لە باشوور وێرانی هزر لە وێرانی نیشتیمان خراپتر هەنگاو دەنێت

Saturday, 31/12/2022, 13:43

8394 بینراوە


لە شەڕی یەکەم و دووهەمی جیهانیدا زۆر یەک لە شار و شارۆچکەی وڵاتانی بەشداربوو لەشەڕ بەرەو وێرانیی هەنگاوی نا، بەڵام بە هەوڵ و تێکۆشانی بێ وچانی خەڵکە ئازاکەی رووی لە  ئاوەدانی و گەشەکردن  کرد. جگە لەوەش سەرهەڵدانەوەی ئابووری وفەرهەنگی وسیاسی و پەروەردە راهێنانیش بەرەو ئاقارێکی پێشکەوتن ڕۆیشت.
لەگەڵ ئەوەدا هاوتەریب دەگەڵ دونیای پێشکەوتندا، هەندێک وڵات خاپوور کرا،  وڵاتانێکیش بە پێچەوانەی دونیا ئازاد بەرەو دواوە هەنگاوی نا، چون ئەو دەسەڵاتەی کە خەكی ناهوشیار دەنگی پێدابوو، هەرئەوەی دەویست. ئەووڵاتانە زۆربەیان باوەڕمەند بون بە ئایینی ئیسلام وئایدۆلۆژیای ئیسلامی سیاسی و سەلەفیزمی تووندئاژۆ.
وڵاتی وێران ئاوەدان دەکرێتەوە. ئەی ئەگەرمێشک و بیرکردنەوە وهزری مرۆڤەکان وێڕان بون، ئایا هەروا بەئاسانی ئەو وێڕانییە قەرەبوودەکرێتەوە؟ بێگومان نا. قۆناغێکی تازەی بێ بەختی لە باشووری کوردستان کاتێک سەری هەڵدایەوە کە تەرمی مەلامستەفا لە شاری شنۆ نێژرابوو لە ناو ئاپۆڕەی جەماوەر لە باشووری هێنرایەوە باشووری کوردستان و بە گریان و ڕۆڕۆ بە خاک سپێردرا! تەرمی کەسێک دوای بە کوشتدانی هەزاران مرۆڤی بێتاوان ئاشبەتاڵی راگەیاند و گووتی: ئەوەی من وکوڕەکانم پێیان نەکرێ، ناهێڵین کەسی دیکە بە ئەنجامی بگەیەنێ.
قۆناغێکی دیکەی مەترسیدار کاتێک لە باشووری کوردستان دەستی پێکرد، کە جەلال تاڵەبانی بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆککۆماریی لە عێراقی عەرەبیدا، پرسی کوردیی کردە فیدای پلە و پۆستێک کە ئێمڕۆ هیچ بایەخێکی سیاسیی و ئابووری وفەرهەنگی بۆ کورد تێدا نییە. ئەوسەردەم کە لە شاخ بون دروشمی (یان کوردستان یان نەمان) ئاگری لێ هەڵدەستا بۆئەوەی مرۆڤی ساویلکەی کورد بکاتە چەکداری خۆی و بە کوشتی بدات.
ئێستێ دوای سی ساڵ زێدەترلەو نیمچە ئازادییەی کە لەلایەن داگیرکەری حکومەتی عێراقەوە  بە کورد دراوە بەشێک لە باشووری کوردستان، بۆ دەوڵەمەندکردنی خۆیان دەست بۆ هەموو بێئەخلاقیەک دەبەن. ئەو دوو بنەماڵەیە ئازادیی لە دیسکۆ و سەما و لەشفرۆشی هاوردە وخۆماڵی وئارەقخواردنەوە دەبینن. هاوتەریب دەگەڵ ئەو وێرانییە، ئیسلامی سیاسی وسەلەفیش بێکار دانەنیشتووە باش دەزانێ بای جەهالەت و نەزانینی خەڵك لە کوێیەوە دێت، بە دڵی دوژمنان و داگیرکەرانی کوردستان، خەڵکی دەگەوجێنن.
سەیرە ئەفغانستان بە باشووری کوردستان دەشووبهێنن!ئەوەی لە ئەفغانستان روودەدارووی راستەقینەی ئیدۆلۆژیایەکە کە دەسەڵات یاسای بنچینەیی لە سەر تۆمارکردوە ودەڵێ:خەڵک پێیان خۆشبێ یان پێێان ناخۆش بێ دەبێ مل بۆ یاساکانمان ڕاخەن.دەنا سزادەدرێن.
ئەو لۆمپەنستانەی کە لەسەر ناوی حیزب وسەرکردە و بنکردە وشەهید وئاڵا و سرود و...هەڵچێنراوە، کەچی ناوی دێمۆکراسیشی پێوە لکێنراوە، گەیشتۆتە سەردەمێک کە هەساری پساندوە، بۆیە بەرهەمی چین وتوێژیی ئەو سی ساڵ دەسەڵاتە چین و توێژێکن کە لەسەر ناوی ئیسلام وسەلەفیزم مێشکی گەنجەکان بەرەو ئالزایمێریی دیرۆکی وسیاسی ڕادەکێشن.
هێرشکردنە سەرکچێکی بێ تاوان بە بیانووی ئەوەی چۆتە شوێنێک بۆ تەماشاکردنی نمایشی ماتۆڕسکیل لە (هوانە)،جگە لەوێرانیی هزر و مێشکی ئەو کۆمەڵگایە ناکرێ ناوێکی تری بۆ بدۆزینەوە. ىێگومان پێش داگیرکەر، بنەماڵەی بارزانی وتاڵەبانی سوود لەو بارودۆخە دەبینن. ئەوان ئەوەیان دەوێ، نەک کۆمەڵگایەکی هوشیار.
باشووری کوردستان بەرەو لۆمپەنیزم هەنگاو دەنێ.هوشیارکردنەوەی ئەو کۆمەڵگایە سەخت و ناهەموارە ساڵەهای دەوێت تا بکەوێتەوە سەر رەوتی سروشتیی خۆی و تا ئەمانە هەبن زەحمەتە کاری لەسەر بکرێ.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە