مەترسی بیروڕای باو بۆ سەر ئاسایشی گشتی

Thursday, 05/01/2023, 21:39

11118 بینراوە


"بێ ئەقڵی کۆمەڵایەتی وەکو جەنگ وایە، نمونەی ئەوەی کە کاتێک دوو مرۆڤ پێکەوە هەڵدەکەن و بەئەدەبەوە لەگەڵ یەکتردا هەڵسوکەوت دەکەن، ئەگەر لە وریاییدا خۆیان بەیەکسان بزانن، بەڵام ئەگەر یەکێکیان خۆی لەناوەندی وڵاتی ئەوی دیکە بە سەرباز بزانێ چیدی بۆ نەوی تر خۆشییەکە تەواو دەبێت" (ژاک ڕانسییەر).


ئەو هێرشە وەحشیانە، ئەوهێرشە دڕندانەیە، بەر لەهەرشت هێرشی بیروڕای "باو"بو، بۆسەر ئازادی تاکەکەسی . کۆمەڵگەی ئێمە هەتا ئێستا باوەڕی بەئازادی تاک نییە ، چونکە خاوەنی سیستەمێکی پەروەردەی بانکییە لەلایەک، لەلایەکیتر پەروەردەیەکی دینی کە کۆگەرایەو هەمیشە داوا دەکات تاک بکرێتە قوربانی کۆمەڵ. بێگومان ئەمەش یەکێکە لەنیشانەکانی لاوازی ئەو کۆمەڵگەیە، چونکە وەک نیچە دەڵێت:کۆمەڵگە هەرکات هەستی بەلاوازی کردبێت، یاساو ڕێسا و سزاکانی توندتوتیژتربوون، هەرکاتێکیش هەستی بەبەهێزی کردبێت ئەوا مافی بەتاکەکانداوە لە پەراوێزی بەرژەوەندی گشتی مافە تاکەکەسیەکان بەدەست بێنن.ئەڵبەت مێژوو پڕە لەنمونەی سزای دڕندانەی کۆمەڵ بۆ سەر ئازادییە کەسیەکان، بەدرێژایی هەزاران ساڵ تاک کراوەتە قوربانی کۆمەڵ .بەڵام لەگەڵ پەیدابونی دەوڵەتی مۆدێرن ، دەوڵەتی قانون و فەلسەفەی مافی سروشتی بەرەبەرە ئەوشتەی کەمافی گشتییەو ئەوشتەی مافی تاکەکەسییە لێکجیاکرانەوە، بۆیە لەوشوێنەی یاسا سەروەربێت ، دەبێت یاسا دیاریبکات چ شتێک مافی گشتییە و چ شتێک مافی تاکەکەسە، نەک مەزاجی تاکەکان و بیروڕا ئیدیۆلۆژیەکان .
بێگومان لەغیابی یاسادا ، ئەوەی حوکمدەکات مەزاج و بیروڕای باو وگشتیە، نەک ئەقڵ و لۆجیک  و زانست، تاکەکان هەمیشە خۆپەرستانە بڕیاردەدەن و لەڕوانگەی بەرژەوەندی مادی و مەعنەوی خۆیانەوە لە کێشەکان دەڕوانن، لەغیابی یاسادا"هەموو کەسێک هەوڵدەدات ویستی خۆی بکاتە دەستور، تەنانەت دواکەوتوترین تاکەکان حەزدەکەن چەرخی گەردون بەدەستی ئەوان بسوڕێتەوە.
مرۆڤەکان خۆپەرستن، هەر ئەوشتە دەکەن کە خۆیان دەیانەوێت، مەگەر نوخبەیەکی ڕۆشنبیرو ئەقڵانی خۆتێپەڕبکەن و دور لەمەزاج بیرلە بەرژەوەندی کۆمەڵبکەنەوە و هاوسەنگی نێوان مافی گشتی و کەسی ڕابگرن.
جۆن ستیوارتمیل کە فەیلەسوفی ئازادیخوازبو، لەنامەکەی دەربارەی ئازادی پێیوایە کە پاراستنی خەڵک لەمەترسی باوەڕی گشتی گرنگترە لە پاراستنی ستەمی دەسەڵات ، کۆمەڵگەی کۆگەرا هەمیشە ستەمکارە و مافە سروشتیەکان پێشێل دەکات. لەبە ر ئەوە نابێت هیچ بەهانەیەکی وەک بیروباوەڕو ئاین و ئەخلاق ببێتە پاساو بۆ بەجێهێشتی تاکەکان بۆ ڕەحمەتی بیروا مەزاجیەکان.
پێویستە ڕاستگۆبین، ئاین بەرپرسی یەکەمە لەبەرهەمهێنانی ئەم جۆرە بیڕوباوەڕە باوانە کە هیچ بناغەیەکی لۆجیکی و زانستییان نییە، چونکە لەبنەڕەتدا ئاین و فەلسەفەی ئاین کۆگەرایەو باوەڕی بە ئازادی و مافەکان نییە.لێرەو لەوێ هەندێ مەلای سیاسی دەڵێن ئاین کێشەی لەتەک دیموکراسی نییە؟بەڵام ئەوەش خوڕافیاتێکی ئیسلامی سیاسیە، لەکاتی بێدەسەڵاتیدا، ئەگەرنا بەکورتی دیموکراسی ئیرادەی خەڵکەو بۆخەڵکە و ئاین ئیرادەی خوایەو بۆخوایە، ڕیشەی دیموکراسی لە ئەقڵانیەتدایەو ڕیشەی دین لە خوڕافیاتدا، کەواتا خوڕافیاتی هەماهەنگی دین و دیموکراسی تەنها خۆخەڵەتاندنە. بەڵام بەو مانایە نییە کە دین نابێت ڕۆڵی هەبێت لە کۆمەڵگەدا، بەڵکو دەبێت دینی سوڵتەوی و بارگاوی بەدەسەڵات لەکایەی سیاسەت دوربێت، ئەگینا جگە لەحوکمی قامچی تاڵیبان و ئاخوندەکان و دەسەڵاتی دارکاری ئەنسارەکان لەهەورامان هیچ خێرێکی نابێت بۆ کۆمەڵگا. دین ئەگەر چارەسەری هەندێک لەپرسە کۆمەڵایەتیەکانی پێبێت، کاتێک تێکەڵ سیاسەت بو دەبێتە کێشە.
بێگومان لەم هێرشەدا دوو مەسەلەی گرنگ خۆیان نمایشکرد، کە داهاتوی کۆمەڵگە کەمان دیاری دەکەن، ئەوانیش پرسی سەروەری یاسا و سیستەمی پەروەردە، وەک دەزانین لەخێزان و قوتابخانەو پەروەردە شێوازی پەروەردە بانکییە و تاکی دۆگماو بیروشک بەرهەم دێنێت تاکێک کە تەنها باوەڕی بەوشتەیە کە ئاخنراوەتە مێشکی و بیرناکاتەوە، بیرنەکردنەوە کێشە هەرەبنەڕەتیەکەی ئینسانی کوردە، پاشان نەبونی یاسا، کە ئەویش بەرەنجامی ئەوپەروەردە بانکیە کۆنەیە، کەتاکەکانی بارهێناوە بۆ سەرسامبون بە کاری مەزاجی بەرپرسانی حیزب لەسزا و پاداشتی خەڵک.لە داخستنی یانە شەوانەکان لەلایەن پافڵ تاڵەبانیەوە ، بۆمان دەرکەوت کە کۆمەڵگەی ئێمە باوەڕی بەسەروەری یاسانییە و ، سەرکردەیەکی مەزاجی وەک خۆیان دەوێت .
ئەوەی دەبێت بەرژەوەندی کۆمەڵگە بپارێزێت یاسایە، بێگومان ئەوانەی یاساش دادەنێت دەبێت دوربن لە ئینتیمای حیزبی ، دینی ، ئایدیۆلۆژی، چونکە هیچ ئیدیۆلۆژییەک هێندە فراوان نییە بەرژەوەندی سەرجەم تاکەکان، چین و توێژەکان، گروپەکان  لەخۆبگرێت.بۆیە دەبێت هەرسێ دامەزراوەی پەروەردەیی خێزان و قوتابخانەو پەرستگە لەژێر چاودێری دەسەڵات دابن. 
ئەم هێرشە یەکەمجار نییە، کۆتاجاریش نابێت ، بەڵکو ئەمە هەنگاو ی یەکەمە، دورمەبینن لەداهاتویەکی نزیکدا ، بەهەمانشێوە پەلاماری کەسانی ئازادیخواز بدرێت، لەژێرناوی پاراستنی ئاین و پیرۆزی ئەوانە بەردباران بکەن کە باسی دیموکراسی و ئازادی و ئەقڵانیەت دەکەن!
ئەم هێرشانە بۆ سەر کەسێتی ژن ، لەڕوی ئیدیۆلۆژیەوە دەمێکە هەن، ئەمڕۆ تۆڕەکۆمەڵایەتیەکان پڕن لە و دەربڕینانە کە ڕاستەوخۆ هێرشن بۆ سەرکەسێتی ژن ، لەبەرمبەردا گوتارێکی فاشیستی ئیسلامی سیاسی زاڵبووە، کە شانازی پیاوانەی کردۆتە دروشمی خۆی.ئاشکرایە شانازی پیاوانە "نەریتێکی فاشیستییە"و داهاتوی کۆمەڵگەکەمان لەژێر سایەی ئەمگوتارە هیچ نییە جگە لە دەسەڵاتداریەتیەکی فاشیستی ئاینی وەک تاڵیبان و ئیسلامیەکانی هەورامان.
بۆیە ئەرکی ڕۆشنبیران و خوێندەوارانە کە بەکرداری ڕوبەڕوی ئەمگوتارە فاشیستیەی ئیسلامی سیاسی توندئاژۆ ببنەوە. هەموشتێک سەرەتا گوتارە و پاشان کەلەڕوی زهنیەوە کۆمەڵگە ئامادە کرا دەبێتە واقیع.بۆیە مەسەلەی بەئەفغانستانکردنی باشوری کوردستان زۆر ناواقیعی نییە و ئەگەرێکە لەبەردەممان.
ئەرکی دەسەڵاتە بەپلەی یەکەم کە ڕێگە بگرێت لەم سەنگەرگرتنەی ئیدیۆلۆژیا  ئاینی ونائینیەکان .بەڵام من ئیرادەیەک نابینم لەلایەن دەسەڵاتەوە، بەڵک و دەسەڵات هاندەربووە بۆ ئەو بەریەککەوتنەو پێکدادانی بەرژەوەندی گروپە جیاوازەکان.
لەکۆتایدا دەڵێم ئەزمونی مێژویی پێمان دەڵێت، کە بەختەوەری بۆ هیچ کەسێک نییە لەسایەی حوکمی مەزاجی و خوڕافیات و زهنیەتی نێرسالاری، تەنها بەختەوەرییەک هەبێت لەژێرسایەی ئەقڵانیەتی کۆمەڵگەدایە.  لەم ڕۆژانەدا مەلایەک دەیگوت:پێویستە ئێمە دوربین لە شیوعیەتو سۆسیالیزم و دیموکراسی! باشە ئەم مەلایە لەخۆی ناپرسێت ئەگەردیموکراسی نەبوایە ئەو چۆن دەیتوانی بیروڕا کۆنەپەرستانەکانی دەربڕێت، ئەوە دیموکراسییە ڕێگە بە بیروڕا نامەعقوڵەکانیش دەدات، بەمەرجێک سنوری مافەکان نەبەزێنێت.
دەبێت گەنجانی ئەم وڵاتە هۆشیاربکرێنە وە ، کە لێدان لە کەسێتی ژن ، بچوک بینینی ژن، ناردنەوەی ژن بۆماڵەوە، جگە لەفاشیزم هیچ دەستکەوتێکی تری نابێت.چونکە ڕژێمە فاشیستیەکان بە دەرکردنی ژن لەکایەکانی ژیان و شانازی پیاوانە دەناسرێنەوە. هێرش بۆسەر کەسێتی ژن و فشاری ئایدیۆلۆجی حەزێکی سادیانەی هەندێ تاقمی ئیسلامی سیاسی لەپشت شاردراوەتەوە و بەتەمان لەداهاتودا هەرکەسێک دارکاری بکەن کە لە چوارچێوەی دونیابینی ئەوان دەچێتە دەرەوە. بەڵێ هێرش بۆسەر کەسێتی ژن لەهەرسێ ناوەندە پەروەردەییەکە هەیە بەر لەوەی ئەوگەنجانە هێرش بکەنە سەر ژنێک کە تەنها ئامادەکاری و تاقیکردنەوەیە بۆ هێرشی دیکە.ئەمە تەنها سیناریۆیەکە !

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە