مامۆستای نەزان

Monday, 05/12/2022, 22:14

5948 بینراوە


"کەس هێندەی ئەوانە پێ لەسەر نایەکسانی و زاڵیەتیدا پێ دەگرن، ئەوانەش، کە دەیانەوێت ڕاستی هەر لای ئەوان بێت، ئەوانە گەوج نیین، چونکە ئەقڵ لەو جێیە دەستپێدەکات، کە ئەو گوتارانەی بەمەبەستی ڕاستکردن ڕێک خراون لەسەری دەوەستن و لەو شوێنەی یەکسانی دانی پێدانراوە، نەک یەکسانییەک کە قانون ڕایگەیاندووە."
ژاک ڕانسیەر


(مامۆستای نەزان) ناونیشانی کتێبێکی ژاک ڕانسیەرە، ئەم کتێبە باس لە میتۆدێکی فێرکاری دەکات، لە ڕێگەی مامۆستای نەزانەوە، پێچەوانەی میتۆدی پەروەردەی باو کە میتۆدی مامۆستای زانایە! 
ئەڵبەت ناونیشانەکە وا دەردەکەوێت کە ناوەڕۆکی کتێبەکە باس لە مامۆستای نەزان بکات ، مامۆستایەکی نەزان بەواتای ئەوەی کە نەزانە لە ڕووی پەروەردە و فێرکردن، بەواتایەکی تر وادەردەکەوێت کە باسی مامۆستایەکمان بۆ بکات کە نەزانە بە بەراورد بە مامۆستایەکی تر لەهەمان میتۆدی فێرکاری باودا. بەڵام ڕێک بە پێچەوانەوە، ئەم مامۆستای نەزانە جۆرێک مامۆستایە کە ڕزگارکەرە ، سەر بە میتۆدێکی ترە. مامۆستای نەزان ڕزگارکەرە ، ڕزگارکەرێکی هزریی، چونکە بە بڕوای ڕانسیەر مامۆستای زانا هەمان گەوجێنەرە . لە میتۆدی فێرکردنی باودا مامۆستا کەسێکە زانایە، لە بەرامبەردا  قوتابی نەزانە ، پێویستی بە ڕونکردنەوە هەیە، ڕونکردنەوەی ئەو ڕونکردنەوانەی نوسراون لە کتێبەکەدا، مامۆستا لە ڕێگەی ئاخاوتن وا دەکات قوتابی تێبگات! بەکورتی مامۆستای زانا ئەومامۆستایەیە کە لە نایەکسانیەوە دەست پێدەکات، و زانیاری دەگوازێتەوە بۆمێشکی قوتابی، ئەو مامۆستایە بەڕای ڕانسیەر گەوجێنەرە. باوەڕبون بە نایەکسانی وریاییەکان بنەمای گەوجاندنە و عەقڵ پەک دەخات. ڕانسیەر لەم بەرەیەوە دەڵێت:
ئوستوڕەی پەروەردەیی دونیا بۆ دوو وریایی "   "دابەشدەکات، وریایی بندەست ونزم ، وریایی بەرز و سەردەست.یەکەم بەپێی ڕێکەوت و بەخت لەبازنی تەسکی ڕاهاتن و پێداویستیدا هەستەکانی تۆمار، لەبەر و ڕاڤەدەکات ئەزمونکارانە دوپات دەکاتەوە، ئەمە وریایی مناڵی بچوک و خەڵکی ڕەشۆکییە، وریایی دووەم شتەکان بەهۆکانیانەوە دەناسێت بەمیتۆد دەجوڵێتەوە، لەساناوە، بۆئاڵۆز لەبەشەوە بۆ گشت ، ئەم دابەشکردنەی وریایی ئەفسانەو بنەمای گەوجاندنە.وادەکات هەمیشە وریایی یەکەم پێویستی بەڕونکردنەوە بێت و وریایی دووەم ڕونکەرەوەبێت.
ئەگەرنا هیچ شتێک لەپشت دەقێکەوە نییە، جگە لەئیرادەی خۆدەرخستن، ئەم دابەشکردنە ئەقڵ لەبزوتن دەخات، وبەخۆی بێبڕوای دەکات. 

لێرەوەیە کە دەبینین کەسانێک تا ئەوکاتەی دونیا بەجێدەهێڵن پێویستیان بە ڕونکردنەوە هەیە، بەهەڵکشانی تەمەن ، نابن بەکەسێک بتوانن وریایی خۆیان بەکاربێنن، لەجیاتی خاوەن ڕا بن، ڕای کەسانی دیکە دەبەن، لەجیاتی بیربکەنەوە ، خەڵکیتر بیریان بۆدەکاتەوە، چونکە میتۆدی باو فێری کردون کە دوو جۆر وریایی هەیە وریایی بەرز ونزم. 
نمونەیەک کە عەلی وەردی دەیگێڕێتەوە ڕەنگە لێرەدا ڕونکەرەوەی ئەو ئەفسانەیە بێت، ئەو بنەمای گەوجاندنە ی کە دونیا بۆدوو وریایی دابەشدەکات.عەلی وەردی دەڵێت: ڕۆژێک پیاوێکی پیر لەکاتی وەعزدانی واعیزێک دەگریا.لێم پرسی چی لێ تێدەگەیت.پیاوەکە لەوەڵام دا دەڵێت : جا من چۆن لەوزانا گەورەیە تێدەگەم!ئەمەیە بێباوەڕبون بە عەقڵی خۆ و گەوجاندن.
پێویستە لێرەدا ئاماژە بەوەبکرێت کە مامۆستای زانا ئەو مامۆستایە نییە کە زانستی زۆرە، بلیمەتە ، بەڵکو ناوێکە بۆمیتۆدی فێرکردنی باو، ناوێکە بۆ باوەڕبون بەنایەکسانی توانای هزری.چونکە لەمیتۆدی پەروەردەکردنی باودا، دوجۆر وریایی هەیە، دوجۆر  وریایی نایەکسان وریایی زاناو نەزان، بەو واتایەی لەمیتۆدی باودا مامۆستا خاوەنی زانستێکە دەیگوازێتەوە بۆ قوتابی، لەم میتۆدە دا کە لەسەربنەمای نایەکسانی دامەزراوە، هەوڵدەدرێت کەلێنی نێوان زاناو نەزان کەمبکرێتەوە. قوتابی گوێدەگرێت تا زانستەکەی ئەو مامۆستازانایە وەربگرێت، و پلەبەپلە وریاییەکەی بەرزبێتەوە، بۆئاستی مامۆستاکەی .ئەم میتۆدە فێرکاریە لە ناوەندە پەروەردەییەکانی تریش وەک ناوەندە ئاینیەکان پەیڕەودەکرێت.میتۆدی باو باوەڕی بەنایەکسانی وریایەکان هەیە، میتۆدێکە کە مامۆستا ئەوشتە فێر دەکات کە دەیزانێ ، قوتابیش وەرگرە. لێرەدا پلەبەندییەکی کۆمەلایەتی هەیە پێکەوەلکان و وابەستەیی دوجۆر وریایی هەیە.وریایی زاناو نەزان، نەزان کەسێکە گوێدەگرێت تا لەوڕێگەیەوە ئاستی وریاییەکەی بەرزبێتەوە. بەڵام میتۆدی مامۆستای نەزان پێچەوانەیە، مامۆستای نەزان ئەوشتە فێر ناکات کەدەیزانێ، بەڵکو شتێکت فێردەکات کەخۆی نایزانێت! کڕۆکی ئەم کتێبە هەرئەوەیە ، مامۆستای نەزان، شتێک فێردەکات کەخۆی هیچی لێنازانێت، بەپێچەوانەی مامۆستای زاناوە کە جگە لەوەی دەیزانێت هیچ فێرناکات!بە گوێرەی میتۆدی با و مامۆستایزانا لەڕێگەی فێرکاریەکانیەوە ئاستی ئەوانیتر بەرز دەکاتەوە بۆ ئاستی خۆی، ئەو بەڵێن بەقوتابیەکانی دەدات کە ئەگەر  گوێی لێبگرن ئەوانیش دەبن بەمامۆستاو فێرکار بەنۆبەی خۆیان ، بەڵام مامۆستای نەزان تەنها ئەرکی ملپێکەچکردنی ئیرادەیە بۆ زانین، نەک زانستێکی تایبەت فێربکات.
مامۆستای زانا قوتابی فێرناکات، بەڵکو تەنها وایلێدەکات وریایی خۆی بەکاربێنێت، چونکە مرۆڤ ئیرادەیەکە وریایی خزمەتی دەکات. بەواتایەی مرۆڤ لە میتۆدی مامۆستای نەزاندا ، ئەرکی گواستنەوەی زانیاری نییە بۆ مێشکی قوتابی، بەڵکو وایلێدەکات ئیرادەی هەبێت بۆ فێربون، خۆی فێربێت.خۆی بیربکاتەوە و هەڵبسەنگێنێت و تێبگات ئەمە هەمان شتە کەپێی دەوترێ پەروەردەی گەردونی. مناڵ فێری زمانی دایکی دەبن، بێ مامۆستا، هەموویان وریایی یەکسانیان هەیە، بەڵام کاتێک دەچنە بەردەستی مامۆستای زانا! وریاییەکان نایەکسان دەبن هەندێک هەر فێرنابن یان زۆربەگرانی فێردەبن.چونکە مناڵان پێشتر پێدوایستی و غەریزەی یەکسان هانیاندەدات فێری زمان بن، وەلێ لە سیستەمی باودا ، میتۆدی فێرکاری قوتابخانە ئەم پێاویستی وهاندانە نامێنێت هەربۆیە قوتابی پێویستی بەمامۆستا دەبێت!
ئەم میتۆدە میتۆدێکە لەپێناو ڕزگاری هزری .میتۆدێکە لە پێناویەکسانی، باوەڕی بەیەکسانی وریاییەکان و پەروەردەی گەردونی هەیە. ڕێک دژو پێچەوانەی میتۆدی ڕونکردنەوەیە.بەبڕوای ڕانسیەر ڕونکردنەوە ئەفسانەی پەروەردەیە، ڕونکردنەوە لەپێناو فێرکردنی نوقسان و کەم توانایان نییە، ئەوە ڕونکردنەوەیە پێویستی بەنوقسان وکەمتوانایە نەک بە پێچەوانەوە.
 لێرەدا مامۆستای نەزان کەسێک نییە کەزانستی خۆی بگوازێتەوە بۆ ئەویتر، بەڵکو ئەویتر فێردەکات ئیرادەی خۆی بەکاربێنێت .وریایی لەهەمواندا یەکسانە، ئەوبارودۆخ و هەل ومەرجەکانن نایەکسانی دروستدەکەن . بەبڕوای ڕانسیەر ئێمە لەنایەکسانیەوە ناگەینە یەکسانی، بەڵکو یەکسانی خاڵی دەستپێکە. هیچ وریاییەکی نزم و بەرز لەئارادانییە، بەڵکو ئەوە نەزمی کۆمەڵایەتی، هەڵ و مەرجکانن نایەکسانی دێننەکایەوە، بەڵکو خودی میتۆدی مامۆستای زانایە ئەو جیاوازیە دێنێتەکایەوە ، جیاوازی زاناو نەزان ، قسەکەروگوێگر . هەموکەسێک دەتوانێت لەهەموشتێک تێبگات، هەموو مرۆڤێک بێ ڕونکردنەوە دەتوانێ لەقسەی مرۆڤێکی دی تێبگات، هەموو مرۆڤێک دەتوانێ بیربکاتەوە ، بیرکردنەوە تایبەت نیە بە چینێک و توێژێکی دیاریکراو و ئەوانیتر تایبەت بەگوێگرتن بن.بەڕوای ئەو ئەم باوەڕەی نایەکسانی وریاییەکان ، ئەفسانەی ئەوانەیە کە خۆیان تەرخانکردوە بۆ هزرین، بەهۆی ئەوەی لەبەرامبەردا ئەوانیتر خۆیان تەرخانکردوە بۆ گوێگرتن لەڕونکردنوەی ئەوانیتر. مامۆستا، مەلا ڕۆشنبیر و واعیز...ئەم باوەڕە بەنایەکسانی وریاییەکان نایەکسانی کۆمەڵایەتی لێدەکەوێتەوە، گەوجێنەران دەبنە وتەبێژ ی حەقیقەت ، ئامۆژگاری دەکەن، بانگەشەی حەقیقەتخوازی و خاوەنداریەتی لەڕاستی دەکەن، بەهۆی ئەوەی خەڵکانێک هەن ناتوانن بیربکەناوە، بیرکردناوەیان لەکارخراوە، لەڕێگەی پەروردەی بانکی و باوەڕبون بەنایەکسانی وریاییەکان.ئەوە ئەفسانەی سەردەستانە کە وایکردووە، خەڵکانێک تەنها گوێ لەڕونکردناوەکان بگرن، خۆیان ڕونکردنەوە نازانن، نازانن چی ڕاستە، تێگیشتنیان نییە، لەکۆتایدا هەمیشە پێویستیان بە کەسێکە ڕونکردنوەیان بۆبکات! پێویستیان بەوەیە بەسەعاتان بیرلەڕونکردنوەی کەسانیتر بگرن، بەڵام چرکەیەک بیرنەکەنەوە .بۆخۆیان نەتوانن شتەکان هەڵبسەنگێنن.ناتوانن تێبگەن، بێ ڕونکردنەوە، تەنانەت ڕونکردنەوەی ڕونکردنەوەش! 
ڕانسییەر دەڵێت:  
ئەوەی خەڵک گەوج دەکات، نوقسانی فێرکاری نییە، بەڵکو بڕوایە بەبندەستی ونزمتربونی وریایی خۆیان، ئەوەی کەبندەستان دەگەوجێنێ بەهەمان شێوەسەردەستان دەگەوجێنێت، چونکە تاقەوریایی سەلماو ئەوەیە کەلەگەڵ هاوشێوەکانی خۆی کە توانای سەلماندنی وریاییان هەیە دەدوێ.. مێشکی سەردەست خۆی مەحکوم بەوەدەکات کە بندەستان هیچ کات لێی تێناگەن. 
مامۆستای نەزان مامۆستای کۆمەڵی یەکسانەکانە، کۆمەڵێک کە تێیدا هەموان بیردەکەنەوە، بڕوایان بە جیاوازی وریاییەکان نییە.کۆمەڵێک کەدەزانێت، کە هیچ کەس بەوریاییەکی زیاتر لەدراوسێکەی له دایک نابێت، دەزانێت ئەو سەردەستیەی هەندێک دەینوێنن تەنها بەرهەم وکارکردنی پێداگرانەیە لە ئاستی وشەکاندا.
دەشزانن کە بندەستی ونزمی هەندێکیش بەرهەمی ئەوبارودۆخانەیە کە ناچاریان نەکردووە زیاتر بگەڕێت.بەکورتی  دەزانن ئەوشارەزاییەی فڵان وفڵان هەیانە  هیچ نییە جگە لەخستنەکاری تایبەت وتاکەکەسی ئەوهێزەی کە هەرچی بونەوەری ئەقڵدارە لێی بێبەری نییە.ڕانسیەر دەڵێت:
ڕێزی مرۆڤ بەشوێن و پێگە نەبەستراوە، مرۆڤ بۆ فڵانە پێگەو شوێن لەدایک نەبووە.ئەوە ئیرادەی خۆمانە دەمانکات بەگوێگری مەڕئاسا، یان وتاربێژ و قسەکەری زیرەک. دواجار ڕانسیەر پێیوایە کە میتۆدی مامۆستای زانا کۆمەڵگای نایەکسان ، کۆمەڵگەی مەڕەکان دروستدەکات.بەپێچەوانەوە میتۆدی مامۆستای نەزان کۆمەڵگەی یەکسان دروستدەکات، کە هەموان بیردەکەنەوە، هەموان دەزانن دەتوانن تێبگەن، بێ ئەوەی کەسێکیتر زۆیان ڕ ونبکاتەوە .کۆمەڵگەی نایەکسانیش کۆمەڵگەیەکە کە ناوی دەنێت کۆمەڵی مەڕەکان کە هەر گروپێک پێویستی بەشوانێکی هزری هەیە.کۆمەڵگەی فوتێکردنی کەسانێک کە لەجیاتی هەموان بیردەکەنەوە، کەسانێک کە هەرخۆیشیان باوەڕیان بەوەکردووە خاوەنی وریایێەکی تایبەتن، کە کەسانیتر نیانە.وریاییەکی خودایی!

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە