مه‌هزه‌له‌ی توێژینه‌وه‌ی پێنج مامۆستای زانكۆكانى كوردستان

Tuesday, 27/12/2022, 20:38

902 بینراوە


توانا سه‌ید ره‌سوڵ

ئامانجى سه‌ره‌كی توێژینه‌وه‌ له‌دامه‌زراوه‌ زانستیه‌كانى جیهان، بۆ دۆزینه‌وه‌ی رێگاچاره‌ی ئه‌كادیمییه‌ بۆ كێشه‌ و گرفتێكی گه‌وره‌ یان داهێنان و بڕه‌ودانه‌ به‌مه‌سه‌له‌یه‌كی زانستی. 
زانكۆكانى كوردستان له‌ژێر‌فشاری رێكخراوه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كانى تایبه‌ت به‌‌هه‌ڵسه‌نگاندن و ده‌ستنیشانی رانكینگ (Ranking)،  مامۆستایانى زانكۆی ناچاركردووه‌ لۆ وه‌رگرتنى نازناو و ته‌رقیه‌، توێژینه‌وه‌ بنوسن و له‌گۆڤاره‌كانی ناوخۆ یان گۆڤاری زانكۆكانی جیهان بلآوبكه‌نه‌وه‌. 
مه‌هزه‌له‌كه‌ لێره‌وه‌ ده‌ست پێئه‌كات، مامۆستاكان بۆ خۆدزینه‌وه‌ له‌گۆڤاره زانستیه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان، په‌نا بۆ گۆڤاره‌كانى ناوخۆ ئه‌به‌ن، جا زۆر له‌و مامۆستایانه‌ی توانای نوسینی لێكۆڵینه‌وه‌یه‌كیان نیه‌، فێڵێ له‌وه‌زاره‌ته‌كه‌ی خۆیان ئه‌كه‌ن. یه‌كێكیان لێكۆڵینه‌وه‌كه‌ ئه‌نوسێ و چه‌ند مامۆستایه‌كی بێ توانا وه‌ك به‌شدار ئه‌نوسێ. باشه‌ لێكۆڵینه‌وه‌یه‌كی ته‌نها -10- ده‌ لاپه‌ره‌یی كه‌ بواری پزیشكی و ئه‌ندازیاریش نه‌بێ و بۆ گۆڤارێكی بیانیش نه‌بێ، به‌ڵكو بواره‌كه‌ی زانستی مرۆڤایه‌تی بێت وه‌ك زمان و مێژوو و جیۆگرافیاى كوردی، چ پێویست ئه‌كات به‌ -5- پێنج مامۆستا بینوسن؟.
مه‌به‌ستى سه‌ره‌كی فێڵه‌كه‌ش بۆ ئه‌وه‌یه‌ هه‌ركامیان لێكۆڵینه‌وه‌ی نوسی، ناوی براده‌ره‌كانیتریش بنوسێ تا سودی لێوه‌ربگرن.
بۆ بنه‌بڕكردنی ئه‌م مه‌هزه‌له‌یه‌ش، ئه‌ركی سه‌رشانی وه‌زاره‌تى خوێندنى باڵایه‌ به‌دواداچوون بۆ ئه‌م فێڵه‌ زانستییه ‌بكات به‌ئامانجی پاراستنی شكۆی زانكۆكان له‌هه‌ر هه‌وڵێكی ته‌زویرو ساخته‌كردن یا بێ نرخكردنی توێژینه‌وه‌.
هاوپێچ: ئه‌مه‌ نمونه‌یه‌كه‌ له‌و ته‌ڵه‌كه‌بازییه‌  كه‌ به‌پێنج  مامۆستا له‌ چوار زانكۆی جیاوازی وه‌ك زانكۆكانی سه‌لآحه‌دین و پۆلی ته‌كنیكی هه‌ولێر و سۆران و راپه‌رین، یه‌ك توێژینه‌وه‌یان نوسیوه‌! له‌سه‌ر بابه‌تێكی ساده‌ی وه‌ك وه‌رگێڕانی وه‌رزش و بۆ زانكۆیه‌كی لاچه‌په‌كی وه‌ك زانكۆی سۆران!

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست