بایس لە نێوان شاعیران و ئایینزاکاندا

Tuesday, 10/01/2023, 23:19

3324 بینراوە


لە کۆتا ڕۆژەکانی ساڵی ٢٠٢٢دا، ئەکتەری کۆمێدی و ڕاگەیاندنکار و چالاکوانی بواری توندوتیژی خێزانی و ئازادی ڕادەربڕین، شابانا ڕەحمانی بە ڕەچەڵەک پاکستانی، لە تەمەنی ٤٦ساڵیدا، بە کاریگەری نەخۆشی شێرپەنجە، لە وڵاتی نەرویجدا، کۆچی دوایی کرد. ئەگەرچی شابانا لە زیاتر لە بوارێکی کۆمەڵایەتی و کولتوری و میدیایی، تا دوا ڕۆژەکانی تەمەنی چالاک بوو، بەڵام ئەوەی شابانای بە دونیا ناساند هەندێ هەڵسوکەوت و ئاکتی سەیر و چاوەڕوان نەکراو بوون، کە وەکو ڕەخنەیەک لە پێشخانی کولتوری و ئایینی خۆی دەیگرتن. شابانا کە بە یەک ساڵی و لە ١٩٧٧دا لە گەڵ خێزانەکەیدا لە پاکستانەوە، ڕوویان لە وڵاتی نەرویج کردبوو،  ئەو کەسە بوو کە لە ساڵی ٢٠٠٤ بە بۆنەی بڵاوبوونەوەی کتێبێکی مەلا کرێکار بە زمانی نەرویجی، لە کۆڕێکدا هاتە سەر سێنەکە و نزیک بووەوە لە مەلا کرێکار و وتی با ئێستا بزانین کە ئایا مەلا کرێکار کە بەو جۆرە توندڕەوە باسی لێوە ئەکەن، هەر بەڕاست وایە؟ دواتر باوەشی کرد بە مەلا کرێکاردا و بەرزی کردەوە. شابانا لە دژی توند و تیژی و نایەکسانیدا، جارێکی دیکەش له سەر سێنەدا، بۆ ناڕەزایی دژی قەدەغەی پەیوەندییە ڕووحییەکانی نێوان کوڕانی نەرویجی و کچانی پاکستانی  لە لایەن خێزانە موسوڵمانە پاکستانییەکانەوە، وتی:ئەگەر چی ڕەنگە ماچکردنی کچێکی پاکستانی لە لایەن کوڕێکی نەرویجییەوە ئەو کارە مەترسیدارە نەبێت... لەو کاتەدا، پشتی کردە جەماوەر و جلە پاکستانییەکەی بەری خۆی داماڵی و سمتی خۆی بۆ دەرخستن. شابانا زۆرێک لەم جۆره چالاکییانەی دژی کۆمەڵکای داخراوی پاکستانی کرد، ئەمەش بووە هۆی ئەوەی پاکستانییەکان ڕقێکی زۆری لێ هەڵبگرن و حاشای لێ بکەن. لە بەدبەختی شابانا لەم چەند ساڵەی دواییدا تووشی نەخۆشی‌ شێرپەنجه دەبێت و تا داجار لە مانگی پێشوودا، هەر بەو هۆیەوه کۆچی دوایی ئەکات.  هەر لەم ڕووەوە سەرۆکی ڕێکخراوی ڕاوێژکاری ئیسلامی لە نەرویج (Islam råd i      Norge) کە ناوی فهد قورەیشییە له پۆستکیدا، لە نێو گرووپێکی داخراوی فەیس بووکدا، نووسیوێتی: مەرج نیە هەموو مردوویەک جێگەی ڕێزلێنان بێت. وەکو ئاماژەیەک بۆ شابانا نووسیبووی  هەر کەسێک دژایەتی  خوا بکات و لە ئایین و کولتوری خۆی هەڵگەڕێتەوە خودا بەو جۆرە تۆڵەی لێ ئەکاتەوە و ئەیکووژێت. قوڕەیشی نووسیبووی کە ئەو لە بەرنامەیەکدا قورعانی بەرزکردۆتەوە لە گەڵ مۆمێکدا و داوای کردووە ئەم جۆرە کتێبانە لەم وڵاتە بسووتێنرێ.  هەروەها نووسیوێتی کە ئەوا شابانا ئەم جیهانەی جێهێشت و بوو بە بیروەرییەک بۆ ئێمەی موسوڵمان کاتێ بیر‌لە فەرمانەکانی خودا دەکەینەوە، دەبێ مەرگی شابانامان لە یاد بێت. ئەم لێدوانانەی قوڕەیشی لە نەرویج، کاردانەوەی ناوەندە ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنەکانی لێ کەوتەوە وەکوبێڕێزییەک بە مردوو تەماشاکرا  و هەر زوو فەهەد قورەیشی ناچار بە پۆزش هێنانەوە و سڕینەوەی پۆستەکەی کرد.
لە ڕووداوێکی دیکەش لە باشووری کوردستاندا، کاتێک ڤیدیویەکی فەرهاد سەنگاوی بڵاوبوویەوە، کە وتارێکی دەخوێندەوە و دەستی ڕاستی بەرز دەکردەوە و بە جۆرێکی  دیار دەلەرزی، ئەمە وەکو هەنگوینی کلۆرە دار بوو بۆ ئیسلامییەکان، بەجۆرێک لە هەموو لایەک ڕوو بە ڕووی هێرش بوووە، وەکو ئەوەی پێغەمبەران زیندوو بووبنەوە و موعجیزەکانیان پێشکەش کردبێت. وەکو ئەوەی حەقیقەتی خودایی هەموو لە دەستەلەرزێی فەرهاد سەنگاویدا کۆبووبێتەوە. هەرچی پەیجی ئیسلامی و سەلەفی هەیە بە خۆیان و تارمایی و سێبەرەکانیان، ئەو ڤیدیۆیەیان هێناو، یەکێ بە پرتەپرتی تیرێکی سوری ئاراستکراو بۆ دەست لەرزینەکەی.یەکێکی دێکەش بە خستنە بازنەی سورەوە. بەم جۆرە ویستیان تۆڵەی ئەو تەحەدایەی لێ بکەنەوە کە وتبووی  دەستی من لە دەستی سەحابەکانی ئیسلام پاکترە. سەلەفی و ئایینزاکان بەمە ویستیان ئەوە وا نیشان بدەن کە تۆڵەی خوداییە لە فەرهاد سەنگاوی کراوەتەوە.
جێگەی ئاماژەیە کە وشەی بایس لە بنەچەدا وشەیەکی عەرەبییە بە واتای (باعث) بەڵام بەرگی کوردی کراوە بەبەردا، لە بەر ئەستەمی گۆکردنی پیتی (ع) لەلایەن پێشینانمانەوە، وتوویانە بایس، بەڵام ئەمڕۆ بەهۆی ئاشنایی زۆربەمان، بە زمانی عەرەبی، بە ئاسانی ئەتوانین بڵێین (باعیس). کەواتا بیرۆکەکە ئەوەیە کە تۆ بێی کردارێک یان هەڵوێستێک بکەیت بە باعیسی ڕووداوێک، کە لە بنەچەدا هیچ پەیوەندییەکیان پێکەوە نەبێت.  ئەسڵی ئەم وشەیەش لە گوزارشتی ئەدەبی (جوانی بایس)ەوە هاتووە، کە بە عەرەبی واتا (حسن التعلیل).  ئەمەش بەو وێنە شیعرییانە ئەوترێ کە شاعیران بە تایبەتی کلاسیکەکان، پەنایان بۆ بردووە وەکو جوانکاری شیعری، تا لە ڕێگەیەوە، هەم ڕادەی توانای شیعری خۆیان دەربخەن و هەم جوانییەک ببەخشن بە قەسیدەکانیان. جوانی بایس بە کورتی بەوە دەوترێ کاتێک شاعیر بیانوویەک ئەدۆزێتەوە و ئەیکاتە بەڵگە بۆ ڕوودانی دیاردەیەکی سروشتی یان  کردەوەیەک کە لە بنەچەدا هۆکاری تری بەڵگەنەویست و سەلمێنراوی زانستی خۆیان هەیە. ناسراوترین نموونەش ئەو دێڕە شیعرییەی نالی مەزنە کاتێ دەڵێت:-
 لە خەوفی تەلعەتت، ڕۆژ هەر وەکوشێت
بە ڕوو زەردی هەڵات و کەوتە کێوان
لێرەدا نالی وەکو جوانکارییەکی ئەدەبی، ڕۆژ ئاوابوون ئەبەستێتەوە بە ترسی خۆر لە ڕکابەری جوانی یارەکەی، لە کاتێکدا ئەشزانێت کە ئەم هۆکارە ڕاست نیە. بەڵام کاتێک  تۆی سەلەفی و ئیخوانی  و ئایینزا  دێی مەرگی شابانا ڕەحمان بە هۆی شێرپەنجە  و دەست لەرزینەکەی فەرهاد سەنگاوی بە هۆکاری تەندروستیی ڕوون و ئاشکراوە، دەبەستیتەوە  بە هەڵوێست و بیروڕای  جیاواز و دژییان لە مەڕ ئایین و ڕەشباوەڕی  ئایینییەوە، لەولاشەوە چاوپۆشیکردنت لەوەی کە ڕۆژانە سەددان هەزار ئایین پەروەر و سەلەفی و ئیخوانییش، بە شێرپەنجە و شەکرە و فشاری خوێن و وەستانی دڵ و مێشک دەمرن و توشی دەستە لەرزە و فێ و پەرکەم ئەبن. هەر بۆیە ئەم بیانووەی بۆ شابانا و فەرهادتان هێناوەتەوە ئەچنە خانەی ناشرینی بایسەوە نەک جوانی بایس، ئەگەر نا بۆ پێمان ناڵێن مەرگی ناوەختی ئیمانداران باعیسی چیە؟ 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە