سەرۆك جاشەکان لەتەرازوی خێر وشەڕدا

Friday, 25/11/2022, 15:33

4807 بینراوە


هەمووان لەوە دڵنیاین کەشاڵاوی ئەنفالی بەعس لەساڵی ١٩٨٨ بۆسەرناوچە شاخاویەکانی کوردستان هێندە ئاسان نەبو بۆڕژێمەکەی سەدام حسین ئەگەر بەهاوکاری سەرۆك جاشە کوردەکان نەبوایە، ئەگەرچی هێزی سەربازی ڕژێمی بەعس لەوساتەدا لەوپەڕی ئامادەباشیدابو، چ هێزی پیادە وچ هێزی ئاسمانی، بەڵام هەرگیز وابەئاسانی وبەبێ زیان نەدەگەشتنە ناوچە سەختە شاخاویەکانی کوردستان ئەگەر هاریکاری جەشە کوردە بەعسیەکان نەبوایە.
هاوکات دوای پرۆسەی ئەنفالیش جاشە بەعسیەکان بەووردی بەدوای پێشمەرگە پارتیزانەکاندا ئەگەڕان بۆئەوەی سەری پێشمەرگەکان بەبێ لاشە بەرنەوە بۆسەر مێزی بەعس لەپێناو پارە وپاداشدا، ئەمکردەوانەی جاشەکان هێندە سەیروسەمەرە نەبون، بەڵکو ئەوەی چاوەڕوان نەکراوبو لەدوای ڕاپەڕینی بەهاری ساڵی ١٩٩١ بەلای خەڵکی کوردستان بەگشتی وبەجێماوانی کەسوکاری ئەنفالکراوان بەتایبەی، داڵدەدانی بەعسیە کۆنەکان وسەرۆك جاشە تاوانبارەکان بو لەلایەن هەردوو حیزبی دەسەڵاتداری کوردی پارتی دیموکراتی کوردستان ویەکێتی نیشتیمانی کوردستانەوە، کەهەردوو حیزب لەپێناو بەرژەوەندیە جۆراوجۆرەکانیاندا باوەشی گەرمیان بۆسەرۆك جاشەکان کردەوە، چ بۆبەرژەوەندی مادی بێت یان لەپێناو بەدەستهێنانی دەنگی زیاتر لەکاتی هەڵبژاردنەکاندا، چونکە هەرسەرۆك جاشێ سەدان کەسی لەخزم وعەشیرەتی لەگەڵدابو.
گەرچی لەدوای ڕاپەڕینی ساڵی ١٩٩١ وئازادکردنی کوردستان، داواکاری هەزاران بەجێماوی قوربانیانی تاوانی ئەنفال ئەوەبوە کەسەرۆك جاشەکان بدرێنە دادگا وبەسزای تاوانی خۆیان بگەن، کەچی ئەفسوس بەپێچەوانەوە هەموو تاوانباران لەلایەن هەردوو حزبی دەسەڵاتدارەوە داڵدەدران، وهاوکات وەك سەردەمی پێشوی حزبی بەعس خۆشگوزەرانتربون. زیاتر ناڕەزایەتیەکانی هاوڵاتیانی کوردستان ئەوکاتە دەستیپێکرد کەلە ساڵی ٢٠٠٧ دادگای فیدراڵی حکومەتی مەرکەزی عیراقی بۆڕادەستکردنی سەرۆك جاشە تاوانبارەکانی سەردەمی بەعسی لیستی ناوەکانی پێشکەش بەحکومەتی هەرێمی کوردستان کرد، بۆئەوەی بەپێی یاسای ڕوبەڕوی دادگا بکرێنەوە، کەچی حکومەتی هەرێمی کوردستان نەك هەر ڕادەستیانی نەکرد بگرە پاراستیانی ووەکو جارانی سەردەمی بەعس دەسەڵاتی چەکداری پێیان بەخشیەوە. لەپاش ئەم جۆرە کردەوانەی حکومەتی هەرێمی کوردستان ووڵاتانی دراوسێ وهەروەها زلهێزەکانیش وەکو ئەمریکا وبەریتانیا بۆیان دەرکەوت کەهەردوو حیزبی حاکمی کوردی لەبەر ململانێی نێوانیان بەهیچ جۆری گوێڕایەڵی هاوڵاتیانی خۆیان نابن وئەوەی بەلایانەوە گرنگە چۆنیەتی پتەوکردن ودەوڵەمەند کردنی بنەماڵەکانیانە.
هەموو ئەمانە لەلایەك وسیناریۆ سەیروسەمەرەکانی حکومەتی هەرێم لەلایەکیتر، بۆنمونە (حەمەی عیسا) سەرۆك جاشی تاوانباری کەیسی ئەفال تاکو مردنیشی، دەسەڵاتدارانی حکومەتی کوردستان بەدواداچونیان نەکرد بۆدەستگیرکردن وبەدادگای کردنی، بەڵام یەکێ لەپاسەوانە داماوەکانی ناوبراو بەناوی مەریوان محمود دانیشتوی شاری کەلار، کەلەبەر مەترسی لەسەرژیان هەڵاتبو بۆشارۆچکەی جەلەولا، پاشانیش بەگەیشتی گروپی تیرۆریستی داعش بۆشارۆچکەی جەلەولا هەڵدێت بۆشارۆچکەی سڵێمانبەگ ودواتریش لەگەڵ مناڵەکانیدا وەکو پەنابەر ڕووئەکاتە ووڵاتانی ئەوروپا، کەچی بەمدوایانە لەمانگی ٨/٢٠٢٢ ئاسایشی گەرمیان لەشاری کەلار هەڵێانکوتاوەتە سەرماڵی باوکی مەریوان بەتۆمەتی ئەوەی کەمەریوان کۆنەبەعسی بوە ودیارنەمانیشی لەوەئەچێت پەیوەندی بەڕێکخراوی تێرۆریستی داعشەوە کردبێت، هەربۆیە باوکە پیرەکەی ئەگرن وبێسەروشوێنیئەکەن.
پرسیارەکە لەوەدایە بۆچی حکومەتی هەرێم سەرۆك جاشە تاوانبارەکەیان نەگرتوە، بەڵام بەوردی بەدوای پاسەوانەکەیدا دەگەڕێن!؟، لەکاتێکدا بۆئەوەی لەسەردەمی بەعسدا سەربازی نەکات بوەتە پاسەوان.
ماوەتەوە بڵێین داڵدەدانی سەرۆك جاشەکان بۆهەمیشە خاڵێکی ڕەشە بەنێوچاوانی بەرپرسە سیاسیەکانی کوردەوە.   

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە