شه‌ریكه‌كانی داعش

Saturday, 31/12/2022, 18:35

844 بینراوە


 پێشمه‌رگه‌ دیله‌كان

دیمه‌نی نیشاندانی پێشمه‌رگه‌ دیله‌كان  له‌ ناو بازاڕی حه‌ویجه‌و سوكایه‌تی پێكردنیان ، به‌ر له‌وه‌ی سوكایه‌تی بێت به‌ كورد سوكایه‌تی بوو به‌ عه‌ره‌ب و دواتر ئیسلام و هه‌موو مرۆڤایه‌تی ، ئه‌وانه‌ی دیله‌كانیان له‌ قه‌فه‌س نابوو شانازیان به‌ ڕیش و ئیسلام وخه‌لافه‌ته‌وه‌ ده‌كرد ، له‌ راستیدا ئه‌گه‌ر ئه‌مه‌ ئاوه‌ ژوو بكه‌ینه‌وه‌و ئه‌وانه‌ی ناو قه‌فه‌سه‌كان عه‌ره‌ب بن و شاره‌كه‌ كوردی بێت كه‌ به‌ ناویدا گڕ ده‌درێن دنیا ئاخر ده‌بوو ، ئێستاش هه‌موو رێكخراوه‌ درۆزنه‌كانی مافی مرۆڤ و نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتوه‌كان بالۆره‌ی ئه‌وه‌ لێده‌ده‌ن كه‌ له‌ سلێمانی سه‌ربازی عیراقی كوژراوه‌له‌ راپه‌ڕینی دوه‌مدا ساڵی 1991، دیمه‌نه‌كه‌ كاریگه‌رو به‌ ئازار بوو ، وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌و پارتی و یه‌كێتیش وه‌ك هه‌موو خه‌ڵك ته‌ماشاكه‌ربوون و هیچی تر.پارتی و یه‌كێتی و وه‌ك پێویست نه‌چوونه‌ پێشه‌وه‌ بۆ ئازادكردنی قوربانیه‌كان ، هه‌وڵه‌كان هه‌وڵی جدی نه‌بوون، كه‌س و كاری پێشمه‌رگه‌كان لێره‌و له‌وێ‌ له‌ ده‌رگای هه‌ندێ‌ عه‌ره‌بیان دا ، به‌ڵام هیچ هه‌وڵێك سه‌ری نه‌گرت، ئێستا عه‌ره‌به‌كانی حه‌ویجه‌ داوای دیلی داعش و توند ڕه‌وه‌كان له‌ كورد ده‌كه‌نه‌وه‌ ، له‌ بری كورد داوای شوێنه‌واری پێشمه‌رگه‌كانی بكاته‌وه‌ . 

هه‌واڵی گرتنی بكوژان :

ماوه‌یه‌ك له‌ مه‌وبه‌ر هه‌واڵی ئه‌وه‌ بڵاو بوه‌وه‌ كه‌ دوان له‌و كه‌سانه‌ی ده‌ستیان هه‌بووه‌ له‌ شه‌هید كردنی دیله‌كانی پێشمه‌رگه‌دا یه‌كێكیان له‌ سلێمانی و ئه‌وی تریان له‌ كه‌ركوك گیراون ، ته‌نانه‌ت قسه‌ی ئه‌وه‌ كرا كه‌ یه‌كێك له‌ كه‌س و كاری قوربانیه‌كان ئه‌وه‌ی كه‌ركوكی بینیوه‌و قسه‌ی له‌ گه‌ڵ كردووه‌ ، هه‌ندێك سه‌رچاوه‌ ناوی بكوژه‌كانیشیان بۆ ئێمه‌ هێنا ،ئێمه‌مه‌لا فه‌رمان پێشمه‌رگه‌ی دێرین ، هه‌ژار كاكه‌یی پارێزه‌ر ، هه‌روه‌ها من لیژنه‌یه‌كمان پێكهێناو له‌و سه‌رو به‌نده‌دا كه‌ركوك ناو دانپیانانی بكوژێكی  داعشی بڵاو كرده‌وه‌ كه‌ وتی هه‌موو پێشمه‌رگه‌ دیله‌كانم سه‌ربڕیوه‌ ،ئه‌و باس له‌ سه‌ربڕینی 17 پێشمه‌رگه‌ ده‌كات به‌ گشتی تا ئێستا زیاتر له‌ 60 پێشمه‌رگه‌ی دیل گۆڕیان ونه‌ .ئێمه‌ ئه‌و سێ‌ كه‌سه‌ ی ناوم هێنان له‌ كه‌ركوك كۆنفراسێكی رۆژنامه‌وانیمان كرد ، داوامان كرد حكومه‌تی هه‌رێم و عیراق  له‌ رێگه‌ی ئه‌و داعشه‌ گیراوانه‌وه‌ سۆراغی پێشمه‌رگه‌ شه‌هیدكراوه‌كان بكات ، داوامان له‌ كه‌س و كاری قوربانیه‌كانیش كرد كه‌ بێنه‌ سه‌ر هێڵ  و بێده‌نگ نه‌بن ، له‌و ماوه‌یه‌دا به‌ چڕی كه‌وتینه‌ سۆراغ ، ناوی به‌شێك له‌ پێشمه‌رگه‌ دیله‌كانمان وه‌رگرت ، هه‌ر یه‌ك له‌ سه‌رپه‌رشتیاری كه‌ركوكی یه‌كێتی و به‌رپرسی مه‌ڵبه‌ند به‌ ته‌له‌ فون قسه‌یان له‌ گه‌ڵ من كردو به‌ڵێنی هه‌موو هاوكاری و پاڵپشتیه‌كیان دا ، هه‌ڵبه‌ت شاخه‌وان ئه‌وه‌ی ئاسۆی برای یه‌كێك بوو له‌ پێشمه‌رگه‌كان بۆ خۆیشی به‌ پێی بانگه‌شه‌ی خۆی هه‌م داعشه‌ گیراوه‌كه‌ی بینیبوو ، هه‌م به‌رپرسی یه‌كه‌می كه‌ركوكی یه‌كێتی نیشتمانی .

جۆرێك له‌ نائومێدی 

سۆراغی ئێمه‌ بێپاڵپشتیه‌كی به‌ هێز هیچی لێسه‌وز نه‌بوو ، هه‌ژاریش له‌ رێی قانونیه‌وه‌ هه‌وڵی زۆری دا ، یه‌كێك له‌ گرفته‌كان بێده‌نگی قوربانیه‌كانه‌ ، قوربانیه‌كان ته‌نانه‌ت ئاماده‌ نه‌بوون به‌ یه‌كه‌وه‌ له‌ شوێنێك كۆبنه‌وه‌و شكاتی خۆیان بكه‌ن ، له‌و ژماره‌ دیله‌ی پێشمه‌رگه‌ 21 كه‌سیان كه‌ركوكین ، به‌ڵام له‌ و ژماره‌یه‌ چواریان كۆناكرێنه‌وه‌ بۆ ده‌ركردنی به‌یانێك و نیشاندانی هه‌ڵوێستێك ،كه‌س و كاری قوربانیه‌كان ده‌كرێت كۆبنه‌وه‌ به‌یاننامه‌ده‌ركه‌ن ، داوای قه‌ره‌بوو بكه‌ن ، داوا بكه‌ن  خه‌ڵكی حه‌ویجه‌و سه‌رۆك خێڵه‌ عه‌ره‌بیه‌كانی ئه‌و كاته‌ له‌وێ‌ مابونه‌وه‌ خۆیان بێبه‌ری بكه‌ن له‌و تاوانه‌ ، ئه‌و كه‌سانه‌ بدۆزنه‌وه‌ كه‌ قه‌فه‌سه‌كانیان دروست كرد ، شكات له‌ هه‌موو ئه‌وانه‌ بكه‌ن كه‌ رۆڵیان هه‌بوو له‌ شه‌هیدكردنی پێشمه‌رگه‌كاندا ، ته‌نانه‌ت ده‌توانن شكات له‌و رێكخراو و كه‌سانه‌ش بكه‌ن كه‌ ئه‌و كاته‌ مامه‌ڵه‌و سه‌ودای نه‌وت و بازرگانیان له‌ گه‌ڵ داعش هه‌بووه‌ له‌و سنوره‌ .
له‌ كوشتن و شاردنه‌وه‌ی روفاته‌كانی ئه‌و پێشمه‌رگانه‌دا داعش جگه‌ له‌ خۆی شه‌ریكی تریشی هه‌بوو ، ده‌شێت شه‌ریكه‌كان هه‌ر عه‌ره‌ب و خه‌ڵكی حه‌ویجه‌ نه‌بن و كوردیشیان تیا بێت ، ئه‌ركی ده‌سه‌ڵاتدارانی هه‌رێم و به‌ تایبه‌ت پارتی و یه‌كێتیه‌ له‌و پرسه‌ بێده‌نگ نه‌بن و بكه‌رانی ئه‌و تاوانه‌ بدۆزنه‌وه‌ ، ئه‌وه‌ی بۆ من جێی سه‌ر سوڕمانه‌ تا ئێستا هه‌واڵی گرتنی ئه‌و دوو گیراوه‌ی داعش هه‌وڵی شاردنه‌وه‌ی ده‌درێت ، ته‌نانه‌ت  دانپیانانی ئه‌و به‌رپرسه‌ی داعشیش كه‌ له‌ كه‌ركوك ناو بڵاو كرایه‌وه‌و ناوه‌كه‌ی لای ئێمه‌ هه‌یه‌ كه‌ خۆی ده‌ڵێت له‌ تۆڵه‌ی كوشتنی برایه‌كمدا ئه‌وه‌م كردوه‌ به‌ دوادا چوونی زیاتری بۆ نه‌كرا .
هه‌رچه‌ند هێشتا ئومێدی ئه‌وه‌ هه‌یه‌ كه‌ به‌ دواداچوونی ورد بكرێت و هه‌ژار كاكه‌ییش هێشتا له‌ سه‌ر هێڵه‌و له‌لای دیكه‌شه‌وه‌ خه‌ڵك خه‌ریكه‌ ، به‌ڵام له‌ ته‌واوی چیرۆكی پێشمه‌رگه‌ دیله‌كاندا كه‌ كه‌سیان نه‌ماون نهێنی شاراوه‌و دیزه‌ به‌ ده‌رخۆنه‌ كردنیش هه‌یه‌ ، چونكه‌ ئاشكراكردنی ته‌واوی چیرۆكه‌كه‌ ئه‌شێ‌ گرغتی تری لێبكه‌وێته‌وه‌ ، له‌هه‌موو ئه‌م گه‌مه‌ خوێناویانه‌دا داعش بێشه‌ریك نیه‌ .  

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست