دەروونناسی پەرەسەندنەکی: سەرچاوە و هۆکاری شێوازی بیرکردنەوە و ڕەفتارەکانی مرۆڤ (بەشی دووەم)

Sunday, 27/11/2022, 11:40

1943 بینراوە


"دایکم دەڵێت ئەوە باوکتە، بەڵام من خۆم نازانم ئەمە ڕاستە یان نا، هیچ کەسێک ناتوانێ بەتەواوی دڵنیا بێت لەوەی منداڵی کێیە؟ (تلێمیچس ئۆدیسیۆس – لە داستانی ئۆدیسەی هۆمێرس)"


بەشی دووەم: دەستنیشان کردنی هۆکاری حەز و ئارەزووی ڕەگەزەکان بۆ یەکدی 

- ژنان و پیاوان چی شتێکی ڕەگەزەکەی دیکەیان پێ پەسندە و لەبەرچی؟
- دەرەنجامە مەترسیدارەکانی دڵنیانەبوونی باوکایەتی چین؟ 
- بەڕای ڕەگەزەکان، منداڵی تازە لەدایکبوو شێوەی لەکێ دەکات؟
لە سەرەتاوە و پێش ئەوەی وەڵامی ئەو پرسیارانە بخەینە بەردەست، پێویستە ئاماژە بەوە بدەین کە زۆربەی ڕاڤە و وەڵامی پرسیارەکان لە کتێبەکەی زانای فرە ناوداری بواری دەروونناسی دەیڤید باس (David Buss – 1953) بەناوی دەروونناسی پەرەسەندنەکی، زانستێکی نوێ بۆ هزر و هۆش (Evolutionary Psychology: The New Science of the Mind) وەرگیراون.
باس پڕۆفیسۆری دەروونناسی زانکۆی تکساس، ژمارەیەکی زۆر لە کتێب و نێزیکەی 200 وتاری زانستی هەیە، خاوەنی چەندان خەڵاتە لەو بوارەدا.
کتێبە نابراوەکەی دەروونناسی پەرەسەندنەکی ئێستە بووە بە یەکێک لە گرینگترین سەرچاوەی تۆژینەوە زانستییەکان. ئەم کتێبە کۆمەڵێک تێڕوانینی نوێ پێشکەش دەکات بۆ ڕاڤەکردنی دیاردەکانی ژیانی ئەمڕۆی مرۆڤ، دەربارەی بابەتگەلە هۆشەکی و هەست و ڕەفتارە تاکایەتی و کۆمەڵایەتییەکان. کتێبەکە کراوەتە چەند بەشێک وەک: بزوتنەوە و پێشکەوتنە زانستییەکانی بوونە هۆی سەرهەڵدانی زانستی دەروونی پەرەسەندنەکی، هۆکاری پەسندکردن و بەلاوەنانی خاڵە ئەرێنی و نەرێنییەکانی هەڵبژاردنی هاوسەر، سروشتی مرۆڤ و میکانیزمەکانی پەرەسەندن و کێشەی مانەوە و بەدەستهێنانی خۆراک، زۆرانبازی و ڕووبەڕووبوونەی ئاژەڵە دڕندەکان، هەوڵی کرداری زایەندی و جووتبوون، گرفتی بەخێوکردن و پێگەیاندنی منداڵ، چۆنەتی ژیان لە نێو هۆز و کۆمەڵەکان، پێوەندی دۆستایەتی و پەیمان بەستن و یارمەتیدانی ئەوانەی دیکە لە شەڕکان و ژمارەیەکی گەلەک زۆر لە بابەتی جۆراوجۆری ژیانی مرۆڤ.
بایەخی ئەم کتێبە لەوەدایە ڕەخنە لە بوارە جیاجیاکانی زانستی دەروونی کلاسیکی و سنوورە دەستکردەکانی دەگرێت، داوای تێپەڕبوون و بڕینی ئەو ئاستە تەسکەی دەروونناسی دەکات، ئەوانەی هەموو لایەنێکی ژیانی مرۆڤ لە تاکە یەک گریمانە و بیردۆز کورت دەکەنەوە. جۆرە تێگەیشتنێکمان پێ دەدات دوورە لە بیروڕای ئەوانەی تێکڕای بیرکردنەوە و ڕەفتارەکانی مرۆڤ بە فەرهەنگ و پەروەردە دەبەستنەوە، بۆیە جاری وایە هەیە ڕاڤەکانی خەڵکانێکی زۆر تووشی ڕاچڵەکین و سەرسامبوون دەکات. 
بۆ ڕوونکردنەوەی پتر پێویستە هەردەم بگوترێت، زانستی دەروونناسی پەرەسەندنەکی زیاتر بایەخ دەدات بە شتگەلە گەردوونییەکان، واتە ئەو ڕەفتار و هەڵسوکەوتانەی پێوەندییان بە کلتور و دابونەریتی کۆمەڵگەکان نییە و لە هەموو شوێنێک و سەردەمێکدا وەک یەکن. لەگەڵ ئەوەش نابێ گشتگیرییەکی تەواوی تێدا بکرێت، لەبەرئەوەی گشت کاتێک ڕیزپەڕی بوونی هەیە و دەشێ خەڵکانێک هەبن و ئەو جۆرە بیرکردنەوە و ڕەفتارانەیان نەبێت. هاوکات دەبێ زۆر بەچاکی بزانین ژمارەیەکی یەکجار زۆر لە فاکتەری دیکەی نوێ ڕۆڵ دەگێڕن لە هەڵسوکەوتەکانی مرۆڤی هاوچەرخ، چونکە گەلەکیان کەوتونەتە بەر کاریگەری دابونەریت و پەروەردەی سەردەمییانە. دەبێ ئەوەشمان لەبەرچاو بێت کە مرۆڤ بوونەوەرێکی زۆر ئاڵۆزە و ئاسان نییە لە سەرلەبەری ڕەفتار و هەڵسوکەوتەکانی بگەین، زانستی دەروونی پەرەسەندنەکیش هاوشێوەی دەروونناسییە و لە هەندێ لایەنەوە ناڕوونی و کەموکوڕی تێدایە، هەمیشە پێویستی بە لێکۆڵینەوە و ڕاپرسی و بەدواداچوونی پتر هەیە بۆ بەدەستهێنانی بەڵگەی بەهێز و دڵنیابوون لە دەرەنجامەکانی.
ئێستەش هەوڵ دەدەین لە هەر بەشێکدا زۆر بەکورتی چەند بابەتێک بخەینە ڕوو وەک ڕاڤەیەک، یاخۆ وەڵامێک بۆ پرسیارە جۆراوجۆرەکان؛

ژنان و پیاوان چی شتێکی ڕەگەزەکەی دیکەیان پێ پەسندە و لەبەرچی؟

تۆژینەوەکان دەریان خستووە کە ڕەگەزی مێیینەی هەموو کیشوەرەکان، ڕژێمە سیاسییەکان (بە سەرمایەداری و سۆشیالیست و کۆمەنیستەکان)، سەرلەبەری دابونەریتە کۆمەڵایەتییەکان، گشت ئاینەکان، کۆمەڵگەی فرەژنی و تاک ژنی، لەکاتی هەڵبژاردنی هاوسەردا زۆر لە پیاو زیاتر گرینگی دەدات بە نیشانەکانی ئەگەری دەوڵەمەندبوونی هاوسەرەکەی لە دواڕۆژدا. لەلای ڕەگەزی نێرینەش بۆ هەڵبژاردنی هاوسەر، جوانی ڕووخسار و لەش و لار بایەخێکی یەکجار گەورەی هەیە.
لێکۆڵینەوەکان لە 37 کۆمەڵگەی جۆراوجۆردا دەریان خست، ڕەگەزی مێیینەی تەمەن بیست ساڵی، ئەو پیاوانە هەڵ دەبژێرن کە کەمێک لە خۆیان بە تەمەنترن، بەڵام نەک بە جیاوازییەکی زۆر، هەرچەندە زانراوە پیاوان لە تەمەنی چلەکان و پەنجایەکانیاندا لە بەرزترین ئاستی داهاتی دارایین. هۆکاری ئەوەی بۆچی ژنان نایانەوێت هاوسەرەکانیان زۆر بە تەمەنتر بن لەوان؟ چونکە پیاوان چەندە تەمەنیان گەورەتر بێت ئەگەری مردنیان پتر دەبێت، بەمەش نەتوانن بەتەواوی ببنە چاودێری منداڵەکانیان و پێداویستییەکانیان دابین بکەن. زانستی پزیشکیی دەڵێت، بۆ ژن قۆناغی بیستەکانی تەمەن باشترین کاتە بۆ ئاستی پیتداریی و نەوەنانەوەیان، لە سییەکانی تەمەن کەمتر و لە چلەکان زێدە کەم و لە پەنجاکان ئەگەری منداڵبوونیان نامێنێت. دەرنجامی ئەو تۆژینەوانە بوونەتە بەڵگەیەکی بەهێز بۆ بیروڕاکانی زانستی دەروونی پەرەسەندنەکی، بەوەی پیاوان هەمیشە ئارەزووی ژنانی گەنج دەکەن، لەبەرئەوەی گەنجایەتی بەدرێژایی مێژووی پەرەسەندن، بەند بووە بە بەردەوامی پیتدارییەتی و ڕێژەی بەرزی توانای نەوەنانەوە.
بە پشت بەستن بەو بابەتەی گەنجایەتی و بایەخ و بەهای کەمی تەمەن بۆ پیاو، دەتوانین هۆکاری شاردنەوەی تەمەن لەلای ژناندا دەستنیشان بکەین. بەلەچاوگرتنی ئارەزووەکانی پیاوان، ژنان هەوڵی ئەوەیان داوە بەچاکترین شێوە گەنجیی و جوانی خۆیان بەدەر بخەن، ئەگەرچی ڕێی فریودانیش بگرنەبەر. تۆژینەوەکان دەیسەلمێنن، ژنان چەندەی زیاتر پێ دەگەن ئەوا تا پێیان بکرێ زانیاری تەواو و ڕاستەقینە دەربارەی تەمەنیان دەشارنەوە. ئەمەش بە جۆرە تەکتیکێکی ساختەکەرانەی گونجاو دەژمێردرێ بۆ داپۆشینی نیشانەیەکی گەلەک گرینگ (پیریی)، لەلای پیاواندا بۆ هەڵبژاردنی هاوسەرێک بۆ ماوەیەکی درێژخایەن. واتە ڕەفتاری ڕەگەزی مێینە لە ڕاکێشانی سەرنجی ڕەگەزەکەی دیکە، کاردانەوەیەکی توندە بۆ ئارەزوو و ویستی پیاوان.
پیاوانی هەموو ناوچەکانی جیهان، هاوسەرگیری دەکەن لەگەڵ ئەو ژنانەی نێزیکەی سێ ساڵێک لەخۆیان بچووکترن، پاش جیابوونەوەیان لە ژنی دووەمیاندا ڕێژەکە دەبێتە پێنج ساڵ، ژنی سێیەم هەشت ساڵ و ... هتد.
نیشانەکانی ڕواڵەتی دەرەوەی وەک، لێوی پڕ، پێستەی پاک و نەرم، ڕوومەتی سوور، چاوی ڕوون و فرەوان، پرچی بریسکەدار و درێژ، ڕێکوپێکی ددانەکان، ئێسکی بەرزی ڕوومەت، جوانی ماسوولکەکان و دابەشبوونێکی ڕێکی چەوری لەش، نیشانەکانی ڕەفتاری وەک، ڕۆیینی چووست و چالاک، هەڵسوکەوتی سۆزدار و نەرم و نیانی، کۆی ئەو دوو جۆرە نیشانە لەشییانە بەڵگەی گەنجایەتی و لەشساغییە، واتە پیتداریی و بەهای نەوەنانەوە کە چەند بنچینە و بنەمایەکن لە پێوەرەکانی نێرینە بۆ جوانی مێیینە. 
تۆژینەوەکان سەلماندوویانە، پێستەی پاک و ساف و بێ پەڵە و گرێوگۆڵ بەڵگەیە بۆ نەبوونی نەخۆشییەکانی پێستە لە سووتانەوە و کەڕوو و بەکتریاکان. ڕووخساری جوان و مێیانە زۆرینەی جار بەندە بە ڕێژەی بەرزی هۆڕمۆنی ئەسترۆجین، ئەوەی پێوەندییەکی ڕاستەوخۆی هەیە بە پیتدارییەتی. زانراوە کە ژنان چەندە بەتەمەنتر دەبن چرچی و لۆچی پێستەیان زێدە دەبێ و پتر جوانییەکەیان لەدەست دەدەن.
ئەزموونەکانی ئەنجام دراون لەسەر چالاکییەکانی مێشک پێمان دەڵێن، کاتێک پیاو سەرنج دەداتە ژنی جوان هەست بە چێژ و خۆشی دەکات لەلایەنی دەروونی و ئارامبوونی دەمارەکییەوە، ئەمەش تەواو جیاوازە لەوەی کە سەیری ژنی ئاسایی، یان ڕووخساری پیاوان دەکەن.
کوڕ و کچ پێش پێگەیشتن و هەرزەکاریی لەشیان زۆر لەیەک دەچن، ئەو دەمەی کچ پێدەگات ئەوا ناوچەی سمت و ڕان پڕتر دەبن، لێرەشدا ئاستی زێدەیی چەوری لە سمت و ڕان بەڵگەی لەشساغی و تەندروستییە بۆ ژن.
لەشی ژن قەڵە و ناوەندی و لاواز کاریگەری تایبەتی خۆیان هەیە، ژنی هەتا ڕادەیەک لاواز و ناوەندی لە هەمووان زیاتر جێی سەرنجی پیاون، چونکە هەموومان دەزانین قەڵەوی و گۆشت و چەوری زێدەی لەش، چەندە زیانبەخشن و کەسەکان دووچاری گەلەک نەخۆشی کووشندە دەکەن وەک، شەکرە و پەستانی بەرز و وەستانی دڵ و هی دیکە. بەڵام لەگەڵ ئەوەش، ئەو ڕووبەر و دەڤەرانەی وشکن و خۆراکیان کەمە و ئەگەری برسیتی و قاتوقڕی تێیاندا بەرزە، ژنی تا ڕادەیەک قەڵەو زیاتر جێی بایەخە لای پیاوان.
مەمک و سمت و ڕانی گەورە و ناوقەدی باریک لوتکەی جوانی لەشی ژنە، چونکە ناوقەدی باریک واتە ئەو ژنە گەنجە و سکپڕ نییە، چونکە ژنی قەڵەو جگە لە نیشانەکانی بوونی نەخۆشی وەک سکپڕ لێی دەڕواندرێت. بوونی هۆڕمۆنی ئەسترۆجین دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی باریکی ناوقەد بەگوێرەی سمت، هەروەها تایبەتمەندییەکە وا لە هۆڕمۆنی ئۆسترادیۆلی هێلکەدان دەکات کە پتر بێت، ئەمەش بەندە بە پیتداری و ئەگەری سەرکەوتنی سکپڕبوون و نەوەنانەوە.
هەرچەندە ژنان هاوتای پیاوان نین لە گرینگیدانی تەواو بە جوانی پیاوان، بەڵام ژنانیش زۆربەیان لەشێکی پتەوی بە باڵایەکی بەرز و لاواز، یان ناوەندی بەباش دەزانن، چونکە ئاشکرایە کە قەڵەوی پیاویش زۆر کات واتای نەخۆشی و بوونی گرفت و کێشەی تەندروستی بەدەست دەدات.
لەبەر بەهای جوانی دەبینین کە جنێو و ڕەخنەی زۆرینەی ژنان بۆ ژنانی ڕکابەرەکانیان بە پلەی یەکەم، پێوەندی هەیە بە ناشیرین ناساندنی ڕووخساریان و نارێکی لەشیان، پاشان تاونبارکردنیان بە بەدڕەوشتی و لەشفرۆشی، واتە ئەو شتانەی ژنان کە زێدە هەستیارن لەلای پیاواندا.
لە تۆژینەوەکاندا هەندێ وێنەی ڕوخساری مێیینەی سپیپێست و ڕەشپێست بە ڕێژەی جیاجیا لە جوانی، نیشانی دوو کۆمەڵە لە منداڵان درا لە تەمەنی نێوان دوو تا سێ مانگی و شەش تا هەشت مانگی. منداڵانی هەردوو کۆمەڵەکە ماوەیەکی درێژتر سەرنجی ڕووە جوانەکانیان دەدا، ئەمەش ئەوە دەگەینێ کە پێوەری جوانی لە سەرەتای تەمەنێکی گەلەک بچووکەوە سەرهەڵ دەدات. لە ئەزموونێکی دیکەدا سەلمێندرا کە منداڵە یەک ساڵییەکان، لە یاریکردنیان کاتێکی زۆرتریان دەبردە سەر لەگەڵ بووکۆکە دەموچاو جوانەکان، بە بەراورد لەگەڵ ئەوانەی کەمتر جوان بوون. ئەمانە بەڵگەن بۆ ڕووبەڕوو بوونەوە بەرانبەر بە هەموو بیروڕاکانی کە پێیان وایە، پێوەرەکانی جوانی لە فێربوونی بەرەبەرەییەوە سەرچاوە دەگرن و بەندن بە دابونەریتی باوی کۆمەڵگە.

دەرەنجامە مەترسیدارەکانی دڵنیانەبوونی باوکایەتی چین؟ 

لەو جۆرانەی مێیینە ئاوس دەبێت (لە هەندێکیاندا نێرینە)، نێرەکان دووچاری گرفتێکی مەزن دەبنەوە لەو گرێیەی ناونراوە بە دڵنیانەبوونی باوکایەتی. نێرینە بەهیچ شێوەیەک ناتوانێ بەتەواوی بێگومان بێ لەوەی باوکی ڕاستەقینەی (جینەکی) نەوەکانی هاوسەرەکەی بێت، بەرانبەر بەمە ڕەگەزی مێیینە کێشەی نییە، سەد لەسەد دەزانێت هێلکۆکەکانی ئەوەن پیتێنراون، نەک هی مێیینەیەکی ڕکابەر، چونکە ناشێ هێلکۆکەکانی ناخی خۆی لەسەرچاوەیەکی دیکەوە هاتبن. ئەم دڵنیانەبوونە وای لە نێرینەکان کردووە پەرە بە شێوازە خۆگونجانێکی تایبەتی بدەن، بۆ زێدەکردنی ڕێژە و ئاستی هەستکردن بە باوکایەتییان.
بۆ نموونە، ئەگەر سەیری دڵپیسی (غیرەیی) بکەین لە مرۆڤدا، دەزانین بەگشتی لەلای هەردوو ڕەگەزدا بوونی هەیە، بەڵام لە پیاواندا گەلەک زۆرە و کاردانەوەیەکی تووندتری لێ دەکەوێتەوە لەوەی لەلای ژنان. بۆیە پیاوان بە هەموو هێزێکەوە هەوڵ دەدەن بە چەندان ڕەفتار و هەڵسوکەوتی جۆراوجۆر، ژنەکانیان بەدوور بگرن لە پیاوانی ڕکابەر و ڕێگرتن لە ناپاکی هاوسەرەکەیان.
بوونی گومان لە باوکایەتییەکی ڕاستەقینە لەلای ئەو جۆرانەی مێینە لەناوەوە دەپیتێندرێن زۆر بەزەقی دەبیندرێت، ئەمەش کۆمەڵێک لە مەگەز، تێکڕای سەرەکییەکان و بەگشتی هەموو شیردەرەکان دەگرێتەوە. لەبەر بوونی ئەو پیتاندنە ناوەکییەی مێیینە، کاتێک نێرینەیەک بەدەر دەکەوێت، دەشێ مێییەکە پێشتر لەگەڵ نێرەیەکی دیکە جووت بووبێ، واتە لەوانەیە کرداری پیتانی هێلکەکەی ئەنجام درابێ. ئەگەری ئەوەش هەیە، مێیەکە ئەگەرچی هاوسەرێکیشی هەبێ، بەڵام بەنهێنی پێوەندی لەگەڵ پێاویکی دی ببەستێت. ئەمە کێشەیەکی یەکجار گەورەیە بۆ نێرینەیەک کە داهاتی خۆی بۆ منداڵی کەسانێکی دیکە بەفیڕۆ بدات، لە کاتێکدا ئەوە داهاتە مافی منداڵەکانی خۆیەتی. بۆیە گومان لە باوکایەتی ڕاستەقینە وا لە پیاوان دەکات، هەرگیز نەتوانن بەهەمان ڕێژەی ژنان چاودێری و بەخێوکردنی منداڵەکانیان بگرنە ئەستۆ، لەبەرئەوەشە خۆشەویستی دایک بۆ منداڵ پترە لەوەی باوک.
بەهای پاکی جیاوازییەکی لەڕادە بەدەری هەیە لەلای دوو ڕەگەزەکە، پیاو پاکی و دڵسۆزی هاوسەرەکەی لە هەموو شتێک گرینگتر دادەنێت، ئەمەش چارەسەرێکی پەرەسەندووە بۆ کێشەی بوونی گومان لە باوکایەتی ڕاستەقینە. بەرانبەر بەمە ئاشکرابوونی سێکسکردنی پیاو لە دەرەوەی ژیانی هاوسەرگیری، بۆ ژنان گەلەک جار بە کارەساتێکی یەکجار گەورە داناندرێت، بەمەرجێک پەرە نەسێنێت و ببێتە پێوەندییەکی سۆزداریی و درێژخایەن. 

بەڕای ڕەگەزەکان، منداڵی تازە لەدایکبوو شێوەی لەکێ دەکات؟ 

ئەم خاڵەشیان دیسانەوە بەندە بە دەرەنجامی دڵنیانەبوونی باوکایەتی، بەوەی کە زۆربەی دایکان پتر پێدا دەگرن لەسەر پیاوەکانیان کە باوکی ڕاستەقینەی منداڵەکانیانن، لەڕێی دەربڕێنی ئەو تێبینییەی کە شێوە و ڕووخساری کۆرپەی نوێ لە باوکیان دەکات.
لە تۆژینەوەیەکدا 111 فیلمی ڤیدیۆی دایکانی تازە زاو تۆمار دەکرێ کە درێژی فیلمەکان لەنێوان پێنج خولەک و چلوپێنج خولەک دەبوو، گوتەی ژمارەیەکی زۆری دایکان و ئامادەبووان کۆکرایەوە. لە ئاماژەکردنەکاندا بۆ شێوەی کۆرپەی لەدایکبوو، ئاشکرایە کە هەموومان پێشبینی ئەوە دەکەین، لێکچوونی منداڵەکان بۆ دایک و باوکیان نیوە بەنیوە بێت، واتە %50 بە دایکیان و %50 بە باوکیان بچن. کەچی ئەوەی جێی سەرنج بوو ڕێژەیەکی زۆریان پێیان وابوو، منداڵەکان بە باوکیان دەچن، تا ئەو ڕادەیەی %80 دایکان جەختیان لەسەر لێکچوونی منداڵەکانیان بە باوکەکان دەکرد. چەند وشەیەکیان چەندجارە دەکردەوە وەک، بە هاوسەرەکانیان دەگوت "تەواو شێوەی لە تۆ دەکات"، یان "ڕێک بە باوکی دەچێت".
لە ڕاپرسییەکی بایەخدار ڕوون بووەوە، لێکچوونی شێوە کاریگەرییەکی بەرچاوی هەیە لەلای پیاوان بۆ بەخێوکردن و لە ئەستۆگرتنی پێدانی خەرجی منداڵان. بۆ ئەم بابەتە لێکۆڵەوەکان دێن و چەند وێنەیەک بە کۆمپیوتەر دروست دەکەن، بە جۆڕێک هەندێکیان شێوەیان لە بەشداریکەران بچێت، چەندانێکیش ئاسایی بن. پاش بینینی وێنەکان، داوایان لە پیاوەکان کرد پێێان بڵێن، بەگریمانەکی ئامادەییان بۆ بەخێوکردنی و پەروەردەکردنی کامە منداڵ هەیە لەمانە؟ لێرەشدا ڕێژەیەکی زۆری پیاوان ئەو منداڵانەیان هەڵبژارد شێوەیان لەخۆیان دەچوو، بەپێچەوانەوە ژنانی بەشداریکەر بایەخێکی ئەوتۆیان نەدا بە لێکچوونیان بەو منداڵانە.
لەلایەکی دیکەوە تۆژینەوەکان بەدەریان خست، جیاوازییەکی ئاشکرا هەیە لەنێوان دوو ڕەگەزکە بۆ کاردانەوەیان بەرانبەر هەست و ڕەفتارەکانی منداڵان. ژنان دەتوانن منداڵەکانی خۆیان بناسنەوە پاش لەدایکبوونیان بە شەش سەعات تەنیا بە بۆنکردنیان، بەڵام پیاوان ئەمیان پێ ناکرێت.
هاوکات ژنان لە پیاوان شارەزاترن و زۆر خێران لە ناسینەوەی دەربڕینە ڕوخسارییەکانی منداڵان. بۆ نموونە، ئەو دەمەی لە فلمێکدا بۆ ماوەیەکی گەلەک کورت دەڕواننە دەموچاوی منداڵی بچووک لە کاتی، توڕەبوون، سەرسڕمان، بێزهاتنەوە، ترس و خەمۆکی. ئەوەی سەیر بوو، وردایەتی لەو دەستنیشان کردن و ناسینەوەیە لەلای ژناندا، هیچ پێوەندییەکی بە ئەزموونی لەپێشینەیان لەگەڵ منداڵانەوە نەبوو.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست