دەروونناسی پەرەسەندنەکی: سەرچاوە و هۆکاری شێوازی بیرکردنەوە و ڕەفتارەکانی مرۆڤ (بەشی سێیەم)

Wednesday, 07/12/2022, 22:12

7721 بینراوە


بەشی سێیەم: ڕاوکردن و کۆکردنەوەی خۆراک و کێشەی مانەوە

- ڕاوکردن و کۆکردنەوەی خۆراک ڕاڤەی چیمان بۆ دەکەن؟
- بۆچی مرۆڤ بەهارات بەکار دەهێنیت؟
- بۆ حەز لە مەی خواردنەوە دەکەین؟
- میکانیزمەکانی خۆپاراستن لە ژاراویبوون چین؟
- هۆکاری بێزووکردنی ژنانی سکپڕ چییە؟


ئەم بەشە دەربارەی خۆگونجانەکانی مرۆڤی کۆنینەیە لەگەڵ کێشەکانی مانەوە، بەرانبەر بەوانەی داروین ناویانی دەنا بە (هێزی دوژمنە سروشتییەکان)، وەک پێناسەیەک بۆ ئەو هێزانەی دەبنە بەربەست لەڕێی مانەوەی مرۆڤ. مرۆڤی ئەمڕۆکە نەوەی ئەو پێشینانەن کە سەرکەوتنیان بەدەست هێنا لە زۆرانبازیان دژی هێزە دوژمنەکانی هاوشێوەی، کەشوهەوا، کەمی بەروبوومی خۆڕاک، ژەهرەکان، نەخۆشییەکان، کەڕووەکان، ئاژەڵە دڕندەکان، دوژمنایەتی جۆرەکەی خۆی و گەلەکی دیکە.
ئاشکرایە خۆراک هۆکاری سەرەکییە بۆ مانەوەمان و کەسمان ناتوانین بژین بەبێ نان و ئاو، بۆیە زۆرینەی ئاژەڵەکان زیاترین کاری ڕۆژانەیان گەڕانە بەدوای خۆراک. لەم ڕۆژگارەدا شتێکی ئاساییە هەر یەکێک کە برسی دەبێت بچێ بۆ خواردن کڕین، یان ڕوو لە خواردنگەکان بکات، بەڵام پێشینەکانمان ئەوانەی لە ڕووبەرەکانی ساڤانای خاوەن گژوگیا دەژیان، بەو ئاسانییە نەیان دەتوانی خۆراکیان بەدەست بهێنن. بۆ گەیشتن بە خواردەمەنی گونجاو و بڕی پێویست لە وزە، کێشەیەکی هەرە گەورەی مرۆڤی ئەو سەردەمە کۆنینانە بووە، هاوکات دەبووایە زۆر چاک بزانن چی دەخۆن، دوور لە خۆراکە ژاراوییەکان. گرفت و مەترسی ژاراویبوون زۆر بەزەقی بوونی هەیە لەلای مرۆڤ و ئەو ئاژەڵانەی بەبەردەوامی گەلەک جۆرە خواردەمەنی ڕوەکی و ئاژەڵیی دەخۆن. ژمارەیەکی زۆر لە ڕوەکی ژاراوی بوونیان هەیە، بێگومان ڕوەکیش بۆ مانەوەی ژەهر بەبەرهەم دەهێنێت بۆ ئەوەی نەخورێت لەلایەن ئاژەڵەکانەوە.

ڕاوکردن و کۆکردنەوەی خۆراک وەک ڕاڤەیەک بۆ چەند ڕەفتارێک

بەگوێرەی پەرەسەندن چۆنەتی دابینکردنی خۆراک کاریگەرییەکی یەکجار زۆری هەبووە لە خێراکردنی سەرهەڵدانی مرۆڤی ژیر و کارامە. گرینگی ڕاوکردن لە پەرەسەندنی مرۆڤ سەرچاوەی هەرە سەرەکی مشتومڕییەکانە لە مرۆناسی و دەروونناسی پەرەسەندنەکی. چەمکی (پیاوی ڕاوکەر)، تەنیا پێناسەیەک بۆ گەڕان بەدوای خۆراک و بەدەستهێنانی نێچیری گەورە نییە، بەڵکوو کرداری ڕاوکردن بووە هۆی تەکانێکی فرە مەزن بۆ بەرەو پێشەوە چوون و پەرەسەندنەکانی مرۆڤ و بەدیهێنانی کۆمەڵێک دەرەنجامی بایەخداری وەک، زێدەبوونی دروستکردنی ئامێرەکان و بەکارهێنانیان، خێراکردنی گەشەکردن و زلبوونی مێشک، پێشکەوتنی توانا و کارامەیی لە زمان و پێوەندیکردنە پێویستەکان بە کەسانی دیکە لە کاتی ڕاوکردندا.
هیچ جۆر و کۆمەڵەیەک لە جیهانی ئاژەڵاندا نییە هێندەی مرۆڤ گۆشت بخوات، تا ڕادەیەک ئەگەر سەرنج بدەینە سەرەکییەکانیش بە تێکڕای نێزیکەی 250 جۆریانەوە، دەبینین هیچیان لەوەدا هاوتای مرۆڤ نین. بۆ نموونە جۆری شیمپانزییەکان تەنیا 4%ی خۆراکیان گۆشتە، کەچی لە مرۆڤدا ئەو ڕێژەیە خۆی لە %20 تا %40 دەدات، لە سەرما و وەرزی ڕاوکردن دەگاتە 90%.
لەشی مرۆڤ تۆمارگەی مێژوویەکی درێژە لە خواردنی گۆشت، بۆ نموونە ناو زگی مەیموونە باڵاکان، لە ڕیخۆڵەیەکی ئەستووری لوولدراو پێک دێت، بۆ هەرسکردنی خۆراکی ڕوەکیی پڕ لە ڕیشاڵی زبر، بەڵام مرۆڤ خاوەنی ڕیخۆڵە باریکەییە، بۆ تێکشکاندێکی خێرای پڕۆتین و هەڵمژینی بژیەنییەکانی لە گۆشتدا هەن. بەڵگەیەکی دیکە لە ڤیتامین A و B12دا بەدەر دەکەوێت، ئەوانەی زۆر پێویستن بۆ مانەوە، هەردوو ڤیتامینەکە لە گۆشتدا هەن. هەروەها بۆ مرۆڤ سەختە هەموو ماددە پێویستەکانی هاوشێوەی پێکهاتەی سیانۆکۆلۆلامین (Cyanocololamine)، تەنیا لەڕێی خۆراکە ڕوەکییەکانەوە بەدەست بهێنێت.
لەگەڵ ئەوەی ئەو بڕە لە گۆشت و چەورییە ئاژەڵییە بۆ مرۆڤی ئەم سەردەمە کێشەیەکی گەورە و مەترسیدارە، بەڵام ئەمەیان بەڵگەیەکە کە مرۆڤ زۆرینەی کاتی ڕۆژانەیان بۆ ڕاوکردن تەرخان کردبوو، گۆشتیش سەرچاوەیەکی بنچینەیی بووە بۆ هەزاران بەرەی یەک بەدوای یەک.
ڕواکردن و گۆشتخۆری ڕاڤەی چیمان بۆ دەکەن؟
تۆژینەوەکانی لەسەر هۆزە سەرەتاییەکانی ئەمڕۆکە ئەنجام دراون، پێمان دەڵێن ڕاوکەری چالاک و کارامە هەمیشە پلە و پایەکی بەرزی هەیە لە کۆمەڵگەکاندا. لە هەمان کاتدا ڕاوکەری بەهێز و پڕبەرهەم ئەگەری گەیشتن و پێوەندی سێکسی لەگەڵ ژنان پتر دەکات. پێویستە ئەوەش بڵێین ئەوەی گۆشت دابەش دەکات، دەبێ زۆر چاک ئاگادار بێت، لەبەرئەوەی چنۆکی و نادادپەروەری ڕاستەوخۆ دەبێتە لەقکردنی پایەی کەسەکان، زۆرینەی ڕاوکەرەکان هیچ کاتێک ناچن بڕێکی زۆر بۆ خێزانەکەی خۆیان گل بدەنەوە. بۆیە ژمارەیەکی بەرچاو لە ڕواکەرەکان، هێندەی هەوڵی خۆدەرخستن و پلە و پایەن، هێندە گوێ بە بڕە گۆشت بۆ ماڵەکەی خۆیان نادەن، چونکە پایەی کۆمەڵایەتی زۆر سوودی بۆ پیاوان زێدەترە.
گۆشت سەرچاوەیەکی ئابووری گەلەک گرینگە، بۆیە بردنی گۆشت بۆ شوێنی نیشتەجێبوون و دابەشکردنی بەسەر منداڵان، هۆکاری سەرەکی بەشداریکردنێکی چری پیاوە لە بەخێوکردنی منداڵان، ئەو دیاردەیەش لە هیچ شیردەرێک بەو شێوەیە نابیندرێت ئەگەر گۆشتخۆر نەبن. ڕاوکردنی ئاژەڵی گەورە پێویستی بە چەندان کەسە و کاری تاکەکەسی نییە، بۆیە ڕاوکردن دەکارێت هاریکاری و پەیمان بەستنێکی تووندی نێوان ڕەگەزی نێرینەمان بۆ ڕوون بکاتەوە، ئەمەش وەک ڕەفتارێک زۆر بەزەقی لە مرۆڤدا بوونی هەیە. ڕاستە هاریکاری نێر-نێر لە شیمپانزیشدا دەبیندرێت، بەڵام زۆربەی جار کاتییە و هەلپەرستی تێدا بەدی دەکرێت. ئەو یارمەتیدانی یەکدی کاتێک بەرەبەرە تووند دەبێ و پەرە دەسێنێت، دەرەنجام دەبێتە دۆستایەتییەکی سیاسی کۆمەڵەکان، بە مەبەستی هێرشکردن و بەرگریکردن لە نێوان کۆمەڵەیەک و یەکێکی دیکەدا. ڕاوکردن دەبێتە هۆی پێوەندییەکی بەهێزیش بۆ ئاڵۆگۆڕی کۆمەڵایەتی و بەرژەوەندی بەرانبەریەکی، چونکە ئەو پێوەندییە بەرفرەوانەی لەنێوان مرۆڤەکاندا هەیە دەکرێ بە دەیان ساڵ، یاخۆ بەدرێژایی ژیان درێژە بکێشێت.
ئاشکرایە ئەو گۆشتەی لە ڕاوی ئاژەڵێکی گەورە بەدەست دێت، لە پێویستی ڕاوکەرێک بەتەنیا گەلەک زیاترە، هاوکات هیچ ڕاوکەرێکیش نییە هەموو جارێک سەرکەوتوو بێت، ئەو ڕاوکەرەی ئەم حەفتەیە نێچیرێکی باشی ڕاوکردووە، دەشێ لە هەڵمەتی حەفتەی داهاتوو شکست بهێنێت. ئەم بابەتە وا لە ڕاوکەرەکان دەکات هەوڵی دابەشکردنی گۆشتەکەیان بدەن، چونکە ئەو گۆشتە زێدەیەی دەمێنێتەوە، خێرا دەگەنێت. بەڵام ئەگەر بیبەخشێت بەوانەی دیکە، ئەوا سوودمەند دەبێت کاتێک ڕاوکەرێکی دیکە چاکەی دەداتەوە لە داهاتوودا، ئەمەش وەک گلدانەوەی گۆشتی زێدەیە لە لەشی دۆستان و دەر و دراوسێ.
لە لایەکی دییەوە ڕاوکردن ڕاڤەیەکی گونجاومان پێ دەدات دەربارەی دابەشکردنی کار لەسەر بنەمای ڕەگەز، بەوەی نێرینەی بەهێز و تیرهاوێژی بەتوانایە بۆ ڕاوکردن، ژنانیش لەبەر خەریکبوونیان بە منداڵەکانیانەوە دەتوانن خۆراکی ڕوەکی کۆ بکەنەوە گەرچی منداڵیشیان هەڵگرتبێت.
تۆژینەوە هاوچەرخەکان دەیسەلمێنن گەرچی بۆ خۆشی و ڕابواردنیش بێت، پیاوان زیاتر حەزیان بە ڕاوکردن و ماسی گرتنە، ژنانیش ئارەزووی کۆکردنەوەی خۆراکی ڕوەکیین، ئەگەر نیشتەجێی لادێ بن، یان لە گەشتوگوزاریاندا.
پاش ئەمانە ڕاوکردن هۆکاری سەرەکی داهێنانی مرۆڤە لە بەکارهێنانی کەرستە و ئامرازی بەردینی، چونکە کاتێک ئەو ئامرازە بەردینییانە دەدۆزرێنەوە، ئەوا لە هەمان شوێن ئێسکی ئاژەڵە گەورەکان دەبیندرێن کە هەندێکیان بۆ نێزیکەی دوو ملیۆن ساڵ لەمەوبەر دەگەڕێنەوە. هەندێک لە تۆژینەوەکان پێمان دەڵێن دەشێ ئامرازە بەردینییەکان نەک تەنیا بۆ ڕاوکردن، بەڵکوو هەڵکەندن و کۆکردنەوەی ڕوەکیشی ئاسان کردبێ.
لەبەرئەوەی کار و ئەرکی پیاوان ڕاوکردنە و هی ژنانیش کۆکردنەوەی خۆراکە، دەکارین پێشبینی ئەوە بکەین کە هەریەکە لە ژنان و پیاوان تواناکانیان بۆ ئەنجامدانی ئەو چالاکییانە باشتر بێت کە هاوشێوەی ڕاوکردن و کۆکردنەوەن.
دەرەنجامی کۆمەڵێک لە تۆژینەوەی زانا و پسپۆڕانی ئەم بابەتە دەیسەلمێننن، پیاوان خاوەنی توانایەکی بەرزن لەو ئەرک و فەرمانانەی بەندن بە ڕێ و شوێنی چالاکییەکانی ئەنجامدانی ڕاوکردنێکی سەرکەوتووی وەک، دەستنیشان کردن و ئاگاداربوون لە جووڵەی ئاژەڵەکان و گرتنەبەری ڕێی گونجاو بۆ ڕاکردن بەدوای نێچیر، هەڵبژاردنی کاتی هێرشکردن، چۆنەتی هاوێشتنی تیر و بەکارهێنانی ئامرازەکان و شەڕکردن بۆ کوشتنی ئاژەڵی ڕاوکراو. لەبەرئەوەی زۆربەی جار ڕاوکەر تەواو دوور دەکەوێتەوە لە شوێنی نیشتەجێبوون، بۆیە ناسینەوەی ڕێی گەرانەوە و ووننەبوون و وردبینی لە سەرنجدان بە بەرزی و نزمی و سروشتی ناوچەکان، گرینگییەکی زۆری هەیە بۆ پیاوان. ژنان بەهۆی کارکردنیان لە کۆکردنەوەی ڕەگی ڕوەکەکان و سەوزی و میوەی گونجاو کە بۆ خواردن بشێن، گەلەک شارەزان لە دۆزینەوەی خێرای شوێنی شتەکان و بیرکەوتنەوەیان، رێکخستنی ڕێکوپێکی شتومەکەکانی کە پێوەندییان بەیەکەوە هەیە. ئەمەشە وای لە پیاوانی ئەم سەردەمە کردووە، لە خوێندنەوەی نەخشەکان و دۆزینەوەی خێرای ناونیشانی شار و ماڵەکان و شوێنی مەبەست لە کاتی گەشتوگوزاردا، هەروەها لە دیارکردنی ئاراستەکانی باکور و باشور و ئەوانەی دی. ژنانیش لە شتەکانی سەر زەوی و وردبینترن و شارەزاترن بۆ ناوەکان و پۆلێنکردنی جۆری گوڵ و ڕوەکەکان، لە ماڵەوەش ژن زۆر لە پیاو باشترن لە دۆزینەوەی شوێنی شتەکانی ناو ماڵ، گەرچی بەخۆشیان ڕێکیان نەخستبێت.

بۆچی مرۆڤ بەهارات بەکار دەهێنیت؟

لەگەڵ ئەوەی خواردەمەنی پێداویستی هەرە سەرەکی مانەوەیە، بەڵام گەلەکیش مەترسی دێنێتە کایەوە، لەبەرئەوەی ئێمە لە کاتی خواردندا کۆمەڵێک وردە زیندەوەر لەگەڵیدا دەچنە ناو لەشمان، لەوانەیە تووشی چەندان جۆرە نەخۆشیمان بکەن، بۆیە هەندێ جار دووچاری ئازاری گەدە و ڕشانەوە دەبینەوە.
خۆشبەختانە ئەمڕۆکە دەتوانین زۆربەی ئەو مەترسییانە دوور بخەینەوە، بەڵام بۆ پێشینە کۆنینەکانمان بەر لە نەبوونی خۆراکی خاوێن و ئامێرە ساردکەرەوە و بەفرگرەکان بۆ پاراستنی خواردەمنییەکان بۆ کاتێکی درێژ، کێشەیەکی زۆر گەورە بوو. هەرچەندە چێشتلێنان بە ئاگر (پێش نێزیکەی 1.6 ملیۆن ساڵ) بووە چارەسەرییەکی چاک، بەڵام دەشێ بەکارهێنانی بەهاراتیش لەپاڵ ئاگردا یارمەتیدەرێکی دیکە بووبێ بۆ لەناوبردنی ئەو زیندەوەرە زینبەخشانە.
بەکارهێنانی هەندێ ڕوەکی تایبەتی و بەهاراتەکان لەلای مرۆڤدا بۆ مێژووەکی گەلەک کۆن دەگەڕێتەوە. گەڕیدە و دۆزەرەوە ناودارەکانی وەک مارکۆ پۆڵۆ و کریستۆفۆرس کۆڵۆمبس دووچاری چەندان مەترسی مەزن بوونەتەوە، لە گەڕانیاندا بۆ ئەو خاکانەی لە بەهارات دەوڵەمەند بوونە. ئەمڕۆکە بەدەگمەن کتێبێکی چێشتلێنان دەدۆزینەوە ئاماژەی بەناوی کۆمەڵێک لە بەهاراتی جۆراوجۆر نەدابێ.
بەهاراتەکان لە، گوڵ، ڕەگ، تۆو، بەر، دار و دەوەنی ڕوەکەکان بەبەرهەم دەهێندرێن، بۆنێکی تایبەتییان هەیە، هەروەها تامێکی خۆش بە خواردەمەنییەکان دەبەخشن لەبەر ئەو پێکهاتە کیمیاییانەی پێیان دەگوترێت، پێکهاتە لاوەکییەکان. ئەو پێکهاتانە لە ڕوەکەکاندا دەبنە هۆی بەرگریکردن بەرانبەر هێرشی ئاژەڵە ڕوەکخۆرەکان و زیندەوەرە زیاندەرەکان.
بە نموونە، لەبەرئەوەی وڵاتێکی وەک ژاپۆن کەمترین ڕێژەی بەهارات بەکار دەهێنن، دەبینین ڕووداوی ژاراوی بوونی بەکتریاکان گەلەک بەرزە (29 بۆ 100.000)، بەڵام لە کۆریادا خەڵکەکەی زۆر حەزیان بە بەهاراتی جۆراوجۆرە خۆی لە (3 بۆ 100.000) دەدات. هۆکارەکە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، ژاپۆنییەکان دەمێکە فێرە خواردنی ماسی تەڕ و تازەی ئاوی خۆماڵی بوون، بەڵام لەم دواییانەدا دەستیان بە هاوردەی ئەو ماسییانە کردووە، بەمەش هەلێکی زیاتر بۆ بەکتریاکان ڕەخساوە تا زیاتر بڵاو ببنەوە. 
ئەگەری ئەوە هەیە مرۆڤ بەڕێکەوت بەهاراتی دۆزیبێتەوە، یان بە ئەزموون و تاقیکردنەوە، بەوەی پاش بەکاربردنی جۆرە خواردەمەنییەکی کە هەندێ ڕوەکی تایبەتی تێدا هەبووە، هەستیان بە سووکبوونی هەندێ لە نەخۆشییەکان کردووە.
بۆچی مرۆڤ لە خواردەمەنییەکانیدا هێندە بەهارات بەکار دەهێنێت؟
ژمارەیەکی زۆر لە سەرچاوەکان پشت دەبەستن بەم گریمانەیە بەهۆی ئەوەی؛
- گشت ئەو 30 دانە بەهاراتە ناسراوانەی زانیاریمان لەسەریان هەیە، سەلمێندراوە کە دەتوانن زۆربەی جۆرە بەکتریاکان بکوژن لەو چێشتانەی تاقیکردنەوەیان لەسەر کراوە، هەندێکیان گەلەک بەهێزن لە کوشتنی بەکتریاکان وەک، سیر، پیاز، بیبەری تیژ و ئۆریگانۆ.
- لە شوێنە کەشوهەوا ساردەکاندا، خۆراکی ساردنەکراو بەخێرایی تێک دەچێت و پڕ دەبێت لە زیندەوەرە وردە مەترسیدارەکان. لە هیندستان، چێشتێکی نموونەیی ئامادەکراو لە گۆشت، نۆ جۆرە بەهاراتی تێ دەکرێت، بەڵام لە کەشی ساردی وڵاتی نۆرویژ خۆی لە دوو دانە دەدات لە هەمان جۆرە چێشتدا.
- ئاشکرایە چێشتی لە گۆشت دروستکراو بەهاراتی زۆر زیاترە لەوەی ڕوەکەکان.

بۆ حەز لە مەی خواردنەوە دەکەین؟

ئاژەڵە سەرەکییەکان نێزیکەی 24 ملیۆن ساڵە بەری ڕوەک و میوە دەخۆن. زۆربەی سەرەکییەکانی وەک، مەیموونی شیمپانزی، ئۆرانگئوتان و گیبۆن، بە پلەی یەکەم میوەخۆرن.
بێگومان میوە تەواو پێگەیشتووەکان پتر ئارەزوو دەکرێن، ئەوانەی بە ڕێژەیەکی زۆر شەکر و ئیسانۆل (سەرخۆشکەر) لەخۆ دەگرن، ئیسانۆلیش بەڵگەی پێگەیشتنی میوەکانە. لەڕاستیدا سەرەکییەکان بە مرۆڤیشەوە، بەدرێژایی مێژووەکی ملیۆنان ساڵی بڕێک لەو ئیسانۆلەیان لەڕێی میوە پێگەیشتووەکانەوە بەکار بردووە.
مرۆڤی ئەم ڕۆژگارەمان زۆر دوورن لەو ڕێژە نزمەی بەکارهێنانی ئیسانۆل، چونکە هەرچۆنێک بێت لە بەرێکی پێگەیشتوو بڕی پێکهاتەی سەرخۆشکەر ناگاتە 0.6 لە سەدا (واتە 0.01 لە خوێن)، ئەمەش ڕێژەیەکی کەمە و دوورە لە پێناسەی بڕی یاسایی ماددە سەرخۆشکەرەکان (0.08 لەسەدا). 
پێشینەکانمان خاوەنی بەرمیلە بیرە و شووشەی مەی و ویسکی نەبوونە کە ڕێژەیەکی گەلەک بەرزی ئەلکهولیان تێدایە. چونکە بەپێی گریمانەی (بەرهەمهێنی لاوەکی) خواردنی میوە، ئارەزووی مرۆڤ بۆ خواردنەوەی ئەلکهول خۆگونجانێکی پەرەسەندوو نەبووە، بەڵکوو هاندەرێک بووە بۆ ڕاهاتن و خواردنی بڕێکی زۆر لە میوەی پێگەیشتوو. جگە لە تامەکەی ئەلکهول، بۆنێکی تایبەتیشی هەیە بۆ ڕاکێشانی سەرنجی بوونەوەرەکان کە ئەو شتە ڕێژەیەکی باش لە وزە و کالۆری لەخۆ دەگرێت.
بە خۆگونجان مرۆڤ میوەی پێگەیشتووی بە چاکتر داناوە لە هی دیکە، بەڵام لەم جیهانەی ئەمڕۆماندا، ئەم خووە بەلایەکی دی بردراوە بەهۆی دروستکردنی چەندان جۆر لە خواردنەوەی دەستکرد، بە ڕێژەیەکی یەکجار بەرزی ئەلکهول. واتە دەشێ ئالوودەبوونی ئێستە بەرهەمێکی لاوەکی بێت بۆ زێدەڕۆیی میکانیزمەکانی هاندەری خواردنی میوە. کەواتە ئەو دەمەی خواردنەوەیەکی سەرخۆشکەر دەنۆشیت، بیر لە پێشینەکانت بکەوە کە بەشێوازی خۆیان ئاهەنگی مەیخواردنەوەیان دەگێڕا، بەوەی پێکەوە لە دەوری دارێک کۆ دەبوونەوە بۆ خواردنی بەرە پێگەیشتووەکەی.

تاڵی خواردەمەنییەکان و ژاراویبوون

بەشکردنی خۆراک و ئامادەکردن و نانخواردن لەلای مرۆڤدا تەنیا دابینکردنی وزە نییە، بگرە بووەتە هۆکاری پێکەوەبوون و خۆشویستن و پتەوبوونی پێکبەندی کۆمەڵایەتی. جگە لەوە چەندان زاراوە و دەستەواژەی باو لە بابەتی خواردەمەنییەکانەوە وەرگیراون. بە چیرۆکێکی وێژەیی دورودرێژ دەگوترێت، قووتدانی سەختە، پەخشانێکی قووڵ و ئاڵۆز (هەرسکردنی ئاسان نییە)، بە گوتەیەکی مانادار دەڵێین (شیرین)، کتێبێکی باش بەدەستهێنانی شتێکی باشە (بەرهەمێکی بەردارە)، هەناسەساردی و نەگەیشتن بە ئامانج (ترشی و تاڵی). بەکورتی خۆراک چووەتە ناو خەریکبوونە دەروونییەکانمان، گوتە و دەربڕینەکانمان، پێوەندییە کۆمەڵایەتییەکانمان، بیروباوەڕە ئاینییەکانمان.
خۆراکی ژینگەی ئەمڕۆمان جیاوازییەکی زۆری هەیە لەگەڵ ئەو خۆگونجانەی بۆ خواردەمەنییەکان وەرمان گرتووە لەڕێی پەرەسەندنەوە. ڕۆن و شەکر لە ڕابردوودا دوو سەرچاوەی گەلەک دەگمەن و پڕبایەخ بوون، کەچی ئێستە زۆر بەئاسانی چەندەی بمانەوێت دەکارین بەدەستی بهێنین. ئەم گۆڕانەی خۆراک کۆمەڵێک ڕەفتاری نائاسایی و زیانبەخش لەگەڵ خۆی دەهێنێت دژ بە گونجان و مانەوەمان لە ژیان.
هاوکات مرۆڤ بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی بەرانبەر بە ژەهرە سروشتییەکان بە شێوازێکی تایبەتی پەرەی سەندووە، بە شێوەیەک بۆ هەموو ئەو شتانەی بۆنێکی ناخۆش و تامێکی تاڵیان هەیە، لەلاماندا چەند کاردانەوەیەک دروست دەکەن وەک، بێزکردنەوە، لەگەروو گیربوون، تفکردنەوە و ڕشانەوە، بۆ پارێزگاریمان لە خواردنی خۆراکی زیانبەخش و ڕزگارکردنمان لەو شتانەی بەهەڵە قووتمان داون.
بێزکردنەوە خۆگونجانێکی گرینگە بۆ پاراستنی لەش لە هێرشی ڤایرۆس و بەکتریاکان و تووشبوون بە نەخۆشییەکان. لە تۆژینەوەیەکدا داوا لە خەڵکانی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ژاپۆن کرا بۆ دانانی لیستێک بۆ قێزەوەنترین شت لەلایاندا، پیسایی و دەردراوەکانی لەش لە پێشەوەی هەموو ئەوانەی دیکە بوون. ئاشکرایە پیسایی مرۆڤ توخم و ژەهر و کەڕوو و بەکتریای زیانبەخشی زۆری تێدایە، بەتایبەتی بۆ مرۆڤ مەترسییەکی گەورەی لێ دەکەوێتەوە، لەبەرئەوەشە ئەو بێزکردنەوەیە وەک بەرپەرچێک پەرەی سەندووە بۆ پاراستنی لەش و خۆبەدوورگرتن لە شتگەلە پیس و بۆگەنەکان.
بەڵام لەگەڵ بوونی ئەمانەش مرۆڤ دەتوانێت لەهەندێ دۆخ و هەلومەرجی نائاسایی و ناچاریدا، فەرمانی ئەو کاردانەوانە بوەستێنێت، یان دەستیان بەسەردا بگرێت لەپێناو چارەسەرکردنی کێشەیەکی مەزنتری خۆگونجان. بۆ نموونە، لە ئەزموونێکدا داوا لە دایکان کرا پیسایی کۆمەڵێک مناڵی جیاجیا بۆن بکەن، دەرەنجام بەدەر دەکەوێت کە دایکان کەمتر بێزیان لە پیسایی منداڵی خۆیان دەبێتەوە بە بەراورد بە منداڵانی دیکە. هاوشێوەی ئەمە مرۆڤ پێی دەکرێت بێزکردنەوەی لە خواردنی گۆشتی مرۆڤ ڕابگرێت، لەو کاتانەی تەواو برسی دەبن و ترسی مردنیان لێ دەنیشێت. چەندان بەڵگە دەست دەکەون لەسەر ئەوەی لە مێژوودا مرۆڤ هەندێ جار پەنای بردۆتە بەر خواردنی گۆشتی مرۆڤ لە کاتی برسیێتی و قاتوقڕییە گەورەکاندا.

هۆکاری بێزووکردنی ژنانی سکپڕ لە هەندێ جۆرە خواردەمەنی چییە؟

هەندێ لە ژنان لەسەرەتای سێ مانگی سکپڕی تووشی بێزووکردن، یان بێزکردنەوەی سکپڕی دەبن (جیاوازە لە ئارەزووکردن لە هەندێ جۆرە خواردەمەنی)، واتە هەستیارییان و کاردانەوەیان بە هێڵنج و ڕشانەوە بۆ چەند جۆرە خۆراکێک پتر دەبێت.
تۆژینەوەکان دەڕواننە بێزووکردن وەک خۆگونجانێک بۆ پاراستنی دایکان لە وەرگرتن و قووتدانی ماددەی تێراتۆگینز (Teratogens)، ئەوەی جۆرێکە لە ژەهرەکان و دەشێ زیاندار بێت بە کۆرپەلە. ژمارەیەکی زۆر لە بەری ڕوەکەکانی دەیان خۆین لەوانە، سێو، مۆز، پەتاتە، پرتەقاڵ، هەروەها سەوزەی وەک، کەرەوز، بروکولی و قەرنابیت و هی دیکە، بۆ بەرگریکردن لەخۆیان بڕێک ژەهر بەبەرهەم دەهێنن. هەروەها هەندێ جۆرە بەهارات کە بۆ تام خۆشکردنی خورادەمەنییەکانمان پەنایان بۆ دەبەین، ماددەی سارۆل (Sarole) لەخۆ دەگرن، ئەم ماددەیەش جاری وا هەیە دەبێتە هۆی بازدانەکان و تووشبوون بە شێرپەنجە. لێرەدا مرۆڤەکان بەتایبەتی ژنانی سکپڕ ڕووبەڕووی کێشەیەکی مەزن دەبنەوە، لە لایەک پێویستیان بە بەری گەلەک جۆرە ڕوەک هەیە بۆ خۆراکیان، لە لایەکی دیکەوە دەکەونە ژێر باری ئەو ژەهرانەی تێیاندا هەن.
لە ڕاپرسی و تۆژینەوەکاندا بەدەر دەکەوێت، بێزووکردنی ژنانی ئاوس لە کۆی 400 ژن، بۆ قاوە (129) ژن، پاشان گۆشت (124)، دوای ئەوە سەوزە (44)، کەچی تەواو پێچەوانەی ئەمە تەنیا (3) ژن لە نان، هیچ یەکیانیش بێزووی لە دانەوێلەکان نەکردووە. زۆرینە دووچاری هێڵنج هاتنەوە بوونە کاتێک بۆنی خواردنی سورەوەکراو و برژاویان کردووە، ئەوانەی ماددەی تووشکەر بە شێرپەنجەیان تێدا پترە. هەندێکیان بووراونەوە ئەو دەمەی خۆراکێکی گەنیوویان بۆن کردووە کە پڕن لە بەکتریای بەرهەمهێنەری ژەهرەکان. کامەیان ئەو جۆرە خۆراکانە بخوات دەڕشێتەوە، ڕشانەوەش ناهێڵێت ژەهرەکان بچنە ناو خوێنی دایک، لەوانیشەوە بگوێزرێنەوە بۆ ئاوەلەمە کە لە قۆناغی گەشەکردنە.
بەکورتی هەموو ئەو خواردنانەی ژنانی سکپڕ بێزووی پێ دەکەن، لە لیستی ئەو خۆراکانەن کە زێدەترین ڕێژەی ژەهریان تێدا هەیە. بۆ نموونە، گۆشت دەرەنجامی شیبوونەوەی کەڕوو و بەکتریاکان گەلەک جار ئەگەری زۆرە بۆ ژاراویبوون، بۆیەش ژنان لە مانگەکانی سەرتای سکپڕبوونیان، زێدە هەستیارن بەرانبەر بە گۆشت خواردن.
ئەوەی زانراوە ئاست و تووندی بێزووکردن پتر دەبێت لەو کاتانەی ئاولەمە کەمترین بەرگری هەیە بەرانبەر بە ژەهرەکان، لە نێوان دوو حەفتە و چوار حەفتەی پاش پیتاندن، واتە لە قۆناغە سەرەکییەکانی گەشەکردن. پاشان چەندە ئاوەلەمە زیاتر پێدەگات، ئەوا دایکەکان بێرووکردنیان کەمتر دەبێتەوە.
بەڵگەیەکی دیکە بۆ ڕاستبوونی ئەم گریمانەیە ئەوەیە، ئەو ژنانەی لە چەند حەفتەی قۆناغەکانی سەرەتایی سکپڕی بێزووکردنیان لەلادا ڕووی نەداوە، تووشی لەبارچوونی خۆنەویست بوونە، بەڕێژەی سێ هێندەی ژنانی کە بێزووکردنیان هەبووە.
گرینگی ئەم بابەتەی خۆگونجان لەوەدایە، کاتی خۆی دیاردەی بێزووکردنی ژنانی سکپڕ وەک نەخۆشییەک دەبیندرا و زۆربەیان بەدوای چارەسەری دەگەڕان بۆی، کەچی دەرکەوت میکانیزمێکی داڕێژراوی ڕێکوپێک و وردە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هێزێکی سروشتی دوژمنکارانە، ئەوەی هەڕەشە لە مانەوی منداڵ دەکات پێش لە دایکبوون.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە