خۆشم دەوێی

Monday, 02/01/2023, 18:30

6461 بینراوە


ئازیزەکەم دەمەوێ بە جۆرێکی جیاواز لە  (شوان) منیش پێت بڵێم: خۆت دەزانیت، هیچ شتێک نییە لە گەردون گەورەتر و کۆنتر بێت، کە من هەست دەکەم خۆشەویستیم بۆ تۆ ئەوەندەی گەردون گەورە و بەتەمەنە.
من هەست دەکەم هێندەی هەموو وزە و پێکهاتەی ئەتۆمەکانی گەردون خۆشم دەوێیت. خۆزگە جارێکی تر بۆ تەنیا شەوێک کە دەخەوتی تا بەربەیان بە دیارتەوە دابنیشتمایە، بێ تروکاندن، چاوم لە رووت ببڕیایە، ئەوسا ئەگەر بۆ دواجار چاوم داخستایە گرنگ نەبوو بۆ دوا داخستنیش بوایە.
ئازیزەکەم دەمەوێ بەجۆرێکی جیاواز لەوەی (گۆران)'' پێت بڵێم؛
خۆزگە بمتوانیایە دەرونم بۆت داماڵایە، بۆ ئەوەی بەچاوی خۆت بووبینیایە، چ جۆرە وێنەیەکی تۆی تیایە، کە لەو جۆرە دیمەنە نە پێناسە دەکرێ، نە بەووشە دەردەبڕڕێ، هەزاران هەزار نەخش و نیگاری زۆر تایبەتی بێ نمونەی تیایە، بۆ کێشانی هەر گەردێکی تەمەنی هونەرمەندێکی دەوێ. 
هەندێک جار لەپڕ بڵقێک، لەیادەوەریم هەڵدەتۆقێ، ساتێک لەساتەکانمان وەک فیلمێک دەردەکەوێ، دەمباتەوە شانسێلیسێ، هەندێک جار دەمباتە ناوقەدی بورجی ئێیڤڵ. لەو کاتەدا گۆرانییەک دێتە بەرگوێم لەنێو خامۆشی کۆڵانە تاریکەکاندا، بەدەم ڕێگاوە دووکەس دەیڵێن؛ ئەم دونیایە کتێبێکە و تۆش ئەو هزرەی لە ناویدا...
''' بڵقەکانی یادەوەریی لەو چەشنە گەلێک زۆرن، ئای چەند خۆشە کە بێ ژوان دەردەکەون، لەگەڵ خۆیاندا پەلم دەگرن، وردە وردە هەرجارە و بۆ جێیەک دەمفڕێنن، دەمگەیەننە نێو رووداوی ئەفسوناوی و، دەمکەنە نیشان بۆ تیرەکانی ئێرۆس.''''
زۆر ناخۆشە؛ بەهێواشی بەخەندەیەکی ساردەوە دەستم لێبەردەدەن، جێم دێڵن و دەنیشمەوە نێو راستییە بەرجەستییەکەم. لای چەپم دیوار، لای راستم دیوار، بەرامبەرم شاشەیەکی کۆمپیوتەر و لاپەڕەیەکی کراوەی سپی، بەنیازی نووسینی وتارێکی مەعریفی.

تێبینی:

'سەلاح شوان-: خۆشم دەوێی
ئەزانی ئاسمان چەن دوورە؟ بە قەد دووری هەموو ئاسمان و دوورتریش خۆشم ئەوێی
ئەزانی دەریا چەند قووڵە؟ بە قەد قوڵی گشت دەریاکان و قوڵتریش خۆشم ئەوێی
''گۆران-: ئەمویست دەروون بکرایەوە وەک تۆمار دەرکەوتایە دنیای جوانتر لە بەهار،
دەرکەوتایە: ئاوات، هیوا، خەوبینین… پرشنگدارتر لە ئەستێرەی قوبەی شین!
'''الهادى أدم-: هذه الدنيا كتاب أنت فيه الفكر، هذه الدنيا ليال أنت فيها العمر
''''-Eros خودای خۆشەویستی کوڕی ("ئەفرۆدیت" خوای جوانی، خۆشی، ژیان). ئێرۆس تیری خۆشەویستی دەگرتە مرۆڤ و شێتی خۆشەویستی دەکردن.
  
لەلایەک خۆشی-مەستبوون و چوونە نێو ژیانێکی پڕ نهێنی و گەیشتنە بە ئوتۆپیا. کە تەنیا توانای خەیاڵە دەتوانێ تابلۆیەکی لەو شێوەیە بنەخشێنێ و بیجوڵێنێ. 
لەلایەکیتر ناڕەواییەکی-مەستە، کە خوڵقێێنەر و دروستکەری بەند و کۆتەکانە و، کردوییەتییە چوارپەل و گەردنی خۆی و بەدەستییەوە دەناڵێنێ.
.........

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە