ڤیگۆ و ئەبو چیچۆ و شیروان شیروانی

Saturday, 17/12/2022, 22:51

2326 بینراوە


کۆتاییەکانی ئەمساڵی ٢٠٢٢، بە ڕۆژگارێکی پڕ شەرمەزاری، بۆ سیستمی دادپەروەری وڵاتی نەرویج ئەژمارد کرا. ئەوەش بە هۆی کەیسێکی دادگایی کۆنی نەرویجەوە بوو، کە بووە هۆی زیندانی کردنی کەسێکی بێتاوان بۆ ماوەی ٢١ ساڵ. ئەو کەیسەش بە کەیسی بانەهێیا (Baneheia saken) ناسراوە. کورتەی کەیسەکە ئەوەیە کە کەسێک بە ناوی ڤیگۆ کریستیانسن ١٩٧٩ز، بە ٢١ ساڵ زیندانی، دادگایی ئەکرێت لە ساڵی ٢٠٠١دا. گوایە کە پیلان داڕێژەر و بەشدار بووە لە گەڵ هاوڕێیەکی بە ناوی جان ئەندەرسن ١٩٨١ز، لە دەستدرێژی سێکسی کردنە سەر دوو کچی ٨ و ١٠ ساڵان و پاشان کووشتنیان. ئەم کەسە بێتاوانە، ئەم تۆمەتەی بە سەردا ئەچەسپێت، بە هۆی هەندێک پێدراوەوە، کە لە ساڵەکانی سەرەتای ٢٠٠٠دا و بە پێی تەکنیکی لێکۆڵینەوە لەو سەردەمەدا، ئەو کەسەی پێ تاوانبار کرا. لەو بەڵگانەی کە بوونە هۆی ئەوەی زیاتر لە٢٠ بەهاری تەمەنی لە زینداندا بە سەرببات ئەمان بوون:- (دان پێدانانی هاوڕێکەی، ئەنجامی پشکنینی DNA بۆ هەر دوو تاوانبارەکە و بەراورد کردن لە گەڵ پاشماوەی بایۆلۆجی هەردووکیان لە شوێنەکەدا، دەریخست بوو، بە ڕێژەی ١٠٠٪ ە بۆ جان و بە ڕێژەیەکی زۆر کەمترە بۆ ڤیگۆی بێتاوان، یەکانگیربوون. گوێنەدانی دادگا بە ڕەتکردنەوەی تەواوی تاوانەکە لە لایەن ڤیگۆوە بۆچەندین جار و گوێ نەدان بە بانگەشەکردنی بۆ ئەوەی کە لە کاتی ئەنجامدانی تاوانەکە، لە شوێنی ڕووداوەکە نەبووە، بە بەڵگەی هەندێ تێکستە نامەی ناو مۆبایلەکەی کە دەری دەخەن لەو کاتەی تێکستەکان نووسراون ڤیگۆ لە شوێنی ڕووداوەکە نەبووبێت. لە دوای بیست ساڵ لە رووداوەکە دوو پێدراو لەوانەی ڤیگۆی پێ تۆمەتبارکرا گۆڕانی بە سەردا دێت. لە لایەکەوە زانستی پشکنینی DNA پێش دەکەوێت و زانیاری وردترمان پێ دەدات و لە لایەکی دیکەشەوە زانستی پەیوەندییەکانی مۆبایل زانیاری وردتر دەدەن بە دەستەوە. بە پێی ئەو پشکنینانەی بۆ DNA ی ڤیگۆ لەم کەیسەدا کراون لە ناوەندێکی ئیسپانی دەریانخستووە کە ئەشێ ئەو دەرئەنجامانەی پاشماوەی بایۆلۆجی لە شوێنی ڕووداوەکە کە ڤیگۆی پێ تۆمەتبار کراوە لە گەڵ ٥٤٪ پیاوانی نەرویجی، یەکبگرنەوە و پێی تۆمەتبار بکرێن. هەر وەها کۆمپانیای تەلەنوری نەرویجی، لە ئەنجامی شیکردنەوەی زانیاری ناو مۆبایلەکەی ڤیگۆ و گەڕانەوە بۆ ئەو زۆنانەی کە شەپۆلەکانی تۆڕی مۆبایل دایانپۆشیوە، بۆی دەرکەوتووە کە ڤیگۆ لە کاتی ڕووداوەکە لەوێ نەبووە. لەمانەشەوە ئەگەنە هەندێک دژیەک لە دان پێدانانی جان، لە دژی ڤیگۆی هاوڕێی. بە کورتی بڕیاردانێکی هەڵە، لە کەیسی تاکە کەسێک، بە هۆی دواکەوویی تەکنەلۆژیای پەیوەندییە تەلەفونییەکان و دواکەوتوویی پشکنینی DNA، بووە هۆی دادگایی کردنی بەهەڵەی کەسێکی بێ تاوای وەکو ڤیگۆ. دەرئەنجامی هەڵە کردن لە کەیسی تاکە کەسێکدا، سەرۆک وەزیران و وەزیری داد و سەرۆکی دادگای باڵا و سەرۆکی حزب و ڕێکحراوەکانی هێنایە سەر خەت و هەر کەسە و بەجۆرێک ڕای خۆی لەمەڕ ئەم کەیسە دەربڕێ، هەر لە شەرمەزای و کارەساتبار و ئابڕووچوونەوە تا دەگاتە بڕیاری پێداچوونەوە و دووبارە بڕیاردانەوە و قەرەبووکردنی ڤیگۆ بە زیاترلە ٣٠ ملیۆن کڕۆن کە نرحی ‌‌لایەنی کەم ١٠ شووقەی شارێکی گەورەی کوردستانە. ئەگەر چی پێدراوەکانی ئەم دادگاییەی ڤیگۆ لە ساڵی ٢٠٠٠دا ئەم بڕیارە هەڵەیەی بە دادگای نەرویجی دا، بەڵام شپرزەیی و شەرمەزاری و هەڵپەی ڕاستکردنەوەی بڕیارەکە و قەربووکردنەوەی بێتاوانەکە، تاکانی تەرازووەکەی دادگاکانی نەرویجی لەلاسەنگی پاراست. لێرەدا خەیاڵ ئەمانباتەوە بۆ لای تەرازووە لاسەنگەکەی دادگاکانی هەولێر، ئەم دادگایە و بڕیارەکانی دژ بەو سەددان ڕۆژنامەنووس و چالاکوانە مەدەنییانەی بادینان، ئەوپەڕی نادادپەروەری بوو. سەددان ڕۆژنامەنووس و چالاکوانی مەدەنی، بە بێ بوونی بەڵگەیەک بۆ ئەنجامدانی تاوانێک، دادگایی کران بە زیندانی کردنی دوو و سێ و چوار و تا شەش و حەوت ساڵ. لە پاش دادگاییەکەش، لە نێو زینداندا، بە خراپترین شێوە مامەڵە کران، ئازار دران و دەدرێن، شەڕی دەروونی و جەستەیی دەکرێن، هەندێکیان قەدەغەی سەردانیان لێ دەکەن، هەندێکیان لە گەڵ نەخۆشانی دەروونی دادەنرێن، هەندێکیان لە ژووی سارد و سڕی بێ پێخەو ڕۆژ ئەکەنەوە، هەندێکیان پاش تەواوبوونی ماوەی زیندانیشیان، کەیسی لابەلایان بۆ دەکەنەوە. دادوەرانێکی حزبی بە عەبای حزبەوە و دادگایەک لە وێنەی بارەگای حزبی و دام و دەزگایەکی لێکۆلینەوە تێکەڵ بە هۆبە نهێنییەکانی حزب، هەمووان چاوەڕوانی تەرازوویەکی شەق و شڕبوون تاوەکو لاسەنک لاسەنگ بڕیارگەلێک دەربکات، سەرۆک بخاتە هەلەکەسەما و چاوی مناڵ و ژن و دایکی زیندانیانیش پڕ بکات لە فرمێسکی خوێنین. لە سایەی وەها دەسەڵات و دادگایەک ئەبو چیچۆی زەردپۆشی پیاهەڵدەری حزب لە فرۆکەخانەوە بە سەرشان ئەبرێتە ماڵەوە و شیروان شیروانی ڕەخنەگر و ڕۆژنامەنووسیش بە قەمیسێکی ڕەشەوە وهەر بە کەلەبچەکەی دەستی ڕاکێش ڕاکێش، لە باوەشی خێزانەکەیەوە بۆ کونجی زیندان.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست