کوردستان چارۆگە و هەوری و سەرپۆش و سرکەیی

Friday, 25/11/2022, 15:20

5257 بینراوە


کوردستان چارۆگە و هەوری و سەرپۆش و سرکەیی و ڕەفتە و قەزمە و چەفیەی کوردەواری

هەتا داهاتنی حەڕەکەی ئیسلامی و دواتر یەکگرتووی ئیسلامی پاش ڕاپەرین، ژنی کوردەواری خۆمان بەسروشتی خۆی ڕێڕەوە خۆڕسکە کوردەواریەکەی خۆی دەبڕی کەبەتەواوی وێنای ئاڵ و واڵای کوردستانی دەگەیاند.
ئەگەرچی بەراوردی ژنی پڕشەرمی موسڵمانی کورد بەراوردی نەریتی ژنە ڕەش پۆشەکانی پێدەشتە عارەبیەکان ناکرێ. کە لەوێ نە خەلاو چەشمەو ئاودەستیان هەبوو نەنوێژ و دەستنوێژ هەڵگرتن و بسمیل کردنیشیان دەزانی.
ژن و کیژی کورد ڕۆژێ پێنج فەڕزەی خوای لەسەر کانی و لەسراوێ بەئاوە ڕۆنە لەچاوی قرژاڵ چووەکەی دەست نوێژی هەڵگرتیە.
لەدەشتی هەولێرێ و خۆشناوەتی جگە لەسەر داپۆشینیان بەقەزمەی گەورە ژنە خۆشناو دوو بسکی سۆری پەخەنەی لوولیشی بەردەداوە.
لەدەڤەری سورچیایەتی و هەرکیایەتی و باڵەکیایەتی ژنە کوردی وێ بەوێنەی ژنە هیندە سوورەکان پەرچەمە کورتە ڕێکە ڕەشەکانیشیان بەسەر برۆ و چاوە گەورەکانیان دا بەردەداوە.
ژنی دەڤەری بارزان تەواوی قژی لەبن سەرپێچەکەی دەهینا دەرێ.
هەتا دەگاتەوە ژنە کۆییان کەتەواوی پرچە سپیەکانیان بەبێ شاردنەوە بە سەرپۆشەکی سپی تەنک بەعاستەم دادەپۆشی.
هەموو ژنەکەی کوردەواری دوو کەزی ڕەشماری درێژی بەناو پشتیدا شۆڕ دەکردەوە و ئەوەی دی لەتەمەنی کیژۆڵان هەرهەموو پرچی بەوێنەی نیگرۆی ژنە ئەفەریقیەکان بەکەزی باریک باریک دەهۆنیەوە.
لەباکوور لەوان و ئامەد، ژنی کورد تەواوی لێوارو ڕۆخی سەرپۆشە سپیە لەبەفر چووەکەی بەئۆیەی ئاڵاو واڵای ڕەنگاو ڕەنگ دەچنی.
لەوێنە مێژوویەکانی دەورووبەری شاری سلێمانی و کرمانشان و سنە و وێنە زۆر دەگمەنەکەی مەستوورێ دەیان هوونەری پێچانەوەی سەرو پرچیان تێدا وێناکردیە بە لاگیرە و پڵپڵەی زێڕ و زیوی زەردوو سوور نەخشاندویانە.
هیچیان دایاندەپۆشی و هیچ پیاوێک لەمێردو باب و برای جەخت و فشارەکی لەسەریان نەبوو جگە لەمەلاژنی کەتەواوی پرچ و تیتک و کەزی دەشاردەوە لەبۆ حوڕمەتی مەلای لەخواترسی مێردی.
دەبێ کەس وەک حەسەن زیرەکیش لەوسفی پرچی چین چین و چارۆگە و پەرچەم و تێل بەسەریش جوانی کولتوری ژنی کوردەواری ئاوێتەی ئاواز و بەستە و گۆرانی بەکردبێ.
هێشتان، شاعیرە ڕووناکبیرە کوردەکانی بەوێنەی گۆران و بێکەس و قانیع بەوەندەش هەر ڕازی نەبوون دەیان تانە شیعریان بۆ هۆنینەوە.
عەبدوڵا گۆران دەڵێ
گوڵ نەبێ بۆ سەرم ئاڵ چەپکێ، زەرد چەپکێ نایەم بۆ زەماوەن، نایەم بۆ هەڵپەڕکێ!
یان فایەق بێکەس دەڵێ نەسرین دەمێکە داخت لەدڵمە ، سەرپۆش فڕێدە چ وادەی شەرمە، هەستە تێکۆشە تا خوێنت گەرمە.
قانعی شاعیر لەژیانی لادێ سەیرانە گەرچی تۆزێ گرانە، عیشق و جوانی ڕەنگاو ڕەنگی کوردوستانیشی تێدا ئاخنیە.
وەفایش، دەڵێ(کە شانەی دا لە زولفی تار و ماری)
حاجی قادری کۆییش، دەفەرموێ(لە دەوری خاڵەکەی کوڵمی کە ماری زولفی داناوە) 
بەڵام دیارە هێمن موکریانی نوێخواز لەهەموویان زیاتر ئەسپی خۆی تاودابێ لەمەڕ هۆشیار کردنەوەی ژنی  کورد
شه‌قت هه‌ڵدا له‌ زێــڕ و جل
تــووڕت داوه‌ كـــلــدان و كل
توندت كرده‌وه‌ پشتێنى شل
فيشه‌كـــدانت كـــردۆته‌ مـل
پســـاندت بـــنــه‌ و پـــاوانـه‌
ده‌ستت دا تفـــه‌نگ پيــاوانه‌
ناڕێژى چاو، سوور ناكه‌ى لێو
شانه‌ ناكه‌ى بسكى په‌شێو
يــه‌كجارى فـڕێت دا چارشێو
ئــه‌وه‌ ڕووت كـرده‌ چــڕ و كێو
ده‌بڕى جه‌رگى دوژمنى زۆڵ
به‌ سه‌رنێزه‌، نـه‌ك به‌ مــژۆڵ
یان
لە شیعری (یادگاری شیرین)ەوە ...
ئەو پەچە و ڕوبەند و چارشێوەی نەدیوە نەنکی تۆ 
ئەو شڕوشاڵاتە دیاری دوژمنی دڵ چڵکنە
لە شیعری (عیشق و ئازادی)ەوە 
هەتا چارشێو بەسەر تۆوە دەبینم نازەنینی کورد
بەسەر بیلبیلەکەی چاوی منا ئەکشێ تەمێکی تر
لە شیعری(چارەنووسی شاعیر)ەوە 
لە بارانێ مەپرسە تا هەور بگرێ بەری ڕۆژێ
 ئەبێ بگریم هەتا ڕوی تۆ لەژێر چارشێوی ڕەشدایە.
لەدەڤەری سەرسنووری شێنێ و سونێ هەر بەوەندەش نەدەوەستان تەواوی کەزیەکانیان بە مۆری مەرجان و پڵ پڵ و زەنگیانە دەڕازاندەوە.
هەتا حیجاب و نیقابی تورکی و میسری و سعودی گەیشتێ ئیتر تەواو تەواو ژنی ڕووسووری کوردەواری وێڵ و بەندی کولتوورەکی نەنگی نامۆی بیانی بۆوە. لەوێندەرێ تەواوی خێزانیش بەرەو هەڵوەشانەوەی یەکجاری چوو.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە