حەلبوسی و ئاو و پەکەکە! (بەشی دووەم)

Friday, 16/12/2022, 23:25

5030 بینراوە


دووەم: تورکیا و کێشەی ئاو لەگەڵ عیراق و سوریا
ئاوی وان کە دەبێت بە دیجلە و فورات


لە دوای ڕووخانی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی و دۆڕانی لە جەنگی یەکەمی جیهانیدا، دابەش کردنی خاک و ئاوی ژێر دەسەڵاتی عوسمانی و بە حکومەت کردنی سوریا و عیراق لەلایەن فرەنسا و ئینگلتەرا، بۆ تورکیا و ئیران گۆڕانێکی نەخوازیار بوو، قبوڵ کردنی ئەو گۆڕانە لەژێر فشاری سەربازی و هێزدا بوو. لەو کاتەوە تا ئەمڕۆ جگە لەناتەبایی کێشمەکێشمی سیاسی و سەربازی، تورکیا کێشەی ئاوی هەبووە لەگەڵ سوریا و عیراقدا. 
لە شەستەکانی سەدەی ڕابردوودا کێشەی ئاو لەنێوان هەرسێ وڵاتدا زێتر قوڵبۆتەوە، کاتێک کە تورکیا پڕۆژەی دروست کردنی ٢٢ بەنداوی لەسەر دجلە و فورات خستۆتە بواری کار پێ کردن، واتە دەستپێشخەری تورکیا لە هاڤرکێی دروست کردنی بەنداو لەسەر دیجلە و فورات، ستراتیژیەتێکی بە پەلە و درێژخایەن بووە، لە کاتێکدا عیراق و سوریا پشتیان لێ کردۆتەوە غەمسارد بوونە، چاوەڕێی ئەوەیان کردووە کە، حکومەتی تورکیا وەک چۆن چاو لە بەهێزبوونی ئابووری تورکیا دەکات، ئەواش خاتری ئەوان بگرێت، بە دوو گفتولفتی خۆش و وێنەگرتن، ئاوی دیجلەو فورات بە ئەندازەی پێویستی ئەوان هەمیشە دابین بکات، کە ئەمە لە سیاسەتدا مەحاڵە.
ڕووخانی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی کە بۆ شەسەد ساڵ حوکمی ئەو ناوچانەی کردبوو، سیمای لەخۆبایی بوونی تورکیای نەتوانێ بسڕێتەوە، هەمیشە بەچاوێکی لەخۆی کەمتر دەیڕوانییە سوریا و عیراق و نەتەوەکانی دی، کە پێشووتر لەژێر دەسەڵاتی  ئەودا بوون، بەتایبەتی نەتەوەی کورد.
 نکۆڵی لەوەدا ناکرێت، کە تورکیا لەچاو سوریا و عیراقدا، خاوەن شارستانیەت و ئەزموونێکی پتەوی بەڕێوەبردنی دەوڵەتە، هەروها سوریا و عیراق سەرکەوتوو نەبوون لە سەپاندنی هەیبەتی نیشتمانیی و سەربازیی و ئابووریی خۆیان لە ناوچەکەدا، لە سەد ساڵی ڕابردوودا هەردووکیان نەیانتوانی خۆیان لەقەرەی تورکیا نزیک بکەنەوە، بۆیە تورکیا دوای ڕووخانی ئیمپراتۆریەتی تورک، وەک زلهێزێکی ناوچەیی توانی پارێزگاری لە پێگەی بەهێزی خۆی بکات لەسەر ئاستی ناوچەکە و دنیا. ئەو هەنگاوەکانی بۆ پاراستنی بەرژەوەندیەکانی بەتایبەتی بەرژەوەندییە ئابووریی و سەربازیی و سیاسییەکانی ژیرانەتر بوو، ئەمە یەکێکە لەو هۆیە گرنگانە کە، هەنووکە خاکی عیراق و سوریا، بۆتە گۆڕەپانی ساغ کردنەوەی ململانێی زلهێزەکان و ناوچەییەکان، مەڵبەندی تەراتێن کردنی سوپای تورکیا و ئیران و میشلیشیاکانیان. ئەنقەر و تاران سامی خۆیان بەسەر هەر دوو وڵاتدا سەپاندوە. 
تورکیا بێوچان هەوڵی داوە ئەو خاک و ئاوەی کە لەدەستی ڕۆیشتووە لە دوای ڕووخانی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی، بەهەر حیلەوحەواڵەیک بێت، جا لەژێر ناوی یاساوە بێت، لەژێر ناوی پەیوەندیی دیبلوماسی بێت، یان هێرشی سەربازی بێت بۆ پاراستنی سنوورەکانی، بتوانێت بەڕێژەیەکی زۆر خۆی سوودمەند بێت لێیان، یان بیانگەڕێنێتەوە بۆ سنووری ژێر دەسەڵاتی تورکیا، وەک هەوڵەکانی کە ئەمڕۆ تێبینی دەکرێت لە باشوور و ڕۆژئاوای کوردستان. پەیوەندیی تورکیا لەگەڵ هەرێم، هەنگاوی یەکەمە بۆ سەرخستنی ئەو سیاسەتە.
 تورکیا لە ڕێگەی سەرانی کورد لە باشووری کوردستان (هەرێم)، توانی ئەو ئامانجە بە تەواوی بپێکێت، چی لە سوود وەرگرتن بوو لە سامانە سروشتیەکانی ئەو دەڤەرە، وەک هەڵهێنجانی نەوت و ناردنی بۆ دەرەوەی وڵات لە ڕێگەی مینای جیهان، چی بەشروڤە کردنی پرۆژەی ئەقارات، بازرگانی، گەشتوگوزار، دانانی پارەی کاشی لێپرسراوانی هەرێم لە بانکەکانی تورکیا، میدیا و ساغ کردنەوەی کاڵای پلە نزم لە بازاری هەرێم، دامەزراندنی سەدان بنکەی سەربازیی لەنێو دڵی باشووری کوردستاندا. بە پراکتیک سوودمەندی پلە یەک لە هەرێم تورکیا بووە. چارەکە سەدەیەکە باشووری کوردستان سەرچاوەیەکی گرنگ بووە بۆ بەهێز کردنی زێتری ئابووریی تورکیا، دەبێت ئەو ڕاستییە نەبوێرین کە هیچ حکومەتێکی عیراقی، بەدرێژای ئەو سەد ساڵەی ڕابردووی تەمەنی، سەرەڕای ناتەبایی ناوەخۆ، بەڵام ڕێگر بوونە کە تورکیا سوودمەند بێت لە خاک و سامانە سروشتیەکانی عیراق. مامەڵەی تورکیا لەبەڕێوەبردنی ئاوی وان، کە دەبێت بە دجلە و فورات، دواتر دەڕژێتە شەت ئەلعەرەب، ڕەنگدانەوەی ئەو سیاسەتەی بووە بەدرێژایی سەد ساڵی ڕابردوو. 
لە ساڵی ١٩٧٥دا کە هێشتا پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)  و یەپەگە دانەمەزرا بوون، کە تورکیا بەدروست کردنی بەنداوی دی و پڕۆژەی کارەبا لەسەر هەر دوو ڕووباری دیجلە و فورات، بووە هۆی کەم کردنەوەی لە ٨٠% ی تەوژمی ئەو ئاوەی کە بۆ عیراق دەچوو، لە ٤٠%  تەوژمی ئەو ئاوەی کە بۆ سوریا دەچوو، کە ئەمە بوو بەهۆی ناتەبایی نێوان تورکیا لەگەڵ هەردووکیاندا. 
لە سەرەتای دوو هەزارەکاندا، تێمێکی شارەزا لەو بوارەدا بۆ کێشەی ئاو لەگەڵ لێپرسراوانی ئەنقەرە کۆبۆیەوە، بەڵام تورکیا بە کاتکوشتن ئەو هەوڵانەی دواخست، تا ساڵی ٢٠١١ کە شەڕی داعش دەستی پێ کرد، ئیتر ئەو هەوڵانەش لە ئەجێندادا لە پەلەی یەکەم نەمان، بەڵام تورکیا هەر بەدەوام بوو بە یەک لایەنی پڕۆژەکانی گلدانەوەی ئاو و وزەی کارەبا لەسەر ئاوەکە دروست بکات، کە لە ئەنجامدا جگە لە فشاری داعش لە سوریا و عیراق، گەلانی عیراق و سووریا تووشی گرفتی بێ ئاوی هاتن، ئەو حکومەتانەی کە یەک لە دوای یەکدا هاتنە دەسەڵات، تا ئەمڕۆ نەیانتوانیوە چارەسەری دابین کردنی ئاو بکەن بۆ میللەتانی عیراق، کە حەلبوسی یەکێک بووە لەو کەسانەی کە دوو خولە سەڕۆکی پەرلەمانە. 
لە ساڵی ٢٠٠٨دا کێشەی ئاو لەنێوان تورکیا و عیراق قوڵبۆیەوە، تورکیا ئەوەندەی بەنداو لەسەر ئاوەکە دروست کردبوو، کە ببوو بەهۆی ئەوەی، عیراق ئاوی کەم ببێتەوە، لە ٩/٢٠٠٩دا تورکیا ڕازی بوو، تەوژمی ئاوی دیجلە و فورات بۆ عیراق زیاد بکات. لە ٢٠٢٠ تورکیا لەگەڵ عیراق ڕێککەوتنێکی نهێنیان بەستووە کە بەرامبەر بە ئاوی دیجلە و فورات، حکومەتی عیراق بێ دەنگ بێت لە هێڕشە سەربازییەکانی ئەنقەرە بۆ سەر جوڵانەوەی کورد.  
کێشەی سروشتیش لە کەم بوونەوەی ئاو  چاوەڕوان کراوە، بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی نەتەوە یەکگرتووەکان بێت، لە کۆتایی ئەو سەدەیە تەوژمی ئاوی دیجلە و فورات، لە ٣٠% تا ٦٠% کەم دەکاتەوە، ئەمە بۆتە هۆی ئەوەی کە تورکیا لە ئێستاوە پڕۆژەی تۆکمەی هەیە بۆ کۆکردنەوەی ئەو ئاوە، کە هێشتا ئەو پڕۆژانە بە تەواوەتی کۆتاییان نەهاتووە، ئەوجاش ٤٠% تەوژمی ئاو لە خاکی کوردستانەوە لە تورکیاوە بۆ عیراق و سوریا کەم کراوەتەوە.  بەڵام عیراق و سوریا پێ ناچێت هیچ پرۆژەیەکی کارێگەریان هەبێت بۆ ئەو گرفتە چاوەڕوان کراوە.
 سەڕۆک پەرلەمانی عیراق هەقە کات بەوە نەکوژێت، کە گیرفان پڕ بکات و لە کەناڵە عەرەبیەکان چاوپێکەوتن بکات، ئاگرخۆش بکات، مەشروعیەت بە کارە ناڕەواکانی تورکیا و ئیران بدات، پەنجەی تاوان بۆ ئەم حزب و ئەو حزبی کوردی درێژ بکات، هەوڵ بدات دڕندایەتی تورکیا پەردەپۆش بکات. لەبری ئەوە حەلبوسی با بیرێک لە چەند پڕۆژەیەک بکاتەوە، پلان و ستراتیژیەت بۆ داهاتوو داڕێژێت، بەدیلی ئەو ئاوە دروست بکات و فریای ئەوە بکەوێت، کە ئەگەر هات و ڕووباری دیجلە و فورات، لە ئەنجامی گۆڕانی سروشتی لە دۆخی ژینگەدا، ئاویان کەم بۆیەوە، ئەو چی چارەسەرێکی پێشوەختەی بۆ گەلانی عیراق هەیە کە تووشی بێ ئاوی نەبن؟!

ماویەتی


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە