یاسای تاوان (سزای حەسەن خەیری)*

Sunday, 25/12/2022, 23:34

5333 بینراوە


یاسایەکی تایبەتی سەربەخۆی نەنووسراوەی دادگای گەلە، کە بەپێی ئەم یاسایە سەرکردەیەتی حیزبە کوردییەکان، زیندوو/ مردوو لە دروستبوونی کۆماری کوردستانەوە تا ڕۆژی بەرپاکردنی دادگای گەل، دادگایی پێدەکرێت و لە مێژووی خیانەتی سەرکردە کوردەکان دەکۆڵیتەوە.
ئەم یاسایە چەند بەند لە خۆ دەگرێت کە سزای جوودایان بۆ پلەی خیانەتە نەتەوەییەکان دیاری کردووە.
ژمارەیەک لەو تاوانانەی کە بەپێی یاسای تاوان/ سزایی حەسەن خەیری، تاوانی نەتەوەیین و ئەنجامدەرانی بۆ هەتاهەتایە دەبێت لە زینداندا بمێننەوە و هەموو موڵک و ماڵ و سامانێک، ڕاستەوخۆ بەناوی خۆیان و کوڕیانەوە، کچیانەوە یا کەسانی کۆپی کەسایەتی ئەم بنەماڵانە تۆمارکراوە لە هەر کوێیەکی جیهاندا بێت،  کە لە ماوەی دەسەڵات و پلە و پایەی حیزبیدا سەریەکیان ناوە، دەخرێنەوە سەر موڵکی گشتی و بۆ سوودی گشتی بەکاردەهێنرێن. 

 نموونەی تاوانی نەتەوەیی

1. واژۆکردنی مەزبەتەی لە سێدارەدانی پێشەوا قازی محەمەد لەلایەن هەندێک لە وەزیرانی کۆمارەوە کە لە ناویاندا سەربەبنەماڵەی ئیلخانی زادەی تێدا بوو بە تاوانبارکردنی کە ئاژاوەی درووست کردووە و گەرەکی بووە خاکی پیرۆزیی شاهنشاهی لەت بکات. 
2. دابەشکردنی حیزبی دیمۆکراتی کوردستان بە دووبەش، لەلایەن برایم ئەحمەد و مەلا مستەفاوە.
3. ناشتنی تۆوی ڕق، گومان و چەپەڵکردنی دڵی لاوانای کورد بەرانبەر بەیەکتر.
4. جاڕدانی شەڕی کورد بەکورد لەلایەن سەرکردەیەتی جەلالییەکان و مەلاییەکانەوە، لە باشوور کە لە پاشاندا بووە کلتووری سەرکردەیەتی حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتیش لەلایەن سەرکردەیەتی کۆمەڵە و دیمۆکراتەوە.
5. پڕوپاگەندە کردن بۆ حەڵال بوونی خوێنی کوردێک بەدەستی کوردێکی دی.
6. پەیوەندی کردن بە دەزگای سیخوڕیی ساواک و میت و موخابەراتی عیراقییەوە.
7. دەستپێکی قۆناغی دووەمی خیانەتی نەتەوەیی و جاڕدان بۆ ئاسایی کردنی خیانەتی نەتەوەیی بە شەهید کردنی کاک سلێمانی موعینی و هاوڕێکانی لەلایەن مەلا مستەفای شێخ محەمەدەوە و پێشکەشکردنی تەرمە پیرۆزەکانیان بە دەزگای سیخووڕخانەی ساواک.
8. شەڕی جەلالی و مەلای کە بووە هۆی کوژرانی هەزاران خەڵکی بێتاوان و شوێنکەوتووەکانی خۆیان کە تەفرەدراو بوون و ناچاریان کردبوون کە شەڕی کوردیان بۆ بکەن، واتە لە جیاتی دوژمنانی کورد، جەلالی و مەلای قەتڵعامی بەشێکی گەورە لە نەتەوەکەیان کرد و وەک دیاری دەستیان بۆ سەر مێزی خیانەت لەگەڵ خۆیان بردیان بۆ بەغدا، تاران و ئەنقەرە. 
9. ئاشبەتاڵکردن بەشۆڕشی کورد و بردنی پارەی موڵکی گەل لەلایەن مستەفای شێخ محەمەد و بنەماڵەکەیەوە.
10. درووستکردنی قیادە مووەقەتە و بوونە کەواسووری بەر لەشکری سپای کۆماری ئیسلامیی ئاخوندەکانی ئێران و شەهیدکردنی ئازادیخوازانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و سووکایەتی کردن بە ژنان و کچانی کوردی ڕۆژهەلات.
11. دەستبەسەراگرتنی هێزی خەڵک کە ڕاپەڕینێکی مەزنی ئەنجامدابوو و دەیویست خۆی خۆی بەڕێوەبەرێت و چارەنووسی خۆی دیاری بکات و سپاردنی دەسەڵاتی گەل بە بنەماڵەی جەلالی و مەلایی .
12. سازاندنی زەمینەی روودانی هەردوو کارەساتە نەتەوەیەکەی ئەنفالەکان و هەڵەبجە و هاوبەشیکردن تێیاندا، چ ڕاستەوخۆ بە ئەنجامدانی مانۆڕی سیاسی چەواشەکارانە و جوڵاندنی هێزی بەردەستیان، چ ناڕاستەوخۆ بە ڕێنمایکردن و فەرمانکردن بە جاشەکانی سەربەخۆیان کە لە ناو هێزەکانی  ڕژێمدا بوون.

13. تاوانە نەتەوەییەکانی کونەماسی و بەکرەجۆ و ڕایات کە سەدان کوردیان تێدا کوژران و بەهەزاران بێسەروشوێن کراوون.
14. لەباربردنی خەون و حەسرەتی هەزاران ساڵەی کورد بە گۆڕینەوەی مافی خەڵک کە ئازادی و سەربەخۆیی بوو و فرۆشتنی لە بازاڕی سەرمایەداریی جیهانیدا بە چەند سەد ملیێۆن دۆلارێک لەو سەرەتایانەی ڕاپەڕینی ئەو بەشە بندەستەی نەتەوەکە لە باشووردا لەلایەن سەرکردەیەتی جەلالی و مەلاییەوە.
15. گرێبەستی پەنجاساڵەیی هەڕاجکردنی بەرهەمە سروشتییەکانی کوردستان لەگەڵ سەرانیی فاشییەکانی تورکیا کە لە ڕاستیدا، گرێبەستێکی سیخووڕییە و ئامانجی یەکەمینی مۆڵەتدان بوو بە سیخوڕخانەی میت بۆ بڵاوبوونەوە و دروستکردنی تۆڕی سیخوڕی لە شارەکانی باشووردا، لە ڕێگای  کردنەوەی دەزگای میدیایی و بڵاوکردنەوەی دوو جۆر بەرنامە، یەکەمیان ترساندنی  خەڵک بە پیشاندانی هێز و توانا و بێڕەحمی ئەو دەزگایە و دووەمیان پووچکردنەوەی مرۆڤی کورد لە بەهاو نرخە کوردەوارییەکان و ڕاکێشانی سەرنجی لاوانی کورد بۆ کلتووری تورکی و لاسایی کردنەوەی پووچترین هونەرکارانی تورک. هەموو کۆمپانیا، هوتێل، فرۆشتنی  کەلوپەلی ناوماڵ، خوێندنگای تایبەتی، نەخۆشخانە....هتد، یەکەیەکی بچووکی سیخوڕخانەی متین و کار بۆ ئەوان دەکەن.
16. تیرۆر کردنی ئازادیخوازانی کوردی ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا، بەهاوکاریی دەزگاکانی زانیاری و پاراستن، کە دوو دەزگای سیخوڕیی سەر بە بنەماڵەکانی سەرکردەیەتی، جەلالی و مەلایین و لقی باشووری سیخوڕخانەکانی ئیتیلاعات و میتن.     
17. دامەزراندی گرووپی چەکداریی سەر بە سەرکردەیەتی مەلایی لە ژێر چاودێریی سیخوڕخانەکانی میت و ئیتلاعاتدا، بۆ بوونە بەربەست لە پەرەسەندی شۆڕش و بیری کوردستانی لە ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوادا و گەمارۆدانی تێکۆشانیی کوردستانی ئەو دوو بەشەی نەتەوەکەمان.
18. بەکرێگرتنی چەکدارانی ڕۆژ و یەزدان پەنا، بۆ دەستوەشاندن لە بزووتنەوەی ئازادیخوازیی ڕۆژئاوا و ڕۆژهەڵات.
19. سازکردنی زەمینەی نزیکردنەوەی داعیش لە شەنگار و سپاردنی چارەنووسی ئیزیدییەکان بە داعش و ڕاکردن و بەجێهێشتنی شەنگار لەلایەن هێزەکانی سەر بە بنەماڵەی مەلاییەوە.
20. بەرپاکردنی فیتنەی ڕیفراندەم بە چاودێریی سیخوڕخانەی میت کە بووە هۆی لە دەستدانی زیاتر لە نیوەی خاکی باشووری کوردستان و ڕێگرتن لە سەربەخۆیی و یەکگرتنەوەی دووپارچەی نیشتمان و گەیشتنەوە سەر ئاوەکانی دەریای سپی ناوەڕاست، چوونکە بنەماڵەی جەلالی و بە تایبەت مەلایی مەرگی خۆیان هەمیشە لە گەشەکردنی بیری کوردستانیی و هەموو بزووتنەوەیەکی ئازادیخوازیی کوردستانیدا دەبیننەوە.
21. جگە لەوەی کە ڕیفراندەم خیانەتێکی نەتەوەیی بوو، خواست و داواکارییەکانی نەتەوەکەی هیچ نەبێت لەو بەشەدا دابەزاندە خوارەوە و لە داوای سەربەخۆیی کوردستانەوە، گێرایەوە بۆ قۆناغی سەرەتای بزووتنەوەکە و بیری خەڵکی چەواشەکرد و نائومێدییەکی گەورەی لە باشووردا، لە پاش خۆی، بڵاوکردەوە کە یەکێک لە ئامانجەکانی ڕیفراندەمەکە ئەوە بوو ئەو بەشە لە نەتەوەکە بە لا ڕێدا بەرێت چوونکە ترسێکی گەورەیان لە گەشەی بزووتنەوەی ئازادیخوازیی ڕۆژئاوا هەبوو چ تورک و چ بنەماڵەش، کە دەیانزانی بە گەشەکردنی ئەو بزووتنەوە ئازادیخوازییە، ڕۆڵی ئەوان نامێنیت و دەبێت وەڵامی پرسیارەکانی نەتەوەکە بدەنەوە.
22. ئێمە دەزانین نەتەوەی کورد لە مێژوودا، چەندین دەسەڵاتی گەورە و بچووکی هەبووە و حوکمڕانیی ناوچەکانی کردووە، نوێترینیان کۆماری کوردستان بووساڵی ١٩٤٦، ئێستا لە کۆتاییەکانی ساڵی ٢٠١٧ دا دێت و ئەو کۆمارە بە ڕەسمی ناناسیت و بیری خەڵکەکە بەگشتی کە تامەزرۆی ئازادین چەواشە دەکات و لە پلەی سەربەخۆییەوە دەیانهێنیتە خوارەوە بۆ داواکارییەکی بچووکتر. لە نیشانەکانی ئەوەی کە ڕیفراندەم هەڵبەستراوبوو و خواستێکی ڕەسەنی دەروونی کورد نەبوو لەو بەشەدا، ژیوانبوونەوەی بانگەشەبۆکەرەکەی بوو هەر دوای بیست و چوار کاژێر  بێ ئەوەی تەنانەت هیچ بایەخێک بۆ قسەکانی خۆشی قایل بێت، خواست و بانگەشەیەکی لەو جۆرەی ئەو بانگەشەی بۆ کرد، دەبوو خۆڕاگریی زۆر زیاتری هەبێت و وەڵامدەرەوەی پرسیارە زۆرەکانی گەلەکەی بایە، بەڵام نە گەل پرسیاری لێ کرد و نە ئەو نرخ و بەهایەک قایل بوو بۆ دەنگ و داخوازیی گەل. هەروەها مێژووی پڕ لە خیانەتی ئەو کەسەی بانگی بۆ ڕیفراندەم دا لە جدی بوون و بایەخەکەی زۆر دێنێتە خوارەوە، ئەوە تەنیا گەلێکی وەک کوردە کە بیرەوەریدانی هێند بچووکە هەموو خیانەتمەندێک دەتوانێت ببێتە دەمڕاستی و فەرمانڕانی، ئەم ڕەخنە توندە ڕووی یەکەمی لە ئەکادیمیست و بەناو ڕۆشنبیرانییەتی جگە لە ژمارەیەکی کەمیان، بەمەش لەگەڵ خۆیدا هەموو سەرانی حیزبەکانی باشووری ڕاکێشا بۆ ناوی قەفەسی لێپرسینەوەی دادگای گەل. 
23. ڕێکەوتن لەگەڵ سپای عێراقدا و هێزی چەکداری تایەفەکانی سەر بە سیخوڕخانەی ئیتیلاعاتی ئێران و ( حەشدی شەعبی) و هێزی بەکرێگیراوی ڕۆژهەڵاتی، بۆ گەمارۆدانی شۆڕشی ژینا چوونکە تین و گڕی ئەو شۆڕشە کوردستانییە گەیشتۆتە باشوور، کە ئەمە نوێترین خیانەتەی نەتەوەییە، پاش بوونە کەواسووری بەر لەشکری فاشستی تورکی بۆ سەر قەڵای بەرخۆدانی نەتەوەیمان لە قەندیل.
24. سی ویەکی ئاب و هێنانەوەی سپای بەعس بۆ پاراستنی دەسەڵاتی بنەماڵە.
25. داخستنی پەرلەمانی کوردستان بۆ ماوەی دووساڵ و بەهانە و پەڵپ گرتن بە نەتەوەکە کە دەبێت سەرۆکایەتی بۆ درێژ بکرێتەوە، لەو ڕۆژەوە کە پەرلەمانی داخست و تا ئەو ڕۆژەی کە پەرلەمانێک دێت و لێکۆڵینەوەی ئەو داخستنە دەکات و لێپرسینەوە لە داخەرەکە دەکات، هەموو فەرمانڕانیی و هەڵبژاردن و ڕێکەووتن و بڕیارەکانی دوای داخستنەکە، بەتاڵە و دەچێتە دەرەوەی بزووتنەوەی ئازادیخوازیی نەتەوەکەوە. هەموو ئەو کەسانەش کە چوونە ژێر باری ئەو نەنگییەوە و واژۆی لیستەی درێژکردنەوەی دەسەڵاتی فەرمانڕانی ئەویان کرد بەرپرسیارن و دەبێ وەڵامی دادگای گەل بدەنەوە.
26. شەهید کردنی دکتۆر شڤان و هاوڕێکانی و لوتکەی خیانەتی مەلای و جەلالیش گەمارۆدانی کچەکوردی گریللا ( بێریتان) بوو کە ویستیان بە زیندوویی پێشکەش بە سیخوڕخانەی میتی بکەن، بەڵام شێوەی بەرەنگاری و پێشوازیی ئەو کچە شەهیدە لە مەرگێکی جوامێرانە کە هەڵیبژارد، ئەوی کردە سیمبۆلی تێکۆشانی ژنانی کورد و ئاڵای گیانبازیی شەهیدانی نەتەوەکە و ئەنجامدەرانی ئەو تاوانە نەتەوەییەشی ڕسوا و پوچکردەوە و لێپرسینەوەی توندی لەسەرە.
27. شەهید کردنی کاک فوئاد مستەفا سوڵتانی و کاک ئارام و ڕوونەکردنەوەی ئەوەی کێ وچۆن ئەم دوو سەرکردە دڵسۆز و ئازادیخوازەی نەتەوەکەمان شەهیدکراوون، دادگای گەل لێپرسینەوەی لێدەکات، چوونکە دەچێتە قاڵبی خیانەت لە نەتەوەکە.
28. کارەساتی هەکاری خیانەت بوو لە نەتەوەکە و لێپرسینەوەی توندی لێ دەکرێت.
29. تەسلیمکردنی هێزی بەرگریی ڕۆژهەڵات بە مەنسووری حیکمەت، سەرکردایەتی کۆمەڵە دەخاتە بەر لێپرسینەوە و لێ پێچینەوەی توندەوە.
30. شەڕی کورد بە کوردی نێوان کۆمەڵە و دیمۆکرات، خیانەتی نەتەوەییە و یاسای تاوان/ سزایی حەسەن خەیری لێ پێچینەوەی لێ دەکات.
..............هتد کە ڕاپەڕینی ئەم نەتەوەیە هەمیشە لەلایەن سەرکردایەتی خۆیەوە، خیانەتی لێکراوە و ئازادی هەمیشە بۆتە حەسرەتی ناو ڕۆحی و تێکۆشانەکەی ناکام کراوە، ئەمڕۆ ئیتر نەوەی نوێی کورد مێژووی سەرکردەیەتی حیزبەکانی قەبوڵ ناکات و لێکۆڵینەوەی لێ دەکات.

سەرنج/

*حەسەن خەیری، ئەو خیانەتمەندەی کوردە، کە کاریگەریی گەورەی هەبوو بۆ هەڵوەشاندنەوەی پەیماننامەی سیڤەر و لە دوایشدا، پاش ئەوەی ئەتاتورک مەرامی خۆی پێ جێ بەجێ کرد، لە سێدارەی دا بە بەهانەی ئەوەی کە بە جلی کوردییەوە چۆتە پەرلەمانی تورک، ئەوەی بۆ باسەکەی من گرنگە ئەوەیە، ئەم خیانەتمەندەی کورد بەر لە سێدارەدانی دەڵێت: " با گۆڕەکەم لە سەر ڕێگای کوردان بێت، تا هەر کوردێک گۆڕەکەم دەبینێ تفبارانم بکات". 
ئەم خیانەتمەندە جیاوازییەکەی لەگەڵ سەرکردەیەتی خیانەتمەندانی دوای ئەودا ئەوەیە، کە ئەمان پاش ئەو هەموو وردکردن و خیانەتەی لە نەتەوەکەیان کرد، لووتبەرزییان ڕێگەی پێنەدان تەنانەت داوای لێبووردیش لە نەتەوەکە بکەن و بەڵکو وەک منەت و شانازیی بە نەتەوەکەی دەفرۆشنەوە، بۆیە شایستەی ئەوەن کە دادگای گەل بە پێی یاسای تاوان/ سزایی حەسەن خەیری دادگاییان بکات.      

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە