پێش تەقینەوەی مەزن (بیگ بانگ) چی هەبووە؟

Saturday, 31/12/2022, 19:12

6773 بینراوە


ستیڤن هۆکینگ: هیوا و ئامانجە سادە و ساکارەکەم ئەوەیە، بەتەواوی تێبگەم لە گەردوون، لەبەرچی بوونی هەیە، بۆچیش بەم شێوەیەیە؟


لەوانەیە زۆربەمان گوێمان لە بیردۆزی تەقینەوەی مەزن (Big Bang) بووبێ، وەک سەرچاوەیەک بۆ سەرهەڵدانی گەردوون. لەبەرئەوەی ئێمە هەمیشە ڕاهاتووین لە هەموو دەرەنجامێکدا بە دوای هۆ و هۆکار بگەڕێین، بۆیە ئەگەری زۆرە بە بیرکردنەوەمان لە چەمک و بنەماکانی ئەم بابەتە، چەند پرسیارێک لەلاماندا خۆیان قوت بکەنەوە: پێش ئەم تەقینەوەیە چی هەبووە، ئایا تەقینەوەی مەزن سەرەتای کات و شوێن بووە، یان گەردوون پێش ئەوانەش بوونی هەبووە؟
فەیلەسووفە گریکییە کۆنەکان گەلەک مشتومڕییان لەسەر ئەو پرسە گرینگە هەبووە، ئەریستۆ بەتووندی داکۆکی لەوە دەکردەوە کە هیچ شتێک لە هیچەوە نایێتە بوون، گەردوون ناتوانێ لە نەبوونایەتییەوە سەرهەڵ بدات، ئەمە بەرەو ئەوەمان دەبات بڵێین هەربوو (ئەزەلی) بووە، کاتیش هەر هەبووە و هەتاهەتایە درێژ دەبێتەوە. دوای ئەوانە فەیلەسووف و خواناسی ناودار کەشە ئۆگەستین بەپێچەوانەی ئەریستۆ دەبێژێت، خوا پێش گەردوون هیچی دروست نەکردووە، گەردوونیش لە کاتێکی دیارکراودا نەهاتۆتە دروستکردن، بەڵکوو کات لەگەڵ گەردووندا دەستی پێ کردووە.
تەقینەوەی مەزن کۆمەڵێک واتای جۆراوجۆر دەبەخشێت، بەڵام کاتێک زاناکانی گەردوونناسی ئەو چەمکە بەکار دەهێنن، ئەوا مەبەستیان لە بیردۆزی تەقینەوەی مەزنە وەک بیرۆکەیەک بۆ فرەوانبوونی گەردوون. ئەوەی لە دەرەنجامی دۆزەوەکانی ئێدوین هەبڵ (Edwin Hubble) بەدەست هاتن لە بیستەکانی سەدەی پێشوو، ئەو دەمەی زانی گەلەستێرەکان بە خێراییەکی زێدەبوو لەیەکدی دوور دەکەونەوە. ئەمەش دەمان گەێنێتە ئەوەی لە ڕابردوودا شتگەلەکان لەیەکەوە زۆر نێزیک بوونە، گەردوونیش لەژێر پەستانێکی لەڕادەبەدەر بەهێز و خاوەنی گەرمی و چڕییەکی بێپایان بووە، لە دواڕۆژدا گەرمی و چڕییەکەی کەمتر و کەمتر دەبنەوە. ئەو جۆرە تێڕوانینە بۆ گەردوون بەرەوڕووی کۆمەڵێک ئەگەرمان دەکاتەوە، یەک لەوانە کاتمان بۆ پێچەوانەوە دەکاتەوە و دەمان گەڕێنێتەوە بۆ قۆناغە سەرەتاییەکانی تەمەنی گەردوون و قەبارە هەرە ورد و بچووکەکەی، بە گەڕانەوەی پتریش بەرەو دواوە، ئەگەر هاوکێشەکانمان ڕاست بن ئەوا چڕی و گەرمی دەبنە بێکۆتا.
بە بیردۆزی زانای فرە ناودار ئەینشتاین بۆ هێزی کێشکردن، دەکارین کاتی گەیشتن بە دۆخە بێکۆتاکە بپێوین، ئەو کاتەش یەکسان دەبێ بە نێزیکەی 13.8 ملیار ساڵ. لەم خاڵەدا زاناکان تووشی دڵەراوکێ دەبن، لەبەرئەوەی پێشبینیکردنی بابەتێکی بێکۆتا زۆربەی جار نیشانەیەکە کە بیردۆزەکەمان سنووری توانای پێڕەوکردن و سەلماندنی تێپەڕاندوە. بۆ دەربازبوون و بەلاوەنانی ئەو کێشە مەزنەی بێکۆتا و بوونی خاڵی تاکایەتی (Singularity) وەک دۆخێکی سەرەتایی بۆ گەردوون، پێویستە زاناکان بگەڕێنەوە قۆناغی پێش تەقینەوەی مەزن.
هەندێ لە بیردۆزەکان پێشبینی دەکەن گەردوون هیچ سەرەتایەکی نەبێت، ئەگەر کاتیش بۆ دواوە بگەڕێنینەوە، بەشێوەی شتێکی گۆیی جارێکی دیکە دێتەوە دۆخی پێشووی. دەشێ ئەوەی ئێمە بە سەرەتای دادەنێین وا نەبووبێ، بەڵکوو تەنیا قۆناغێک بووە لە خاڵی وەرچەرخان و گوێزانەوە، واتە گەردوون هەمیشە لە وەرسووڕان و پێچەوانەبوونەوە بێت لە نێوان هاتنەیەک و فرەوانبوون، پاشان سەرلەنوێ هاتنەوەیەک، یاخۆ سەرەتای فرەوانبوونێک بێت بەڵام ئەمجارەیان بەردەوام دەبێ هەتاهەتایە. گرینگترین بیردۆز بۆ ئەم جۆرە گەردوونە، بیردۆزی هاتنی گەردوونە لە چاڵە ڕەشەکان و دەرەنجامی بیردۆزەکانی هەڵاوسان.

هاتنی گەردوون لە چاڵێکی ڕەشەوە

پێش تەقینەوەی مەزن و سەرهەڵدانی گەردوونەکەمان، گەردوونێکی دیکە بوونی هەبووە، چاڵە ڕەشەکان (Black hole) بەڵگەن بۆ ئەوە، ئەمەیە گوتە و بیروڕای زانای فیزیایی خاوەن نۆبڵی ساڵی 2020 ڕۆجەر پێنرۆز (Roger Penrose). پێنرۆز تۆژینەوەیەیەکی بایەخداری ئەنجامی دا، لە بەکارهێنانی بیردۆزی ئەینشتاین بۆ سەلماندنی بوونی چاڵە ڕەشەکان و چۆنەتی پێکەوەنانیان. ئەم زانایە دەڵێت، بەڵگەمان هەیە لەسەر بوونی کۆمەڵە پەڵەیەکی چاوەڕوان نەکراو لە تیشکە کارۆموگناتیسییەکانی بۆشایی ئاسمان، ئەوی قەبارەکەی هێندەی مانگێک دەبێت و ناو نرا بە خاڵەکانی هۆکینگ (Hawking Points). پێنرۆز ئەو پەڵە گەرمانە بە پاشماوەی گەردوونەکەی پێشوو دادەنێت، گەردوونەکەی کە پێش تەقینەوەی مەزن هەبووە، دەشێ بەم شێوەیە ببێتە بەڵگەش بۆ گەردوونی دواڕۆژ. ئەم زانایە دەڵێ خاڵەکانی هۆکینگ بەڵگەی هاتنی گەردوونی خوولاوەی یەک بەدوای یەکە، تەقینەوەی مەزنیش تەنیا کۆتایییەک بووە بۆ یەک گەردوون و سەرەتایەکە بۆ گەردوونێکی دیکە. هۆکاری بەناوکردنی ئەو خاڵانە بە ناوی زانای ناودار ستیڤن هۆکینگ (Stephen Hawking)، بۆ بیردۆزەکەی هۆکینگ دەگەڕێتەوە دەربارەی دزەکردن و لێ چوونی تیشک لە چاڵە ڕەشەکان کە بە تیشکی هۆکینگ دەناسرێ (بەڕای پێنرۆز ئەو تیشکانە لە گەردوونێکی دیکەوە دەگوازرێنەوە)، چاڵی ڕەش بە تێپەڕبوونی کاتێکی یەکجار درێژ وای لێ دێت هەمووی وزەکەی بە شێوەی تیشک دەبەخشتەوە و هیچی لێ نامێنێتەوە.
ئەم بیردۆزە سەرنجڕاکێشە جێی مشتومڕییەکی تووندە لەلای زاناکان، بەڵام پێنرۆز دەبێژێت، سەردەمانێک چاڵە ڕەشیش پرسێکی ئاسایی نەبوو و مشتومڕییەکی زۆری بەرپا دەکرد، کەچی ئەمڕۆکە بووە بە بابەتێکی زانستی چەسپاو.
چاڵە ڕەشەکان لە گشت لایەکانی گەردووندا دۆزراونەتەوە، لەگەڵ ئەوانەی گەلەک زلن و لە چەقی گەلەستێرەکاندا هەن، بە گەلەستێرەی ئێمەشەوە (ڕێی شیریی). گەردوونەکان بەردەوامن لە پەرەسەندن و فرەوانبوونەوە و مردن، بوونی چاڵە ڕەشەکانیش نیشانەیەکە بۆ گەردوونەکەی بەدوایدا دێت. هەرچەندە بەتەواوی نازاندرێ کە چەندە کاتی پێویستە تا چاڵێکی ڕەش هەموو وزەکەی بە تیشکدانەوە ون بکات، بەڵام ئاشکرایە زۆر زیاتری دەوێت لە تەمەنی گەردوونی 13.8 ملیار ساڵیی.
پێنرۆز پێشنیار دەکات کە جگە لە چاڵە ڕەشە چالاکەکانی دۆزراونەتەوە، دەبێ شوێنەواری (چاڵی ڕەشی مردوو) لە گەردوونی پێشوودا هەبن، بە دۆزینەوەی ئەوە دەگەینە سەلماندنی بیروڕاکانی هۆکینگ.

دەستپێکردنی گەردوون لە هەژانە کوانتەمییەکانەوە

ئەگەرێکی دی پێمان دەڵێت، گەردوون لە دۆخێکی سادە و جێگیروە دەستی پێکردووە، دوای ئەوە بە کاریگەری هەژانە کوانتەمییەکان (Quantum fluctuations) بەرەو فرەوانبوون چووە. لەم سیناریۆیەدا فرەوانبوونەکە سەرەتایەکی هەیە، بەڵام مەرج نییە خودی گەردوون سەرەتایەکی دیارکراوی هەبێت.
ئەو دەمەی ئاماژە دەدەین بە هاتنی گەردوون لە وزە و ماددەی پێش خۆیەوە، ڕاستەخۆ دەبێ بپرسین، ئەو تەنۆلکانە چۆن هاتوونەتە بوون؟
لێردا دەچینە ڕووبەرە هەرە وردەکانی بواری کوانتەمی، ئەوەی دەبێژێت، بۆشاییەکی تەواویش پڕە لە چالاکییە فیزیکییەکان بە شێوەی هەژان و هەڵچوونەکانی وزە. مەبەست ئەوەیە هەژانەکان لە بۆشایی کات و شوێندا (کاتشوێن - Spacetime) دەبنە هۆی سەرهەڵدانی تەنۆلکەکان، بەڵام بوونیان بۆ ماوەیەکی لەڕادەبەدەر کورتە و لەناو دەچن. ئەگەر بشپرسین کاتشوێن لە کوێوە پەیدا بووە؟ ئەوا بۆ وەڵام پێویستە زیاتر بگەڕێینەوە دواوە، تا ئاستی (قۆناغی پلانک)، ئەو ماوە یەکجار سەرەتایییەی مێژووی گەردوون کە تێیدا سەرلەبەری یاسا و رێسا فیزیکییەکان هەڵدەوەشێنەوە. بۆ قۆناغێک پاش 10^-43 لە ڕوودانی تەقینەوەی مەزن، لەو دەمەدا کە خودی کات و شوێن کەوتبوونە بەر کاریگەری هەژانە کوانتەمییەکان.
گرینگترین ئەو بیردۆزانەی لە سەرەتا و شێوەی گەردوون پێش تەقینەوەی مەزن دەکۆڵنەوە، بیردۆزێکە پێی دەگوترێت، گەردوونی هەڵاوساوەکی، یاخۆ هەڵاوساوە گەردوون (Inflationary universe). زۆرینەی بیردۆز و بیروڕاکانی زانا هاوچەرخەکان بۆ دەستپێکردن و پەرەسەندن و سەرەتا و کۆتاکانی گەردوون، لە ڕووداوی هەڵاوسانە لەڕادەبەدەر خێراکەی چرکەساتە هەرە سەرەتاییەکانی سەرهەڵدانی گەردوون سەرچاوە دەگرن.
ئەم بیردۆزە پێشنیاری ئەوەمان بۆ دەکات، بۆشایی پێش تەقینەوەکە پڕ بووە لە شێوەیەک لە شێوەکانی وزەی پاک و سەرەتایی ناجێگیر، پاشان گۆڕاوە بۆ تەنۆلکەی سەرەتایی (Fundamental particles)، یان تەنۆلکە یەکەمینەکان، دوای ئەوە بووە بە ماددەی ئاسایی کە ئەمڕۆکە دەیان بینین. بیردۆزی هەڵاوساو پێمان دەڵێت، ئەگەرچی وزەی ناجێگیر هێندەی تاکە خاڵیکیش بێت لە بۆشاییدا، بۆشایییەکە دەکارێ بەخێراییەکی لەئەندازە بەدەر فرەوان ببێ و لەگەڵ خۆیدا هەمان جۆرە وزە بە بڕێکی زۆر بهێنێتە بوون. دەشێ ئەو ماددە ناسراوەی لە گەردووندا هەیە، لە بەشێکی یەکجار بچووکی وزەوە سەری هەڵدابێ، کەواتە بەگوێرەی ئەم بیردۆزە هەر دەبێ بڕێکی کەم لە وزە بوونی هەبووبێ بۆ ئەوەی ببێتە هۆکاری دەستپێکردنی گەردوون. ئەمە دەبێتە هۆی بڵاوبوونەوەی وزە بەنارێکی لە کاتی تەقینەوەی مەزن، ئەو دەمەی گەردوون گەلەک بچووک بووە. ئەم پێشبینییە خرایە بەردەم زاناکان بۆ دۆزینەوەی بەڵگە لەسەری، ئەوە بوو پاشان بە پشکنین و تۆژینەوە بەردەوامەکان، زاناکان ئەم دابەشبوونە ناڕێک و پەرتوبڵاوی ماددەیان سەلماند، بینییان هەندێ شوێن ماددەی پترە لە هی دیکە، ئەم ناڕێکییەش سوودێکی باشی هەبووە، چونکە ئەگەر بەو شێوەیە نەبووایە، ئەوا ئەستێرە و هەسارەکان پێک نەدەهاتن و ژیان لەسەر زەوی پەیدا نەدەبوو.
بنچینەی بیردۆزی هەڵاوسان و فرەوانبوونی گەردوون، دەمان باتە ئەو قۆناغەی ناو دەنرێت بە (قۆناغی یەکبووی مەزن)، قۆناغێکە لە هەڵئاوسانێکی لەڕادەبەدەر بۆ فرەوانبوون، لە کاتی نێوان پلانکی 10^-43 و 10^-36 دوای تەقینەوە مەزنەکە، ئەوەی زۆرینەی زاناکان دەبێژن، گەردوون پێک هاتبوو لە نێوەندێکی پڕ لە تەنۆلکەی سەرەتایی تەمەن کورت، هاوشێوەی کوارکەکانی پێکهێنەی سەرەکی پرۆتۆن و نیۆترۆنەکان.
لەو دەمەدا تێکڕای جۆرە ماددەکان، دژە ماددەیەکیان بە بڕی یەکسان لە بەرانبەردا هەبوو، بە بەریەککەوتنیان ڕاستەوخۆ یەکدییان لەناو دەبرد بە دەرکردنی بڕە وزەیەک، واتە تەنۆلکەکان دەهاتنە بوون و لەناو دەچوون لە ماوەیەکی بێئەندازەی کورتی هەست پێ نەکراو. هۆکاری پێشنیاری زاناکان بۆ هەڵاوسانەکە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، ئەگەر هەڵاوسان ڕووی نەدابووایە، ئەوا یەکدی لەناوبردنەکان هەتاهەتایە بەردەوام دەبوون و هیچ شتێک نەدەهاتە کایەوە، گشت دەستپێکردنێک دەستبەجێ داتەپینێکی بەدوادا دەهات. لەبەرئەوەی گەردوونی ئەو کاتە هێندە بچووک بووە بە چڕی و هێزی کێشکردنێکی بێپایان، وای دەکرد هەر سەرهەڵدانێکی وزە و ماددە ڕاستەوخۆ کپ ببێتەوە و تەنۆلکەکان نەتوانن دەرباز ببنن و گەردوون لەگەڵ دەستپێکردنیدا کۆتایی پێ بێت. ئەمەش بوو وای لە زانای ناودار ئالان گوت (Alan Guth) کرد، بیرۆکەی ڕوودانی هەڵاوسانێکی گەردوونیی نائاسایی بخاتە بەردەست، بۆ لێک دوورکەوتنەی بەشەکان لەیەکدی بۆ ماوەیەکی کورت، تا ئەو ڕادەییەی بتوانێ زاڵ ببێت بەسەر هێزی کێشکردنە یەکجار تووندەکەی ئەو چرکەساتە، دەرەنجام ببێتە هۆی سەرهەڵدانی گەردوون. ئەم بیردۆزە دەڵێت، فرەوانبوونەکە کاتێکی زۆر کەمی خایاند، پاشان بەردەوام بوو لە فرەوانبوون بەڵام بە ڕێژە و خێراییەکی کەمتر، بۆ ئەوەی ببێتە ڕێخۆشکەرێک بۆ پەیدابوونی تەنۆلکە سەرەکییەکانی پرۆتۆن و نیۆترۆنەکان، بەدوای ئەوانەوە هایدرۆجن و هیلیۆم. بە پشتبەستن بە خشتەی کاتەکی تەقینەوەی مەزن، یەکەمین گەلەستێرەکان لە هەورەکانی ئەو دوو گازە پەیدا بوونە، پاش ئەوانە قۆناغە سەرەتایییەکانی پێکهاتنی کۆمەڵە ئەستێرە و گەلەستێرەکان و نیوچە ئەستێرەی مەزن دەرکەوتن، ئەم جۆرە ڕووداو و دیاردانە درێژەیان کێشاوە تا بە ئەمڕۆکە دەگات.

گەردوونی هەڵاوساو و فرەوانبوو

زۆربەمان فرەوانبوونەکەی گەردوون وەک تەقینەوەیەک دێتە بەرچاومان، بۆیە وا دەزانین پێویستە تەقینەوەکە چەق و لێواری هەبێت. لەڕاستیدا هەرچەندە لە گەردوونەکەماندا ئەو فرەوانبوونە لە هەموو لایەکمانەوە دەبینین، کەچی دیسانەوە واتاکەی ئەوە نییە ئێمە لە چەقی گەردوونداین، لەبەرئەوەی گەردوون نە چەقی هەیە نە لێواریشی هەیە بۆ فرەوانبوون، ئاسانترین شێواز بۆ تێگەیشتن ئەوەیە گەردوون بە بێکۆتا وێنا بکەین. 
بۆ ڕوونکردنەوەیەکی چاکتر، با بیر لە گەردوونێکی ڕووتەختی دوو دووری بکەینەوە، هاوشێوەی قوماشێکی نەرمی لاستیکی کە لە گشت لایەکانییەوە بێسنوور و بێکۆتا بێت. کاتێک ئەو قوماشە دووچاری کشان و فرەوانبوون ببێتەوە، ئێمە لەسەریدا لە هەر شوێنێک بین جیاوازی نییە، چونکە دەبینین لە هەموو لایەکەوە شتەکان لێمان دوور دەکەونەوە. لێرەدا دەتوانین بازنەیەک بەدەوری خۆماندا دروست بکەین بۆ دیارکردنی لێواری گەردوونی بینراو، بەمە نیوەتیرەی بازنەکە بۆمان دەبێتە ئەو دوورییەی تیشک بڕیوویەتی لەو کاتەی قوماشەکە دەستی بە فرەوانبوون کردووە. دوورییەکە ناو دەنێین بە ئاسۆ، ئەمەش مانای ئەوە ناگەینێت کە لەپشت چێوەی ئەو بازنەیە هیچ قوماشێک بوونی نەبێت، بگرە بازنەکە تەنیا دەربڕینێکە بۆ سنووردارییەتی ئاستی بینینمان.
ئەی کە گەردوون سنووردار بێت چی ڕوو دەدات؟ ئەو دەمەی پەڕە کاغزێک دەگرینە دەست ئەوا بەڕوونی هەردوو چەق و لێوارەکەی دەبینین، گەردوون تێکڕای شتەکانە، تەقینەوەش نەبووە، فرەوانبووکەشی لەناو شتێکدا نییە، بۆیە ناکرێ گەردوونێکی دوو دووری بە پەڕە کاغزێک بچوێنین، بەڵکوو وەک ڕووی گۆیەک، یان باڵۆنێکە. ڕاستە باڵۆنەکە سنووردارە، بەڵام بۆ مێروولەیەک کە لەسەریدا بڕوات، ناتوانێ لێواری ببینێت، کەواتە دەشێ ڕووێکی چەماوە سنووردار و بەبێ لێوار بوونی هەبێت. پێویستە ئەم شێوازە بگرینە بەر ئەگەر بیر لە گەردوونێکی فرەوان و سنووردار بکەینەوە، باڵۆنێک کۆمەڵە خاڵێکی لەسەر نیشان کرابێ، تێبینی دەکەین چەندە زیاتر فوو لە باڵۆنەکە بکرێ، پتر خاڵەکان لێک دوور دەکەونەوە. ئەوەی لەسەر باڵۆنەکە دانیشتبێ، سەرنج دەدات هەموو خاڵەکان دەجووڵێن و دوورتر دەبنەوە لێی، هیچ چەقێکیش بۆ فرەوانبوونەکە لەسەر ڕووی باڵۆنەکەدا بوونی نابێت. هەر ئەوەشە ئێستە زانراوە، چونکە فرەوانبوون واتاکەی ئەوەیە بۆشایی نێوان گەلەستێرەکانە دەکشێ و گەورەتر دەبێت، نەک گەلەستێرەکان بجووڵێن لە بۆشاییدا. 
گەردوونی کشاو و هەڵاوساو لەم چەند ساڵەی دواییدا ژمارەیەک لە ئەگەری سەیروسەمەرە دێنێتە کایەوە، زۆربەشیان لەگەڵ بیرۆکەی فرەگەردوونی (Multiverse) یەک دەگرنەوە، بەوەی لەوانەیە گەردوونەکەی ئێمە یەکێکیان بێت، یان بەدەربڕینێکی دیکە، ئەو بەشەی ئێمە تێیدا دەژین بەتەواوی جیاواز بێت لە بەشەکانی دی. بهێنە بەرچاوت گەردوونێک بەشێوازی جیاجیا بکشێت لە چەند شوێنێکی جیاوازدا، هەندێ ناوچە سارد بێت وەک ئەوەی ئێمە، بەڵام شوێنی دیکە یەکجار گەرم بێت، یاخۆ لە چەند بەشێکدا لەبری فرەوانبوون هەرەس بهێنێت و بێتەوە یەک.
ئەم نەخشەیە زۆر بەچاکی هاوتابوونی پێشبینییەکانی بیردۆزی هەڵاوسان و فرەوانبوون و بەڵگەی بینراو و سەلمێندراوی زاناکان دیار دەکات.
ئەوەی پێویستی بە ئاماژەکردنە، لە گەردوونێکی بێکۆتادا هیچ سنوورێک نییە بۆ ژمارەی ئەگەرەکانی گۆڕان و جیاوازییەکان، بۆیە سیناریۆیەکانی لە بیردۆزی هەڵاوساوە گەردووندا دێنە کایەوە، بەباشی لەگەڵ زۆربەی تایبەتمەندییە ناسراوەکانی گەردوونە بینراوەکەمان یەک دەگرنەوە و ڕاڤەی چەندان دیاردەی جۆراوجۆرمان بۆ دەکەن، لە هەمووی گرینگتر شێوەی گەردوونەکەمانە کە تەختە (تەختێکی سێ دووری). بەڵام مەرجی بوونی کاتێکی یەکجار کورتی لە ڕابردووی زۆر دووری تێدا هەیە، ئەو کاتەی گەردوون گەلەک لە تیشک خێراتر فرەوان دەبووەوە بە خێرابوونی زێدەتری فرەوانبوونەکەی. ڕێژەی خێراتربوونی هەڵاوسانەکە تەواو نێزیکە لەو دەرەنجامانەی ئەمڕۆکە دەیان بینین، هاوکات بیردۆزەکە پێشبینی هەژان و جیاوازییەکی کەمی چڕی و پلەی گەرمی دەکات کە ئێستە چاودێریمان کردوون. دەکارین ئەم بیردۆزە تاقی بکەینەوە بە بەکارهێنانی چاودێریکردنەکانی مانگە دەستکردەکان، لە ڕاستیدا بیردۆزەکە لە گشت تاقیکردنەوەکاندا سەرکەتوو بووە، ڕێککەوتنێکی چاکیش هەبووە لە نێوان دەرەنجامەکانی ئەم بیردۆزە لەگەڵ ئەزموونەکان.

فرەگەردوونی بڵقدار، بڵقەکانی ئێمە و بڵقەکانی دیکە

فرەگەردوونی بڵقدار ئاماژەیەکە بۆ لایەنێکی دیکەی بیردۆزی هەڵئاوسان، ئەو لایەنەی گەردوونناسان دۆزییانەوە، بەوەی هەنگاوە یەکەمینەکانی فرەوانبوون دەتوانن بە خۆکار بەردەوام بن لە هەر بەشێک لە بەشەکانی گەردووندا. واتە هەموو ناوچەکان خۆبەخۆ و بەتەنیا فرەوان دەبن، لەناو ئەو ڕووبەرەدا بەشی بچووکیش هەیە کە لە هەوڵی پاڵنان و فرەوانبووندایە. فرەگەردوونی خاوەن بڵقەکان و هەڵئاوساو وەک کەفێکە لە ژمارە بڵقێک، تێیدا هەر بڵقێک چەندان بڵقی نوێ بەبەرهەم دەهێنێن، ئەوانیش لە فرەوانبوونن. دەکارین وا بهێنینە بەرچاومان هەریەک لەو بڵقانە لەناو کەفەکەدا بەشێکی تەواوە لە گەردوونە بینراوەکەمان، کاتێکیش بواری ئەوەمان هەبێ سەیری دەرەوەی بڵقەکەمان بکەین، ئەوا بڵقێکی دی لە کەفەکەدا دەبینین بە هەلومەرج و یاسا و ڕێسای جیاواز.
ئەو شتەی جێی سەرسڕمانە لەو کۆمەڵە بڵقەدا، ئەم کاروکردەوانە بە هیچ شێوەیەک پێویستیان بە سەرەتا و کۆتا نییە، واتە هاوکێشەکانی ئەم بابەتە ڕوون دەکاتەوە پێشبینی نەبوونی کۆتایی دەکات، ئەگەری زۆرە کە سەرەتاشی نییە. لەگەڵ نەبوونی سەرەتا و کۆتا بۆ تێکڕای کۆمەڵەکە، بەڵام هەریەک لەو بڵقانەی لەناو کەفەکەدا هەن سەرەتا و کۆتایان هەیە. لەبەرئەوەشە دۆزینەوەی وەڵامێک بۆ پرسیارکردن لە بوونی سەرەتایەک بۆ گەردوون کارێکی سەختە و هاوشێوەی ژیانی جۆر و کۆمەڵەی مرۆڤە، بەوەی هەر تاکێک خاوەنی ژیان و تەمەنێکی تایبەت بەخۆیەتی، بەڵام دیارکردنی تەمەنی مرۆڤایەتی پرسارێکی ئاڵۆزە، هەرچەندە دەزانین تەمەنێکە یەکجار درێژترە لەوەی مرۆڤەکان.
لەلایەکی دییەوە ئەو بیردۆزە دەڵێت، دەشێ بڵقە فرەوانبووەکان جیاوازبن لەگەڵ یەکدی، چونکە تەنیا هەندێک لەو بڵقانە ئەگەری ئەوەیان هەیە ئێمەی تێدا هەبین. بۆ نموونە، ئەو بڵقەی لە چرکەیەک زیاتر نامێنێتەوە بڵقێکی چاک نییە، بەلایەنی کەمەوە دەبێ تەمەنی بگاتە 10 ملیار ساڵ، بۆ ئەوەی بتوانێ گەورە ببێت. هۆکاری ئەمەش پێویستبوونە بە کاتێکی گونجاو و درێژ بۆ پەیدابوونی ئەستێرەکان، هاوکات بۆ ئەستێرەکان لە بەرهەمهێنانی توخمەکانی کاربۆن و نایترۆجن و ئۆکسیجن، دوای ئەوە بڵقەکە دەبێ هێندە گەورە و سارد بێت تا هەلی سەرهەڵدان و پەرەسەندنی ژیانێکی ئاڵۆز بڕەخسێنێت.
پرسارێکی دیکە هەیە پێویستی بە وەڵامە ئەویش، ئەگەری دەستکەوتنی بڵقێک بە تایبەتمەندی پەسندکراو چەندە، یان بە دەڕبڕینێکی دی بەدەستهێنانی بڵقێکی گەورە و تەمەن درێژ و لەبار بۆ پەیدابوونی ژیان چەندە؟ ئایا ئەگەرێکی زۆر دوورە، یان زۆر نێزیکە، یاخۆ لەنێوان هەردووکیانە؟ زاناکان هیوادارن لە ماوەیەی داهاتوودا بتوانن وەڵامی ئەم پرسیارە بدەنەوە، چونکە لەڕاستیدا سەختە پرسێکی ماتماتیکیت هەبێ بۆ ژمێرەکردنی ڕێژەی ئەگەرەکی، دەربارەی گەردوونێک بەو هەموو هەلومەرجە تایبەتییەوە. گیروگرفتێکیش هەیە دێتە ڕێمان بۆ سەلماندنی بوونی بڵقەکانی دیکە، لەبەرئەوەی ئەوانە دەکەونە پشت ئاسۆی بینین لە گەردوونەکەمانی درێژبووەوە بە نێزیکەی 14 ملیار ساڵی تیشک.
لێرەدا تێکڕای بابەتەکە لە فەلسەفە نێزیک دەبێتەوە، یان دەبێتە سیناریۆیەک بۆ فلمێکی ئەندێشەیی، ئەو دەمەی نە بەڵگەیەک و نە سەلماندنێک هەبێ بۆ پاڵپشتیکردن لە بۆچوونەکانمان. بۆچی ڕێ بدەین بە بیرۆکەی بوونی بڵقانێکی دیکە کە خۆی هەڵبقورتێنێتە ناو ئەو وێنەیەی کێشاومانە بۆ گەردوونەکەمان، لەکاتێدا نەتوانین بیان بینین؟
لە سییەکانی سەدەی ڕابردوو، گومانێکی زۆر سەری هەڵدا بۆ پشتبەستنی فەلسەفەی زانست بە تاقیکردنەوە و سەلماندن (Verification)، واتە دەبێ پێشبینییەک پێشکەش بکەی، پاشان ئەزموونی بۆ ئەنجام بدەی، ئەگەر ڕاستبوونی پشتڕاست کرایەوە، ئەوا بیردۆزەکەت ڕاستە. بەڵام خێرا ئەو ڕێکارە لەلایەن ژمارەیەک لە زاناکان فەرامۆش کرا، چونکە بیردۆزەکەت کە گوتی گشت سێوەکان کەسکن، لە کاتێکدا جگە لە یەک سێو زیاتر بوونی نەبێ، ئەمە هەرگیز سەلماندنی ڕاستی بیردۆزەکەت نابەخشێت. لەوانەیە هەندێ ڕاڤەی دی هەبێ و جیاواز بێت لە بیردۆزەکەت، لەبەرئەوەی هی تۆ تەنیا هۆکاری هاتنەکایەی هەموو سێوە کەسکەکان دەکات و جارێ نەگەیشتووە بە سێوە سوورەکان. جگە لە سەلماندن، زانا و فەیلەسووفەکانی هاوشێوەی کارل پۆپەر ((Karl Popper پێداگرییان دەکرد لەسەر توانای بەرهەڵەبوون (Falsification)، بەوەی هەر دەمێک سێویکی سوور بدۆزیتەوە، دەتوانیت بیرۆزەکەت و گەلەک بیردۆزی دیکە بەهەڵە بخەیتەوە. ئێمە لە تواناماندا نییە بوونی بڵقەکانی دی بسەلمێنین، بەڵام بواری ئەوەمان هەیە بە هەڵەبوونەکەی بگەین. ئەگەر بڵقەکانی دیکە هەبن، دەشێ تایبەتمەندییەکی دیارکراویان هەبێ بۆ دۆزینەوە و چاودێریکردنیان کە بۆ سەرلەبەری بڵقەکان وەک یەک و هاوشێوە بێت. کاتێکیش ئەو تایبەتمەندییە لەوەی ئێمەدا نەدۆزرێتەوە، مانای ئەوەیە بیردۆزەکەمان هەڵەیە، خۆشبەختانە ئەمە تا ئێستە ڕووی نەداوە.
دوجار پێویستە بڵێین، هەرچەندە ناتوانین بڵقەکانی دی ببینین، بەڵام پێمان دەکرێ بیردۆزەکەمان تاقی بکەینەوە، چونکە کۆمەڵێک شتمان پێ دەڵێت دەربارەی هەموو بڵقەکان، نەک تەنیا یەک بڵقی دیارکراو، ئەمەش پێ دەچێ باشترین شێواز بێت بۆ هەنگاونان و گەیشتن بە ڕاڤەی سەرەتای گەردوون و بەدی هاتنی ئەو هیوایەی هەمانە.
.........................
سەرچاوەکان؛

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە