عەلی جوانمەردی، تازە نیە کە ئیش بۆ (میت) دەکات!

Saturday, 26/11/2022, 22:07

5271 بینراوە


ساڵی 2013، بەخشی فارسی سەدای ئەمریکا، لە ڕێگەی سکایپەوە دیمانەیەکی لەگەڵ ساڵح موسلیم هاوسەرۆکی پەیەدە کردبوو، کە یەکێک لە کارمەندە کوردەکانی بە ڕەچەڵەک خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان پێکی هێنابوو. وەرگێڕانی وتەکانی ساڵح موسلیم لە فەیسبووک، کاردانەوەی توندی کوردانی ڕۆژهەڵاتی بەدوای خۆیدا هێنا. 
هەر ئەوکات من تەلەفوونم بۆ بەڕێز ساڵح موسلیم کرد و پاش ڕەتکردنەوە (لە وتوێژێکی ڕۆژنامەوانی کە خۆم لەگەڵم کرد) پێی گوتم، کە ئەو بە هیچ شێوەیەک قسەی وای نەکردووە. دواتر بە ڕێگەیەکی زۆر سادە، ڤیدیۆیەکەمان کردەوە و لە گەڵ تێکنیسییەنێکی دەنگ، گوێمان لە دەقی قسەکانی هاوسەرۆکی پەیەدە، وەکو خۆی و بە بێ وەرگێڕان گرت. لە ڕاستییدا دەرکەوت، کە کوردە وەرگێڕەکەی بەشی فارسی دەنگی ئەمریکا، بە ئانقەست قسەکانی ساڵح موسلیمی گۆڕیبوو.
لە ڕێگەی تۆڕی توئیتر و بە هاوکاری بەڕێزێکی دی، نامەیەکمان بۆ یەکێک لە بەرپرسانی دەنگ و ڕەنگی گشتی ئەمریکا نارد و تێیدا ئاماژەم بەوەدا، کە ئەم کارە دژ بە هەموو بنەماکانی ڕۆژنامەڤانییە و داوام لێی کرد، تا خۆی سەرپشک بێت و لەو چەند کارمەندە کوردەی بەشە جیاوازەکانی دەنگی ئەمریکا، یەک دوویەکیان هەڵببژێرێت، تا گوێبیستی دەقی قسەکان و وەرگێڕانەکە بن. لە حەقیش لانەدەین، دوای چەند ڕۆژێک، نامەکەیان وەڵام دایەوە و دواتر ساڵح موسلیمیش وتی بە ئیمێل داوای لێبوردنی لێکراوە و وتوویانە بە دواداچوونی بۆ دەکەین و کردیشیان. جەوانمەردی لە کارەکەی دەرکرا.
پاش ماوەیەک [جەوانمەردی] لە واشنتۆنەوە هیجەرەتی بەرەو هەولێر کرد و لە حەقیش لانەدەین، پارتی دێموکراتی کوردستان ئەوەی پێویست بوو لە هەولێر، لە ئێختیاری نا، تا بتوانێت بە دژی هەر کەس و لایەنێک، کە کەیفی لێی بێ، کەڵکی لێ وەربگرێت.
بۆ ئەوەی بە هەڵە تێنەگەین، زۆر کەسی دیش هەن، کە ڕۆژنامەوانن و لە کانالەکانی فەرمی و سێبەری پارتی، کاری ڕۆژنامەوانی دەکەن و زۆریش لە کارەکانیاندا سەرکەوتوون.

داود ئازادفەڕ

Karya Mohammadi


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە