پێشکەوتنی وڵات و کۆمەڵگا

Sunday, 25/12/2022, 22:54

7987 بینراوە


لە کۆمەڵگای پێشکەوتوودا بەردی  بناغەی پێشکەوتنی وڵات و کۆمەڵگا و بنیاتنانی شارستانییەت ، دەگەڕێتەوە بۆ چۆنییەتی دروستکردن و پەروەردەکردنی مرۆڤ ، کە لە باوەشی خێزانەوە دەست پێدەکات و سەرتای کەسایەتی تێدا دەردەکەوێت . پاشان خوێندنگا ، کە تیایدا فێری بەهای جوان و سەرەتاکانی هەڵسوکەوت و بیرکردنەوەیەکی دروستی لەبار دەکرێت .  ئنجا گەڕەک و شەقام و دەورووبەر و کۆمەڵگا ، کە مزگەوت و پەرستگا و کەنیسەکانی ، فێری دڵسۆزی و بەها جوانەکانی ڕاستی و دادپەروەری و بەرپرسیارێتی دەکەن . میدیاکانیش تۆوی نیشتمانپەروەری و هوشیاریی گشتی لە ناخیاندا دەچێنن .  هەر بۆیە کۆمەڵگای پێشکەوتوو ئەو ڕێگا ڕاستە دەگرێتە بەر . ئاشکراشە ئەندامەکانی چەند هەڵگری ئاین و باوەڕی سیاسی و بیر و بیرکردنەوەی جیاوازبن ، بەڵام شاهۆی ئامانجییان خۆشەویستی خەڵک و خاکی نیشتمانەکەیانە و خستوویانەتە سەروو هەموو ئاین و بیر و باوەڕ و بیرکردنەوەیەکەوە . بە جۆرێکیش تێکەڵ بە ناخ و ویژدانییان بووە  مەحاڵە لە خۆشی و ناخۆشیدا لە ڕۆحییان ببێتەوە . بەڵام بە داخەوە کۆمەڵگای دواکەوتوو ، ڕێگا چەوتەکەی گرتۆتەبەر و نەیتوانیووە مرۆڤێکی پاکی نیشتمانپەروەر دروستبکات . سەرکردەی فێڵبازی کەڕ و کوێر ، پشت لە خەڵکی و ڕوو لە دەسەڵات ، وەزیری دەست و پێ سپی ، خوێندکاری نمرە بەرزی بێ زانیاری ، سەرکەوتنی بێ تێگەیشتن ، بڕوانامەی بەرزی بێ شارەزایی ، ڕوناکبیری نۆکەر و شانتەکێنی قەڵەم فرۆش ، هەر بۆیە پێشکەوتن و بوژاندنەوە و دواکەوتن و پووکانەوەی وڵات و کۆمەڵگا بەندن بە جۆری گۆشکردنی مرۆڤەکانیانەوە . لە کۆمەڵگای پێشکەوتوودا گرنگی بە هەموو چینەکانی کۆمەڵگا دەدرێت و سوود لە وزە و توانایان وەردەگیرێت ، بەتایبەتیش پشتگیری و هانی کەسانی دانا و داهێنەری بلیمەت دەدەن . هەر بۆیە لە نێوانیاندا سەرکردەی ڕاستەقینە و زانـای گەورەیان لـە نێودا دروست دەبێت .  سەرباری ئەمەش  ئەگەر بە دواداچوون بۆ  گەلانی خۆشگوزەرانی وڵاتانی پێشکەوتووبکەین . ئەوا جگە لە دروستکردنی مرۆڤ ، هۆکارە سەرەکییەکانی گەشەکردن و پێشکەوتنیان لە هەموو ئاستەکاندا، بە کورتی بریتین لەم  خاڵانەی لای خوارەوە :
 ١ – ئازادی : یەکێکە لە مافە گرنگەکانی مرۆڤ . کەس بۆی نییە کەسێکی تری لێ بێ بەشبکات ، یان کەمی بکاتەوە و سنوری بۆ دابنێت .  ئازادی بە هەموو چەمکە جیاوازەکانییەوە ، پشکی گەورە و سەرەکی لە پێشکەوتندا هەیە . هیچ گەلێکش بێ ئازادی پێشنەکەوتووە . گەلانی نیشتمانپەروەری ئازادی خاوەن بەها بەرزەکان ، لە هەموو بوارەکاندا هەلی پێشکەوتنییان لەبەردەمدایە و توانای داهێنانیان هەیە ، باوەڕی تەواویان بە خۆیانە و نابن بە کۆیلە و ناکەونە ژێر هەژموون و کاریگەری دنیای دەرەوە . بە پێچەوانەی کۆمەڵگای لاوازی دواکەوتووەوە ، کە لەژێر زوڵم وزۆردا دەژین ، داهێنان و پێشکەوتنیان لە سنوری بیرکردنەوەی سەرکردە خۆسەپێنەرەکانیان تێناپەڕێت ، مێشک و دەمییان داخراوە و ئەوەی سەرکردەکان بیانەوێت ئەوە دەکەن و ناتوانن بە موو لێی لابدەن . جا یان لەبەر هەلپەرستی بێت ، یان لەژێر هەڕەشەی ترس و تۆقاندنی ئەو دەسەڵاتەدا بێ ، کە بە زەبری هێز گەلەکانییان خەساندووە . 
٢ – زانست :  زانست یەکێکە لە پایە پتەوەکانی بنیاتنان و پێشکەوتنی گەلان . میللەتان لە قۆناغی دواکەوتووەوە دەگوێزێتەوە بۆ قۆناغێکی پێشکەوتوو . هۆکاری گەشەکردنی ئابوری و کەلتوری و تەندروستییە .  هوشیاری لە کۆمەڵگادا بڵاودەکاتەوە و بیروباوەڕی کۆن و ئەفسانە دوور لە ڕاستییەکان ڕادەماڵێت و هۆکارەکانی دواکەوتن ناهێڵێت . تاک لە ڕێگای زانستەوە ماف و ئەرکەکانی خۆی دەزانێت و بە ئاسانی ڕاستی لە چەوتی جیادەکاتەوە . پاشان وڵاتێک چەند خاوەنی سەرچاوەی زۆری سروشتی و توانایی مرۆیی بێت ، بەڵام بەبێ بوونی عەقڵی زیرەک ئەستەمە بتوانێ گۆڕانکاریی بکات . بێگومان وڵاتە پێشکەوتووەکانی جیهان لە برەودانی هەموو بوارەکانی زانستدا هاوبەشن . ساڵانە بودجەی زەبەللاح بۆ پەرەپێدانی زانست و توێژینەوەی زانستی تەرخان دەکەن . ڕێژەی نەخوێندەوارییان ئێجگار کەمە ، یان هەر نییە . نەخوێندەواریش نەک تەنها بۆ نووسین و خوێندنەوە ، بەڵکو بۆ مامەڵەکردن و بەکارهێنانی کەرەسەی تازە و ئامرازەکانی شۆرشی پیشەسازی و شارەزایی لە هەموو بوارەکانی تەکنەلۆژیادا . بە پێچەوانەشەوە نەخوێندەواری لە کۆمەڵگا دواکەوتووە هەژارەکاندا ، کە دیکتاتۆری  ستەمکار حوکمیان دەکات ،  زۆر بڵاوە و وەک پێویست گرنگی پێ نەدراوە . ئەوەی شایانی باسە زانست هەموو ئامرازەکانی بۆ ئاسودەیی و خۆشگوزەرانی مرۆڤ تەرخانکردووە . بەشدارییەکی کاریگەر لە بواری تەندروستی دا دەکات و چارەسەرەکان دەدۆزێتەوە ، کەسی خوێندەواریش باشتر لە نەخوێندەوار خۆی دەپارێزێت . بەمەش ڕیژەی نەخۆشی و مردن کەمدەبێتەوە . پاشان کەسانی خوێندەوار ئاسانتر دەتوانن هەلی کار بدۆزنەوە ، چونکە خاوەن کار پێی باشە ئەو کەسانە دابمەزرێنێت ، کە پلەی بەرزی خوێندنیان بەدەست هێناوە . بە کورتی زانست بە شادەماری پێشکەوتن و بوژاندنەوە دادەنرێت . ئەو چەکە کاریگەرەیە مرۆڤ لە مەترسی دەرەکی و تاریکی و برسێتی و نەزانی و نەخۆشی ڕزگاردەکات . بێگومان ئەوەی گرنگی بە زانست نەدا ، جێی لەم سەر زەوییەدا نابێتەوە و ئاگر لە داهاتووی خۆی بەردەدات . بەڵام داخی گرانم  لە هەرێمە دواکەوتووەکەی ئێمەدا ، بۆ تاڵانکردنی گیرفانی خەڵکی هەژار و برسی ، پێوەری زیرەک بۆ ئاو و کارەبا دادەنێن ، کەچی ڕێگا لە کەسانی زیرەک و زانا و شارەزا دەگرن ، تا دەوری کارای خۆیان لە پڕۆسەی پێشکەوتن و بوژاندنەوەدا نەبینن .
٣ – بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی :  گەندەڵی ڕێگا لە پیشکەوتنی ئابوورییەکی ڕاستەقینەی وڵات دەگرێت .  درێژە بە قۆرخکردنی دەسەڵات و دزی و بەرتیل و نادادی دەدات  ، داهاتی سەر زەوی و ژێر زەوی  تاڵان دەکرێت ، وەبەرهێنان و بازرگانی ناوخۆ و دەرەوە دەشێوێنێت . هەر بۆیە بەڵای گەندەڵی گەورەترین بەربەستە لە بەردەم هەموو هەوڵەکانی پێشکەوتندا و گرفتی سەرەکی گەشەپێدانە . ڕۆڵی وێرانکەر لە کۆمەڵگادا دەبینێت و هەموو بوارەکانی ئابوری و سیاسی و کۆمەڵایەتی دەگرێتەوە . هەر بۆ نموونە کاریگەرییە خراپەکانی لە بواری ئابوریدا ، کە بەردی بناغەی پێشکەوتنە بریتیین لە : ١ – ڕێگرتن لە گەشەکردنی ئابوری و پەکخستنی بەرنامەی درێژ و کورت خایەنی گەشەپیدان . ٢ – بەفیڕۆدانی داهاتی دەوڵەت و بەکارهێنانی بە شێوەی خراپ و نەشیاو . ٣ – پێشێلکردنی دادپەروەری لە دابەشکردنی داهاتی وڵاتدا و دروستکردنی جیاوازی گەورە لە نێوان چینەکانی دەوڵەمەند و هەژاردا . ٤ – لاوازکردنی داهاتی دەوڵەت بە هۆی دزی و خۆدزینەوە لە باج و گومرگ و بڵاوبوونەوەی بەرتیل و بەکارهێنانی ڕێگای ساختە و دەربازبوون لە یاسا . ٥ – پشتگویێ خستنی کەرتە گرنگەکانی تەندروستی و پەروردە و خزمەتگوزارییەکان بە بیانوی کورتهێنانی داهاتەوە . بێگومان لە ڕووی سیاسیشەوە گەندەڵێ هۆکاری پەکخستنی ڕۆڵی حکومەتە لە جیبەجێکردنی ئەرکەکانیدا ، نەمانی شکۆی دەوڵەت و یاسا و دامەزراوەکان و بێ متمانەیی هاوڵاتی پێیان . نەمانی دیموکراسی و سەقامگیری سیاسی ، دوورخستنەوەی کەسانی پاکی شارەزای شایستە لە پۆستە گرنگەکاندا ، پەکخستنی هەوڵەکانی دەزگای چاودێری لە کارەکانی کەرتی گشتی و تایبەتدا . لە ڕووی کۆمەڵایەتیشەوە و لە ئەنجامی نەبوونی دادپەروەری و دەرفەتی یەکساندا ، پەیوەندییەکان دەشێوێنێت و ڕۆحی ڕق و کینە لە نێو چینەکاندا بڵاودەکاتەوە ، کاردانەوەی زۆر خراپیش لەسەر سەقامگیرێ و ئاشتی و ئاسایش بەجێدەهێڵێت. 
٤ – بە خۆداچوونەوە : هەر کەسێک بیەوێت بەشداری لە پێشکەوتنی وڵات و گەلەکەیدا بکات ، ئەوا پیویستە پێشەکی لە خۆیەوە دەستپێبکات . هەموو گۆڕانێک لە گۆڕانی عەقڵ و ڕۆحەوە دەستپێدەکات ، کە بەدەست ستەم و ناعەدالەتی ناوخۆوە تووشی چەواشەکاری دەبێ . وازهێنان لە خۆپەرستی و نۆکەرایەتی و پەرستنی سەرۆک و حیزبی تاک و تاقانە ، کە سەرچاوەی هەموو نەهامەتییەکانن . ڕووکردنە خزمەتی گشتی و خەبات بۆ پارێزگاریکردن لە شکۆی نیشتمان . بێگومان دروستکردنی مرۆڤیش پێویستی بە سەرکردایەتی تێگەیشتووی ژیر و هوشیاری خۆنەویستە ، کە گوزارشت لە خواستی خەڵکی بکات و باوەڕی تەواوی بە مرۆڤ هەبێت و بەرنامەی ستراتیجی بۆ پەروەردەکردنی مرۆڤ هەبێ ، چونکە بناغەی پتەوی دەوڵەت بریتییە لە کۆمەڵگایەکی ڕۆشنبیر .
٥ - ژیانی سیاسی :  کارکردن بۆ دوورخستنەوەی کایەی سیاسی لە کۆنەپەرستی و دەمارگیری و بنەماڵەیی و دیکتاتۆرییەت و هەلپەرستی . هەر بۆیە دیموکراتی تاکە سیستەمە لە مێژوودا ، کە توانیویەتی پارێزگاری لە دادپەروەری و ئازادی بکات .  بێگومان دیموکراتی لە وڵاتی پێشکەوتوودا زۆر بە جوانی پەیڕەو دەکرێت و یەکێکە لە هۆکارەکانی پێشکەوتن و بوژاندنەوە . بەڵام لە وڵاتی دواکەوتوودا ، درۆی  دیموکراتی خۆڵ دەکاتە چاوی خەڵکییەوە و بە جۆرێک  بەرگی نادادی و زۆر و ستەم  و دیکتاتۆرییەت دەپۆشێ . ڕێگا لە هەموو پێشکەوتنێک دەگرێ ، جگە لە نەهامەتی و ئاژاوە و برسێتی و زەوتکردنی ماف و هەڕاجکردنی نیشتمان ، هیچی تری لێ سەوزنابێ . 
****

تێبینی : بۆ ئەم باسە سود لە چەند سایتێکی عەرەبی وەرگیراوە .



نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە