شاری‌ رچەشكێن دوای‌ سەد ساڵ مێژوو لەهەڵەبجە خۆی‌ دووبارە دەكاتەوە

Friday, 20/05/2016, 12:48

240 بینراوە


دوای‌ زیاتر سەد ساڵ مێژوو لەهەڵەبجە خۆی‌ دووبارە دەكاتەوە، ئەو شارەی‌ بۆیەكەمجار ژن تیایدا بووەتە قایمقام، ئەمجارەش رێبەرایەتی‌ دەداتەوە دەست ژنێكی‌ تر.
لەماوەی‌ نێوان ساڵانی‌ 1909 هەتا 1915 عادیلە خانم وەكو یەكەم ژن لەمێژووی‌ كوردستاندا بووەتە قایمقامی‌ هەڵەبجە، ئێستا جارێكی‌ تر لەو شارە پۆستی‌ قایمقام بەژنێك دەدرێتەوەو خەڵكی‌ شارەكەش چاویان لەدەستێتی‌ بۆ ئەوەی‌ "سەردەمی‌ زێڕین"ی‌ عادیلە خانم بۆ شارەكە بگێڕێتەوە.
عادیلە خانم (١٨٥٩-١٩٢٤) ژنێكی‌ دەسەڵاتدارو كارگێری ھۆزی جاف (گەورەترین هۆزی‌ كوردی‌)و ھاوسەری عوسمان پاشای جاف  (فەرمانڕەوای‌ هەڵەبجە)و دایكی ئەحمەد موختار جاف و تاھیر بەگی جاف دوو شاعیری ناودار بووە. ئینگلیزیەكان پێیان وتووە "شاژنی بێ‌ تاجی شارەزوور".
كاتێك عادیلە خانم پۆستی‌ قایمقام وەردەگرێت (بەرزترین دەسەڵاتی‌ ئیداری‌ قەزا) وەك مێژوونوسان ئاماژەی‌ پێدەكەن زۆر ‌حەزی بەئاوەدانی‌و پێشخستنی زانست‌و خوێندەواری كردووە‌و قوتابخانەو بازاڕ‌و چەند باڵەخانەی گەورەی لەھەڵەبجە بنیات ناوەو لەگوندێكی بچووكەوە كردوێتییە شارێكی ئاوەدان‌و گەلێك باخ‌و سەیرانگای جوانی‌ لێ دروست كردووە.
هەڵەبجەییەكان زۆر شانازی‌ بەو مێژووەوە دەكەن كە تیایدا ژنێك باڵادەستی‌ یەكەم بووەو كاری‌ گرنگی‌ بۆ شارەكە ئەنجامداوەو تەنانەت پەیكەرێكیشی‌ بۆكراوە، لەدوای‌ ئەویشەوەو لەسەردەمە جیاوازەكاندا چەندین ژنی‌ تر پۆستی‌ باڵای‌ ئیدارییان لەشارەكەدا وەرگرتووە، بەڵام هیچیان نەگەیشتوونەتەوە قایمقام.
كوێستان ئەكرەم جێگری‌ سەرۆكی‌ شارەوانی‌ هەڵەبجە كە یەكێكە لەژنە دەست رۆیشتووەكانی‌ ئەو شارە لەبوارەكەی‌ خۆیدا، بە"نیقاش"ی‌ وت "عادیلە خانم ژنێكی‌ سەركەوتووبووە لەبواری‌ بەرێوەبەردن‌و كارگێریداو لەو كاتانەی‌ قایمقام بووە چەندین كاری‌ گرنگی‌ ئەنجامداوە، لەگەڵ ئەوەشدا هەمانكات ژنی‌ ماڵەوە بووەو لەهەردوو بواری‌ ماڵەوەو كاردا سەركەوتوو بووە".
كوێستان وتیشی‌ "وەك هەڵەبجە لەمێژەوە سەلماندومانە كە ئافرەت بەردەوام جیاوازی‌ نەبووە لەگەڵ پیاوداو لەكاروباری‌ دەرەوەدا شان بەشانی‌ پیاوەكانیان كاریان كردوە، عادیلە خانم نموونەی‌ هەرە دیارە".
گەیشتن بەپۆستەكەی‌ عادیلە خانم یەكێك بووە لەو خەونانەی‌ زۆرێك لەژنانی‌ هەڵەبجە بۆی‌ كۆشاون، بەڵام پێی‌ نەگەیشتوون، هەتا رۆژی‌ 27ی‌ نیسانی‌ ئەمساڵ ژنێكی‌ تر بەناوی‌ (نوخشە ناسیح) كرایەوە بەقایمقامی‌ شارەكە.
نوخشە كە لەماوەی‌ تەمەنیدا چەندین پۆستی‌ ئەمنی‌‌و ئیداری‌ هەبووەو بۆ ماوەی‌ حەوت ساڵ بەڕێوەبەری‌ ناحیەی‌ بیارەی‌ سەر بەهەڵەبجە بووە، ئێستا تاكە ژنە لەهەموو كوردستاندا كە لەپۆستی‌ قایمقامدا بێت.
نوخشە ناسیح جگە لەوەی‌ شانازی‌ بەوەوە دەكات كە پۆستێكی‌ گرنگی‌ ئیداری‌ وەرگرتووە، بەڵام ئەوەی‌ زۆر دڵی‌ پێی‌ خۆشە ئەوەیە لەشارەكەی‌ خۆیدا دووهەم ژنە پۆستی‌ قایمقام وەربگرێت‌و بە"نیقاش"ی‌ وت "وەرگرتنی‌ پۆستی‌ قایمقام لەلایەن ژنەوە لەهەڵەبجە شتێكی‌ نامۆ نییە، چونكە خەڵكی‌ رۆشنبیری‌ ئەم شارە هەمیشە پشتیوانی‌ ژن بوون‌و ئەوا نموونەكانیشی‌ دیارن".
نوخشە رازی‌ نییە لەو پۆستە ئیدارییانەی‌ لەهەرێمی‌ كوردستان بەژنان دەدرێن‌و پێی‌ وایە ژنانیش لەئەزموونی‌ بەڕێوەبردندا لەهەرێمی‌ كوردستان سەلماندوویانە كە شانبەشانی‌ پیاوان سەركەوتوو بوون لەكارەكاندا، بۆیە چاوی‌ لەسەر ئەوەیە هاوپیشەو هاوپۆستی‌ ئەو لەكوردستاندا زۆربن.
نوخشە دەڵێت "ژن لەدێرزەمانەوە لەهەڵەبجەو هەورامان شانبەشانی‌ پیاوەكانیان ئیشیان كردوە لەكێڵگەو دەشتەكاندا، هەر بۆیە ئەو كات بەو شێوەیەو ئێستاش بەبەرێوەبردن‌و وەرگرتنی‌ پۆستی‌ كارگیری‌ وەك پیاوەكانیان كاردەكەن، بەردەوام ئافرەت لەم سنورەدا قسەی‌ بەهەند وەرگیراوە، بەشداری‌ كۆرو كۆبونەوەكان بووە".
بۆ هەڵەبجەییەكان ئەوەی‌ گرنگە ئەوەیە ئەم قایمقامە نوێیە بتوانێت برەو بەشارەكەیان بداتەوەو بیخاتەوە سەر پێی‌ خۆی‌، بەتایبەتی‌ كە شارەكەی‌ ئەوان لەدوای‌ كیمیابارانەوە (ئازاری‌ 1988) یەكێكە لەوێرانترین شارەكانی‌ هەرێمی‌ كوردستان‌و وەك خۆیان دەڵێن لەئاست ئەو قوربانیەی‌ كە داوێتی‌ خزمەت نەكراوە.
خەڵكی‌ هەڵەبجە ناڕەزاییەكی‌ زۆریان هەیە لەفەرامۆشكردنی‌ شارەكەیان لەلایەن دەسەڵاتدارانی‌ هەرێمی‌ كوردستانەوەو تائێستا چەندین خۆپیشاندانیان بەڕێوەبردووە، دیارترینیان لەمانگی‌ ئازاری‌ ساڵی‌ 2006 بوو كە كار گەیشتە ئەوەی‌ "مۆنۆمێنتی‌ شەهیدان" بسوتێنن كە سیمبولی‌ پێنج هەزار قوربانی‌ ئەو شارەیە، دوای‌ ئەوەش لەزۆربەی‌ ساڵەكاندا خۆپیشاندنی‌ ناڕەزایی‌ بەڕێوەچووەو ئەمساڵیش یەكێك بوو لەو شارانەی‌ لەدژی‌ بڕینی‌ موچە ناڕەزایی‌ تیا بەڕێوەبرا.
نوخشەو هەموو بەرپرسەكانی‌ تری‌ ئەو شارە ئەركێكی‌ قورسیان لەپێشە بۆ ئەوەی‌ توڕەیی‌ خەڵك هێور بكەنەوەو خزمەتێكی‌ شارەكە بكەن، بۆیە قایمقامە نوێكە بە"نیقاش"ی‌ وت "پلانی‌ من خۆی‌ دەبینێتەوە لەبوژاندنەوەی‌  هەڵەبجە‌و  دیاریكردن‌و چاودێریكردنی‌ نرخەكانی‌ بازارو پاراستنی‌ لایەنی‌ ئەمنی‌ ناوچەكە، لەئێستاش چەندین پرۆژە ئامادەیە بیخەینە بواری‌ جێبەجێ‌ كردنەوە، بەڵام قەیرانی‌ دارایی‌ رێگرە لەبەردەماندا".
بەشێكی‌ تر لەپلانەكانی‌ نوخشە وەك خۆی‌ دەڵێت بریتییە لە"سەوزكردن‌و زیاتركردنی‌ سەوزایی‌ لەسنورەكەدا‌و لابردنی‌ زیادەرۆیەكان كە لەئێستاد زیادەرۆیەكی‌ زۆر كراوە بۆ سەر موڵكی‌ گشتی‌، هەروەها لەبواری‌ ژناندا كاردەكەین بۆ خزمەتكردن‌و هۆشیاركردنەوەی‌ زیاتر".
قایمقامە نوێكەی‌ هەڵەبجە وەك خۆی‌ دەڵێت دەیەوێت ببێتە نمونەیەكی‌ بەرێوەبردنی‌ كارگێڕی‌ سەركەوتووی‌ ژنان لەهەڵەبجەو كوردستاندا، بەڵام دەبێت رۆژانی‌ داهاتوو ئەوە دەربخات ئایا 55هەمین قایمقام‌و دووهەمین قایمقامی‌ ژن لەشارەكەدا لەئاست ئەو ئەركەدایەو بارە قورسەكەی‌ عادیلەخانمی‌ بۆ هەڵدەگیرێت یان نا.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر