ئێمە و ئەوان

Thursday, 29/12/2022, 20:39

5353 بینراوە


ئێمە و ئەوان زۆر جیاوازین. ئەوان لە دۆڵێک و ئێمە لە دۆڵێکی ترین. ئێمە ئاسان و نەرم و گۆڕاوین بەڵام ئەوان قورس و ڕەق و توند و جێگیرن. سەرچاوەی زانیاری و هوشیاری ئێمە سەددان هەزار کتێب و دەیان هەزار نووسەر و هەزاران تەوژم و ئاراستە و ئایدیا و هزر و فەلسەفە و دەیان مێژووی جیاواز و سەددان ئایینی ئاسمانی و زەمینین، بەڵام سەرچاوەی زانیاری ئەوان یەک کتێب و یەک نووسەر و یەک مێژووە. ئەوان ڕێگە بە خۆیان ئەدەن تەنها خۆیان بخوێننەوە بەڵام ئێمە خۆمان و هەمووان و ئەوانیش ئەخوێنینەوە. ئێمە ئەمانەوێ لە خۆمان و ئەوان و هەمووان بگەین بەڵام ئەوان، تەنها لە خۆیان نەبێ، نایانەوێ لە کەس تێبگەن.  ڕەنگی ئێمە، ڕەنگی پەڵکەزێڕینەیە (بەو تاکە مانایە نا کە ئەوان بانگەشەی چەواشەکاری بۆ دەکەن) بەڵکو بەو مانا فراوانەی کە ئێمە خێوەتێکی پەڵکە زێڕینەییمان هەیە کە هەمووان لە ژێریا، ڕێزلێگیراو و ئازادن بەڵام ئەوان تاکە ڕەنگی دڵخوازیان ڕەشە و خاوەن خێوەتێکی ڕەشن، جگە لە ڕەش پۆش و بەیداخی ڕەش بەدەست و خاوەن بیری ڕەش، هیچ ڕەنگ و بیر و بەیداخێکی جیاواز لە خۆیان، لە ژیر خێوەتییان ناحەوێتەوە. بڕیار و بیر و ڕاو و بۆچوونی ئێمە، بە دەیان و بگرە بە سەددان فلتەری یاسایی و مرۆڤایەتی و ئەخلاقیدا تێپەڕیوە، بەڵام بڕیاری ئەوان تەنها بە تاکە فلتەرێکی کۆن و تۆز لێ نیشتوودا تێدەپەڕێت. ئێمە بە ئەخلاقین، بەو ئەخلاقەی ئەوان نا کە پڕە لە دژیەکی و پارادۆکس و کە کورتکراوەتەوە تەنها لە جل و بەرگ پۆشین و جۆری پەیوەندی مرۆڤەکان بە یەکەوە. بەڵکو ئەخلاقی ئێمە، ئەخلاقێکی سەردەمییانەی گشتگیری گۆڕاوە، بە پێیی پێدراوە مروڤایەتیەکان و بە پێی کات و شوێن و گۆڕاوەکان، پێوەری نوێی بۆ پەیدا دەبێت. ئێمە بەرهەمی بەڵگە و تاقیگە و ئەزموون و ئامار و ژمارەین. ئەوان بەرهەمی خەیاڵ و ڕەشباوەڕی و ناڕوونی و بێ بەڵگەیین. ئێمە ئازادین، باڵی عەقڵمان شەقەی دێت لە بۆشایی ئاسماندا. ئاسمانی خەیاڵیشمان بەرینە و هیچ چواچێوەیەکمان نیە بۆ عەقڵ و بۆ خەیاڵ و بۆ بیرکردنەوە. ئەوان ناونیشانی سەرەکییان قەفەسە، عەقڵ و خەیاڵ و بیرکردنەوەیان دەرکردووە. هەموو شتێک لای ئەوان، وا لە چوارچێوەیەکی تەسکدایە. لای ئەوان ئازادی حەرامە و تێفکرین قەدەغەیە و پرسیار کاری شەیتانە، سەرسووڕمان بەدگوومانیە. لای ئەوان ئێمە ئازادی وتنمان نیە و زۆر جاریش مافی ژیانیشمان نیە. بەڵام ئەوان لە سایەی ئازادی ئێمە ئەتوانن هەموو ئەوانەش و بڕێک زیاتریش بڵێن بە بێ دوو دڵی. ئێمە پڕین لە هونەر و لە ئەدەب و لە ئاواز و لە مۆسیقا و لە سەما. ئەوان ڕقیان لە جوانیی و هونەر و ئەدەب و ئاوازیشە. ئەوان هەموو کارێکی نوێ بە بیدعە ئەزانن. ئەوان بەرتەڕناشی نێو عەقڵ و بیری ڕابردوون و ڕەوڕەوەی مێژووییان وەستاوە لە شوێنکدا و ئیتر بڕیارە هەر نەسووڕێ. بەڵام عەقڵ و لێکدانەوەی ئێمه، هەمیشه ڕاڕا و و پڕ گومان و پڕ سەرسووڕمانە، لە هیچ وێزگەیەکدا بە یەکجاری ناوەستێ و هەمیشە بۆ وێزگەیەکی تازە ئەگەڕێ. هیچ شتێک لای ئێمە سەرمۆر نیە و هەموو شتێک شایەنی کردنەووە و پێداچوونەوە و شیتەڵکردنە، چونکە ئێمە لە هیچ شتێک دڵنیا نین بە ڕەهایی. ئەفسووس ئەوان، دڵنیاییان لە تاریکی و لێڵی و سێبەر ەوە، وەرگرتووە. ئەوان لیستی ڕەشییان پڕە لە ناوەکانی ئێمە و هێڵی سوور تەنها خۆیانن، بەڵام ئێمە لیستی ڕەشمان بۆ کەس نیە  و هێڵی سوریشمان تەنها ئازادی و مرۆڤایەتییە. هەر کات ئێمە وەک خۆمان و ئەوان وەک خۆیان تاقیکرانەوە، ئەوسا تێدەگەن ئێمە کێین و ئەوانیش‌کێن!؟


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە