عەبە

Wednesday, 11/01/2023, 3:59

3134 بینراوە


چەند ساڵێک لەمەو پێش بۆ چێژ وەرگرتن لە گەرمای خۆر، بە خاو و خێزانەوە وەکی برێی سەفەرێکی ئیسپانیا ناوچەی "ئیلمێریا" مان کرد، لە نزیک ئوتێلەکە قەڵایەکی کۆن لەسەر گردێک بوو کە هەم کەنیسە و هەم مۆزەخانەیەکی مێژوویی بوو، کە چووم تەماشام کرد بینیم مۆمیای کەسێکی لێیە کە دیارە پاشا و فەرمانڕەواکانی کۆنی ناوچەکە بوون، ئەوەی سەرنجی ڕاکێشام مۆمیای کەسێکی مۆنی چاو قووڵ بوو کە کەللەسەرێکی بەدەستەوە بوو بە دەستەکەی تریشی شمشێرێک، کە پرسیارم کرد ئەمە کێیە ؟ گەر چی نە ئینگلیزییەکەی بەندە و نە ئەو خانمەی پرسیارەکەم لێکرد وابوو بێ، زۆر لە خۆ کردن لە یەکتری تێبگەین..! خانمەکە ووتی : ئەمە مۆمیا پەیکەری دوا جەللادی ئەم ناوچەیەیە و ناوێکی ووت کە لە بیرم نەماوە، ووتم ئاخر چۆن مۆمیا بۆ پیاو کوژ ئەکرێ ! بە کەمێ پێکەنینەوە ووتی : "ئەمە مێژووی ئێمەیە لەم ناوچەیە، مێژوو هەم پیاوی چاک و هەم پیاوی خراپیشی ئەگرێتە خۆ، گرنگ ئەوەیە ئەمڕۆ جەللادمان نەبێ...." دەمێکە ئەم ڕوونکردنەوەیە وای لێکردووم کە منیش دەربارەی نووسینەوەی مێژووی خۆمان " بە چاک و خراپییەوە" لە چوارچێوەی ووتارێکا شتێ بنووسم..
..... ئێمە وەک کورد، ئیتر چی ناو ئەنێی بنێ میللەت، نەتەوە، کۆمەڵگا ...تا ئێستا مێژووی ڕابردووی خۆمان بەدەستی خۆمان وەک خۆی مەوزوعی و زانستیانە نەنووسیوەتەوە و وەک میللەتانی تر نەمان کردوە بە ئارشیف بۆ خۆمان و دۆست و نەناسەکانیش، هەرلایە و چۆن لە پەرژەوەنی خۆیایەتی و ئاگرە سوورە لە خۆم دوورە کەمێکی لێ باس ئەکا، زۆر دوور نەڕۆین ئێمەی خەڵکی سلێمانی شانازی بە دامەرێنەری شارەکەمان "بابانەکان" وە ئەکەین، بەڵام تەنها دروستکردنی سلێمانی هەموو مێژووی ئەوان نیە، لە سەردەمی بابانیەکان کە باو و باوە گەوەری زۆربەمانن لە کوشت و کوشتار بێ بەش نەبوە، ئامۆزا ئامۆزای خۆی، برازا مامی خۆی کوشتوە، ئەمە لایەنێکی مێژووی ئێمەیە و تەواوکەری لایەنە پۆزەتیڤەکانی ترە کە لە هەموویان دیارتر دروست کردنی شاری سلێمانیە کە دواتر بوو بە ئەستێرە لە ناوچەکەیا
....دیارە ئەم سلێمانییەی ئێستا نا...
ڕووداوی مێژوویی باک گراوندی خۆی هەیە، ئەو باک گراوندەش ڕەگی خۆی هەیە کە بەستراوەتەوە بەو کەسانەی لەسەر سەکۆی ڕووداوەکەن ، بە کەسانی ناوخۆیی و خۆماڵییەوە، باس نەکردنی غەدرە لە مێژوو پێش هەر شتێکی تر، چواردە ساڵ خەباتی خوێناوی بە"ئاش بەتاڵ" کۆتایی هات، ئاخۆ ئێستا کێ ئەوێرێ بڵێ : کەسی یەکەمی بزووتنەوەی ئەیلول ڕۆڵی یەکەمی لەو تراجیدیا یا هەیە، باک گراوندەکان زۆرن بەڵام ئەوەی "گەڵاڵە" ڕەگە ناوخۆیەکەیتی، وای لێهاتوە کە ئەم باسکردنە بخەیتە ڕوو یەکسەر ئەڵێن تۆ "جەلالی"ت، وا ئەزانن بە جەلالی و کەمالی ناوبردنی کەسێک ئیتر ئەو مێژووە ئەگۆڕن و فڵچە سپییەکەیە... ناونانی ڕووداوێکی وا گەورە بە ئارەزووی کەس و لایەک هیچ لە ناوەڕۆکەکەی ناگۆڕێ، بڵێ: نسکۆ..ڕینگۆ..هەرەس..چەرەس..ئەم ئاو پیاکردنە هیچ لە قوراسیی و کاریگەری ڕووداوەکە خۆی وەک مێێژوو ناگۆڕێ کە لە فەرهەنگا پێ ی ئەوترێ" ئاش بەتاڵ" و لاپەڕەیەکی تەڵخی گریان بەخشی مێژووەکەمانە کە بەڕاستی ئەبوایە وەک چۆن لە ئەوروپا مێژووی خۆیان چۆن بێ پەراوێز خستن یان چاوپۆشی کردن لە هیچ کەس و لایەک ئەنووسرێتەوە، ئەخوێنرێ، ئێمەش بە هەمان شێوە مێژووی خۆمان بکرادیە بە ئەرشیف
..بەڵام قوڕ بەسەر ئەو تەلەبە و مامۆستایەی نیازی هەیە بێ لابردنی فاریزە و نوقتە باسی مێژووی خەباتی میللەتەکەی خۆی بکا..!..ا
نەتەوەییەکانی لای ئێمە ئەوانەی پێیان وایە پیتی (ع) عەین لە کوردیا نیە و ئەبێ بە(ئ) بنووسرێ بۆیە قەلی، ببورن ئەلی کوردی ئەڵێ"ئولولو لەباتی عولولو"، وا باس ئەکەن کە ئەگەر چوار کەسی تریان لەگەڵا بوایە و هەر بەو ژمارەیە نەبونایە ڕەنگە دەوڵەتی کوردیان دروست بکردایە، هاوبیر گیان ئێوە دەسەڵاتان بێ کوژرا  بوو قەسابخانەیەکی وەک "کانی ماسی"تان
كردبوو بە قوتابخانەی بیری نەتەوەیی و ئەوەنەی خەڵکی بێ دیفاع و نیشتمان پەروەرتان تیرۆر کرد ئەوەنە باسی فیکری خۆتان نەکرد و جا دەسەڵاتی زیاتر و فراوانترتان هەبوایە وا وەیلا بەحاڵی ئەوەی نەیوتایە: نە حوشتر حەیوانە و نە خورماش میوەیە..!! سەیر لەوایە کە هەر باسی ئەو مێژووەی برادەرە نەتەوەییەکان ئەکەی ئەڵێن : ئەوە دیعایەی شیوعێکانە..ئاخر خۆ مێژوو سابون و شامپۆ نیە بە دیعایە ڕەواجی هەبێ.. ئاخۆ گەر هاوبیرەکان بناغەیەکی فیکری مەنتقی و جەماوەری پتەوییان هەبوایە نە ئەکرا لە ڕێکخراوێکی لۆکاڵی یەک دوو گەڕەکی سلێمانی تێبەپەڕینایە ؟ ئەمە مێژووی ئەوانە و هەموو میللەتێک پێویستی بە خەڵکانی نەتەوەیی هەیە بەڵام بەو مێژوویەی ئەوانەی لای خۆمان، ئەو مێژووەش سەرئەنجامی کردار و ڕەگە ناوخۆییەکانی ئەوانە، مێژووی ئەوان فەرشێ نیە من چنیبێتم، ئەوان چنیویانە................
.... جارێکیان فەرمانبەرێکی بەنزینخانە کۆنەکەی سلێمانی بەدەست پۆلیسێکەوە ئەبێ لەسەر دزی ئەمری گرتنی هەبوە، لە ڕێگا برادەرێکی ئەیبینێ ئەڵێ: ها فڵان ئەوە خێرە ئەتبەن بۆ سەرا؟
ئەویش جوابی ئەیاتەوە :غێر کوردایەتی... جا غێر کوردایەتی هەرگیز ڕێ لە ڕووداوە مێژوویەکان وەک خۆیان ناگرن، غێر کوردایەتی تا سەرا بڕ ئەکا، ئیتر لەوێ"غێر دزی" دەسەت پێ ئەکا، شاردنەوە و پەردەپۆش کردنی مێژوو هەر لای ئەوانەی ترسیان لە ڕەگە نێگەتیڤەکانی خۆیان لە ڕووداوە مێژووییەکانا هەیە، ڕۆڵی ئەوان لە تراجیدیا و کارەساتەکانا لای خۆیان"غێر کوردایەتی"یەکەیە و لای خەڵک و لە ناو دێڕەکانی مێژوو " غێر دزی" یەکەیە..............
ئیسلامییەکانی کوردستان بە هەر چوار باڵ و ملە قورتەکەیەوە سەلەفی، وەهاب، داعش، قاعیدە، زۆر باس لەوە ئەکەن کە کورد خۆی خۆ بەخش و ئارەزوومەند و بە سنگی فراوانەوە بوە بە موسڵمان !! بەكام ئەوە مێژووە پێمان ئەڵێ چۆن"ئەبو عوبەیدەی جەڕاح" لە هێرشێکی بەڕبەڕیانەی سوپای قوڕەیشا بۆسەر ناوچەی شارەزوور بەدەستی خەڵکی بەرگریکەری هەڵەبجەی ئێستا کوژرا، زۆریش جێ ی داخە ئێستا  ئەو شوێنەی ئەوی لێ کوژرا پێ ی ئەووترێ عەبابیلێ، ، !! یان ئەو کوشتارە زۆرەی سوپای قوڕەیش لە ناوچەی پشدەر کردوویەتی، هەموو ئەوانەی لەو سوپایە کوژراون لە دۆڵێکا نێژراون ناویان ناوە "دۆڵی شەهیدان" ئەو کورد و خەڵکەی ناوچەکەش کە بەرگریان لە خۆیان کرد و نەیانویست بە زۆر ببن بە موسڵمان، ئەوانە لە چەن چاڵێکا نێژران و سوپای قوڕەیش فەتوای بڵاو کردەوە کە ئەو چاڵانە شەیتانی لێبوە و هەر چی لەوێوە ڕۆشت ئەبێ حەوت بەردی تێگرێ!! ئەمەیە کۆمیدیای دین و مێژوو کە وەک خۆی نەنووسرێتەوە، جگە لەوەی بەهەزاران کوردی ئەوسەردەمە بەشدارییان لە سوپای فارسا کرد کاتێ"کوروش، " نەیویست بچێتە ژێر باری بەزۆر تەسلیم و ئیسلام بوونی و بەرگریەکی بێ وێنەی کرد، خۆ ئەم مێژووە مونافیق و مولحیدەکان نەیانووسیوەتەوە، بەڵکو ڕووداوی مێژووین و بە ئارایشتی ئیسلامیەکان نە جوان ئەکرێ نە لەگەڵ ڕۆژگارا کاڵ ئەبێتەوە.. رووداوەکان کە مێژوو کرد بوون هیچ شەڕواڵ سێ ڕوبعییەک ناتوانێ پیتێکی بگۆڕێ، بە دڵت نیە ئەمە جیایە، بەڵام هیچ ئەملا و لا و ڕا و ڕێویەک سوودی نیە، بڕوا بکەن..شەو هەر شەوە چەن جلی سپی لەبەرکەی، بشتەوێ ڕۆژ تاریک بکەی سەد جل و کەوای ڕەش لەبەر کەی دونیا ڕووناکە، ئەوەش جیاوازیە لە نێوان ئەوانەی لە مێژوو تێئەگەن و ئەوانەی تێ ناگان، ، وەک جیاوازی شەو و ڕۆژ....
مێژوو قۆناغ و سەردەمی تەواوکەری یەکتریە، بەڵام تۆ کە ترست هەیە لەوەی کە دوێنێ 
ڕووی یا چی و چ کارە بوی، بڕوات هەبێ باز بەسەر دووسەد لاپەڕەیا بەیت هەر پێت ئەووترێ و ئەزانرێ کەی یەکەم بازت یا، یان ئەوەتا کورد پێویستی بە ئارشیف و مێژوو نیە، توڕەهاتن و خوا کەریمە ئیش هەر ئەڕوا، ئەمەش وەک بازەکەی عەبە شەکەنەیە :
نە لە تەنەکەکە یەتە خوارێ، نە باز ئەیا عەبە...........

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە