چۆنەتی سەرهەڵدانی ئاین لە ڕوانگەی دەروونناسی پەرەسەندنەکییەوە

Tuesday, 20/12/2022, 20:30

7285 بینراوە


فرۆید: ئاین هەڵ قووڵاوی بێدەسەڵاتی مرۆڤە بەرانبەر بە هێزە سروشتییەکانی دەرەوە و هێزە غەریزەییەکانی ناوەوەی خۆی.

بۆچی مرۆڤ باوەڕی بە ئاین هەیە و ئامادەیە لەپێناویدا کات و ماڵ و تا ڕادەیەک ژیانیشی بکاتە قوربانی؟ ئایا پەرەسەندن ڕاڤەیەکی هەیە بۆ باوەڕهێنان بە ئاین و بوونی خواکان؟ ئایا بیروباوەڕی ئاینی بۆ پێشینەکانمان لە لایەنی مانەوە و نەوەنانەوە هیچ سوودێکی هەبووە؟
ئەگەر لە ڕوانگەیەکی بایۆلۆژییەوە لە بەها و نرخی بەجێگەیاندنی هەڵسوکەوت و ئەرکەکانی ئاینەکان بڕوانین، وا دێتە بەرچاومان ڕاڤەیەکی لۆژیکی بۆ ئەو بابەتە نییە، چونکە کە مرۆڤ لە ئاینەکاندا شتێکی چنگ نەکەوێ، ئەی باشە مانەوەی ئاینەکان بۆ کاتێکی دوورودرێژ و بوونی ئەو هەموو لایەنگرانە هۆکارەکانی چین؟
هەر لە سەرەتاوە دەبێ بڵێین ئەگەر ئاین پێویست بێت، بە قازانجی مرۆڤیش بشکێتەوە، دیسانەوە هیچ پێوەندییەکی نییە بە پرسی بوون، یان نەبوونی خوایەکی ڕاستەقینە، چونکە بەگوێرەی پەرەسەندن لەوانەیە شتێک ئەگەر بوونیشی نەبێ بتوانێ بە شێوازێکی تایبەتی ژیانت ڕزگار بکات.
سەختە بزاندرێ ئاین لە کامە خاڵی دیارکراوی مێژووی سەرهەڵدانی مرۆڤ دەستی پێکردووە، هەروەها ناتوانین کات و شوێنی یەکەمین ئاین دەست نیشان بکەین، بەڵام ژمارەیەکی زۆر لە بەڵگە پێمان دەڵێن، بوونی ئاین پێش پەیدابوونی مرۆڤی ژیر دەکەوێت. چەند پرس و هەڵسوکەوتێکی ئاینی لە نیوچەمرۆڤەکاندا بوونی هەبووە، پێشینە سەرەتایییەکانمانیش کاری بەخاکسپاردنی مردووەکانیان ئەنجام داوە، ئەمەش بێگومان واتای هەستکردنە بە کێشە هەرە مەزنەکەی مرۆڤە لە مەرگ و پرسیارکردن لەوەی چی ڕوودات پاش مردن. هاوکات شوێنەواری کۆمەڵە نیوچەمرۆییەکان پێمان دەڵێن، لەنێوان هەندێ لە هۆزە و کۆمەڵەکاندا جۆرێک لە ئاژەڵ پەرستی بەڕێوە چووە.
لە سەرەتای شارستانییەتەکانی مرۆڤیشەوە، بە نموونە سۆمەری و بابلییەکان باوەڕیان بە بوونی جیهانی ژێرەوە هەبوو، ئەوەی گیانە خراپەکارەکان لەخۆ دەگرت و هۆکاری نەخۆشی و ناخۆشییەکان بووە. میسرییە کۆنەکان مردووەکانیان مۆمیا دەکردن، ئەمەش بەڵگەیە بە باوەڕهێنان بە زیندووبوونەوە، لەلای ئەمان و چەندانی دیکە کۆیلەکانیان لەگەڵ خاوەنەکانیان لەگۆڕ دەنا، پاشان ئەم پرسە گوێزرایەوە بۆ ئاینەکانی کە نەمریی گیان و ڕۆژی زیندووبوونەوە و بیرۆکەی پاداشت و سزایان تێدا هەیە.

ئاین و دەروونناسی پەرەسەندنەکی

زانستی پەرەسەندنەکی ئاینەکان وەک لکێک لە دەروونناسی پەرەسەندنەکی هاوچەرخ، هەوڵ دەدات لە چۆنەتی سەرهەڵدان و باوەڕهێنان بە ئاینەکان تێبگات و ڕاڤەی ڕەفتارە ئاینییەکان بکات، بە پشتبەستن بە بنەماکانی پەرەسەندن لە زیندەوەرزانیدا.
زاناکان بۆ دەستنیشان کردنی میکانیزمەکانی کە بوونە هۆی پەرەسەندنی هزر و هۆشێکی ئاینی، چەند بیروبۆچوونێکی جیاوازیان هەیە. بەشێوەیەکی گشتی ئەو بیروڕایانە دەکرێنە دوو بەشی سەرەکی، یەکیان پێی وایە ئاین لە بنچینەوە خۆگونجانێکە و بە هۆکاری هەڵبژاردنی سروشتی پەرەی سەندووە، واتە تایبەتمەندییەکی پەرەسەندووە. ئەوەی دیکە باوەڕ و هەڵسوکەوتە ئاینییەکان وەک بابەتێکی بەبەرهەمهاتووی لاوەکی دادەنێت، ئەوانەی لەگەڵ خۆگونجانەکانی دییەوە سەرهەڵ دەدەن، بەبێ ئەوەی خۆیان سوودێکی تایبەتی و ڕاستەوخۆیان هەبێت.
گەلەک جار ئاین بارگرانی لەگەڵ خۆیدا دەهێنێت، بە شێوەی تێچوونە ئابورییەکان و خۆبەدوور گرتن لە هاوسەرگیری و تا ڕادەی مەترسیبوون لەسەر ژیانی کەسەکان، یان خەریکبوون و کات بردنە سەر بە کاروباری ئاینی کە دەکرا بۆ شتانێکی دیکەی باشتر تەرخان بکرێن. ئەگەر ڕووکەشانە سەرنج بدەینە ئەم پرسە، ئەوا دەبووایە هەڵبژاردنی سروشتی دژی ڕەفتارە ئاینییەکان کاری بکردایە، لەبەرئەوەی بەم جۆرە نەبووە، کەواتە دەشێ ئاین سوودێکی زۆری لێ ببیندرێت.
لە بواری پەرەسەندندا زاناکان دەبێژن، هەڵبژاردنی سروشتی کار لەسەر تاکەکان دەکات، بەوەی کامەیان تایبەتمەندی باشتری هەبێ بەرانبەر ژینگەکەی، ئەوا هەلی مانەوەی لە ژیاندا پتر دەبێ و لە هەوڵی تێپەڕاندنی جینەکانی سەرکەوتوو دەبێت، بە بەراورد بەوانەی خاوەنی تایبەتمەندییە گونجاوەکان نین و زووتر دەمرن. بەهەمان شێوە ئەو میکانیزمە لە کۆمەڵەکانیشدا کاری خۆی دەکات، واتە ئەو کۆمەڵگەیەی لە ڕووی شارستانی و یەکگرتوویی بەهێزترن، زیاتر دەمێننەوە لە کۆمەڵگەیەکی بێهێز و پڕ لە کێشە.
هەردوو زانا ڕیچارد سۆسیس (Richard Sosis) و کاندس ئەلکۆرتا (Candace Alcorta)، پاش پێداچوونەوەیان بە چەندان بیردۆزی ناسراو دەربارەی بەهای خۆگونجاندنەکان، گەیشتنە ئەوەی ئاین پەرەسەندنێکی کۆمەڵایەتییە بۆ یەکگرتن و پتەوکردنی هاوکاری تاکەکان لەناو کۆمەڵگەکاندا، ئەمەش سوودێکی زۆری هەیە بۆ پارێزرانی ئەوانەی لە کۆمەڵە ئاینییەکاندا ئەندامن، دەرەنجام هەلی مانەوەیان و زۆربوونیان پتر دەکات، بەرانبەر ئەوە دەبێ تاکەکانیش پابەند ببن بە ئەنجامدانی هەڵسوکەوت و بەجێهێنانی ئەرکە ئاینییەکان، تا ڕادەی بەشداریکردن لە جەنگەکانیش. هاوبەشیکردن و بوونە ئەندام لە کۆمەڵەکاندا، هەست و سۆزێکی ئەرێنی دێنێتە کایەوە، بۆ گرفتی بچووکی بێهێزی تاکەکان و خۆبەکەم زانین، لەبەرئەوەشە زۆربەی ئاینە مەزنەکان خاوەنی پەرستگەی گەورە و ڕازاوەن بۆ ئەنجامدانی بەکۆمەڵی ئەرکە ئاینییەکان. هاوکات ئاین دەتوانێت ببێتە دڵنەوایی بۆ ئازار و نەخۆشی و کێشە و کارەساتەکانی ژیان، سڕکردنی هەستکردن بە چەوسانەوە و هەوڵی گۆڕینی ژیان و چارەنووسی کەسەکان.
تۆژینەوەکان کاتێک درێژی مانەوەی کۆمەڵە ئاینییەکان بەراورد دەکەن لەگەڵ نائاینییەکان، ئەوا کۆمەڵەی ئاینیی زۆر درێژتر دەمێننەوە لە نائاینییەکان. هەروەها یاسا و ڕێسا ئاینەییەکان دوو هێندەی نائاینییەکانن، وەک نوێژی بەکۆمەڵ و ڕۆژووگرتن و قەدەغەکردنی هەندێ جۆرە خواردنەوە و خۆراک. ئەوەی تێبینی کراوە چەندەی ئەرکەکان پتر دەبن، پێکەوەبوون و مانەوی ئەو کۆمەڵانە زیاتر درێژە دەکێشێت. بوونی کۆمەڵەیەکی خاوەن ئاینی هاوبەش کە گشتمان یەکدی بناسین گەلەک ئارامبەخشە، بۆیەش کاتێک کۆمەڵگەکان گەورەتر و فرەوانتر دەبن و خەڵکانێکی زۆری بێگانە دێنە ناوچەکەمان، بەرەبەرە بێمتمانەیی دروست دەبێت، چارەسەری ئەمەش دەبێ هەڵگەڕانەوە لە ئاینەکەمان قەبووڵ نەکەین، هەوڵیش بدەین بێگانەکان بهێنینە ناو ئاینەکەی ئێمە. نموونە بۆ هەلی مانەوەی درێژتر، بەڕوونی لە ئاینە شەڕانگێزەکاندا دەبیندرێت، ئەو ئاینەی بایەخێکی زۆر دەدات بە جەنگ و شەڕ و کوشتار، ئەوەی بکوژرێ دەچێتە بەهەشت بە پلە و پایەیەکی بەرزەوە و لەوێ هەموو شتێکی پێ دەدرێت، ئەوەشی دەمێنێتەوە دەبێتە خاوەن کۆیلە و تاڵان و داهات.
ئەوەی جێی سەرنجە، هەندێ سەرچاوە ئەنجامدانی ڕەفتارە ئاینییەکان دەبەستنەوە بە ڕێژەی دەردانی ئێندرۆفین (هۆڕمۆنێکە بۆ کەمکردنەوەی ئازار و زێدەکردنی هەست بەخۆشی کردن)، بەرهەمەکەی ئەو دەمە پتر دەبێت کەسێک بەشدرای لە هەڵسوکەوتە ئاینییە بەکۆمەڵەکان دەکات. هەندێ لە تۆژینەوەی دیکەش ئەنجام دراون، بۆ دۆزینەوەی پێوەندی لە نێوان ئاینداری و لەشساغی و درێژبوونی تەمەن. بۆ نموونە، هاڕۆڵد کونیگ (Harold Koenig) و هارڤی کۆهین (Harvey Cohen)، بە لێکۆڵینەوەیان لە سەد تۆژینەوەی جۆراوجۆر، دەگەنە بەڵگەی بوونی کاریگەری ئەرێنی ئاین بەسەر خۆشگوزەرانی بە ڕێژەی نێزیکەی سێ لە چواری کەسەکان. هاوکات پڕۆفیسۆر گایل ئیرۆنسۆن (Gail Ironson) دەڵێت، باوەڕداری بە خوا و هەستکردن بە پرسە گیانییەکان، نیشاندەرێکی باشە بۆ کەمکردنەوەی تووشهاتن بە نەخۆشی لەڕێی ڤایرۆسەکان و بەرزکردنەوەی ئاستی بەرگریکردنی خانەکانی ئەوانەی نەخۆشن.
جەستین بارێت (Justin Barrett) لە کتێبەکەیدا بەناوی (بۆچی کەسێک باوەڕ بە خودا دەهێنیت؟) دەبێژێت، بڕواهێنان بە بوونی خوایەک شتێکی ئاساییە، لەبەرئەوەی هەر هەموومان خاوەن ئامرازە هۆشەکییەکانین، بەگوێرەی شێوازی پێکهاتن و پەرەسەندنی مێشکمان، بوونی خوایەکی مەزنی زانا و دانا، هەروەها زیندووکردنەوە و پێدانی نەمریی بە مرۆڤ، بیرۆکەیەکی گەلەک پڕبایەخ و سەرنجڕاکێشە. بارێت پێی وایە، یەکە بنچینەییەکانی هەست و هۆشمان لە مێشکدا ئەندامێکی کاریگەر لەخۆ دەگرێت بۆ ناسینەوە و دۆزینەوەی مەترسییەکانی ڕووبەڕووی مرۆڤ دەبنەوە لە ژینگەکەیاندا، بۆیە مرۆڤ خۆپاراستنی لە بوونەوەرە ئەندێشییەکانی پێ باشترە، لە کوژرانی لەلایەن شتێکی ڕاستەقینەوە، ئەمەشە وای لێدەکات باوەڕ بهێنێت بە شتگەلە شاراوە و گیانییەکان. لەلایەکی دیکەوە، بوونی خوایەک ئاگای لە هەموو شتێکە و چاودێری کردار و ڕەفتارەکانمانە، زانینی ئەوەی یەکێک هەیە بۆ سزادان و پاداشکردنمان، ئەگەرچی مرۆڤەکانیش نەمان بینن، لەلای ئاینداران کاریگەرییەکی زۆری هەیە.
تۆژینەوەکان پێمان ڕادەگینن، مێشکی مرۆڤ بەشێوەیەک پێک هاتووە کە ئامادەیی هەیە بۆ باوەڕهێنان بە هێزە ناسروشتییەکان. تۆژەر جێسی بێرینگ (Jesse Bering)، لە شارێکی ئایرلەندی باکوور، توانی بە دروستکردنی چیرۆکێکی ئەندێشەیی، فێڵکردنی (غەش) خوێندکاران لەکاتی ئەنجامدانی تاقیکردنەوەکان کەم بکاتەوە. لە ئەزموونێکدا لەسەر پۆلێک، پێش تاقیکردنەوە بە دزییەوە بە نیوەی پۆلەکە دەڵێت، بەر لە ماوەیەک کەسێک لەم دەڤەرە دەمرێت، خەڵکانێک لەم خوێندنگەیە تارامایی ئەو کەسەیان بینیووە (بێگومان لە شوێنێکدا ئەو ئەزموونە کراوە کە خەڵکەکانی زۆربەیان بڕوایان بەو جۆرە چیرۆکانە هەیە). دەرنجام بینی ئەو نیوەیەی باسی تارامییان بۆ کراوە، ژمارەی فێڵکردنەکانیان زۆر کەمتر بووە لە نیوەکەی دی، ئەمەش بەبێ ڕەچاوکردنی ئاستی ئایندارییان. واتە خوێندکارەکان لەپڕێکدا کەوتنە ژێر کاریگەری بیرۆکەی بوونی (هێزێکی سەروو و باڵا)، ئاگای لێیانە و چاوی لە ڕەفتارەکانیانە، وەک ئەوەی کەسێک لەدواوە ئاگادار بێت لە هەڵسوکەوتیان.

چۆنەتی سەرهەڵدانی بیروباوەڕ و هەڵسوکەوتە خوڕافییەکان

ترس وەک میکانیزمێک، دەرەنجامێکی گەلەک گرینگی هەیە بۆ مانەوەی زیندەوەران بەگشتی، بەڵام بە مەرجێک ئەو ترسە دەبێ بەهاوسەنگی تێدا بکرێ و تا ئاستێکی دیارکراوبێ و زێدەڕۆیی تێدا نەکرێت. ئاسکێک ترسی لە هیچ نەبێ، بێگومان تەمەنی کورتە و زوو دەبێتە نێچیرێک بۆ ئاژەڵە دڕندەکانی وەک شێر و پڵنگەکان. ئاسکێکی یەکجار ترسنۆکیش ناتوانێت ژیانی بەئاسانی بباتە سەر، لەبەرئەوەی ئاسکی ڕووەکخۆر دەبێ لە ڕۆژێکدا زۆر بخوات بۆ مانەوەی لەژیاندا، بوونی ترس لە هەموو شتێک، بواری نادات بە بڕی پێویست خۆراک بەدەست بهێنێت.
وا دابنێ ئێمە مرۆڤێکی سەرەتایی سەردەمە هەرە کۆنینەکانی ڕووبەرێکی دەشتایی ئەفریکاین، هاوشێوەی ئەو ئاسکە پێویستمان بە هاوسەنگییەک هەیە بۆ ترسانمان لە ئاژەڵە مەزنە دڕندەکان. کاتێک خەریکی دەرهێنانی پەتاتەی شیرنین لەژێر خاک، گوێمان لە دەنگە دەنگ و خشپەیەک دەبێت، سەر بەرز دەکەینەوە و هەست بە جووڵەی گژوگیا دەکەین، دەشێ هۆکارەکەی شێرێک، یانیش ئاسایی هەڵکردنی بایەک بێت. ڕاستە نامەنەوێت بوەستین، چونکە تۆزێکی ماوە کۆمەڵە پەتاتەیەکی جوان هەڵبکەنین و کۆیان بکەینەوە، کەچی ئەو دەنگە لەوانەیە هی شێرێک بێت. ئەگەر وامان زانیبێ شێرە و بەڕاستیش وابووە، ئەوە ئەو بۆچوونەمان ژیانمان ڕزگار دەکات. ئەم بەشەیان ئاسانە بۆ تێگەیشتن، بەشەکەی دیکە تۆزێک وردبوونەوەی دەوێت.
لێرەدا هەندێ جار ئەگەر شێریش نەبێ و بەهەڵەدا بچین، ئەوا کێشەیەکی گەورە نییە، بەمەرجێک زێدەڕۆیی نەکەین و لە گشت دەنگێک و جووڵەکی گژوگیای دەوروبەرمان یەکسەر ڕانەکەین، ئەو شتە گرینگەی پێیەوە خەریک بووین پێویستن بۆ ژیان نابێ لەدەستمان بچێت. واتە ئەو کەسەی بتوانێت بگاتە هاوسەنگییەک، هەندێ جار بیری بۆ هاتنی شێرێک دەچێ، بەبێ ئەوەی بەڕاستی بوونی هەبێ. دەرەنجام باوەڕهێنان بە شتێکی هەڵە بووەتە هۆکار بۆ ڕزگارکردنی ژیانمان. ئەمەش یەک لەو شێوازانەیە فێرە ئەوەمان دەکات بڕوا بە ڕزگارکەرێک بکەین کە بوونی نییە.
ئەمڕۆکە لە ژینگەیەکدا نین تا لە شێر و ئاژەڵە دڕندەکان بترسین، منداڵ ترسیان لە دێو و درنج و شتە ئەفسانەییەکان هەیە، کەچی لە پێگەیشتووان هی وامان تێدایە لە دز و تاریکیی دەترسێ. ئەو دەمەی بەتەنیا لە جێیەکدا دەخەوین و شەو گوێمان لە دەنگی باوبۆران و جووڵەی دەرگا و پەنجەرە دەبێ، هەست بە ترس دەکەین، لەوانەیە هیچ نەبێت و هۆکارەکەی با بێت، ئەگەری ئەوەش هەیە دزێکی چەکدار، یان هەر شتێکی دی مەترسیدار بێت. مەبەست ئەوەیە ئێمە لە دەنگی با و دار ناترسین، بەڵکوو لەو بوونەوەرە دەترسین شتێکمان لێ دەکات، هەرچەندە بەتەواوی نازانین چییە. ئەو ترسە گەرچی هەڵە و نالۆژیکی و بێماناش بێت، لە ناخماندا گل دراوە و بۆ مێژوو و سەردەمی پێشینەکانمان دەگەڕێتەوە.
ئەم بابەتەشە زانا ئەندی تۆمسن (Andy Thomson)، ئاماژەی پێکردووە لە کتێبەکەیدا بەناوی (هۆکاری باوەڕهێنانمان بە خوا، یاخۆ خواکان)، تێدا گوتوویەتی، لەوانەیە هەڵە بکەین و سێبەر بە دز تێبگەین، بەڵام هەرگیز ڕێی تێناچی هەڵە بکەین و دز بە سێبەر بێتە بەرچاومان. ئێمە هەمیشە بیرمان بۆ ئەوانە دەچێ بکەرن، ئەگەر هیچ کردارێکیش بوونی نەبێ، بۆیە ئاینیش لە هەموو دیاردەیەک خۆی لە بکەرێک دەبینێتەوە.
ئاینی پێشینەکانمان گیانەکی (animistic) بووە، لە گشت شتێکی دەوروبەریان بکەریان بینیووە، زۆربەشیان ناوی خوایان پێ داوە. بەشێوەیەکی بڵاو لە ئاینی گریکییە کۆنەکان و چەندانێکی دیکەی جیهان بینراوە. خوای ڕووبار و دەریا، خوای باران و بروسکە، خوای خۆر و مانگ و ئەستێرە و هەسارەکان، خوای ئاو و خوای ئاگر و گەلەکی دی. خوای خۆر دەبووایە قوربانی پێشکەش بکرێ، نەوەک ڕۆژێک بێەوێت هەڵنەیەت، ئاگریش پێویستی بە خۆراک هەبوو تا نەکوژێتەوە. ئەو دەنگ و گرمە ترسناکەی هەورەبروسکە ئەگەر خوا نەبێ ئەی چییە؟ نەیان دەتوانی پێشبینی کەشوهەوا بکەن و پێان وابوو دەوەستێتە سەر ئارەزووی بکەری بەرپرس. چۆن ڕزگارمان دەبێ لەو کارەساتەی وشکەساڵی، دەبێ لە خراپەی خۆمان نەبێ، چونکە ماوەیەکە قوربانیمان بۆ ئەو هێزە نادیارە نەکردووە؟ هۆکاری لافاوە مەزنەکەی ماڵی لێ تێکداین، ئەوە بوو کە زۆر لە خوای باوباران نەپاڕاینەوە.
پاشان لەلایەن ئاینەکانی جووەکان و کریستیان و ئیسلام چڕ کرایەوە بۆ یەک خوای بکەری تێکڕای ڕووداو و دیاردەکان، بەڵام ئەویش پێویستی بە یارمەتی هەیە لە فریشەی جۆراوجۆر کە هەریەکەیان کارێکی تایبەتی بەڕێوە دەبەن.
ئەوە گوتمان مرۆڤ قوربانی پێشکەش بە خوا کردووە تا باران ببارێنێت و ڕزگاریان بکات لە وشکیی و قاتوقڕی، ئەی هۆکاری باوەڕهێنانیان بەوەی ئەم هەڵسوکەوتە قازانجی بۆیان هەبووە چییە؟ یان بە دەربڕینێکی دی، چۆن دەزانن خوا داواکەیانی بەجێ گەیاند؟
وەڵامەکەی لەوەدایە هەڵبژاردنی سروشتی وای لە مرۆڤ کردووە هەمیشە بەدوای بەرانەمەیەک، یاخۆ نەخشەیەک دەگەڕێت بۆ پێکبەستنی هۆ و دەرنجامەکان، واتە بەدوایەک داهاتنی شتەکان. وەک ئەوەی سەرنجی داوە هەورەگرمە دوای بروسکە دەکەوێت، باران پاش کۆبوونەوەی هەوری تیر دەبارێت، ڕووەک بێ باران ناڕوێت. ئەم بەدوای یەک هاتنە هەردەم بەو شێوەیە نییە و بابەتێکی ئاڵۆزە، هەموو شتەکانی دیکە گشت کاتێک بەدوای شتی دییەوە نایەن، بەڵکوو هەندێ جار شتانێک هەن بەدوای شتی دیکی جیاوازەوە دێن. سکپڕی لە دوای سێکسکردن دێت بەڵام هەندێ جار، بۆیە تێبینی ئەوە دەکرێت جاری وا هەیە هیچ بەدوای یەکدا هاتنێک بوونی نییە و کەچی ئێمە دەیبینین، یان هەیە و ئێمە نایبینین.
ساڵی پار داوامان کرد باران ببارێت، وا دەرچوو و بەڕاستی باران باری، جاری واش هەبووە داوامان کردووە نەباریووە، لەگەڵ ئەوەش ئەوانەی بڕوایان پێی هەیە ئەو جارانەی نەبووە لەبیر دەکەن. منداڵەکەمان نەخۆش بوو و بزنێکمان کردە قوربانی، منداڵەکە چاک بووەوە، بۆیە لە داهاتوودا ئەگەر کەسێکمان نەخۆش کەوت، پێویستە بزنێک سەر ببڕین. لەم ڕۆژگارەشماندا لە سەد خەون دوو دانەی ڕاست دەربچێت، هەر پێمان وایە زۆربەی ڕاست دەردەچێت. دەپاڕێنەوە خوا شتێکمان بۆ بکات، بەدەگمەن دەرنجامەکەی دەبینین، کەچی هەر واز لەو خوڕافانە ناهێنین.

  ئەزموونەکانی دەروونناس سکینەر

گرینگترین ئەزموونی ناسراو بۆ بابەتی چۆنەتی سەرهەڵدانی خوڕافە و هەڵسوکەوتە بێبنەما و شتگەلە پڕوپووچەکان، لە هەوڵەکانی زانای ناوداری دەروونناسی ئەزموونگەری سکینەر (B. F. Skinner) دەست نیشان کران. ئەم زانایە هەشت دانە کۆتر دەهێنێ و هەریەکێکیان بەجیا دەخاتە ناو سندووقێک، لە هەر سندووقێکدا لەڕێی ئامێرێکی ئەلیکترۆنییەوە خواردن دەدرێتە کۆترە برسییەکان. لەباری ئاساییدا کاتێک کۆترێک ڕەفتارێکی دیارکراو دەکات خواردن وەردەگرێت، بەڵام لەم ئەزموونەدا سکینەر شتێکی جیاواز دەکات، هەڵدەستێ بە بڕینی پەیوەندی لە نێوان ڕەفتاری کۆترەکان و هەلی وەرگرتنی خۆراک. بەوەی بەهەڕەمەکی و بەبێ ڕەچاوکردنی هەڵسوکەوتیان خۆراکی دەدا کۆترەکان.
ئەوەی جێی سەرنج بوو، شەش کۆتر لە کۆی هەشت دانەکە، چەند ڕەفتارێکی سەیر و خوڕافییانەی جۆراوجۆریان ئەنجام دەدا. یەکیان بەبەردەوامی بەپێچەوانەی خوولانەوەی کاتژمێر، دوو یان سێ جاران دەسووڕایەوە پێش وەرگرتنی خۆراک، وەک ئەوەی سووڕانەوەکەی بە پێچەوانەی کاتژمێر، دەبێتە هۆی وەرگرتنی خواردن. ئەوەی دیکەیان چەند جارێک سەری دەبردە لای گۆشەیەکی بەرزی دیارکراو لە سندووقەکەیدا، وای دەزانی بەمە دەتوانێت کار لە چۆنەتی وەرگرتنی خۆراک بکات. دوو دانەشیان سەریان بەخێرایی بۆ چەپ و ڕاست دەجووڵاند و پاشان بەهێمنی دەیان گەڕاندەوە شوێنی خۆی. یەکێکیشیان سەری خۆی هەڵدەدا بۆ بەرزایی، وەک چۆن شتێک بۆ سەرەوە فڕێ بدات. شەشەمەکەیان هەوڵی دەدا بە جووڵەیەکی نائاسایی ژێر خۆی بکوتێتەوە، بەبێ ئەوەی پێی بەر زەوی بکەوێت. پاشان هەر هەموویان بەبەردەوامی فێرە ئەو خووەی خۆیان ببوون، پێیان وابوو ڕەفتارەکەیانە هۆکاری وەرگرتنی خواردەمەنی. ئەمەش بەڵگەیە کە پێشینەکانمان هاوشێوەی ئەو کۆترانە چەند هەڵسوکەوتێکی خوڕافانەیان ئەنجام داوە وەک، قوربانی پێشکەشکردن، نوێژکردن و پاڕانەوە بۆ چارەسەری کێشەکان و بەدەستهێنانی پێداویستە سەرەکییەکانی ژیانیان.
ئەم ڕەفتارانە لە زۆر بابەتدا بەدەر دەکەون، وەک لەلای ئەوانەی یاری قومار و بەخت دەکەن، وای بۆ دەچن پۆشینی جۆرە جلێک، یاخۆ هەڵبژاردنی ژمارەیەکی تایبەتی هەلی بردنەوەیان پتر دەکات، یان چەند وشەیەک ئەگەر پێش یاریکردن بیڵێ ئەوا بەخت یاری دەبێت. زۆربەشمان ئەگەرچی دەزانین هەندێ هەڵسوکەوتمان هیچ مانایەکیان نییە، هەر ئەنجامیان دەدەین. جاری وا هەبووە ئۆتۆمبیلەکەمان کوژاوەتەوە، لە تووڕەییمان شەقمان تێی هەڵداوە، یاخۆ سەرمان کێشاوە بە دەرگا، دەستمان بە جنێو کردووە.
دەبێ ئەوەش بڵێین، هەموومان دەزانین لەو کۆمەڵگانەی دواکەوتوون و دوورن لە زانست، ڕێژەی خوڕافەکان پتر دەبن، لەبەرئەوەی هەر کاتێک فێر دەبین و لە هۆکاری ڕاستەقینەی شتگەلەکان تێدەگەین، ناتوانین بەردەوام بین لەسەر ڕاڤە خوڕافییەکانمان.
ئەو خوڕافانەی لێیان دواین، نەبوونەتە هۆی ڕاستەوخۆی زێدەکردنی هەلی مانەوە، بەڵام بەشێوەی دەرنجامێکی لاوەکی بۆ ئارامبەخشین و دۆزینەوەی هۆکار و دەرەنجام، هەروەها وەک خۆهەڵخەڵەتاندن و وەڵام بۆ پرسیارە شاراوەکان سوودی زۆر بووە.
ئێستەش با لە ڕووێکی دیکەوە بڕوانینە ئەم بابەتەی بوونی ئاینەکان. ناسراوە کە پێشینەکانی مرۆڤ لەو دەشت و دەرەی ئەو سەردەمانە، بەرەوڕووی کۆمەڵێک مەترسی جۆراوجۆر دەبوونەوە، لە شوێنی پێیەکانیان لە ماری ژاراوی و دووپشک و هی دی، لەسەر دار و پشتی دەوەنەکان لە شێر و پڵنگ چەندانێکی دی، لە ئاوی ڕووبارەکاندا تیمساح لە بۆسەدا بووە بۆیان. پێگەیشتووان مەترسی ئەمانەیان دەزانی، بەڵام منداڵەکان پێویستیان بەوە بوو یەکێک فێریان بکات، بێگومان دایک و باوکیان فێریان کردوون، وەک چۆن ئێمە منداڵەکانمان فێر دەکەین لە کاتی پەڕینەوەیان لە شەقامەکاندا سەیری ئەملا و ئەولای خۆیان بکەن. هەڵبژاردنی سروشتی ئەو دایک و باوکە هەڵدەبژێرێت کە منداڵەکانیان ئاگادار کردۆتەوە، هاوکات هەڵبژاردنی سروشتی ئەو جینانەشی پەسند کردووە وای لەو منداڵانە بکات هەمیشە بڕوا بە باوانیان بکەن.
کاتێک دایک و باوک ئامۆژگارییەکی خراپیش بدەنە منداڵەکانیان هەر وەری دەگرن، چونکە ئەوان لەو تەمەنەدا نازانن جیاوازی نێوان گشت چاکە و خراپەیەک چییە؟ ئەو دەمەی بە منداڵەکەت دەڵێی (ڕۆژی پێنج جاران نوێژ بکە)، ئەو منداڵە نازانێت لە ڕاستییەتی ئەمە بکۆڵێتەوە، تەنیا ئەوەندە لە مێشکیدا چەسپاوە دەبێ گوێڕایەڵی دایک و باوکی بێت لە تێکرای ئەو شتانەی پێتی دەگوترێت.
تایبەتمەندییەکی دیکەی مێشکمان ئەوەیە زۆربەی ئەو ڕووداو و چیرۆکانەی نائاسایی و ناسروشتین باشتر لە مێشکماندا دەپارێزرێن و چاکتر دێنەوە بیرمان. فڕین و چوونی پەیامبەران بۆ ئاسمان، لەسەر ئاو ڕۆیشتن و چیرۆکە ئەفسانەییەکان کە هەست دەکەین ناسروشتین ڕاستەوخۆ گلیان دەدەینەوە، بۆیەش وەک ڕووداو و بەسەرهاتە ئاساییەکان نین، زۆربەمان ئەوانەی لە منداڵییەوە بۆمانیان باس کردووە، هەرگیز لەبیریان ناکەین.
لەوانەیە یەکێک بپرسێت باشە بۆچی باوکان و دایکان شتێکی بێمانا و پڕوپووچ فێرە منداڵەکانیان دەکەن؟ وەڵامەکەی ئەوەیە ئەوانیش لە منداڵییەوە هەر ئاوا فێرکراون. ئاشکراشە ڕێژەی هەرە زۆری مرۆڤانی جیهان لەسەر ئاینی باوانیانن. ئەگەر پرسیاریش بکرێت سەرەتا خوڕافەکان چۆن دەستیان پێ کردووە، ئەوا پێویستە جارێکی دی سەیری کۆترەکانی سکینەر بکەینەوە. بێگومان بە تێپەڕبوونی کات و هاتنی نەوەی لەدوای نەوە، ئەو خوڕافانە لەلایەن مامۆستاکان و سەرانی کۆمەڵگە گەورەتر و چاکتر دەکرێنەوە و کۆمەڵێک بابەتی دیکەیان بۆ زیاد دەکرێت، لە زیندووبوونەوە و پاداشت و مەترسیداری سزای دوای مردن. ئەوانەشی ژیرن دەکارن کاتێک پێ دەگەن، بە زانیاری بەڵگەدار خۆیان لەو خوڕافانە بەدوور بگرن.
دواجار دەبێ ئاماژە بەوەش بدەین، هەرچی کار و ڕەفتارێکیش ئاینەکان بە چاکیان داناوە کە بۆ بوونی خوا و ئاینەکەیان دەیگێڕنەوە، هۆکارەکانیان بایۆلۆژین و لەبەر سوودیان بۆ مانەوە، هەڵبژاردنی سروشتی پەسندی کردوون. ئەمە پرسێکی دیکەیە لە دیارکردنی هۆکارەکانی ڕەوشت، بۆیە نامانەوێت لێرەدا درێژەی پێ بدەین، ئەوەی پێی خۆش بێت، بابەتێکمان هەیە و دەکارێ بیخوێنێتەوە (سەرچاوەی ڕەوشت لە نێوان ئاین و زانستدا - بەشی یەکەم و دووەم)
........................

سەرچاوەکان؛



نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە