مرۆڤ و بیرکردنەوە لە خود

Sunday, 04/12/2022, 11:06

4594 بینراوە


مرۆڤ پێویستە بەردەوام لە ناو ماڵەکەی خۆیدا بیت ، ماڵی مرۆڤ بیرکردنەوەکانیەتی لەگەڵ خودی خۆی ، مرۆڤ هەموو کاتێک دەتوانێت میوانی نێو ئەم ماڵە بێت ، ئەم ماڵە هەمیشە دەرگای کراوەیە بۆ مرۆڤ بەڵام مرۆڤ نابێتە میوانی ئەم ماڵە و کاتێکیش دەبێتە میوانی ئەم ماڵە بیر لە شتیتر و لە خەڵکی تر دەکاتەوە جگە لە خۆی نەبێت ، مرۆڤ بۆ ئەوەی لە خۆی تێبگات دەبێ وردبین و تێڕامان بکات لە هەر جوڵەو هەنگاوێکدا کە ئەنجامی ئەدات ، هەرکات خۆی دۆزییەوە ئەوکاتەیش دەانیت كێیە و چی دەوێ و بەرەو كوێ دەچیت؟! 
لە دیدی منەوە تاک سەنتراڵە چونکە بوونی تاک بەستراوە بە بوونی ئەوانیترەوە هیچکات تاک ناتوانیت دوور لە ئەوانیترو دوور لە کۆمەلگا بژێیت ،لەلایەکی تریش کۆمەڵگای باش پەیوەستە بە بوونی تاکی باشەوەو مرۆڤ بە تەنها بەرپرسیار نییە لە خودی خۆی بەڵکو بەرپرسیارە لەوانیتر و کۆمەڵگاو ژینگەکەی، لە دونیای ئیستاشدا کە سەردەمی جیهانگیری و شەپۆلەکانی دیموکراسی و تەکنەلۆژیای پێشکەوتووە تاک پەیوەندییەکی پتەوی بە جیهانی مادی و مەعنەویی لەگەڵ سروشت و گەردوون، لەگەڵ خۆی و ئەوانیتر و کۆمەڵگا، لەگەڵ داهێنان و بیرکردنەوەکانیدا هەیە،بەڵام دەبێت مرۆڤ بیر لە خۆی بكاتەوە، تا لەم جەنجاڵییەدا وون نەبێت، ئاخر شار بەرهەمی شارستانیەتەو مرۆڤ هوشیار نەبێت وون دەبێت، لەیەك یاخی دەبن، یەكتر تێكدەشكێنن . 
دەروونی مرۆڤ دنیایەکی سەیر و ئاڵۆز و پڕ لە ڕاز و نهێنییە ،کێشەی تاک لە دونیای ئەمڕۆدا ئەوەیە کە هیچکات لە نێو ماڵی خۆی و بیرکردنەوەکانی خۆیدا نییە ، نازانێت چی بونیاد بنێت و چیش بڕوخێنێت ؟! لەبری ئەوەی بە دوای شوناسی خۆیاندا بگەڕێت و بزانێت کێیە و چییەو چی دەوێت ؟ سەرقاڵی قسە بەم و بەو وتنن، خەریکی تانە دانن لەوانی تر یانیش بەردەوام لە چەلەحانێیەکی دورودرێژدان نەک گفتوگۆیەکی سودبەخش بۆ خۆی و دوروبەری ، زۆرێک لە مرۆڤەکان کۆڵەواری شوناس خودناسییەکەی خۆیەتی و لە بارەی خودی خۆیەوە  لێی مەپرسە، ئیدی چی لێ دەپرسیت بپرسە، بێ ئەوەی شارەزایی تیدا هەبێت و بیربكاتەوە، كە لێی دەزانێت یان نا، یەكسەر وەڵامدەداتەوە!
 دواجار هەموو بیرێکی باش قسەیەکی باشیشە بۆ تێگەیشتن ،  مرۆڤ لە نێو ماڵی خۆیدا لەگەڵ بیرکردنەوەکانیدا گفتوگۆ لەگەڵ خۆی دەکات نەک لەگەڵ ئەوانیتر ، کەس پرسیاری لێناکات و کەسیش قسەی پێ نابڕێت ، ئەوەی وجودی هەیە خودی خۆیەتی و لەگەڵ خۆی پرسیار لە خۆی دەکات و دواجاریش دەگاتە شوێنێک کە بیرت لێ نەکردووەتەوە و لەوێدا بیر دەکاتەوە  ، “ئاڵ پاچینۆ “ گوتەنی هەندێ جار پێویستە مرۆڤ یەک زلە لە بنی گوێی خۆی بدات و بڵیت گێل مەبەو  بیر کەرەوە ، ئەوەندەش خۆت بچوک مەکەوە .

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە