ڕاپەڕینی ٩١ جاش و هاوڵاتی کردیان

Tuesday, 27/12/2022, 20:48

3694 بینراوە


لەمێژووی گەلاندا شۆڕش و دواتریش ڕاپەڕین، هەبووە، بەتایبەت گەلانی چەوساوە و ژێردەستی دەسەڵاتێکی چەوسێنەر، بەڵام ڕاپەڕینێکی هاوشێوەی ٥ی ئازاری ١٩٩١ کە لەڕانیە سەری هەڵدا زۆر دەگمەن بووە یاخود هەر نەبووە، چونکە حکومەتی عێڕاقی ئەوسا خاوەن سێیەمین هێزی سەربازی بوو لەسەر ئاستی جیهان، بۆ ئەوسەردەم چەکی پێشکەوتوی هەبوو، وە لەوە خەتەر تر، دەسەڵاتێک، لە لوتکەی دیکتاتۆریەت دابوو، وەک زاڵمترین دەسەڵات گەلی مەزڵومی کوردی دەچەوساندەوە، بەجۆرێک کە هەوڵی ئەدا فەرهەنگ، کولتور، زمان، وە گشت ڕەمزە نەتەوەییەکان بۆیەکجاری لەناو بەرێت، ئەگەرچی پێشتریش وتومەو ئەیڵێمەوە من سەرسام بووم بە کەسایەتی سەددام حوسێن و بەڕای من سەددام شەخسیەتێکی کاریگەرو بەهێزو وە عیززەت نەفسی بەرزبوو.  . 
ئەم جورئەت و هەڵوێستە سیاسی و مێژوویەی خەڵکی ڕانیە نیشانی دا قابیلی هەڵوێستە لەسەر کردنە، وە هەرگیز نابێت لەمێژوودا بە کاڵی باس بکرێت بەڵکو لازمە زۆر لەوە تۆختر و گەورەتر سەرنجی بدرێتێ، لەبەرئەوەی هەنگێ هیچ ئەمەلێکی سەرکەوتن نەبوو، بەڕادەیەک هیچ کەسێک نەپێشبینی دەکرد ئەو سەرکەوتنە گەورەیە بەدەست بێت، نە هیچ کەسیش پلانی ڕزگاری سەرتاسەری هەبوو، بەڵام دەرفەتێک هاتە پێش، ئەویش بەهۆی لوتبەرزی دەسەڵاتەکەی سەددام حوسێن کە هێرشی کردە سەر وڵاتی کوەیت و وتی: کوەیت دەوڵەت نییە! بەڵکو نۆزدەهەمین پارێزگای عێڕاقە. ئەنجامەکەشی لەدەستدانی سێ پارێزگای تریش بوو، نەک داگیر کردنی کوەیت. ئەمریکا هێرشی زەمینی و ئاسمانی کردە سەر هێزەکانی عێڕاق لەکوەیت، سەربازگەلێکی زۆر کوژران و بەدیل گیران، حکومەتی عێڕاقیش پاشەکشێی کرد، ئەمە بەکورتی هۆکاری سەرەکی بوو کەدەسەڵاتەکەی بەعس سەرقاڵ بوو، وە کەمتر ئەپڕژایە سەر بارودۆخی کوردیستان. 
ڕاپەڕین چۆن سەریهەڵدا؟ دیارە هیچ کەسێک ناتوانێت ڕەوڕەوەی مێژوو بگۆڕێت و خەڵک چەواشە بکات. پێویستە ئێمە کاتێک باس لەمێژوو دەکەین بێلایەنانە ڕاستی ڕووداوەکان وەک خۆی بنوسینەوە. 
 حیزبە کوردیەکان پلانیان هەبوو پەلاماری چەند مەعەسکەرێکی بەعس بدەن وەکو چالاکییەکی پارتیزانی. بەڵام پلانیان بۆ ڕاپەڕین نەبوو. وە لایەنگر و ڕێکخستنەکانیشیان لەناو شاردا ڕۆڵیان نەبوو.. 
لە٥ی ئازاری ١٩٩١ خەڵکی بوێر و قارەمان و خاوەن هەڵوێستی شاری ڕانیە بەهاوکاری هەندێک لەجاشە بەشەڕەفەکان ڕاپەڕینیان کرد، لەناو بازاڕ و بەردەم مزگەوتی گەورەی ڕانیە دەستی پێکرد و هێرش کرایە سەر دائیرەی ئەمن، شەڕەکان دەستەویەخە بوون و بەریەککەوتنەکان زۆر چڕ بوون، لەئەنجامدا هەمان ڕۆژ ڕانیە پاک کرایەوە لەپیاوانی بەعس زۆریان لێکوژران و زۆریش بەدیل گیران، زۆرێک لەدیلەکان کەپلەی بەرزیان هەبوو وە ناسراو بوون لەلای خەڵک و خەرابەی زۆریان کردبوو، بۆیە لەسەر پشتی بینای مزگەوتی ( ناجیە خان) هەڵدرانە خوارەوەو خەڵک بەچەقۆ و خەنجەر کوشتنیان. هەمان ڕۆژ دوانیوەڕۆ خەڵک و جاش بەرەو چوارقوڕنە هێرشیان برد، ئەم هێرشە لەکاتێکدا بوو، کەڕانیە ئازاد کرابوو، بەڵام هێشتا قەڵادزە و سەنگەسەر و هەتا سەر سنوری ئێران هیچی ئازاد نەکرابوو، کەئەکەونە پشتی ڕانیە، یانی ڕانیە لەنێواندا بوو وەک دەوردرا بوو، خۆ ئەگەر بێت و ڕاپەڕینەکە سەرکەوتوو نەبوایە، ڕانیە لەناوەڕاستی دوژمندابوو، هێشتا هەرچواردەوری ڕانیە سەربازانی بەعس بوون، بەڵام خۆشبەختانە دواتر دەوروپشتی ڕانیەش ئازاد کران. دوای دوو ڕۆژ و شەوێک لەئازاد کردنی ڕانیە و دەوروبەری ئینجا پێشمەرگە گەیشتنە ناو شار، یانی لەئازاد کردنی ڕانیە و دەوروبەری پێشمەرگە بەژدار نەبوو، بەڵام بۆ ٧ی مانگ و ڕۆژانی دواتر هاوڵاتی بەهاوکاری جاش و پێشمەرگە گشت کوردستانیان ئازاد کرد. 
ڕاپەڕین و دواتریش ئازاد کردنی ڕانیە بەنرخی ١٤ شەهید و دەیان بریندار بەدەست هات، کە یەکێک لەم شەهیدانە ئامۆزای من بوو بە ناوی شەهید حوسێن حەسەن.  
من بۆ ئێستا بەداخەوەم کەهەردوک بنەماڵەی مافیای بارزانی و تاڵەبانی خۆیان دەکەن بەخاوەنی ڕاپەڕین و هەموو دەستکەوتەکانیشیان دەست بەسەردا گرتووە، بەقەولی ئەوان ئەگەر پێشمەرگەش خاوەنی ڕاپەڕین بێت ئەوا پێشمەرگەی هەموو حیزبەکان وەکو یەک دەبێت خاوەنی بێت نەک تەنها پێشمەرگەکانی ئەم دوو بنەماڵە دزو مافیایە. ئەگەرچی بە ڕای من پێشمەرگە هەر بە گشتی دەورو ڕۆڵی نەبوو لەسەرەتادا هەتاکو زانیان کە ڕاپەڕین کراوەو سەرکەوتوو بووەو بووە بە ئەمری واقیع. 
 مخابن ئێستا کە باسی پێشمەرگە دەکرێت یەکێتی و پارتی تەنها خۆیان بە خاوەنی دەزانن و تەنها پێشمەرگەکانی خۆیان بە قارەمان دەزانن. بەڵام بۆ نمونە پێشمەرگەکانی حیزبی شوعی کەئەوکات خاوەنی پێشمەرگەی زۆر بوو، هەروەها بزوتنەوەی ئیسلامی بەهەزاران پێشمەرگەی هەبوو و ڕۆڵی زۆر کاریگەری هەبوو لەڕاپەڕیندا، بەڵام بەداخەوە یەکێتی و پارتی وەک چۆن دەستیان گرتووە بەسەر خێروبێر و گشت جومگەکانی ژیان، هەرواش دەستیان گرتووە بەسەر دەستکەوتەکانی ڕاپەڕین و باسی لایەنەکانی تر ناکەن. 
لەساڵی ١٩٩١ جەلال تاڵەبانی و مەسعود بارزانی بە دوو جێب وەسەتەی فافۆن گەڕانەوە بۆکوردستان، بەڵام ئێستا مناڵەکانیان و نەوەکانیان بەهەزاران ئۆتۆمبێلی دڕعی ملیۆنان دۆلاریان لەژێرە! دوو بنەماڵەی گەورە دەوڵەمەند، دوو گەورە بازرگان بەخوێنی مرۆڤی کورد، دوو مافیاو قاچاخچی، دوو دیکتاتۆر، دوو سەری سەرخۆر، دوو تاوانبارو زاڵم، دوو گەورە جاشی نێودەوڵەتین.   
لەدواییدا ئەوە ماوە بیڵێم، ئەو دەسەڵاتەی ٣١ ساڵ پێش ئێستا بەخوێن لەوڵات بەدەرمان نا، هیچ فەڕقی نییە لەگەڵ ئەم ڕژێمەی کوردی ئێستا، بۆیە پێویستمان بەڕاپەڕینی دووەمە، ئێستا خاکی کوردستان، خێروبێر، عەقڵی کۆمەڵگا، هێزی چەکدار، گشتیان لەلایەن ڕژێمی کوردیەوە داگیر کراون، بۆیە دەبێت ئەم دەسەڵاتەش گۆڕبەگۆڕ بکەین. 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە