ئیسلام بە، بەڵام ئیسلامی مەبە

Tuesday, 03/01/2023, 23:47

5128 بینراوە


میللەتی کورد وەك زۆربەی میللەتان دوای ئەوەی نەیتوانی باج بدا ناچار ئایینی خۆی گۆڕی و هاتە سەر ئایینی ئیسلام.. لەبەرئەوەی ئیسلامەکان کاتێک هەڵیان ئەکووتایە سەر ناوچەیەك ، ئەوا داوای باجیان لێ ئەکردن، ئەگەر نا ئەوا بە زەبری هێز و شمشێر ئەبوایە بەرەنگای ئەو هێزە دڕندە و شڕە خۆڕە بوونایەتەوە، کە بەناوی ئەڵلا و موحەمەدە هەرچی خراپەکاری بوایە،ئەیان کرد.
 دراوسێیەکمان هەموو جارێ بە کوڕەکەی ئەوت..کوڕم ئیسلام بە ، بەس توخوا ئیسلامی مەبە. ڕۆژگار هات و ئەو دراوسێیەمان کۆچی دوایی کرد و کوڕەکەی بوو بە (ئیسلامی) جا بابزانین بۆچی باوکی زەنەقی چووبوو لەوەی کوڕەکەی ئەگەر ببێتە ئیسلامی:
یەکەم: کوڕە ناوەکەی خۆی ناوێکی کوردی زۆر خۆش بوو کەچی دواتر گۆڕی بە ناوێکی عەرەبی و پاشان ناوی منداڵەکانیشی هەر بە عەرەبی زەمانی فتوحات و ئەو ناوانەی کە عەرەب خۆشی بیریان نەماوە و لە فەرهەنگی تەنها ئیسلامیە کوردەکاندا بەدی ئەکرێ.
دووەم: ئەم کوڕە جگە لەوەی بەناوە کوردییەکەی ناڕازی بوو، لەهەمان کاتیشیدا جل و بەرگ و سیماو و سەرو ڕیشیشی بەتەواوی گۆڕی و ئێستا گەر بتەوێ توڕەی بکەی ئەوەندە بەسە پێی بڵێی تۆ کوردی و لە بنەماڵەیەکی کوردەوە هاتویتە سەر ئەم هەسارەیە.
سێیەم: کاتێ سەردانی کەسێك ئەکەن وەیان کەسێ میوانیان ئەبێ، ئەوا پێش هەموو شتێ ئەبێ ڕیزێ نوێژی سوننەت بکەن و پاشان نێرینە لە ژوورێك و مێیینەکانیش لە ژوورێکی تر دابنیشن. ئەم یاسایە نەك هەر بۆ میوان بەڵکو بۆ ماڵ و مناڵەکانی خۆشی هەر وایە.
چوارەم: بەشداریەکی کارای لە سۆشیال میدیا و کۆڕو و مزگەوت و کۆبونەوە گشتیەکان هەیە و زۆر چالاکانە بەشدارە لە هەموو ئەو ڕووداوانەی بەسەر برا ئیسلامیەکانیان دێن و سەر کۆنەی ئەکەن..وەك ڕووداوەکانی ڕابیعە عەدوی میسر و کودەتاکەی تورکیای ئەردۆگان و کووشتارەکەی نیانمار و هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ڕێکخراوی حەماس و کەرتی غەزە. خۆ ئەگەر ڕێگری نەبێ و لەبەر ماڵ و مناڵ نەبوایە ئەوا خۆی بەشداری لەزۆربەی زۆری ئەو بەناو جیهادانە ئەکرد کە هی ئیسلامین، ئەمە لە کاتێکدا ئەو هەموو کوردە تیرۆر ئەکرێ و ماڵ و حاڵیان لێ داگیر ئەکرێ و قەتل و عام ئەکرێن ، کەچی مێش میوانی نیە.
پێنجەم:  لە کاتی ڕاپەڕینی کوردانی ڕۆژهەڵات دژی کۆماری پەت و سێدارە ، ئەم پیاوە ئیسلامیە کە سامپڵیکی هەموو ئەو سەلەفیانەی وەك خۆی وان دژ بەو ڕاپەڕینەیە و گوایە ئیسلام لە ئێران هیچ عەیبی نیە و ئەوە کوردی ڕۆژهەڵاتە بە فیتی ئەمەریکا هەستاوون و ئەیانەوێ شەرعی خوا نەهێڵن.
 ئەمانە و چەندینی تر ئەو خەم و مەراقەی باوکی بوو، کە نەی ئەویست کوڕەکەی ببێتە ئیسلامی سیاسی، جا بزانن و خۆتان قەزاوەت بدەن بزانە باوکی لەسەر حەق بوو وەیان نا.. 
کوردستانپۆست لە مێژە فێرمان ئەکا کە تەنها کوردێکی موسڵمان بین و پێچەوانەکەی نەبین، ئەشێ ئێمەی کورد هەر بیرو باوەڕێك هەڵببژێرین بەمەرجێ کوردبوونمان نەکەینە قوربانی ئەو ئایدیایە.. بۆیە پێوستە کورد بوون مەرجی سەرەکی و بنەڕەتی ژیانمان بێ.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە