مەسروربارزانی ئەندازیاری شکستخواردووی سەرکوتکاری

Tuesday, 03/01/2023, 23:53

22916 بینراوە


قۆناغی تیرۆر و ئەشکەنجە و سەرکوتکاریی مەسرور بارزانی لە دەزگای پاراستنی حزبەکەیەوە دەستیپێکرد و گواستییەوە بۆ ناو دامەزراوەیەکی باڵا لە حکومەت، کە ئەنجومەنی ئاسایشە، لە ماوەیەدا هەموو ئالەتەکانی سەرکوتکاریی لە هەڕەشە، ئەشکەنجە، تیرۆر، بەکارهێنانی یاسا، دادگایی، دەستگیرکردنی بەکۆمەڵ، حوکمدان، برسییکردن، ڕێگریی لە کاری میدیایی، داخستنی کەناڵ و دەزگای ڕاگەیاندن، دروستکردنی سیناریۆ و تۆمەتبەخشینەوە، کڕینی ڕۆژنامەنووس، بەخشینەوەی پارە و دەیان و سەدان ڕێگای بۆ بێدەنگکردنی ئازادییخوازان و ڕەخنەگران تاقیکردووەتەوە و بەردەوامە لە تاقیکردنەوەی جۆری زیاتر.
ئەوەی جێگای سەرنجە، دەزگای پاراستنی پەدەکە و مەسرور بارزانی، لە یەک بەیەکی هەوڵەکانیان شکست دێنن!، شکست بەو مانایەی، ئامانجە سەرەکییەکەیان ناپێکن، کە کپکردنی دەنگی ئازادە.
لەدوای ڕاپەڕین، بادینان زۆرترین کردەی تیرۆرستیی ئەو دەزگایەی تێدا ئەنجامدراوە، لە  تیرۆری سادق سندی، ڕەئوف ئاکرەیی، حاکم تەحسین لە سەرەتای نەوەدەکان دەستیپێکرد و مەسرور بارزانیش بە تیرۆرکردنی شوکری زەینەدین و وەدات حسێن، بەردەوامیی پێدا، بەڵام بۆی دەرکەوت، کە هەرگیز تیرۆر خەڵکی بادینان بێدەنگ ناکات، بە پێچەوانەوە ئەو گۆمەی بە ترس و هەڕەشە مەنگی کردبوو، شڵەقا و ئیتر بادینان مەرگی تاقیکردەوە، لەچی دیکە بترسێت!.
     بەپێی پێوەرەکانی مەسرور بوایە، تیرۆری سۆرانی مامەحەمە قەڵەمەکەی سەردەشتی دەشکاند، تیرۆری سەردەشت، ماڵباتی بارزانی دەکرد بە خوداوەند و ناوهێنانی لە هەموو قەڵەمە ڕەخنەگرەکان حەرام دەکرد، بەڵام ئەنجام چیبوو؟، ئێستا وشەکانی سۆران و سەردەشت لەسەر زارای هەزاران ئازادییخوازە و ڕۆژانە تا ئاستی کەڕبوون، بەگوێی پەدەکە و ماڵباتی بارزانییدا دەدەن.
بەکارهێنانی یاسا لەدژی ڕۆژنامەنووسان و چالاکوانان و ڕاپێچکردنیان بۆ بەردەم دادگا، ئازادییخوازانی بێدەنگ نەکرد، ئەمجارە دەستی بۆ دەستگیرکردنی بەکۆمەڵ برد و لە ساڵێکدا نزیکەی ١٠٠ ڕۆژنامەنووس و چالاکوانی بادینانی دەستگیرکرد، سیناریۆی بۆ دروستکردن، ئەشکەنجەی دان، دەستی بۆ دانپێدانانی زۆرەملێ برد، حوکمی دان، هەتا ئێستاش خەریکی سزادانەوەیانە لە زیندان، بەڵام ئایا ئەوان بێدەنگ بوون؟، نا ئەوان لەناو زیندانییشدا گەورەترین بەرخۆدانیی دەکەن و ڕۆحی بەرنگارییان ڕۆژ بەڕۆژ باڵاتر دەکات، لەدەرەوەی زیندانیش بە هەزاران کەس پشتیوانییان دەکەن و ڕۆژانە دەسەڵاتی پەدەکە و خودی مەسرور بارزانی دەدرێنە بەر تیری ڕەخنە.
بارزانی کوڕ لەگەڵ بەردەوامییدان بەو جۆرانەی تاقیکردوونەتەوە، خەریکی تاقیکردنەوەی ڕێگای تازەترە، مسۆگەر ئەنجامی هەموو ئەو هەوڵانەش شکستە و دەنگی ئازاد هەرگیز کپ ناکرێت.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە