راسته‌ ماكی گه‌لی كورد له‌ خۆیدا ئیسلامییه‌ ؟

Monday, 05/12/2022, 22:03

717 بینراوە


له‌م چه‌ند رۆژه‌دا، ئه‌و گفتوگۆیانه‌ی له‌سه‌ر جێنده‌ر هاته‌ ئاراوه‌ زۆر شتی ده‌رخست، به‌ڵام له‌ هه‌مووی سه‌یرتر ئه‌وه‌بو كه‌ ده‌وترا ئه‌م گه‌لی كورده‌ له‌ ماكی خۆیاد ئایینیه‌ و له‌ نێو ئایینه‌كانیشدا ئیسلامیه‌ و نابێت هیچ سیفه‌تێكی تری مرۆڤایه‌تی تێیدا په‌یدا بێت، له‌و قسانه‌ش مه‌به‌ستیان ته‌نها ئه‌وه‌ بوو كه‌ نابێت یه‌كسانی نێرو مێ له‌ ناو كورددا هه‌بێت. كه‌ ده‌می هه‌ر ئیسلامییه‌ك ده‌كه‌یته‌وه‌، پێت ده‌ڵێت: بۆ پیشاندانی ناخی گه‌لی كوردستان و ئیسلامبونه‌ سروشتیه‌كه‌ی هیچ پێویست به‌ به‌ڵگه‌ ناكات، ته‌نها ته‌ماشای ره‌فتار و ته‌نانه‌ت ماكی گه‌لی كورد بكه‌یت جگه‌ له‌وه‌ی سروشته‌كه‌ی  ئیسلامییانه‌ بێت هیچ مۆركێكی دیكه‌ی پێوه‌ دیار نیه‌. باشه‌ با خاتریانه‌ بگرین و بڵێین وایه‌، به‌ڵام با ئێمه‌ش ناخی ئه‌م ئایینه‌ هه‌ڵخه‌ین و پرسیاررگه‌لێك له‌و باره‌وه‌ بوروژێنین، بۆ ئه‌وه‌ی راستودروستی ئه‌م بۆچونه‌ و حه‌قیقه‌تی ماكی گه‌لی كورد به‌ وور له‌ جه‌وهه‌ری راسته‌قینه‌ی ئایین و ئه‌م ئایینی ئیسلامه‌ش شیبكه‌ینه‌وه‌ و حه‌قیقه‌تی ئه‌م بۆچونه‌ بۆ هه‌موو لایه‌ك ده‌رخه‌ین. ده‌كرێت باوه‌ر به‌م بۆچونه‌ بكه‌ین و زۆر به‌ راستی بزانین، ئه‌گه‌ر له‌ ناوه‌خنی ئه‌م ئایینه‌ سیفه‌ته‌ دورگه‌ییه‌كان و ئه‌خلاقی ده‌شته‌كیی داگیركاری و ده‌ستبه‌سه‌رداگرتنی موڵك و ماڵی ئه‌ویتر و هه‌ڵگری دابونه‌ریتی بیابانی تێدا نه‌بێت، بۆ ئه‌وه‌ی بۆمان بسه‌لمێنرێت كه‌ له‌ ره‌وتی كاروانی ئه‌م ئایینه‌دا  ئه‌وه‌ پشت راست ده‌كرێته‌وه‌ كه‌ ئایینێكی گشتگیری هه‌مه‌گی  مرۆڤایه‌تیه‌ و تایبه‌تمه‌ندی جه‌زیره‌ی عه‌ره‌بی تێدا نیه‌ و كوردیش له‌ بنه‌چه‌دا هه‌ڵگری ئه‌و سیفه‌تانه‌یه‌.
 ئه‌وه‌ی راستی بێت، نه‌ك ته‌نها هه‌ر كورد وه‌كو گه‌لێكی رۆژهه‌ڵاتیی ناوچه‌ی ده‌رپه‌رٍینی ئایینه‌ ئاسمانیه‌كان ، به‌ڵكو  هیچ مرۆڤێك له‌سه‌ر ئه‌م زه‌ویه‌ نادۆزیته‌وه‌ له‌ پێش په‌ره‌سه‌ندنی باری فكری و دروستبوونی ئایین، له‌ ماكیدا ئایینی بێت نه‌ك ئیسلامییش بێت. ئه‌مه‌ له‌ لایه‌ك، له‌لایه‌كی تره‌وه‌، له‌وانه‌یه‌ له‌ ماوه‌یه‌كی دیاریكراودا و پاش دروستبوون و ده‌ركه‌وتنی ئایینه‌كان و گرنگیدانی هه‌ر كه‌سێك به‌ ئایینی دڵخوزای خۆی كه‌ ئاسمانی بێت یان وه‌زعی كه‌  سروشت و بیركردنه‌وه‌ی خۆی له‌گه‌ڵ سروت و بنه‌ماكانیدا بگونجێت یان بگونجێنێت . ئه‌وه‌ له‌ بارودۆخێكی تایبه‌تدا جه‌وهه‌ری ئایینداری به‌روخساریه‌وه‌ دیار ده‌بێت، نه‌ك ماك و مۆركی كه‌سه‌كه‌ بگۆرٍدرێت. 
ئه‌گه‌ر وابوایه‌ و كورد به‌خۆی له‌ ناخیدا به‌ سروشت ئیسلامی بوایه‌، ئه‌ی بۆچی ئه‌م هه‌موو شێخ و مه‌لاو واعیز و فه‌قێ و بانگخواز و سه‌یدانه‌ كوردستانی ته‌نیوه‌ته‌ و هه‌ر یه‌كه‌ و زانیاریه‌كی ناكۆك له‌گه‌ڵ ئه‌ویتردا بڵاو ده‌كاته‌وه‌ و كوردیش به‌حۆرێك باوه‌رٍی ره‌سه‌نی خۆی له‌ كیاندیا جێگیر بووه‌ و ته‌نها بۆ خۆهه‌ڵخه‌ڵه‌تاندن نه‌بێت له‌ جه‌وهه‌ری خۆیدا  باوه‌ری به‌ هیجیان نیه‌، جگه‌ له‌وه‌ی له‌گه‌ڵ ره‌سه‌نایه‌تی نه‌ته‌وه‌یی خۆیدا نه‌گونجێت. ئه‌گه‌ر وا بوایه‌ چی پێویستمان به‌ قوتابخانه‌ و مزگه‌وت و ده‌رس و راڤه‌ و شیكردنه‌وه‌ی ئایینیمان ده‌بوو. ئه‌ی داری فه‌توا و وه‌زاره‌تی ئه‌وقاف و داموده‌زگای ئایینی و كۆمه‌ڵه‌ و گردبونه‌ و حزبی ئایینی ئیسلامی بۆچیمانبوو. ئه‌گه‌ر ئایین ئیسلامی ماكیی ئه‌م كه‌له‌ی داگیركردبێت بۆچی ئه‌و به‌رنامه‌ و  په‌یره‌وی ئیسلامیه‌ ته‌نانه‌ت خۆی ده‌كات به‌ ژووری نوستنه‌كه‌یدا و لێی نابێته‌وه‌. ئه‌گه‌ر ئیسلامی په‌یوه‌ست به‌ كورد لانكه‌ی خۆشی و چاكه‌ و خێر بێت و كوردیش ماكی سه‌ره‌كی ئیسلامگه‌را بێت و ئه‌و سیفه‌ته‌ خۆی به‌سه‌روسیمایدا چه‌سپاندبێت، بۆچی شه‌ر و كوشتن و ماڵوێرانی و  خرابه‌،  ره‌وشتی زۆرێك له‌م خه‌ڵكه‌ بێت.  كه‌س هه‌یه‌ ئه‌و هه‌موو گه‌نده‌ڵیه‌ له‌بیر بكات كه‌ زۆرینه‌یان به‌ به‌رگی ئیسلامی داپۆشراون و ده‌یانه‌وێت به‌ ناوی ئایینه‌وه‌ په‌رده‌پۆشی بكه‌ن و خۆیان لێی پاكبكه‌نه‌وه‌. تۆ ته‌ماشای ئه‌و هه‌موو مزگه‌وته‌ ده‌كه‌یت كه‌ چه‌ندین ملیۆن دۆلاری تێده‌چێت و له‌ولاشه‌وه‌ خه‌ڵك هه‌یه‌ برسی ده‌یكوژێت و له‌ چه‌قی نه‌داری و نه‌بوونیدایه‌ و زه‌ره‌یه‌ك دادگه‌ری له‌م كوردستانه‌دا بوونی نیه‌.
ئا به‌م شێوه‌یه‌ ماكی كورد ئیسلامگه‌راییه‌ و ئه‌وه‌ی پێناسه‌ی ئیسلام به‌ دادگه‌ری و یه‌كسانی و خێر و خۆشی ده‌كات و به‌ ئایینی مرۆڤایه‌تی له‌قه‌لّه‌م ده‌دات، كه‌ ئه‌مانه‌ش سیفه‌ته‌كانی بێت، چۆن ده‌بێت ماكه‌كه‌ی ئه‌و شێوه‌ ئایینه‌ بێت كه‌ خێری به‌و شێوه‌یه‌ بۆ جیهان هێنابێت. بۆیه‌ ماكی كورد و هیچ مروڤێكی دیكه‌ هیچ په‌یوه‌ندیه‌كی به‌ ئایین و ئیسلامییه‌وه‌ نه‌بووه‌ و نیه‌.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست