سەرەتای شۆڕشێکی کوردستانی

Wednesday, 11.23.2022, 23:20

443 بینراوە


ناگەڕێمەوە بۆ مێژووی خەباتی نەتەوەیەک کە هەزاران ساڵە لەدەرەوەی مێژووی مرۆڤایەتیدا دەژی و هەموو هەوڵەکانی ناکام بووە بۆ گەڕانەوەکەی بۆ ناو ئەم مێژووە، فاکتەری سەرەکی ناکامبوونی دەستە و تاقمی ناوخۆی بووە، کە کاری داگیرکردن و پەرتکردنی نەتەوەکەی ئاسان کردووە، بەر لە هەر کەس کار و ڕەفتاری ئێلیتی کوردیی فاکتەری لە پێشینەی قوڵکردنەوەی دابەشکردن و پەرتکردنەکە بووە، چوونکە زەمینەی مانەوەی سەرکردەیەتی ئەو دەستەو تاقمانەی ئامادە و سازکردووە.*
ئەمڕۆ ئێدی هەستی کوردبوون لەلای هەر یەکێک کە شەرافەتمەند و ئازادیخواز و کوردستانییە، وێنەیەکی زوڵالی دروست کردووە و ئەگەر لە هەنگاوی سەرەتایشدا بێت، دەزانێ برینەکە کامەیە و هۆی زامدار بوونەکە دەناسێ، هەر گەیشتن بەم وشیارییەشە کە مەودای دوورکەوتنەوەی لە حیزب و دەستەی کلاسیکی ناکۆک بەیەک، زیاد دەکات و بە دوای ڕێگایەکی کوردستانیدا دەگەڕێت و توانای دەستنیشانکردنی گەلێک چۆتە سەرەوە، چیدی نایەوێت ببێتە قوربانی جێبەجێکردنی ئەجیندای پێچراوە بە وشەسواوەکانی وەک کوردایەتی، سەرۆکی ڕۆحی، ڕێبازی فڵان و تەنیا حیزبی نەتەوەیی و....هتد .
ئێستا هەر ئەمڕۆ، لە هەر چوار پارچەی نیشتمانی بەکۆڵۆنی کراوی کورددا، شۆڕشێکی سەرتاسەری کوردستانی کڵپەی سەندووە و نەتەوەکە بەرەو ئامانجی ڕزگاریی نیشتمانەکەی ئاڕاستە دەکات.
بنەماکانی ئەم شۆڕشە لە کتێبەکاندا نەنووسراوە، بنەماکانی خواستێکی مرۆیی و ئەوینێکی دەروونییە، کە ساڵەهای ساڵە نەتەوەکە هەڵوەدا و عەوداڵییەتی، لە هەموو دەربڕینە کلتوورییەکەیدا ڕەنگی داوەتەوە، بۆیە دەبینی هەر بۆنەیەکی نەتەوەیی و کۆمەڵایەتی ئەم نەتەوە دابەش و داگیرکراوە ئەگەری ئەوەی هەیە ببێتە پڕیشکی بەرخۆدان و تەقینەوەی خواستە کپکراوەکەی. (ئازادی) خواستی کپکراوەی لە پێشینە و یەکەمی هەمیشەیی کوردە شەرافەتمەند و کوردستانییە ئازادیخوازەکانی ئەم نەتەوەیە بووە. بۆی ژیاون و بۆی مردن و بە باڵایدا هەڵیانداوە و لە خەیاڵدا ڕازاندوویانەتەوە.
ئەوەی کەم بووە و دەلاقیەکی دروستکردووە بۆ بەخراپ سوود وەرگرتن لەم هەستە کوردستانییە، نەبوونی ئامڕازێک بووە کە هەستە پاکەکە بکات، بە هەنگاوی پراکتیکی و ببێتە هۆی دروستکردنی ڕاڕەوێک کە هەستە کوردستانییەکە کۆبکاتەوە و بگەێنێتە ئامانج.
ئەوەی زۆربووە، دەستە و تاقمی خێڵەکی بووە، کە بەرگی خۆی بە پێی ویست و قازانجەکانی  گۆڕیوە و لە ناوەرۆکدا، درێژەی بە ڕەفتارە خێڵەکییەکە داوە، کە خۆی ڕیشسپی و بەرپرسی یەکەمین و دواهەمینی بڕیارەکان بووە، واتە ئەو لە لوتکەی هەرەمەکدا بووە و هەمیشە مەکینەی سەرهەڵدانەکانی بەو جۆرە سوڕاندووە کە لە بەرژەوەندی بنەماڵەی خۆیدا بووە، بۆیە دەبینین هەر ڕۆژەی قیبلەگاکەی پایتەخت و ڕژێمێک و بیرکردنەوەیەک و دۆستایەتییەک بووە، کەیش بەرژەوەندییەکەی لە مەترسی لە ناوچووندا بووبێت، کەوای سووری پۆشیوە و بۆتە سەرە ڕمی دژ بە خواستەکانی زۆرینەی نەتەوەکە. ئەمە ڕوویداوە و ئێستایش ڕۆژانە ڕوو دەدات و بەهانە و پەڵپەکانی حیزبی کلاسیکی و سەرکردەیەتیە خیاتمەندەکەی تا ئەمڕۆش، هەمان پەڵپ و بەهانە و درۆگەلی هەڵبەستراوە، کە هەر بەهۆی هەستی کوردبوون و داخوازیی دەروونیی دروستکردنی ژیانێکی ئازادەوە، هێشتایش خەڵکی کورد فریوو دەدات و توانای ئەوەی ماوە کە خەڵکانێک لە دەوری خۆی کۆبکاتەوە و تەنانەت، بەگژ ئەویتریشیاندا بکاتەوە، ئەمە هێز و توانای کورد بوون و هەستی ئازادبوونە لە دەروونی تاکی کورددا، کە ئەم کارە دەکات، نەک کاریزمای بوونی فڵان و فیسارەکان و... .هتد.
هۆیەکی تری مانەوەی ئەم سەرۆک خێڵانە لە لوتکەی هەرەمی بزووتنەوەکەدا، کاری خیاتمەندانەی ئێلیتی کوردی بووە، هەندێ جار ئەوانیش وەک عەوامەکە دوای دروشمەکان کەوتوون و بەباڵای سەرۆک خێڵدا سەربووردەی خەیاڵاویی و ئەفسانەگەلی پووچیان هۆنیوەتەوە و لە دەستکەوتیی ماددی بچووک وبێنرخ بەرخوردار بوون و ژیانیکی بندەستی و پڕ لە سووکایەتیان بێباشتر بووە، لە ژیانێکی سەخت و سەربەرز و ئازاد، گەندەڵبوونیان پێ ئاسایببووە و بە جوامێرییان گۆڕیوەتەوە، ئەمەش لەناو مرۆڤدا و لە ناو هەموو نەتەوەکاندا بووە و کاسەلێسی پیشەیەکی کۆنی خەڵکانی لەو تەرزە بووە و کوردیش لەم حاڵەتە ڕیزپەڕ نییە. بۆیە گلەیی و گازندەی قورس یەخەی ئێلیتی کورد دەگرێت، زۆر توندتر و کوردانەتر لەوەی کە کورد ێخەی باوباپیرانی خۆی دەگرێت!!.
کاتی ئەوە نییە، بەڵام نموونەیەکی بچووک بۆ بەرچاوڕوونی دێنمەوە: بڕوای من وایە کە ( یەشار کەمال) سەدساڵ لە ڕووی هەستی نەتەوەییەوە وا لە دوای ( ئەحمەدی خانی) وە، (شەهرامی نازری) لە ڕووی هەستی نەتەوەییەوە دەیان ساڵ وا لە دوای ( حەسەن زیرەک و حەمەی ماملێ) وە، هەستی نەتەوەی قۆناغی ئەو سا و ئێستای نییە، وەک ئەوینی دڵدادەیە بە دڵبەری!!.
وەک لە سەرەتاوە گووتم، ئێستا نەتەوەی کورد لە سەرەتای شۆڕشێکی کوردستانی سەرتاسەریدایە، دوژمنانی دێرینە و ڕژێمە داگیرکەرە کۆڵۆنیالیستەکانی نەتەوەی سەردەست کە لە چوار دەوڵەتی ڕەگەزپەرستی ڕەفتار فاشیدا خۆیان دەنوێنن، بەر لە نەتەوەکە بەگشتی، هەستی بەم شۆڕشە کردووە و هەموو هەوڵێک دەدات بۆ خنکاندی لە لانکەی گەشەکردنیدا، بۆ ئەم مەبەستە، حیزبە کلاسیکی و داڕزاوەکان و داوێنەکانیان( ئێلیتە خۆفرۆشەکە) بەکار دێنن بۆ چەواشەکردن و بەرگرتن بەم شۆڕشە کوردستانییە.
بوونی هێزێکی کوردستانی کە فەلسەفەیەکی کوردیی لە پشتە و تاکێکی کوردیی خۆبەخش و وشیاری پەروەردەکردووە، ئەو ئامانجە دێرینە و ئەو خواستە دەروونییەی نەتەوەکەی خەمڵاندووە و کۆی کردۆتەوە و بەرەو ئامانجە سەرەکییەکە کە ئازادییە، ڕێنمایی دەکات. لە خەسڵەتەکانی ئەم هێزە کوردستانییە ئەوەیە: 
١- خۆی بەخشیووە بە بزووتنەوە کوردستانییەکە.
٢- کوردستان بەیەک وڵات دەناسێت و بەو بڕوایەوە هەنگاو دەنێت و بەرخۆدان دەکات.
٣- دامودەزگای خۆشگوزەرانی و دروستکردنی خێزان و بنیاتنانی ماڵ وخستنەوەی منداڵی تا ئازادیی نیشتمان لە فەرنگی بیرکردنەوەی خۆیدا سڕیوەتەوە، ئەمانە تا ئازادیی نەبێت، باری تێکۆشان قورس و قوربانییەکان زێدەتر دەکەن.
٤-هەموو خوشکێکی کورد و هەموو برایەکی کورد، خوشک و برای ئەوەن و ئەو توانایەی هەیە، کە بوونی ئەوان و بۆنی ئەوان، بە ڕۆح هەست پێ بکات و لە پێناوی پەروەردە و مانەوە و گەشەپێدانی کوردستانی بیری ئەواندا، تێکۆشانی سەخت بکات.
هەر چۆن ڕاپەڕینی ساڵی ١٩٩١ لە باشووردا، شەبەیخون بوو بۆ دەستەو تاقمەکانی باشوور، بەهەمان شێوە و زۆر زیاتریش ڕاپەڕینی کوردستانیی ڕۆژهەڵات، شەبەیخوونی لە تاقم و دەستەکانی ڕۆژهەڵات کرد و واقیان وڕما و شلەژاندنی، بۆیە بەهەموو هێزیانەوە هەوڵیاندا، سەرهەڵدان و سەرەتای شۆڕشە کوردستانییەکەی ڕۆژهەڵات، بەو شێوەیە ڕێنمایی بکەن، کە وای نیشان بدەن ئەوان پێشەنگ و نوێنەرایەتی دەکەن، هەموو دەزگا میدیایی و کەسانی سەر بەخۆیان خستە گەڕ سەرەتا بۆ لێدانی ئەو هێزە کوردستانییەی کە ئەوان باش دەزانن، ڕەگ و ڕیشەی بە ڕۆحی هەموو تاکێکی کوردستانی شەرافەتمەند لە ڕۆژهەڵاتدا ڕۆچووە، بۆیە هەر زوو ڕۆژنامەنووسی سەر بە خۆیان هاندا، کە لەپاڵ وتنەوەی چەند دروشمی سواوی کوردایەتی حیزبەکانی باشوور و ڕۆژهەڵاتدا، پەلاماری سپای ڕزگاریی کوردستان بدەن و خەڵک چەواشە بکەن، تەنانەت دەزگای سیخوڕیی ڕژێمی ئاخوندەکان بۆ وەستاندی گەشەی کوردستانی شۆڕشەکە و زەقکردنەوەی لایەن و تاقمی لەکارکەوتوو، هاوئاهەنگی دەکات و بە جۆرێک زەقیان دەکاتەوە کە ئەوان هۆی ئەو شۆڕشە کوردستانییەی ڕۆژهەڵاتن. بەڵام وەک ئاماژەم پێدا، ئەمە خواستی دەروونی تاکی کوردە و تەمەنی زۆر لەم حیزب و لەو تاقمە درێژتر و بەکوڵترە.
ئەو دەستەو تاقمانە، مەترسی هەرە لە پێشن بۆ سەر ئاسایشی تاکی کورد و لێدان لە بزووتنەوە کوردستانییەکەی، بەسەدان نموونە لە قۆناغە جوداکانی تێکۆشانی ئەم نەتەوەیەدا، ئەو ڕاستییەیان سەلماندووە.
باشترین ڕۆڵەکانی ئەم نەتەوەیە بەدەستی ئەم تاقمانە شەهید کراون و تەرمەکانییان وەک دیاریی خیانەتی نەتەوەییان دروانەتەوە بە دەزگا سیخوڕییەکانی ڕژێمە داگیرکەرەکان، لیستەی خیانەتی ئەو سەرکردەیەتی و تاقم و دەستانە، دڵنیام لای هەمووتان زۆر درێژتر و بە سوێترە لەوەی کە من دەیزانم.
زۆ جار دەبیەن و دەبیستن کە قەڵەمە لەرزۆکە هەراجکراوەکان و دەمە هەڵەوڕ و زمان درێژەکان، باس لە نامۆ بوونی لایەنە کوردستانییەکە دەکەن لە ڕۆژهەڵاتدا و گوایە بچنەوە بۆ وڵاتی خۆیان، چوونکە ئەوان نامۆ و غەریبن و فکری ئەوان بە ڕۆژهەڵات نامۆیە.
لە هەر چوارپارچەداگیرکراوەکەدا، لەوەتەی تێکۆشانی ئەم نەتەوەیە هەیە، لە مەشریق و لە مەغریبەوە، بیری غەوارەیان لە قاڵبی حیزب و تاقمی پێشکەووتنخوازدا بەسەر بزووتنەوەی نەتەوەکەدا سەپاند و نەتەوەکەیان کردە تاقیگای هەموو بیروبۆچوونێکی نامۆ بە واقعی نەتەوەکە و بەهەزاران لاوی کوردیان کردە قوربانی و بە خەبات و تێکۆشانی کوردایەتی دایانە قەڵەم، بەبێ ئەوەی بتوانن لایەنی مرۆدۆستی ئەو بیرو بۆچوونانە، بکەنە هەوێنی گێڕانەوەی نەتەوەکە بۆ ناو مێژووی مرۆڤایەتی و هەر بزووتنەوەیەکی کوردستانی سەری هەڵدابێ، لە لانکەکەیدا خنکاندوویانە و هەموو ڕێگاکانی گەشەکردنیان لێ بەستووە، خۆتان لەو مێژووە ناقۆڵایەدا ژیاون و ڕەنگە خەڵکانی زۆر هەبن کە بەهۆی یەکێک لەو بیرانەوە، کەسانی ئەزیزتان لە دەست دابێ، ئەوە سەرکردەیەتی ئەو دەستە و تاقمانە بوون کە دەیان گووت ئەوان نوێنەرایەتی ئەو بیرەن، بەڵام ڕەفتاریان پێچەوانەی بانگەشيکانیان بوون، بۆیە نەتەوەکە گەیشتە ئەم حاڵەتەی ئێستای، ئەوان نە خۆیان کارێکیان کرد و نە هێشتیان خەڵکانی کوردستانی بزووتنەوە کوردستانییەکە گەشە پێ بدەن و بوونە هۆی مانەوە وفەرمانڕانیی سەرکردەی خێڵ و خێڵ- حیزب لە کوردستاندا.
ئێستا شۆڕشێکی کوردستانی هەر چوارپارچەی کوردستانی یەکخستۆتەوە و بە ئەوینی کوردستانێکی ئازادەوە، هەنگاو دەنێت و لە قۆناغیکدایە کە بۆتە مەترسی بۆ سەر سەرکردەیەتی حیزبی کلاسیکی دۆڕاو و سەرکردەیەتی خێڵ-حیزبەکانی باشوور  زارەتەرەک بوون، بۆیە دەبێت زۆر وریای فێڵ و تەڵەکە و چاوبەستەگییەکانیان بین، ئەوەتا لە باشووردا، کە ئاوسە بە شۆڕشێکی کوردستانی، حیزبە فەرمانڕانەکان، کوردانی باشوور بە ناکۆکی درۆینەی نێوان خۆیانەوە سەر گەرم دەکەن، چوونکە دەزانن گڕ و تینی شۆڕشە کوردستانییەکەی ڕۆژهەڵات، بەرەو باشوور تەشەنە دەکات و بەو جۆرە نەتەوەکە دەباتە قۆناغێکی نوێوە و ئەو تیۆرییە داڕزاوەی سەدان ساڵە بنەماڵە حیزبییەکان و قەڵەمە هەلپەرست و پارەپەرستەکان، بانگەشەی بۆ دەکەن، کە هەر پارچەیەکی کوردستان، تایبەتمەندی خۆی هەیە و ئێمە نابێت دەستوەردان بکەین، پوچ و بیبایەخ دەکاتەوە و وەک تێۆرییەکی دەسکردی دەزگا سیخوڕییەکانی میت و ئیتلاعات، بۆ نەتەوەکە ئاشکرا و خۆی نیشان دەدات، ئازادی خاکی داگیرکراوی نیشتمان، تیۆری ڕەسەن وڕایەڵەی بنچینەیی تێکۆشانی نەتەوەکەیە و هەر کەس جگە لەم خواستە مرۆی و شەنگە، بانگەشە بۆ هەر بیرێکی خوازراوی تر بکات، ئاو دەکاتە ئاشی فەرمانڕانیی بنەماڵەیی باشوور و پێ بزانێ یا نەزانێ، وا لە خزمەت دەوڵەتانی کۆلۆنیالیستی داگیرکەری پارچەیەکی کوردستاندا، چوارچێوەی هەموو هەنگاوەکان، کوردستانی بوونی بزووتنەوەکە و بازووی پشتیوانی بزووتنەوە ئازادیخواز و مرۆیی نەتەوەکەش، سپای ڕزگاری کوردستانە.
سەرنج:
*چەند هەفتە لەمەو بەر، مامۆستا ئیسماعیل خەیات، کۆچی دوایی کرد، کۆچەکەی بە ئەندازەی، سەردانی کوڕی بەرپرسێک لەباشوور دەنگدانەوەی میدییای نەبوو، بۆ؟!
من دەزانم بۆ، جێی دێڵم بۆ ئێوە وەک پرسیارێک بۆ ڕامان لە ڕەفتار و هەڵوێستی ئێلیتی کورد.