فوول مواسەفات

Monday, 12/12/2022, 21:46

3887 بینراوە


 دوێنی پێم نا بە جەرگی خۆماو ووتم قەیناکە با ئەم پینج خولەکەش بە فیرۆ بدەم بزانم ئەم شێخە ئەیەوێ چیمان پێ بڵێ و پەیامی چیە... ڕاستیەکەی لە فەیسبووك شێخ دلێر برای شێخ جەعفەر دیاربوو لە هۆڵێك لە قەرەداغ چەند کەسێکی بۆ کۆکرابۆوە و خەریکی ئامۆژگاری و واعز کردنی ئەو رەعیەتەکەی بوو ..جا با پێکەوە بزانین ئەم شێخە ئەیوویست چی بە کڵۆڵ و کاڵفانە بڵێ کە هەر هەموویان دەم داخراو و گوێ قوڵاغی بوو بوون و یەك پرسیاریان ئاڕاستەی نەکرد و گوێمان لە کاردانەوەیان نەبوو..
ئەم کابرایە وا خۆی شێن و مرۆ کردبۆوە وەك ئەوەی هەرچی خەڵکی ئەو دەڤەرەیە زۆریان لێ کردوە تا بێت و قسەیان بۆ بکات و داوای ئامۆژگاریان لێ کردبێ.. جارێ پێش هەموو شتێ کەوتە سەرو گوێلاکی تاك و خیزان و کۆمەڵگا.. ئەم کابرایە پێی وایە سەراپای کۆمەڵگای کورد سەرەو ژوو بوە و هۆکاری ئەم تێك و پێکدانەی گەڕاندەوە بۆ پەروەردە لە ماڵ و لە خوێندگاکاندا. شێخ دلێر ڕەخنەی دونیای لە تاک و خێزان و کۆمەڵگای کورد گرت و هەرچی نووشستی و کەوتن و ماڵوێرانیە هێنای بەسەر ئەمانەدا،، لەتەك ئەمانەشدا ڕەخنەی لە بواری پەروەردە و زانکۆ و مامۆستا ئەگرت بەو پێیەی وەك پێوست کاری خۆیان ناکەن.
من نازانم ئەم کابرایە چ پۆستێکی هەیە لە حکومەت و حزب و کۆمەڵگادا تا بەو شێوەیە بتوانێ ڕەخنە لە زۆربەی زۆری ئەو لایەنانە بگرێ کە لەڕاستیدا ئەوانەی وایان لە تاك و کۆمەڵگای کورد کردوە بەم ڕۆژە بگا ئەوا حزب و سەرکردەکانی ئەم حزب و لایەنانەن کە ئەم بەهیچ کلۆجێ ناوی نەهێنان. ڕەنگە زۆربەمان چاوەڕێی ئەوەین کە سەرکردە و حزبەکان خۆیان بێن و شکستەکان بخەنە ئەستۆی خۆیان و سەرکردەکانیان ، کەچی ئەم شێخە بە پێچەوانەوە تاك و خێزان و پەروەردە بە کەم تەرخەم ئەزانێ لەئاست ئەم پاشا گەردانیە.
ئەم کابرایە ڕەخنەی لە بواری پەروەردە،تەندروستی،بازرگانی،کۆمەڵایەتی گرت بەبێ ئەوەی هۆکارە بنەڕەتیەکان باس بکا کە ئەوە حزبە کوردیەکانن لەگەڵ سەرکردەکانیان ئەم بارودۆخەیان بۆ خەڵکی هێناوەتە گۆڕێ کە هیچ کات دوژمنی داگیرکەری کورد نەیتوانیوە بە قەدەر ئەمان زیان بەگەلی کورد و کوردستان ، بگەیەنن. ئەم کابرایە وەك جەماعەتی بارزانیەکان درۆزنە کە بەناوی کوردایەتیەوە گەورەترین خیانەت لە کورد ئەکەن و بەناوی ئابووری سەربەخۆ هەرێمێکی ٥ ملیۆنیان بۆ بەڕێوە ناچێ و قەرزێکی ٨ ملیار دۆلاریان بۆ میلەت جێهێشتوە و کوردستانیان بەرەو تەعریب بردوە و کوردستانیان وێران و بێ داهاتوو کردوە.
کاکە شێخ ئەڵێ ئەبێ وەك من بن، ڕێز و خۆشەویستی پەیڕەو بکەن .. هاوسەر و خێزان و هاوژینەکانتان خۆشبوێ و ڕێزیان لێ بگرن..کاکە شێخ ئەڵێ من تەنها یەك سەعاتە هاوسەرەکەم بە جێهیشتوە و ئێستا بیری ئەکەم و زۆریشم خۆش ئەوێ.. بەبێ ئەوەی کەسێ لێێ ڕاست بێتەوەو پرسیاری ئەوە بکا..باشە هیچ نەبێ وەك جەماعەتی بارزانی مەبە و ناوی هاوسەرەکەت بڵێ و لەگەڵ خۆتا بووهێنانە بۆ ئێرە و با لەگەڵماندا بوایە..وەیان باسی ئەوە ئەکا کە پێوستە مامۆستا لە خوێندنگاکان دانەبڕێن و وانەکانی خۆیان بڵێنەوە و پاشان دوای دەوام خۆپیشاندان بکەن و داوای مافی خۆیان بکەن.. ئەم کابرایە باوەڕی بە بایکۆت نیە و ئەڵێ پێوستە مامۆستا قەت مان نەگرێ.. پاشان لەهەمووی خۆشتر دێت و باسی یاسا ئەکا و ئەڵێ پێوستە لەم ووڵاتەی ئێمە یاسا هەبێ و هەموان ملکەچی بێن، کەچی برازاکانی خۆی هەر کات بیانەوێ ئارامی شاری سلێمانی تێك ئەدەن و لە چوار لولەوە ئاسمانی شار بە فیشەکی گڕدار کون کون  ئەکەن و خەریکی هێنانی دەرمان و ماددەی هۆشبەرن و ناشبێ کەس دەست بخاتە کاریان و بەربەستیان بۆ دروست بکەن.
ئەم شێخە فوول مواسەفاتە بەوەشەوە ناوەستێ و ئەڵێ ئەبێ کوردستان بپارێزین و نەیەڵین دوژمنان تەراتێنی تیا بکەن.کەچی براکەی سەری قۆپی قەراغی پڕکردوە لە میت و جەندرمەی تورکی و هەڕچی درۆنە کە بۆ تیرۆری پەکەکە لەو ناوچەیە لێیان تیرۆر ئەکا بە چاوساغی ئەمانە.
بەداخەوە ئەمڕۆ لە باشوور ئەوانەی گەورەترین خیانەت و دزی و کورد کوشتن و پێشێلکردنی مافی خەڵک ئەکەن ئەو سەرکردە و حزبانەن کە بەناوی کوردایەتیەوە و بەجلی کورد و کڵاشی دۆمیەوە هەرچی نالەباریە بەرانبەر ئەم گەلە کردویانە و سڵ لە هیچ ناکەنەوە، ئەم جۆرە ڤایرۆسانە وا کەوتونەتە جەستەی ئەم میلەتە دوا بڕیاریان ئەوەیە بەتەواوی لەناوی بەرن و کوردستانیش بدەنە دەست داعش و تورك و عەرەب..

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە