ئاڵوگۆڕی کولتوری یان کەلاخستن و تواندنەوە و داسەپاندنی کولتوری

Wednesday, 11/01/2023, 4:27

9676 بینراوە


مەبەست لەم نووسینە شیکارێکە بۆ تێگەی (چەمكی) ئاکولتوراتسیۆن (Akkulturation). ڕەگی ئەم وشەیە لە لاتینیەوە وەرگیراوە و واتای بردن بۆ نێو کولتووری خۆیی دەگەیەنێت. ئەم تێگەیە پێناسەیەکی دیاریکراوی نییە، لێ چەند دەستەواژەیەكی لەخۆگرتووە، کە فرە مانا و ئاڵۆزن، پێکهاتەکانی لە ناوەڕۆکی دەستەواژەکەدا بەئاشکرا دەرناکەون. ناوەڕۆکەکانیان گەلێك مەبەست یان باشتر بڵێین ستراتیجیی جیاواز لەخۆدەگرن. هەندێ جار بە ئاڵوگۆڕی کولتووری پێناسە دەکرێت، بە مانای هاوردنە ناو کولتوورەوە، واتە پێکهاتە کولتورییەکان دەبنە ئاڵوگۆڕی کولتووری و سودێکی دوولایەنە بە هەردوو کولتوورە جیاوازەکە دەبەخشن (یان ئەم ئاڵوگۆڕە لە نێوان چەند کولتوورێکی جیاوازدا ئەنجامدەن). گەلێك لە کولتوورەکان نەزدیکی یەکدیبوون و کاریگەری دوولایەنەیان هەبووە و ئاڵوگۆڕی کولتووریان بەسەردا هاتووە و بەردەوامیش دەیانبێت. ئەم تێکەڵە کولتوورییە لە ڕاستیدا سوود بە ناوەڕۆکی کولتوورەکان دەگەیەنێت. تاك یان گروپێک، تەنانەت ئێتنییەك دەتوانێت خۆی لەگەڵ ئەم پێکهاتە کولتوورییانەدا بگونجێنێت و بشیانکاتە بەشێک لە شێوازی ژیانی کولتووری خۆیی. بەم شێوەیە دەتوانین ئاکولتوراتسیۆن وەک بەتێگەکردنی (بەچەمککردنی) ڕەوشێکی نێومرۆڤی بناسێنین. 
ئەم تێگەیە لە لایەن گەلێك زاناوە شیکار کراوە. هەندێك لە زانایانی ئێتنۆلۆژی، وەك ڕیشارد تورنڤاڵد (1)، ئەم ئاڵوگۆڕە کولتوورییە وەک پڕۆسەیەکی فێربوون دەنرخێنن، لەتەك ئەم ئاڵوگۆڕەشدا کارەکتەری کەسی یان گروپێک لە گۆڕانێکی هەمیشەیی و بەردەوامدان. ئاکولتوراتسیۆن لێرەدا بە مانای چۆڕاندنە ناو یان بردنە ناو کولتووری خانەخوێی دێت. ئاماژەکردن بەم وشەیە دەمانگەڕێنێتەوە بۆ پڕۆسەی خۆگونجاندن یان خۆسازدانی تاکێك یان گروپێكی کۆمەڵایەتی لەنێو کولتوورێکی نامۆدا یان سازاندنی تاکێك یان گروپێك بە داب و ترادیسۆنی کولتوورەکەی خۆی، کە هەندێجار هەنگاودەنێت بەرەو کەلاخستنی کولتووری (مارگینالیزەکردن)ی کولتوورییانەی تاکەکەس یان گروپێك. ئەمەش جۆرێك لە دوورەپەرێزی دەگەیەنێت، بۆ نموونە خێڵەکیزەکردنی تاکەکەس لەنێو جوڵانەوەیەکی خێڵەکیدا (ئەندامبوون لە نێو خێڵێکی تایبەتیدا، کە ئەندامەکانیان لەنێو خێڵدا لەقاڵب دەدەن هەر بە جۆرێک لە دورەپەرێزی و کەلاخستنی کولتووری دەنرخێندرێت. ئاکولتوراتسیۆن سەرجەمی بەها کولتوورییەکان لەخۆدەگرێت، ئەمەش لە ڕونیگای بەهاکولتوورییەکانی (ئەخلاقخوازی) وەك نەریت و ڕەفتاری ئاکاری، نرخاندن، ڕەوشت، زمان، ئایین/باوەڕ و تەکنەلۆژیا.
ئاکولتوراتسیۆن فرەمانایە و لە هەر بوارێکی زانستیشدا یان تێگەی زانستیدا پێناسەی جیاوازی بۆ دەکرێت. بەشێوەیەکی گشتی لە بوارە زانستییەکانی سۆسیۆلۆژی (Soziologie) و هاوتا بەرامبەر پسیکۆلۆژی (Psychologie) و پێداگۆگی (Pädagogik)دا بەهای زیاتری لەخۆگرتووە، ئەوە بە بەراورد لەتەك زانستەکانی تردا. لە زانستەکانی ئەنترۆپۆلۆژی (Anthropologie) و ئێتنۆلۆژی (Ethnologie)دا ئەم زاراوەیە بە ئاڵوگۆڕی کولتووری و ڕووبەڕووبوونەوە یان بەیەکگەیشتنی دوو کولتووری جیاواز بە یەکتر دادەنرێت، کە لەم بوارەدا ئاڵوگۆڕە کولتوورییەکان بەشێوەیەکی پۆزەتیڤ دەنرخێندرێن، نمونەی ئەم ئاڵوگۆڕەش پەنابەرانی دەڤەری ئێمەیە لە ئەوروپا و وڵاتانی تردا، کە بە شێوازێکی ئیندیڤیدوێڵ لە پڕۆسەی فێربوندا خۆیان لە گەلێك لایەنی هزری و کۆمەڵایەتییەوە پێگەیاندووە.
گەر لە لایەنی دروونناسی کۆمەڵایەتییەوە (سۆسیالپسیکۆلۆژییەوە) بڕوانینە ئەم تێگەیە، ناسراوترین و بەناوبانگترین زانا لەم بوارەدا جۆن ڤیدەپ بێرییە. لە ئەنجامی توێژینەوەکانی جۆن ڤیدەپ بێری (John Widdup Berry)(2) چوار ستراتێژی بۆ ئەم تێگەیە بەدەست دەهێنین، کە تێیاندا کولتووری زاڵ و زۆرجار زۆرینە بەرامبەر کولتووری کەمینە و ژێردەست ئاڵوگۆڕە کولتوورییەکان هاوسەنگ و یەکسان مامەڵەیان لەتەکدا ناکرێت، زیاتر کەلاخستنی کولتووری و هەندێجار ڕووە و سنوری تواندنەوەی کولتووری تێیدا بەئەنجام دەگەیەنرێن: جۆن بێری ستراتیجیەکان بەم شێوەیەی خوارەوە ڕووندەکاتەوە:
1. خۆگونجاندنی کولتووری (Integration)، واتە پێکهاتە کولتوورییەکانی خانەخوێ دەپارێزرێن و پەیوەندییەکان لەتەك کولتوورە زاڵەکەشدا دەهێڵرێنەوە.
2. دابڕین یان وەدەرنانی کولتووری (Segregation)، واتە پێکهاتە کولتوورییەکانی خانەخوێ دەهێڵرێنەوە و پەیوەندی بە کولتوورە زاڵەکەوە نەفی دەکرێت. ئاڵوگۆڕ لەتەك کولتوورە زاڵەکەدا بەئەنجام ناگەیەنرێت.
3. تواندنەوەی کولتووری، هاوشێوەیاندن بەخۆ یان وەرگۆڕینی کەسێتی (Assimilation)، واتە دەستبەرداربوونی پێکهاتە کولتوورییەکانی خانەخوێ و ئاڵوگۆڕ لەتەك کولتوورە زاڵەکەدا بە شێوەیەکی ئەوتۆ بەردەوام دەبێت، کە کولتووری خۆیی لە کولتوورە زاڵەکەدا دەتوێنرێتەوە. ئەم پڕۆسەیە بەشێوەیەکی زۆردارەکی و هەندێجار بە شێوەیەکی ڕەگەزپەرستیانە بەئەنجام دەگەیەنرێت. مێژووی کورد لێوانلێو پڕە لە هەوڵەکانی پڕۆسەی تواندنەوەی کولتووری لەلایەن کولتوورە زاڵەکانی ئەرەبی، فارسی و تورکی، کە ئەمانیش بە کولتوری خێڵەکی سوننەتیی ئیسلامەوە پەیوەندیداربوون و بەردەوامیشن.
4. کەلاخستن، وەدەرنان یان وەلاوەنانی کولتووری (Marginalisierung)، ئەرکەکانی کولتووری خانەخوێ بەئەنجام دەگەیەنرێن و زۆر بەکەمی پەیوەنیی لەتەك کولتوورە زاڵەکەدا ڕوودەدات، ڕەنگە ئەم ستراتیژییە بە گێتۆکردنیش / لەبازنەدان ناوزەد بکرێت.
ئەمە چوار ستراتیجییەکەی جۆن ڤیدەپ بێریە، کە لە تەواوی جیهاندا لە توێژینەوە سۆسیۆلۆژی و زانستەکانی تردا بەکار دەهێنرێن و سودیان زۆر لێوەرگیراوە 
بێگومان پێناسەی ئەم تێگەیە لە ڕوانگەی زانستەکانی تریشەوە کراوە و بۆتە بەشێکی دانەبڕاو لە مێژووی کۆچبەری و گۆڕانە کەسییەکاندا، کە هەندێجار بۆتە هۆکاری گۆڕانکاری تەواوی کەسی و ونکردنی کەسایەتی لە ئەنجامی پڕۆسەی ئاڵوگۆڕە کولتوورییەکانەوە.
ئەم نووسیندا زیاتر گرنگی بە ستراتیژیی ژمارە 3 و 4 دەدات، کە سەپاندن و تواندنەوە و کەلاخستی کلتوری لەخۆدەگرن.
جا کە کولتوورەکان ئاڵوگۆرێکی دروست لەتەك یەکدا بەئەنجام نەگەیەنن و ببنە کولتووری زۆرەملێیی، کولتووری زۆرداری و چەوساندنەوە، سڕینەوەی کەسایەتی تاکەکەنی کۆمەڵگەیەك، تواندنەوەی بەزۆری نەریت و پێشبینی بەهایی و ئەخڵاقخوازی کەمینەیەك، ببێتە سڕینەوەی زەمینەی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانی گروپێك، ببنە بەزۆر هێنانە سەر بیروبڕواکانی کولتووری زاڵ بە دیانەتەکانیشیانەوە، ئیدی جێگە بۆ ستراتیجی ژمارە 1 و 2 نامێنێتەوە، هەروەها نە ئاڵوگۆڕی کولتووری مەبەستدار و ئارەزودار، نە سودی هەمەلایەنەی کولتووری بەرپادەبن. مێژووی کۆلۆنیالیزم نمونەیەکی ئاشکرای سڕینەوەی کولتوورین لەلایەن کۆلۆنیالیستەکانەوە. فرانتس فانۆن (3) ئەم دیاردەیە بە تەختەنووسی پۆلەکانی فێرگە دەچوێنێت، کە هەموو نووسینەکانی سەری سڕاونەتەوە. فانۆن دەبێژێت، کاتێك کۆلۆنیالیستەکان ئەو وڵاتانەی کۆلۆنەیان کردوون و دواجار بەجێیان هێشتون، وەك تەختەنوسینە خاڵییەکان لە هەموو بەهایەکی مرۆڤی و مرۆڤدۆستی بێبەرکراون. فانۆن وشەی تابولاڕازا (tabula rasa) بۆ ئەم دیاردەیە بەکاردەهێنێت، بەواتای تەختەنوسێك، کە هەموو وشەکانی سەری تەواو سڕدراونەتەوە. فانۆن پێی وابووە، کە هێزە کۆلۆنیەکان هەموو کولتووری خانەخوێی ئەو وڵاتانەیان وەك نوسینی سەر تەختەنوسەکان سڕیوەتەوە.
گرفتی ئەم تێگەیە لە ناوەڕۆکە مێژوییەکەیدایە، کە بە گەلەك شێواز و بایەخدانی جیاوازیش ڕوون دەکرێتەوە. بە ئاڵوگۆڕی کولتووریەوە، یان هاوردنە ناو کولتووری خۆیی، هەندێک ڕەهەندی سیاسی و ئابوری و لە هەمان کاتدا کۆمەڵایەتیشی پێوە لکێندراوە، بۆ لایەنێك لە کولتورەکان (کولتوری زاڵ و زۆرینە) سوودبەخش و ئاسانکارییە، بۆ لایەنێکی تریش (کولتووری ژێردەست و کەمینە) زیانبەخش و پڕ ناکۆکییە. بێگومان لەم پنتەدا لە ستراتیجی چوارەمی ئەم ئاڵوگۆڕە دەدوێین، کە بە کەلاخستن یان ڕونتر لە تواندنەوەی کولتوریدا خۆ دەبینێتەوە. سودبەخشەکە لایەنی کولتورە زاڵەکەیە و زیانبەخشیش کولتوری کەمینە و ژێردەست و ڕەچاونەکراوە.

داسەپاندنی کولتووری

داسەپانی کولتووری هەمیشە لە ئەنجامی جەنگ و هێرشکردنەکاندا بەئەنجام دەگەیەنرێت، ئەوەش لە لایەن گەلێك یان دەوڵەتێکەوە بۆ سەر گەلێکی تر، کە لە بواری دەسەڵات و لۆگیستییەوە لاواز یان کەمینە بوون. ئەم دیاردەیە ئیتر بە ئاڵوگۆڕی کولتوری ناوزەدناکرێت، لێ زۆرێک لە ڕەهەندی سیاسی و ئابوری و تەنانەت کۆمەڵایەتیش لەخۆدەگرێت. بۆ لایەنێك سودبەخش و بۆ لایەنەکەی تر زیانبەخش. گەر ئەم ستراتیجییە لە مێژووی دەڤەری ئێمەدا شیکار بکەین، زۆر ڕوون و ئاشکرایە، کە داسەپاندنی کولتوری لە ئەنجامی هێرشەکانی بەرفراوانکردنی ئیسلامی لە لایەن ئەرەبەکانەوە بۆ سەر هەموو ناوچەکانی ئێمە بە ئاشکرا ستراتیجی هێرشبەران بووە. لەم شاڵاوەنەدا زۆرینەی ئەو شارانەی دەستیان بەسەدا دەگیرا، بێبەرەنگاربوونەوە و هەندێ جاریش بە جەنگ و ڕووبەڕووبونەوەدا ڕادەستی هێرشبەران کراونەتەوە. ئەم هێرشانەش بە شێوازی سیستماتیکی و پڕ وێرانکاری و خوێنڕشتن و زۆرداری ڕویانداوە. بۆ نمونە زۆرینەی زەردەشتییەکان لە ئێران، بەتایبەتی لە ناوچەکانی یەزد، کرمان و تاران ئاوارەکراون و بە شێوەیەکی سیستەماتیکی شوێنەواریان پێهەڵگیراوە. بەر لە پڕۆسەی بەرفرانبوونی ئیسلام لەو ناوچانەدا زۆرینەی دانیشتوانەکەیان زەردەشتی بوون و لە دەرئەنجامی چەوساندنەوە و بەزۆر دەرپەڕاندنیان لە لایەن هێرشبەرانەوە گەیشتۆتە ئاستێك، کە ئێستا نزیکەی 30 هەزار لە باوەڕدارانی زەردەشتی لەو نارچانەدا نیشتەجێ ماون. 
خاڵێکی گرنگ لەم پنتەدا نامۆبوونی دانیشتوانی ئەو ناوچانە بووە، بەتایبەتی نامۆبوونی تاکی کورد یان تاکی گەلانی تر بە خودی خۆی و کولتورەکەی، کە لە کۆتاییدا لە لایەن هەر سێ گەلی ئەرەب و فارس و تورکەوە کەلاخراون و کولتوری خۆیان بەسەریاندا داسەپاندوون. گەر ئەمە بە کەلاخستنی کلتوری ناوزەد نەکەین، چما لە وڵاتێکی وەك تورکیادا تەنانەت زمانی دایکی ملیۆنان مرۆڤی کورد قەدەغە کراوە.  ئەم دیاردەیە، کە بەشێوەیەکی سیستەماتیکی کاری تێدا کراوە، بۆتە هۆکاری شێواندنی کولتوورەکانی ئەو دەڤەرە، کە لە کولتووری کوردیدا زۆر بە ئاشکرا ڕەنگدەداتەوە. دیارە باسکردنی ئەم دیاردەیە لە لایەنی نووسەرانی کوردیشەوە هەڵسەنگێنراون. بۆ نمونە گەر نووسەر شێرزاد حەسەن باس لەو تێکدان و "خەساندن"ە کولتورییەکان بکات، لە جێگەی خۆیدایە، کە لە کتێبی "کارگەکانی تابووت"دا بەڕوونی باسی ئەم کێشەیەی کردووە. ئەو دەبێژێت:"... لەوەیش کوشندەتر ئەوەیە کە کولتووری هەزار ساڵەی عەرەبی و فارس و تورکی بە هەموو ئەو ستەم و سڕینەوە و خەساندنە ڕۆحییەی کە سواری کولتووری ئێمە بووە و ئێستا نەوەستاوە لەو ئەتککردنە و شێواندنە بەردەوامەدا، کە ئێمە بە بەرنامە و پڕۆگرام وەك وانەیەکی پیرۆز دەیخوێنین"(3) 
بێگومان ئەم ڕوونکردنەوەیەی نووسەر لەتەك ستراتیجی سێ و چواری جۆن ڤیدەپ بێرییدا دەگونجێت، لێ لە ئەنجامی ئەم پرۆسەیەدا نامۆبوون بەرامبەر کولتوری خۆیی بەپرۆگرامکراوە. ئەم پرۆسەی ستراتیجیی کەلاخستن و تواندنەوە کولتورییە مرۆڤی کوردیش، تاکی کوردی بەرەو نامۆبوونێکی هەمیشەیی بردووە و دەشیبات، نامۆبوون لە خۆ، لە کولتوری خانەخوێ، تەنانەت زۆرجار لە پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانیشدا. ئەلێکسەندەر دێمانت (Alexander Demandt)(4) لە نووسینی "وەرگرتنێکی ئاشتیخوازانە"دا لەژێر ناونیشانی "چی لەپاش جەنگ دەمێنێتەوە" دەنوسێت: "دەوڵەمەندکردن و فراوانکردنی کولتوری لەو ساتەدا لە ڕێگەی جەنگەوە دەبێتە جێگەی سەرنج، گەر گەلانی بەڕێوەبەری جەنگەکە لە ئاستی شارستانێتیدا ناهاوسەنگ و جیاوازبن ... زۆرینەی ئەرەبەکان لە سەردەمی محەمەددا کەسانی کۆچەری (بەدەوی) بیابانەکان بوون. لەپاش داگیرکردن و زەوتکردنی ناوچەکانی میزۆپۆتامیا، فارس، سوریا و میسر کولتوورە پێشکەوتوکانی ئەوانیان بۆ خۆیان وەرگرتووە و پەرەیان پێداون. بۆ نمونە کەسانی ڕابەر و ڕێنماییکاری دەوری هارونە ڕەشید ئەرەب نەبوون، بەڵکو کەسانی فارس بوون وەك وەزیری گەورەی خۆی بەناوی جەعفەری بارمەکید"(5). لێرەدا زۆر بە ئاشکرا بۆمان ڕوندەبێتەوە، کە ئەرەبەکانی سەردەمی هێرشەکانی بەرفراوانکردنی ئیسلام کولتوورەکانی ئەو دەڤەرەیان بۆ سودی خۆیان وەرگرتووە و کردویانەتە بەشێکی دانەبڕاوی کولتووری خۆیان. 

کەلاخستنی کولتووری

ئەوە کە لەم ستراتیجییەدا گرنگە، لایەنە دەروونیەکانی تاك، گروپ یان ئێتنیەکانە، کە بەشێوەیەکی کەسی یان دەستەجەمعی دیاردەدەن و لە بوارەکانی سۆسیال-کولتووری و سۆسیال-پسیکۆلۆژیدا دەپەرچێنەوە. کەلاخستنی کولتووری لە لایەن کولتووری زاڵ و زۆرینەوە کاریگەریی نێگەتیڤی هەیە لەسەر تاك، گروپ و هەندێجار لەسەر ئێتنییەکانیش، کە لە بەشدارییە کولتوورییەکاندا بەلاوە دەنرێن و گرنگیی ناوەڕۆكی کولتووری هاوبەش لەدەست دەدەن، لێرەشدا ئەوان بە شێوەیەکی ئارەزومەندانە یان بەهۆی پەستانێکی دەرەکییەوە کەلاخراون. لە مێژووی کۆچبەراندا ئەم ستراتیژییە یان دیاردەیە زۆر بەئاشکرا لە وڵاتانی ئەوروپیدا دەبینین، کە هەندێك لە کۆچبەرانی کولتوورەکانی وڵاتانی تر لە کولتوورێکی هۆمۆگێندا (هاوکولتووریدا) دەژین، وەك گێتۆی ئەفریقیەکان لە فەرەنسا و چەند وڵاتێکی تردا، یان چاینا تاون لە ئەمەریکا. ئەم جۆرە لە ئاڵوگۆڕی کۆمەڵایەتی، بەتایبەتی لەو وڵاتانەدا کە پەنابەران لە هەموو جیهانەوە ڕویان تێکردون، بۆتە دیاردەیەکی چەقبەستوی کولتووری. کەلاخستنی کولتووری گەلەك لایەنی خۆیی و کۆلێکتیڤی هەیە، زۆرینەیان بە هۆکاری ڕاسیستی و ڕەگەزپەرستیەوە دێنە نێو کولتوورەکانەوە، بۆ نمونە کەلاخستنی کولتووری ڕشپێستەکان لە ئەوروپادا یان لە گەلێك شارە مێترۆپۆلەکانی جیهاندا. کەلاخستنی کولتووری لە زۆرینەی سیستەمە سیاسییەکانی جیهان جیانابێتەوە، وەك کەلاخستنی کولتووری کوردی لە تورکیادا، یان کەلاخستنی کولتووریی ئۆیگورەکانی چین لە لایەن دەسەڵاتدارانی ڕژێمی چینیەوە. 
گەر بە شێوەیەکی وردتر لەم ستراتیجیی کەلاخستنی کولتوورییە بڕوانین، ئەو ڕاستیە دێتە پێش چاومان، کە هێرشبەرانی دەسەڵاتە بەهێزەکان و داگیرکەران، لێرەدا زیاتر مەبەست لە هێرشبەرانی سەر کوردستانە، لە هیچ ڕۆژگارێکدا پرسیان بە گەلی کورد یان گەلانی تری ئەو دەڤەرە نەکردووە، کە ئایا دەتوانن سنوری وڵاتەکەیان تێپەڕێنن و هاوسەنگیەکی کولتووری پێشنیاز بکەن. ئەوان بە مێتۆدی زۆرەملێ و کوشتار هێرشیان کردووەتە سەر ئەو ناوچانە و خستویاننەتە ژێر ڕکێفی خۆیانەوە، کولتوورە زاڵەکەی خۆیان بەزۆرەکی سەپاندووە بەسەر دانیشتوانی ناوچەکەدا و نەك تەنیا لە هەوڵی ئەوەدا بوون، کولتووری ژێردەستە کەلا بخەن، بەڵکو شێواز و ناوەڕۆکی کولتوورەکەشیان شێواندووە. ئیسلامییە سیاسییەکان تاکو ئێستاش درۆی ئەوە بە گەلی کورد دەفرۆشن کە گۆیا کورد بە ڕێگەیەکی ئارەزومەندانە کولتووری ئەرەبی-ئیسلامیی وەرگرتووە، کەواتە لەو ڕوانگەیەوە بە شێوەیەکی ڕەزامەندانە بووە. باسی ئەو هەموو هێرش و تاوانانە ناکەن، کە دانیشتوانی ناوچەکەیان قەتڵوعام کردووە. ئەم دیاردەیە دەمانخاتە بەردەم ستراتیجی دووەم، واتا: تواندنەوەی مەبەستخوازانەی کولتووری کوردی و کولتووری ئەو ناوچانە. کولتوورە زاڵەکانی ئەرەبی و فارسی و تورکی لە هەمان کاتدا کولتووری نامۆ بوون بە دانیشتوانی ئەو ناوچانەی داگیریان کردوون و لە سەرئەنجامیشدا ڕێگەی ئاڵوگۆڕی کولتووری تا ڕادەیەکی زۆر ڕووی نەداوە، بەڵکو ئەوان زیاتر سودمەندی کولتوورەکانی ئەو دەڤەرە بوون. ئاخر ئاڵوگۆڕی کولتووری بە پرۆسەیەکی ئارەزومەندانە و ئازادانە دێتە گۆڕێ، نەك لەژێر پەستان و زۆرەملێ و زەبروزەنگدا. لە هەر چوار ستراتیجیەکانی ئاڵوگۆڕی کولتووریدا زیاتر دوو ستراتیجی زاڵبوون، کە بریتین لە کەلاخستن و تواندنەوەی کولتوورەکان، و گەورەترین زیانیان بە ژیانی کۆمەڵایەتی و سیاسی و ئابوری و جەندەری ناوچەکە گەیاندووە. بەتورکبوون و فارسبوون و ئەرەببوون سەلمێنەری ئەو ستراتیجیانەن، کە دەشێت بە لاقەکردنی کولتووری ناوزەدیان بکەین. پڕاکتیکی ئەم ستراتیجیانەش بەهانەی ئەوەیان بۆ هێنراوەتەوە کە گۆیا ئێمە هەموو خوشك و برای موسوڵمانین و جیاوازیمان نییە لە تەقواکردنماندا بۆ ئایینەکەمان. ئەمەش دەتوانین بە کولتووری خۆسەپێنەر و خۆبەزلزان ناوزەد بکەین، پێچەوانەکەشی ئاڵوگۆڕی ئارەزومەندانەی هەردوو لایەنەکەیە. 
دەتوانین بڵێین سەپاندنی کولتووری و کەلاخستنی کولتووری کەمینە لە هەموو کاتێکدا پێچەوانەکەی ڕاست بووە، لێ ڕەوشەکە کاریگەرییەکی نێگەتیڤی لەسەر داب و خەسڵەت و کارەکتەری تاکێك، گروپێك یان ئێتنییەك نواندووە و گۆڕانێکی نەرێنیی ئاوەڵاکردووە.

پەراوێز

1. ڕیشارد تۆرنڤاڵد (لە 18.09.1869 دا لە ڤێنا لەدایك بووە، لە 19.01.1954 دا لە بەرلین کۆچی دووایی کردووە) گەلناسێکی ئەڵمانی و بە ڕەچەڵەك نەمساوی بووە.
2. جۆن ڤیدەپ بێری لە ساڵی 1939 لە شاری مۆنتریاڵ/کەنەدا لەدایکبووە و پڕۆفیسۆری زانستی دەروونناسی و توێژەری کۆچبەرییە. مامۆستایە لە زانکۆی کینگستن/کەنەدا. گەلێك توێژینەوەی لەسەر تێگەی (Akkulturation) کردووە و سەرەتاکانی ئەم بابەتەی هێژاندووە.
3. Franz Fanon: Die Verdammten dieser Erde, Rowohlt Taschenbuch Verlag GmbH, Hamburg Mai 1969.
فرانس فانۆن لە 20.07.1925 لە فۆرت دێفرانس لە مارتینیک لەدایک بووە، لە 06.12.1961 لە ماریلاند کۆچی دوایە کردووە. نووسەر و سیاسەتمەدار و دوکتۆری دەروونناس بووە. لە شۆڕشی جەزائیردا بەشداری کردووە و لە بەرەی شۆڕسەکەدا بەرەنگاری دژی کۆلۆنی فەرەنسی کردووە. چارەسەری گەلێک لە نەخۆشییە دەروونییەکانی ڕەشپێستەکەنی کردووە و تۆێژینەوەی لە بارەیانەوە بڵاوکردۆتەوە. فانۆن خۆی کەسێکی ڕەشپێست بووە و لە نزیکەوە ئاگاداری ئازاری دەروونی ڕەشپێستەکان بووە.
4. شێرزاد حەسەن: کارگەکانی تابووت. مرۆڤ، ئەو گیاندارەی کە نازانێت بژی (کتێبی تێڕمان)، ناوەندی غەزەلنووس بۆ چاپ و بڵاوکردنەوە، زنجیرەی کتێب 278، چاپی یەکەم، ساڵی 2019، لاپەڕە 45. 
5. لە ئینسکۆپیدیاوە وەرگیراوە. دێمانت لە 06.06.1937 دا لە ماربۆرگ لەدایك بووە، مێژوونووسێکی ئەڵمانییە، کە لەسەر مێژووی کۆن، بەتایبەتی لەسەر مێژووی کولتووری ڕۆمەکان نوسیوە. لە ساڵانی 1974 بۆ 2005 وە پڕۆفیسۆری مێژوو بووە لە فاکولتی فریدریش ماینێکەی زانکۆی بەرلین.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە