزەکەى خۆى لەمەڕ هیرارشیی فۆرمەکانى زانین، بەڵگەهێنانەوەیەکی دیکەی دایە پاڵ ئەرگومێنتەکە، وەلێ ئەمە ئێستا لە ڕوانگەیەکى مێژووییەوە. بەڵگەهێنانەوەکە لە کتێبەکەی ئەودایە بە ناونیشانى "گەردیلەکان"، کە تێیدا لەپاڵ هەندێک لێهزرینى دیکەى ڕەسەندا هەروەها کۆنسێپتێکی سەرنجراکێشى مێژوو دەخاتە بەردەم. ئەم کۆنسێپتە گەرەکە پێشانى بدات کە چۆن مرۆڤان لە ڕەوتى گۆڕانیاندا، بە جیاوازیکردن و چاکترکردنی بەردەوامی توانستە هزرمەندییەکانیان (ئینتەلەکتوێلییەکانیان)، فۆرمە جیاکانى زانینیان هێناوە گۆڕێ.
بە گۆتەى فارابى، گۆڕانى زمان سەرەتای پرۆسەکەیە. زمان هاتە ئاراوە، چونکە مروڤان لەسەر چۆنێتیى دیاریکردنى بابەتان و ڕەوشانى تایبەتى ڕێککەوتن. بەدووی ئەوەدا شیمانە جیاوازەکان بۆ بەکارهێنانى زمان ئاشکرا کران: مرۆڤ هەڵبەستى لە پەخشان، پەخشانى سادەى لە ڕەوانبێژى و هەردووکیانى لە گراماتیک کە ئێستا بۆ ڕێکخستنى فۆرمە گۆڕانپێدراوەکانى زمان داڕێژرابوو، جیاکردەوە. پاشان مرۆڤ پەرەى بە بابەتى زانست دا. ئێستا بەشە زانستییەکان سەریانهەڵدا و لە نێویاندا توانستى هزرمەندانەی دیکەش گۆڕان پێدران: سەرەتا ماتماتیک و فیزیک هاتنەئاراوە و تێیاندا پرسیار لەبارەى بناغەکان دانرا؛ بەدووی ئەواندا دیالێکتیک گۆڕانپێدرا کە فۆرمێکى باڵاترى ئەرگومێنتهێنانەوەى دامەزراند؛ پاشان پلاتۆن کە لە مێتۆدى دیالێکتیکیدا بەتواناترین بوو، پۆلیتیکی هێنایە نێوانەوە؛ وەلێ ئەڕیستۆتێلیس، تەنیا ئەو، توانیى بۆڕى پلاتۆن بداتەوە و هزرینى زانستى تەواو بکات. ئاخر ئەم لە 'ئۆرگانۆن'ەکەی خۆی و بەتایبەتى لە 'دووەم ئانالیتیکەکان'یدا پێشانى دا کە مرۆڤ نەک تەنیا دەتوانێت بەرگرى لە ڕەوشێک بکات، بەڵکو هەروەها دەتوانێت ئەو ڕەوشە بەبێ شیمانەى ڕەتکردنەوەی بسەلمێنێت. وەلێ ئەم مێتۆدە کراوە نییە لە بەردەم هەموواندا، بۆیە مرۆڤان دواى ئەڕیستۆتێلیس پێویستیان بە ڕێگەیەکى دیکەى ئاسانتر بۆ گەیشتن بە ڕاستى هەبوو. ئەم ڕێگەیە لە لایەن ئایینەوە، بە بەرجەستەیی ببێژین، بەڕێى پەیامهێنانەوە بە مرۆڤان بەخشرا. پەیامهێنان بۆ دەربڕینەکانی خۆیان پشت بە تێگەى گشتگیر (یونیڤێرسال - و) و بەڵگەی ئاپۆدیکتى نابەستن، بەڵکو دەگەڕێنەوە بۆ فۆرمە کۆنتر و هاوکات ڕۆشنترەکانى ئەرگومێنتهێنانەوە (بەتایبەتى بۆ هەڵبەست و ڕەوانبێژى)، تاکو ئیدی بەو شێوەیە ڕێبەرى لایەنگرانی خۆیان ڕووەو تێڕوانینى ڕاست بکەن.
بەمەش ئیدی دابەشبوونی رۆڵەکان جەختلێکراوتر دەربڕرا. ئێستا چیدی نەدەشیا ئایین ئەو جێیە بێت کە تێیدا بناغەی ڕاستى بڕێژرێت یان تەنانەت بسەلمێنرێت. نەخێر، ئەرکی پەیامهێنان بڵاوکردنەوەی ڕاستییە لەنێو هەموو ئەو مرۆڤانەدا کە تواناى سەلماندنیان نییە، بۆ ئەم مەبەستەش دەستوێژى ئەوتۆى دەربڕین بەکاردەهێنن کە هەموو یەکێک لێیان تێدەگات. ئانالۆگى و سیمبۆل و لێچواندن سەر بەو دەستوێژانەن. ئاخر، وەک چۆن لە جێیەکى کتێبەکەدا لەبارەى "گەردیلەکان" هاتووە، "ئایین ... دەستوێژێکە بۆ فێرکردنى کۆمەڵى فراوان لەو پرسە تیۆرى و پراکتیکییانەدا کە پێشتر لە فەلسەفەدا هەڵهێنجراون، فێرکردنەکەش بە چەشنێکە کە بە بڕواپێهێنان (= ڕەوانبێژى) یان بە هێنانەئارای پێشبینی (= هەڵبەست) یان بەڕێى هەردووکیانەوە دەرفەتی تێگەیشتنی ئاسان بۆ مرۆڤان دەڕەخسێنرێت".
ڕاستى (بێگومان هەمان تاکە ڕاستى نەک ڕاستیى جووتەنى کە هەندێک جار دەدرێتە پاڵ فارابی) تەنیا بەڕێى فەلسەفەوە دەسەلمێنرێت. فەلسەفە گوزارشتەکانى خۆى بە تاکە لێچواندن و سیمبۆل ڕوون ناکاتەوە، بەڵکو لە گشتێتیى تێگەدا پێشانیان دەدات، هەر بۆیە فەلسەفە زانستێکى بەشەکی (پارتیکولار) نییە کە ئیدی تەنیا لە ناوچەیەکى زمانیى یان کولتووریدا شیاوی ناساندن بێت (هاوشێوەی گراماتیک، تیۆلۆگى و هتد)، بەڵکو زانستێکى گشتگیرە (یونیڤێرساڵە) کە لە هەموو جێیەک چواندنى هەیە. بێگومان فەلسەفە لە سەراپاى جیهاندا ئەنجام نادرێت، چونکە، وەک فارابى دەبێژێت، هەمیشە ژمارەیەکى کەمى مرۆڤ دەتوانێت لێى تێبگات و پتر گۆڕانى پێبدات. ئەمە سەرەتا لە وڵاتی گریک ڕووى دا؛ لەوێ پلاتۆن و ئەڕیستۆتێلیس کاریگەر بوون و کارئاسانییە کرۆکییەکانیان ئەنجام دا. پاشان جێگرەوەکانیان درێژەیان بە دابی فەلسەفە دا، لێرەشدا قورساییە جیۆگرافییەکە لە ڕەوتى کاتدا گواستییەوە بۆ ئالێکساندریا. وەلێ ماوەیەکە چیدى لەوێش نافەلسەفێنرێت، بەڵکو فەلسەفە وێستگەیەکی دیکەى هەیە: فەلسەفە، وەک فارابى دەبێژێت و لێرەشدا زانیاریى مێژوویى و مەبەستى ڕەوایەتیدان بە خۆی پێکەوە گرێ دەدات، "لە ئالێکساندریاوە بۆ بەغداد" گواستوویەتییەوە و لە نێوەندی جیهانى ئیسلامیدا نیشتمانێکى نوێى دۆزیوەتەوە.
فارابى ئەوها بڕوا بە خۆ بوو توانیی کایەکانى دیکەى فەلسەفە پابەند بە هەمان گریمانەوە (پرێمیسەوە) گۆڕان پێبدات. ئەم کایانە لە داڕشتنەکەى ئەودا سەرجەمێک پێکدەهێنن، وەلێ سەرجەمێک کە بەئاشکرا داخوازییە بەرزکراوەکەی فارابى پێشان دەدات: ئەو سەرجەمە یەکەم "سیستەم"ى فەلسەفەییە بە زمانى ئەرەبى. بنەڕەتی سیستەمەکە بریتییە لە ئیدێى ڕێکخراوى هیرارشیانە کە لە سەر سێ ئاست وێکچووانە خۆی دەبینێتەوە: لەنێو گەردووندا، لەنێو تاکە مرۆڤدا، هەروەها لەنێو جڤاکی دەوڵەتیدا کە لە نێوان هەردووکیاندا رۆڵى نێوەندیار وەردەگرێت و فارابى واتاکەى هێندە بەرز دەنرخاند، کە ئیدی بەرهەمە سەرەکییەکەى خۆى ناو نا "پرنسیپگەلى تێڕوانینەکانى دانیشتوانى دەوڵەتى فازیل".
ڕێکخراوى گەردوونى لە خوداوە دەکەوێتەوە. فارابى تەواو ئەڕیستۆتێلییانە ڕاڤەى خودا دەکات: خودا هۆشى کامیلە کە خودى خۆى دەهزرێنێت. وەلێ فارابى هاوکات بە پێچەوانەى ئەڕیستۆتێلیسەوە دەبێژێت، کە هزرینى خودایی تەنیا پەرچاوە (ڕێفلەکسیڤ) نییە، بەڵکو هەروەها بەبەرهەمە (پرۆدوکتیڤە). لە خوداوە هەر لە ئەزەلەوە زەینێک دێتەئاراوە کە هزرینى ڕوو لە دوو ئۆبژێکت دەکات و وەک سەرئەنجامی ئەوەش دوو کاریگەریى هەیە: زەینەکە خودا دەناسێت و بەو هۆیەوە شیمانە بۆ هاتنەئاراى زەینێکى دیکە دێتەگۆڕێ، وەلێ ئەو هەروەها خودى خۆى دەناسێت و وەک سەرئەنجامى ئەوەش دوایەمین کایەى بێئەستێرەى ئاسمانى سەرهەڵدەدات. ئەوجا ئەم ڕووداوە دووبارە دەبێتەوە، تا ئیدی ڕیزێکى پێکهاتوو لە دە زەین دێتەگۆڕێ. ئەم ڕیزە دەرفەت بۆ فارابى دەڕەخسێنێت تاکو سەرجەم کایەکانى ئاسمان کە لە گەردووندیدیى پتۆلێمیۆسیدا وەک پێشمەرج دانرابوون (لەپاڵ کایەى بێئەستێرەدا ئەستێرە سرەوتووەکان، پاشان ساتورن، یوپیتەر، مەریخ، خۆر، ڤێنوس، مێرکور، مانگ، هەن)، بداتە پاڵ زەینێکى گەردوونى (بێگومان بێجگە لە یەکەم زەینى "پەتى"). ئەم کایانە ناڕاستەوخۆ بوون بەهۆی سەرهەڵدانى جیهان (کە فارابی بە هەرە ئەزەلى (نەئافرێنراو – و) و زەروورى دایدەنێت). ئەوجا بزووتنی بازنەییانەی کایەکان و ئەو هێزانە کە لە ڕەوتی بزووتنەکاندا بەردران، بوون بەهۆى دروستبوونى ماتەرییەک لە کایەی ژێرووى مانگدا. وەلێ دەیەم زەین هۆکارى ڕاستەوخۆى جیهانەکەمانە، چونکە ئەم زەینە فۆرمى بە ماتەریی بێفۆرم دا و لەوە بەدوواوە هێشتا هەر ڕووداوەکانى سەر زەمین بەڕێوە دەبات؛ دەیەم زەین بەتایبەتى ڕێبەرى مەئریفەی ئێمەیە، لەبەر ئەم هۆیەش فارابى وەک هاوچووی زەینی چالاکى ئەڕیستۆتێلیس دایدەنێت.
هیرارشیی توانستەکانى تاکە مرۆڤ هاوشێوەى هیرارشیی گەردوونە. فارابى وەسفی ئەمیش دەکات، وەلێ تێڕوانینى یان کۆنسێپتى نوێ ناهێنێتە نێوانەوە، بەڵکو خۆی بنەڕەتییانە بەو جیاوازیکردنە باوانەوە گرێ دەدات کە لە نێوان توانستە جیاوازەکانى دەروون (زەین، هێزى پێشبینى، زاکیرە و هتد) و ئۆرگانەکانى لەشدا ئەنجام دەدرێن. لێرەدا ئەو زۆرترین ئاگامەندى بە زەین دەدات کە ڕێبەرایەتیى سەرجەم توانستەکانى دیکە دەکات. فارابى لە نووسینێکی تایبەتدا (بەناونیشانى 'لەبارەى زەین' یان هەروەها 'لەبارەى هزر') لە زەین دەتوێژێتەوە و نووسینەکەش بۆیە جێی سەرنجە، چونکە ئەمیش سەرلەنوێ تێڕوانینی ڕۆشن لەبارەى ئاستە جیاوازەکانى زمان و فۆرمەکانى ئەرگومێنتهێنانەوەی مرۆڤان لە خۆ دەگرێت (بەکارهێنانى وشەى "هزر" لە ڕووی فەلسەفەیی و تیۆلۆگییانە و گشتییەوە، و هتد). وەلێ فارابى لە کرۆکدا پەیڕەوی تیۆریى زەین لاى کندى دەکات، چونکە هاوشێوەی کندی دەبێژێت کە پەیوەند بە پرۆسەى هزرینەوە چوار لایەن شیاوى جیاکردنەوەن و (بە وەرگۆڕینى یان بە قووڵکردنەوەى ئەو چوار پلەیە کە کندى جیاوازیی کردبوون) بریتین لە: زەینى شیمانەیى / هێزەکی (پۆتێنسیەل)، واتا توانستى هزرینی تایبەت بە سەرجەم مرۆڤان؛ زەینى کردەکی (ئەکتوێل) کە شارەزای پرنسیپگەلى زانستەکانە و لە شتە ماتەرییەکانەوە فۆرمەکانى کرۆکی گشتاندووە (ئەبستراکت کردووە)؛ زەینى بەدیهێنراو کە باڵاترین پلەى مەئریفەی مرۆڤە، هەروەها مرۆڤ لەسەر ئەم زەینە وەک زەمینە لە بوونە (Wesenheit) جیاکراوەکان (بۆ نموونە زەینە ئاسمانییەکان) تێدەگات و هۆکارەکانى بوون دەناسێت؛ ئەوجا لە کۆتاییدا زەینى چالاک کە وەک پێشتر بینیمان وەک هاوچووى دەیەمین زەینى گەردوونى دایدەنێت. زەینى چالاک مەئریفە بە دەروونمان دەبەخشێت هەروەک چۆن خۆر تیشک دەپەخشێنێت، هاوکات گفتى بەختیاریى مرۆڤ لەنێو ئەودایە، چونکە ڕێ دەدات کە دەروونەکان، دوای گەیشتنیان بە پلەى زەینى بەدیهێنراو، لەتەک ئەو خۆیدا یەکبگرن (بێگومان بۆ ئەمە، وەک چۆن هەر ئێستا لە خوارەوە دەیبینین، پێشمەرجى سیاسى هەیە).
ئەم دوایەمین پنتە دەپەڕێتەوە بەرەو تێڕوانینەکانى فارابى لەمەڕ جڤاکی دەوڵەتى، چونکە، بە پێشبینیى ئەو، بڕیاردان سەبارەت بەوە کە داخۆ ئێمە توانای گەیشتنمان بە بەختیارى هەبێت، بەچڕی بەندە بەو دەوڵەتەوە کە ئێمە تێیدا دەژین. فارابى وەک هۆى ئەمە سەرلەنوێ لێچواندنێکی بابەتی دادەنێت: جڤاکیش ڕێکخراوێکى هیرارشیانەیە (و فارابى بەکورتى وەسفی چینەکانی دەکات). وەلێ تەنیا گەر هاتوو ئەم ڕێکخراوە هیرارشییە لە لایەن بێهاوتاترین بەشییەوە بەڕێوە ببرێت، ئیدی جڤاک سەردەگرێت. چۆن خودا ڕێبەری گەردوونە، هەروەها چۆن زەین ڕێبەری تاکە مرۆڤە، بە هەمان شێوە دەبێت دەوڵەت ڕێبەرێکى هەبێت کە لە دانایى و فەزیلەدا لە هەموو ئەوانی دیکە تێپەڕ بکات. وەلێ ئەم داواکارییە بەتایبەتى دامەزرێنەرى دەوڵەت دەگرێتەوە کە گەرەکە – لە ڕەوشێکی ئیدیالدا – هاوکات بریتی بێت لە فەیلەسوف (وەک چۆن پلاتۆن داواى کردبوو) و پەیامهێن (وەک چۆن جیهانى ئیسلامى ئەزموونی کردبوو). ئەو وەک فەیلەسوف خاوەنى باڵاترین زانین و مەئریفەی تێگەیى پەتییە، ئەو وەک پەیامهێن لەتوانایدایە ئەم مەئریفەیە بە دانیشتوانى دەوڵەت بگەیەنێت، ئەوەش بەو ڕێیەوە کە زانینى خۆى بە وێنەى هەڵبەستڤانی و لێچواندنى ڕەوانبێژییانە دەپۆشێت. گەر ئەم ڕەوشە لەئارادا بێت، ئیدی هاوڵاتیان ئەزموونى ڕاستى دەکەن و ژیانێکى بەداد بەڕێوە دەبەن. ئەوان بەم شێوازە زەینی شیمانەییان بەکردەکی دەکەن و دەتوانن هیوای شادبوونیان بە بەختیاریى ئەبەدی هەبێت. وەلێ ئەو ڕێگەچارەیە کە فارابى لە هەموو ڕەوشەکانى دیکەدا دەری دەخات، کەمتر هیوابەخشە، چونکە گەر سەروەرێکى بێمۆرال ڕێبەری دەوڵەت بێت، ئەوسا مەترسیی ئەوە سەرهەڵدەدات کە هاوڵاتیانیش بێمۆرالیان لێدەربچێت و سزاى ئەبەدی بهێننە سەر خۆیان. هەروەها گەر لە دەوڵەتدا نەزانیى تەواوەتی سەروەر بێت، ئەوسا هیچ کەس زەینە شیمانەییەکەى خۆی بەکردەکی ناکات، بەڵێ دەبێت هەمووان ڕەچاوی ئەوە بکەن کە دەروونەکانیان پاش مەرگ لەناوبچن.

سەرچاوە:

Ulrich Rudolph: Islamische Philosophie. Von den Anfängen bis zur Gegenwart. München 2004

تێبینیی وەرگێڕ

ئەم وەرگێڕانانە کە بەدووی یەکدا بڵاودەکرێنەوە، دەگەڕێنەوە بۆ نزیکەی پازدە ساڵ لەمەوبەر بۆ "فێرخوازان"ی بەشی فەلسەفەی زانکۆی ڕاپەڕین.

فەرهەنگۆک

ئاپۆدیکتى: یەکلاییکەرەوە، نەشیاوی هەڵوەشاندنەوە، بەدەرکەری بەرپەرچ
ئانالۆگی: هاوشێوەیی
دێمۆنستراتیڤ: بورهان
هێرمینیۆتیک: زانستی ڕاڤەکردنی تێکست و تێگەیشتن.
پتۆلێمیۆس: (100-160)، پێدەچێت لە ئێجیپت (میسر)، ئالێکساندریا، ژیابێت. لە گەردووندیدییەکەیدا زەمین بە سرەوتوویی لە نێوەندی گەردووندایە. لە دەرەوەی کایەی زەمین و چوار توخمەکەی ژێرووی مانگدا کایە هەڵگرەکانی پلانێتەکان دێن، ئەوجا کایەی نادیار کە دەرەکیتیرینە و شوێنی خودایە.
پێشدانراو: بە لاتینی "پرێمیس"، واتا گریمانەیەک کە دەسەلمێنرێت، یان لە دوو پێشدانراو بە هەبوونی تێگەیەکی نێوانییانەوە دەرئەنجامێک دەردەکێشرێت (بڕوانە سیلۆگیزم)
سیلۆگیزم: زانستی قیاس. گەر دوو پێشدانراو تێگەیەکی نێوانییان هەبێت، دەشێت لێوەیان دەرئەنجامێک بەدیبهێنرێت، بۆ نموونە: "هەموو چۆلەکەکان بزێون"، "هەندێک مەل چۆلەکەن"، کەواتە: "هەندێک مەل بزێون".