لە تورکیا.. کێماسیەکە لەدەوڵەتەوە تا ئایدۆلۆژیای فەرمی و داگیرکاری و سیستەمی خوێندن و ناو مزگەوت و شوێنە گشتییەکانی گرتۆتەوە و بەرجەستەیە" من بەردەوام بووم لەسەر ئەوەی کە دەبێ دیاردەکانی ناو کۆمەڵگە و ڕاستییەکان وەک ئەوەی ھەیە ببیندرێت و بەڕاستی و لۆژیکی زانستی و دوور لە کاریگەری ھیچ لایەن و بۆچوونی دیکە کاری لەسەر بکرێ. بەتایبەت ڕەخنەگرتن لەو بۆچوونەی ئەو ڕاستیانە بەلاوە دەنێ و بە نەبوونیان لەقەڵەم دەدا" . ل ٢٣٠
کاتێ بە دیوی ناوەوەی دەوڵەتی تورکیادا شۆڕ دەبینەوە، جۆرە یاسای شۆڤێنیانە و دەزگەی داپلۆسێنەر و بڕیاری ناجۆرر و شتگەلێکی ترمان بەرچاو دەکەوێت و دەخوێنینەوە و دەبیستین. کێشە بنەڕەتییەکەش لەوەدایە ستراکچەری دەوڵەتەکە لەسەر ئەم بنەمایە هەڵساوە و هەر لادانێک لەم ڕێڕەوە نادیموکراسی و نامرۆڤانەیە، دەبێتە مایەی مل شکاندنی دەوڵەتەکە و هەڵوەشانەوە. دەوڵەتێک بەرگەی ئەوە نەگرێ لە سنووری خۆیدا ددان بە بوونی ئەوانی دیکەدا بنێ؟ دەبێ ترس و تۆقان تا کوێ جێی هەڕيشەی سەر ئەو کیانە بێت.. ئاخر لەتەواوی جیهاندا دەوڵەتێک نییە، لێوان لێو پێکهاتبێ لە نەتەوەیەک،ئیدی تورکیا بەنیازی نەخشاندنی کامە ناسنامەی ئاوارتەیە؟!..
یاساکانیش هێندە قەرەقۆشی و قرچۆکن گەر بە سزادانی قورس و هەڕيشە و تۆقاندن و پۆلیس پشتیوانییان لێ نەکرێ، شیاوی پێڕەوکردن نین و ناچنە نێو خەڵکەوە. بێشکچی سیاسەتی فەرمی تورکیامان بەم شێوەیە پێ دەناسێنێ: " بۆچوون و ئایدۆلۆژیای فەرمی وەکو ئایدیای دیکە نییە، چونکە ئەوە بۆچوون و ئایدۆلۆژیایەکە کە بە سزاکانی دەوڵەت پارێزگاری لێدەکرێ".. ل ٢٣٢
کاتێ سیاسەتی فەرمی دەرەتانی هەناسەدان و گەشە و فراژبوون و پێشکەوتنی داخست و ڕيشمەی ڕووداوەکانی تەنیا لە چاوی دەزگەکانی پۆلیس و ئاسایشەوە گرت بەدەستەوە، ئیدی مەحاڵە هیچ دەرفەتێ بۆ زانست و دیموکراسی ساز بێت، مرۆڤە ئازادیخواز و زانستکارەکان پێوە سەرقاڵ بن و بتوانن تێیدا بژین. " واتە خنکاندنی ناوەندی زانستی لەلایەن ئایدۆلۆژیای فەرمیی و خاڵی کردنەوەی ناوەڕۆکە گرنگەکەی زانست بە گشتی ". ل ٢٣٦
ئەو ڕۆژگارەی تارمایی ڕەش و دڕندانەی کەمالیزم و سیاسەتی فەرمی دەوڵەتی تۆرانی باڵی بەسەر هەموو شتێکدا کێشا بوو، دەنگێکی نووزە ئاسا و دەگمەن و تاقانە دەبیسترا،ترس و لەرزی دەخستە گیانی دەوڵەتی تورکیاوە . هەروەک دەبینین و بە ئاگاین چ بە بێشکچی زانستکار و مرۆڤپەروەر و هەقبێژ و داکۆکیکاری لە دۆزی ڕەوای کورد وتراوە: " بێشکچی بەئاگاھێنەرەوەی دۆزی کوردە بۆیە بەھیچ کلۆجێک قبوڵکراو نییە" ل ٢٣٥
پێشتر ئاماژەمان بە بیر و هەڵوێستی چەپی تورک و کورد دەرهەق دۆزی کورد و بێشکچی دا، بێشکچیش بەو چەند گووتەیە لە کۆڵیان نابێتەوە و وەک خۆی لە کات و شوێنێ خۆیدا دێتەوە سەریان. لەو دۆخە پڕ لە کوێرەوەرییەی کورددا، چەپ و شۆڕشگێڕیی هەرە پێشکەوتوو، دژ بە کێشيی ڕەوای کورد وەستاونەتەوە،جارێک بە دواکەوتوو و فیۆداڵی و جارێک بە دەستچێنی ئیمپریالیزم و جارێ وەک شەیتان و جارێک ناسۆسیالیزم و..هتد.. تاوانباری کورد و بزاڤەکەی کردووە. ئەم بیر و نالۆژییەکە وای کردووە، لە بنە هەرە بنەڕەتییەکانی سۆسیالیزمیش لایان داوە،بەناڕاستەوخۆ بوونەتەوە برغویەکی تری دەوڵەتی تورکیا و کوتەکی ئایدۆلۆژییە فەرمییەکەی .بە واتای ئەوەی ئەوانیش کەمپینێکی دوژمنکارانەیان دژ بە دۆزی ڕەوای کرد بەرپاکردووە، سیاسەتی چەپایەتییان بۆ داکۆکی و پارێزگاری لە دەوڵەت و سیستەمی تورکیا بەکار بردووە. کێشەی نێو رێکخراوە کوردییەکان چەپایەتی و ناچەپایەتی دەردێکی بێ دەرمان بووە. " فیکر و ڕامانی تورک، چەند پڕ کێشە و ناتەندروست بووە، سیاسەتی نکۆڵیکردن ھۆشی تورک و تێگەیشتنی سۆسیالیزمی خنکاندووە". ل ٢٦٥
بێشکچی لەسەر ئەم دۆخ و دیاردە و بیرکردنە ناسروشتی و سەقەتە هاتۆتە دەنگ و ئەشکەنجەی زۆری خواردووە و دژایەتی زۆریش کراوە. لە ل ٣٣٨ باس لەوە دەکات، کاتێ گیراوە چەپەکانی کورد داوای لێ دەکەن ڕێنماییان بکات چ کتێبێک بخوێننەوە و چۆن خۆیان پێ بگەێنن، ئەو هەردەم پێێ گووتوون بڕۆن ڕۆمانەکانی یاشار کەمال بخوێننەوە.. لەسەر ئەوە بە کۆنپارێز و دواکەوتوو و ناسۆسیالیستی تاوانبار کراوە،چونکە پێی نگووتوون هەڕن : مارکس و ئەنگلس و لینین و ستالین بخوێننەوە.
سەیرە زانستکارێ باوەڕی بەزانستە و کاری پێ دەکات و دەیەوێ بەم ڕێگایە کێشەی چەوساندنەوە و کوشتنی میللەتێکی چەندەها ملیۆنی قوتار بکات،کەچی چەپە شۆڕشگێڕە هەر ئینتەرناسیۆنالەکانی تورک و کورد بە کۆنەپەرستی لەقەڵەم بدەن. ھەر وتارێکی نووسی بێت و ھەر کتێبێکی بڵاو کردبێتەوە،هێڕشی بکراوەتە سەر و لەلایەن دەوڵەتەوە پاداشتەکەی سزادان و زیندانی کردن بووە.
بێشکچی هەر بەڕەخنەگرتن لەدەوڵەتی تورک و چەپی تورکەوە گیانبازی بە گیانی خۆی نەکردووە، بەڵکو گەلێ باوەڕی بەوەش بووە، ڕەخنە لە هەڵە و کێماسی کورد بگرێ و باوەڕی بە ڕەخنە و گرنگی ڕەخنە بۆ کورد هەبووە، دەڵێ: " بە بۆچوونی من لە هەموو گەلێک زیاتر کورد پێویستیان بە ڕەخنە لێگرتنە". ل٤٠٦
خاڵێکی هەرە گەنگ و بنچینەیی و زانستی و بابەتی لە نووسینەکانی بێشکچیدا،ئەوەیە دۆزی کورد بەیەک یەکەی دانەبڕاو لەیەکتر دەبینێ و وەک قوربانییەکی پیلانی ئیمپریالیزم و کۆلۆنیالیزم تەماشای دەکات و باوەڕی بەو دەوڵەتە دەستکردانە نییە. ئەم لایەنەش توانیویەتی بایەخی زانستی بۆ تێزەکانی زیاتر بکات،وەک بە کتێبە بەناوبانگەکەی (کوردستان کۆلۆنییەکی نێودەوڵەتی) سەلماندوویەتی و لەسەری دادگایی کراو . تێزەکانی ئەم شاکارە توانی بیروبۆچوونی زۆر زانستکار و ئاکادیمیست و مێژوونووس و لێکۆڵەری کورد تێپەڕێنێو بێتە سەرچاوەیەکی زانستی گرنگی دۆزی کورد " لەکاتێکدا پێویست بوو وەکو یەک پارچە لێکۆڵینەوە و شیکردنەوە بۆ کوردستان بکرێت. چونکە ئەو جۆری میتۆدە لە کارکردن لەسەر کوردستان دەبووە ھۆی ئەوەی دابەشکردن و پارچەپارچەکردن و جیاکردنەوەی کورد و کوردستان ببێتە ڕۆژەڤەوە". ل ٤١٧