یاخیبون بەرهەمی عەقڵ وهوشیارییە

Friday, 16/12/2022, 23:09

4471 بینراوە


یاخیبوون ئەوە نییە لە ڕێی لایەنێکەوە بەگژ لایەنێکی دیکەدا بچینەوە، یانیش لەسەنگەری لایەنێک بیت دژ بە لایەنێکی تر ، تودۆرۆڤ گوتەنی: یاخیبوون ئەوەیە بە تاقی تەنیا لە فەزای گشتیدا ڕۆڵێکی سیاسی ،کلتوری،فیکری جیاواز بگێڕیت، یاخیبوون ئەوەیە: بتوانین ڕەچاوکردنی بەهای باڵای ئینسانی بکەین ، وەک “ گاندی و ماندێلا “ وەک “بۆریس باسترناک و ئەلێکساندەر سۆڵجەنستین” ملکەچی ئەو هێزانە نەبین کە دەخوازن دەستەمۆمان بکەن ،یاخیبوون ئەوەیە کە هەمووان دەڵێن: بەڵێ، لەو کاتەدا تۆ بڵێیت: نەخێر!
ئەلبێر کامۆ لە کتێبی “ مرۆڤی یاخی “ دا کە یەکێکە لە کتێبە سەرەنجراکێشەکان لەبارەی مرۆڤی یاخییەوە دەڵێت : “ مرۆڤ بۆ ئەوەی هەبێت، دەبێ یاخی بێت  و یاخیبوون لە پێناو رزگارکردنی خودی تاکە لە کۆو خاڵی وشیاربوونەوەی تاکە بەرامبەر بە ناهەقییەک، کە لە گۆڕێدایە “. لەشوێنێکی تردا “ئەلبێر کامۆ” دەڵێ :” مرۆڤی یاخی دونیابینی کۆن دەڕوخێنێت و جیهانبینیەکی نوێ دروستدەکات”. بەدرێژایی مێژووی کورد رۆحیەتی یاخیبوون ژانرێکی پڕ جوڵە بووە لای شاعیرانی کورد ، ئاخر بۆیە ئەوانەی راستگۆیانە شیعریان نوسیووەو  شاعیری راستەقینە بوون لە یاخیبوونێکی بەردەوامدا بوون ، لە بابە تاهیری هەمەدانییەوە بۆ ئەحمەدی خانی ، نالی ،فایەق بێکەس ، پیرەمێرد ، شێرکۆ بێکەس تا دەگاتە پەشێو لە دۆخێکی یاخیدا شیعریان نوسیووەو لەگەڵ ئازاری نیشتیماندا بوون . 
جۆرج تەرابیشی هەر ڕەخنەی لەوانی دیکە نەدەگرت، بوێری ئەوەی هەبوو ڕەخنە لە خودی خۆیشی بگرێت و ئەو دونیابینییەیش بداتە بەر ڕەخنە کە ساڵانێک خۆی بانگەشەی بۆ کردووە ،راستە تەرابیشی لە سەرەتای ژیانیدا بەعسی بووە، بەڵام دواتر دەستی لەو حیزبە دەستی کشایەوە، بە پێچەوانەی کەسانی هەلپەرستەوە، تەرابیشی کە واز لە بەعس دەهێنێت، دەبێتە مارکسیست و دواتر لە فیکری وجوودی نزیک دەبێتەوە ، هەرگیز بیری لە ماڵی دونیا نەدەکردەوە، لە ئاستێکی (نزم)ی ژیاندا ڕۆژانی بەڕێ دەکرد، بەڵام فیکرو رۆح و ویژدانی کەوینەکراوی (بەرز) دەفڕی و بەرهەمی قەڵەمی ئاوێنەی ڕوون و ڕاستگۆی خودی خۆی بوو.
لە رۆژگاری ئەمڕۆماندا هەندێک مرۆڤ کە خۆیان پێ مرۆڤی یاخییە لە وڕێنە بەولاوە هیچی دیکەیان پێ نییە ، مرۆڤی یاخی دژی توندوتیژییە، دژی ڕقە ، ئەها ماندێلا رقی لە سپی پێستە راسیستەکان نەبوو ، ئێ خۆ گاندیش بە گژ توندوتیژیدا چویەوە بێ ئەوەی هانا بۆ زەبروزەنگ ببات ! گرنگ نییە تۆ سەر بە چ ئایدۆلۆژیاو چ ئایین و چ بیروباوەڕێکیت ، گرنگ ئەوەیە کە یاخیبویت ڕەچاوی ئاکاری بەرزی مرۆڤدۆستی بیت و پەنا بۆ ئیرهابی فیکری و توندوتیژی نەبەیت ، ئەو ئاوەی کە حەفتا ساڵە پارتی و یەکێتی ڕشتویانە مەبەستم ( ڕقسازی و توندوتیژی و جنیودان بەیەکتر ) نابێت ببێتە کلتور لای مرۆڤی یاخی ، کاتێک حەوزەکە پیس ئەبێت نابێت خۆتی تێ فڕێ بدەیت و شڵپە شڵپ بکەیت و ببیتە بەشێک لە بەرهەمهێنانی رق و توندوتیژی و جنێودان دەبێ حەوزەکە پاک بکەیتەوە ئاخر یاخیبوون بەرهەمی عەقڵ و هوشیارییە نەک وڕێنە !

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە