نامەی ڕیچارد دۆکینز بۆ کچە تەمەن 10 ساڵییەکەی

Friday, 13/01/2023, 18:31

1385 بینراوە


نامەیەک دەربارەی زانست و خوڕافە: چۆن منداڵەکەت ئاگادار دەکەیتەوە لەم جیهانە نائەقڵانییە؟

*نامەیەکە پێویستە هەموومان بۆ منداڵەکانمان بیخوێنینەوە!

بۆ کچە خۆشەویستەکەم:
ئێستە تەمەنت بوو بە دە ساڵ، پێم خۆشە چەند شتێکت بۆ بنووسم کە لەلای مندا گەلەک گرینگن. دەشێ ڕۆژێک لەخۆت پرسی بێت، چۆن ئەو شتانە دەزانین کە زانیوومانە؟ بۆ نموونە، چۆن دەزانین ئەستێرەکان، ئەوانەی لە ئاسماندا وەک خاڵێکی زۆر بچووک بەدەر دەکەون، لەڕاستیدا تۆپێکی ئاگرینی گەورە و یەکجار دوورن؟ یان چۆن زانیوومانە زەوی تۆپێکی بچووکترە و بەدەوری یەک لەو ئەستێرانە دەسووڕێتەوە کە خۆرە؟

بەڵگە

وەڵاممان بۆ ئەو پرسیارانە بەڵگەیە، واتە بەڵگەی بینین (یان هەستکردن، بیستن، بۆنکردن، ...) بۆ سەلماندنی ڕاستبوونی شتەکان. لەم چەرخەدا ئاسمانگەڕەکان بە کەشتییە ئاسمانییەکانیان تا ئاستێکی زۆر دوور لە زەوی گەشتیان کردووە، بۆ ئەوەی بە چاوی خۆیان ببینن کە زەوی گۆیییە. هەندێ جار هەستەکانیشمان پێویستیان بە یارمەتییە. ئەوەی ناسراوە بە (ئەستێرەی ئێوارە)، لە تروسکەیەکی درەوشاوە دەچێت لە ئاسماندا، بەڵام ئەگەر بە تێلسکۆپ لێی بڕوانین وەک تۆپێکی جوان دەیبینین، ئەو هەسارەیەیە ناومان ناوە بە ڤینۆس. هەر شتێک بە بینینی ڕاستەوخۆ و هەستەکانمانەوە فێریان دەبین پێ دەگوترێت ڕوانین، یان تێبینیکردن.
گشت کاتێک بەڵگەکان خۆبەخۆ و بەشێوەی چاودێریکردن و بینینی ڕاستەوخۆ بەدەست ناهێندرێن، بەڵکوو زۆرینەی تێبینیکردنەکان لە بەشی پشتەوە شاردراونەتەوە. ئەوە دەمەی یەکێک دەکوژرێت، زۆر جار کەس نایبینێت (جگە لە بکوژ و کوژراو)، بەڵام لێکۆڵەرە دادوەرییەکان دەکارن کۆمەڵێک تێبینی جۆراوجۆر کۆبکەنەوە لەسەر گومانلێکراوێکی دیارکراو. ئەگەر پەنجەمۆرەکانی کەسێک لەگەڵ ئەوانەی لەسەر خەنجەرێک دۆزراونەتەوە وەک یەک بن، ئەوە دەبێتە بەڵگە لەسەر کەسەکە کە دەستی لە خەنجەرەکە داوە. لەگەڵ ئەوەی نایسەلمێنێت ئەو کوشتنەکەی ئەنجام داوە، تەنیا دەتوانێ یارمەتیدەر بێت کاتێک لەگەڵ چەندان بەڵگەی دیکەدا یەک دەگرێتەوە. هەندێ جار لێکۆڵەر بۆ ماوەیەک بیر لە ژمارەیەکی زۆر لە تێبینیکردنەکان دەکاتەوە، لەناکاو هەست دەکات دەکرێ هەر هەموویان پێکەوە ببەسترێنەوە و مانایەک ببەخشن، بۆ دۆزینەوەی کەسی تاوانبار.

گریمانە و پێشبینیکردن

زۆر جار زانایان و پسپۆڕان هەمان شێوازی لێکۆڵەرە دادوەرییەکان دەگرنە بەر بۆ دۆزینەوەی ڕاستییەکان دەربارەی جیهان و گەردوون. ئەوانیش هەڵدەستن بە دانانی (گریمانەیەک) بۆ ئەو شتەی دەشێ ڕاست بێت، پاشان بەخۆیان دەڵێن: ئەگەر ئەمەیان ڕاست بێت، پێویستە ئەمە و ئەوە بوونیان هەبێت لە بابەتەکەدا. ئەمە پێی دەگوترێت پێشبینی، وەک ئەوەی ئەگەر زەوی گۆیییە، ئەوا دەکارین پێشبینی بکەین بۆ ئەو گەشتیارەی بەردەوامە لە ڕۆیشتن بە یەک ئاراستەدا، دەبێ دواجار بگاتە ئەو شوێنەی کە لێیەوە دەستی پێ کردووە.
کاتێک پزیشکێک پێت دەڵێت، تۆ تووشی نەخۆشی سورێژە بوویت، یەک سەیرکردن بەس نییە بۆ بینینی سورێژە، بەڵکوو یەکەم نیگا تەنیا گریمانەیەک دەداتە پزیشکەکە، بۆ ئەگەری تووشبوونت بە سورێژە. پاشان بەخۆی دەڵێت، ئەم کچە بەڕاستی سورێژەی هەبێ، پێویستە نیشانەکانی سورێژەی لەلادا دەر بکەون، بەمەش پێداچوونەوەیەک دەکات لە لیستی پێشبینییە تایبەتییەکانی دەربارەی نەخۆشییەکە، تاقییان دەکاتەوە بە بینین (پەڵەکان لە لەشتدا هەن؟)، بە دەستەکانی ( نێوچەوانت گەرمە؟)، بە گوێچکەکانی (کزەکز و گیزەگیز لە سنگتەوە دەبیسترێن؟)، بەمانە بڕیار دەدات و دەبێژێت، توانیم نەخۆشی سورێژە لەم منداڵەدا دەستنیشان بکەم. هەندێ جاریش پزیشکان پەنا دەبەنە بەر تاقیگەکانی پشکنینی خوێن و ئامێرەکانی تیشکی ئێکس، وەک یارمەتیدەرێک بۆ چاو و دەست و گوێ بۆ ئەنجامدانی تێبینییەکان.
ئەو شێوازەی زاناکان بەڵگەکانیان بەکار دەهێنن بۆ تێگەیشتن، گەلەک ژیرانە و ئاڵۆزە کە پێم نەکرێ لە نامەیەکی کورتدا لەسەری بدوێم. لێرەدا دەمەوێ لە بەڵگەکانەوە کە باشترین شتن بۆ باوەڕهێنان، بچمە سەر سێ هۆکاری خراپ بۆ باوەرهێنان بەهەر بابەتێک و ئاگادارت بکەمەوە لێیان، ئەوانەی کە ناو دەنرێن بە، کەلەپوور، دەسەڵاتداری، وەحی. 

نەریت

یەکەمیان نەریت، واتە دابونەریت و باوەڕی جێماوی پێشینەکانمان. پێش چەند مانگێک، لە یەکێک لە تەلەفزیۆنەکان بانگهێشت کرابووم بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ 50 منداڵدا. ئەو منداڵانە بە جۆرێک هەڵبژێردران کە پەروەردەی ئاین و بیروباوەڕی جیاجیا بن، بەوەی هەندێکیان کریستیان، جوو، موسڵمان، هیندۆسی، سیخی و هی دیکە بوون. پیاوەکەی میکرۆفۆنەکەی لەدەستدا بوو لە منداڵێکەوە دەچووە لای یەکێکی دی، پرسیاری لێ دەکردن دەربارەی ئەو شتانەی باوەڕیان پێی هەیە. وەڵامەکانیان ڕێک لەگەڵ ئەوەی من مەبەستمە لە وشەی نەریت یەکی دەگرتەوە، چونکە ئاشکرا بوو باوەڕیان هیچ پێوەندییەکی بە بەڵگەوە نەبوو. هەریەکەیان تەنیا باسی باوەڕی باوان و باوانی باوانیان دەکرد و دەیان گوت، ئێمەی هیندۆسی باوەڕمان بەمە و بەوە هەیە، ئێمەی موسڵمانیش بەمەیان و ئەوەیان، بەڵام ئێمەی کریستییان باوەڕمان هەیە بە هی دیکە. لەبەرئەوەی منداڵەکان باوەڕیان بە شتانێکی جیاواز هەیە، بۆیە ناشێ هەر هەموویان ڕاست بن. پێ دەچوو پیاوەکەی هەڵگری میکرۆفۆن ئەمە بەئاسایی ببینێت، هەوڵیشی نەدەدا هانیان بدات بۆ گفتوگۆکردن لەسەر بیروباوەڕە جیاجیاکانیان. منیش مەبەستم ئەوە نییە، تەنیا دەمەوێ زۆر بەئاسانی بپرسم، ئایا باوەڕەکەیان لەکوێووە هاتووە؟ بێگومان لە دابونەریت بۆیان بەجێ ماوە لە پێشینە یەک لەدوای یەکەکانی تا دەگاتە باوانیان، یاخۆ لە کتێبەکانەوە وەریان گرتووە و پشت بە پشت و سەدە دوای سەدە بۆیان گوێزراوەتەوە. زۆربەی جاریش ئەو باوەڕ و ئاینانە لە هیچەوە سەرهەڵ دەدەن، یان لەوانەیە کەسانێک لە سەرەتاوە خۆیان دروستیان کردووە، وەک چیرۆکەکانی خواەند تۆر و زیۆس. کاتێکیش بڵاو دەبێتەوە و دەمێنێتەوە بۆ ماوەیەکی دوورودرێژ، تەنیا لەبەرئەوەی کۆنن دەبنە بابەتێکی گرینگ و سەرنجڕاکێش.
کێشەی دابونەریت لەوەدایە، نابێ گوێ بەوە بدەین ئەو چیرۆکە هەڵبەستراوە چەندە کۆنە، چونکە ڕاستبوون و ڕاستنەبوون بەندە بە چیرۆکە سەرەتایی و بنەڕەتییەکە، ئەو دەمەشی چیرۆکێک دروستکراو و ساختە بێت، باوەڕهێنان پێی بەدرێژایی مێژوو هەر نایکاتە چیرۆکێکی ڕاست و ڕاستەقینە.
ئاینی کریستیانی ژمارەیەک لە لکی جیاجیای هەیە وەک، کلێسای ئەرتۆدۆکسی ڕوسی و کاتۆلیکی ڕۆمانی و هی دیکە، هەموویان باوەڕیان بە شتانێکی جیاواز هەیە. ئێستەش ئاینی جووەکان و موسڵمانەکان لە هەندێ بابەتدا جیان، لەنێو خۆشیاندا ئاینەکان چەندان گروپی جۆراوجۆریان تێدایە. گەلەک جاریش لەبەر بوونی ئەو جیاوازییانە تووشی کێشە و شەڕ و کوشتار دەبن لەگەڵ یەکدی. لەوانەیە بیرت بۆ ئەوە بچێت دەشێ چەند هۆکارێک، یان بەڵگەیەک هەبێ بۆ باوەڕداری بە ئاینەکەیان، بەڵام لەڕاستیدا گشت بیروباوەرە جیاوازەکانیان بۆ دابەبونەریت و بیروباوەڕی پێشینە جیاوازەکانیان دەگەڕێتەوە.
ئەگەر سەرنج بدەینە باوەڕێکی ئاینی دیارکراو دەبینین، لەلای ڕۆمە کاتۆلیکەکان مەریەمی دایکی عیسا، ژنێکی گەلەک پیرۆز و تایبەتە کە ناو دەنرێت بە شاژنی بەهەشت، دەڵێن نەمردووە، بەڵکوو لەشەکەی بەرزکرایەوە بۆ ئاسمان و نێردرایە بەهەشت. کەچی هەندێ گروپی کریستیانی دی دەبێژن، مەریەم وەک هەر کەسێکی ئاسایی مردووە، زۆر بەکەمیش باسی دەکەن. لە باوەڕی ڕۆمە کاتۆلیکەکان ئەو بەرزبوونەوەی لەشی مەریەم بابەتێکی کۆن نییە، کتێبی پیرۆز بەدەگمەن باسی دەکات، هیچ شتێکیشی دەربارەی شوێن و چۆنەتی مردنەکەی نەگوتووە. بەرزبوونەوەی لەشەکەی پاش نێزیکەی 600 ساڵ دوای عیسا هەڵبەستراوە، دروستکردنەکەی هاوشێوەی دانانی چیرۆکی ئەفسانەییە بۆ منداڵان. بە تێپەڕبوونی چەند سەدەیەک، بووە نەریتێکی باو و جێی باوەڕی تەواوی باوەڕداران، هەمووشی تەنیا لەبەرئەوەی بەدرێژایی چەندان نەوە چیرۆکەکە گوێزرایەوە و بڵاو بووە. ئەمەش گشت کاتێک بەو شێوەیە بووە، چەندەی نەریتێکی کۆن پتر بەردەوامبوونی دەبێت، هێندە تووندتر دەچەسپێت و زیاتر باوەڕی پێ دەکرێت. ئەم شتە هەڵبەستراوە گەیشتە ئاستێک تا لە ساڵێ 1950 بوو بە باوەڕێکی فەرمی لەلای کاتۆلیکەکان. هەرچۆنێک بێت ئەو چیرۆکە لە ساڵی 1950دا ڕاستتر نییە لەو دەمەی یەکەم جار سەری هەڵداوە، ئەوەی پاش شەش سەدە لە مردنی مەریەم هەڵ بەسترا.
لە کۆتایی نامەکەمدا جارێکی دیکە دێمەوە سەر دابونەریت و لە ڕوانگەیەکی دییەوە بۆی دەچم، بەڵام پێش ئەوە دەمەوێ دەربارەی دوو هۆکاری خراپ بدوێم بۆ باوەڕهێنان بە شتەکان ئەوانیش، دەسەڵاتداری و وەحی.

  دەسەڵاتداری

دەسەڵاتداری وەک هۆکارێک بۆ باوەڕهێنان بە شتێک، واتاکەی ئەوەیە دەبێ بە ڕاستی دابنێیت تەنیا لەبەرئەوەی کەسێکی گرنگ و ناودار پێی گوتوویەتی. لە کلێسای ڕۆمانی کاتۆلیکدا پاپا گرینگترین و بەرزترین پلە و پایەی هەیە، خەڵکانێکی یەکجار زۆر پێیان وایە، هەرچییەک پاپا بیڵێت ڕاستە، هەمووشی بەهۆی ئەوەیە کە پاپایە. لە یەکێک لە لکەکانی ئاینی ئیسلامیشدا پیاوانی بەتەمەن و ڕیشدار، ئەوانەی بە ئایەتوڵا دەناسرێن، گەلەک لە گەنجانی موسڵمان ئامادەن شەڕ و کوشتار ئەنجام بدەن، تەنیا لەبەرئەوەی ئایەتوڵاکانی وڵاتانێکی دوور داوایان لێ کردوون. 
ئەو دەمەی لە ساڵی 1950دا پاپا گوتی پێویستە لەسەر کرستییانەکان باوەڕ بەوە بکەن کە لەشی مەریەم بەرز کرایەوە بۆ بەهەشت، بۆ دەبێ گشتی بڵێ پێویستە ئەمە ڕاست بێت؟ پاپاش مرۆڤە و دەشێ وەک سەرجەم مرۆڤەکان هەندێ شتی ڕاست بێت و هی دیکەی هەڵە. کاتێک پاپای ئێستە دەڵێت، نابێ سنوور دابنێن بۆ ڕێژەی منداڵبوون، ئەگەر هەر هەمووی پابەند بێت بە فەرمانەکانی ئەو، بێگومان دەرەنجامەکەی زۆر مەترسیدار دەبێت لە ڕوودانی برسێتی و نەخۆشی و شەڕ و ململانێ لەبەر چڕی پتربوونی ژمارەی دانیشتووان.
دەبێ ئاماژە بەوە بدەم، لە زانستیشدا هەندێ جار خۆمان بەڵگەکان نابینین و شتەکان لە کەسی دییەوە وەردەگرین. بەچاوی خۆم بەڵگەم لەسەر ئەوە نەبینیووە تیشک خێرایییەکەی 300.000 کیلۆمەترە لە یەک چرکەدا، من بڕوام بەو کتێبانە هەیە زانیارییان پێ داوم لەسەر خێرایی تیشک. ڕاستە ئەمەش هاوشێوەی دەسەڵاتدارییە، بەڵام زۆر باشترە لە دەسەڵاتداریی، لەبەرئەوەی ئەوانەی کتێبەکانیان نووسیووە خۆیان بەڵگەکانیان بینیووە، هەمووشمان ئازادین سەیری ئەو بەڵگانە بکەین کەی ویستمان. ئەمەیان دڵخۆشکەرە، کەچی پیاوە ئاینییە ناتوانن بڵێن، بەڵگەمان هەیە لەسەر بینین و چوونی لەشی مەریەم بۆ ئاسمان.

وەحی

جۆری سێیەمی هۆکارە خراپەکانی باوەڕهێنان بە شتەکان پێی دەگوترێت، وەحی، یان سروش، بەوەی خوا خۆی، یاخۆ لەڕێی فریشتەیەکەوە پەیوەندی بە کەسێکەوە بکات و شتێکی پێ بڵێت. ئەگەر لە ساڵی 1950 پرسیارت لە پاپا بکردایە، چۆن زانیت لەشی مەریەم بەرز کرایەوە بۆ بەهەشت؟ لەوانەیە بیگوتبا خوا پێی گوتم، یاخۆ وەک وەحییەک (نیشانی دام). واتە دەرگای ژوورەکەی بەسەر خۆیدا داخست، هەر خۆی بەتەنیا پاڕایەوە و داوای ڕێنمایی کرد، پاشان چەندان جار بەداوی یەک بیری لەو بابەتە کردووە، تا وای لێ هات لەناخەوە گومانی نەما و بەتەواوی بڕوای هێنا. نەک هەر پاپاکان، بەڵکوو زۆرینەی ئایندارانیش کاتێک لە ناخی خۆیاندا هەست بە ڕاستبوونی شتێک بکەن، ئەگەرچی بەڵگەیەکیش نەبێ لەسەری، ئەوا ئەو هەستەیان ناو دەنێن بە وەحی. بەڵام ئایا ئەمە هۆکارێکی چاکە؟
گریمان پێتم گوت، سەگەکەت مرد، ئاشکرایە خەفەتبار دەبیت و زۆر پێت ناخۆش دەبێ، لەوانەیە بپرسیت، بەڕاست؟ چۆن ئەمەت زانی؟ چی ڕووی دا؟ وای دابنێ وەڵامی من ئەوە بوو: لەڕاستیدا نازانم سەگەکەت مردووە و هیچ بەڵگەیەکیشم نییە، تەنیا لەناوەوەی خۆم هەستێکی وام هەیە کە مردووە. بێگومانم تووڕە دەبیت لەبەرئەوەی تۆم ترساند، چونکە باش دەزانیت هەستی ناوەوە هەرگیز هۆکارێکی گونجاو نییە بۆ بڕواهێنان بەوەی سەگەکەت مردووە، تۆ پێویستت بە بەڵگەی ڕاستەقینەیە. هەموومان هەندێ جار لەناخی خۆماندا هەست بە ڕوودانی شتانێک دەکەین، جاری وا هەیە ڕاست دەردەچێت، هی واش هەیە هەڵە دەبێت. هەستەکان لەلای کەسەکاندا جیاواز و پێچەوانەن، چۆن بتوانین بڕیار بدەین هەستی کێ ڕاستە؟ تاکە ڕێ لەبەردەممان بۆ سەلماندنی مردنی سەگێک ئەوەیە بە مردووێتی بیبینین، یان گوێمان لێ بێت کە دڵێ لەلێدان کەوتووە، یانیش یەکێک بڵێت من خۆم بینیوومە و بەڵگەی یەکلاییکەرەوەم هەیە لەسەر مردنی.
کەسانێک هەن دەبێژن، پێویستە باوەڕ بە هەستە قووڵەکانی ناخمان بکەین، ئەگەر وا نەبێت ئەی چۆن دڵنیا ببینەوە لە شتانێکی وەک (هاوسەرەکەم خۆشی دەوێم).
ئەم بۆچوونەش دوورە لەڕاستییەوە، لەبەرئەوەی ژمارەیەکی زۆر لە بەڵگە لەبەردەستمانن بۆ زانینی ئەوەی کەسێک خۆشمانی دەوێت. بەدرێژایی ڕۆژ لەگەڵ یەکێک بیت کە خۆشی دەوێیت، دەبینیت و ڕووبەڕووی گەلەک چیرۆکی بچووک لە بەڵگەکان دەبیتەوە و تێکرای بەسەر یەکەوە کەڵەکە دەبن. ئەمە تەنیا هەستێکی ناوەکی هاوشێوەی وەحییەکەی ئاینەکان نییە. چەندان شتی دەرەکی هەن بۆ پاڵپشتی کردن لە هەستی ناوەوەی وەک، نیگایەکی چاو، تێبینیکردنی نەرمونیانی دەنگێک، تۆزێک لە چاکەکردن و یارمەتیدانی یەکدی، ئەمانە هەموویان بەڵگەی ڕاستەقینەن. کەسانێک هەن هەستێکی ناوەکی بەهێزیان هەیە دەربارەی ئەوەی کەسێک هەیە خۆشیانی دەوێت، کەچی هیچ بەڵگەیەکیشیان بۆی نییە، ئەگەری زۆرە تەواو بەهەڵەدا چوونە. هی وا هەیە هەست دەکات ئەکتەرێکی سینەمایی بەناوبانگ خۆشی دەوێت، لە کاتێدا ئەکتەرەکە هەرگیز ئەو ناناسێت، ئەم کەسە ئاشکرایە لەڕووی دەروونییەوە نەخۆشە. پێویستە هەستی ناوەوەمان بە بەڵگەوە بسەلمێنین، ئەگەر واش نەبوو نابێ باوەڕی پێ بهێنین.
دەبێ بزانین هەستی ناوەکی لە زانستیشدا بوونی هەیە، بەوەی دەشێ هەستی ناوەوە بۆ باوەڕهێنان بە هەندێ شت، لەلای زاناکاندا ببێتە پاڵنەرێک بۆ هەوڵدان و لێکۆڵینەوەی پتر، بەڵام ئەوان هەرگیز ئەم هەستانە ناو نانێن بە بەڵگە.

دیسانەوە نەریت

بەڵێنم دا جارێکی دیکە بگەڕێمەوە سەر دابونەریت، بەڵام لێرەدا لە ڕووانگەیەکی دییەوە سەیری دەکەم و هەوڵ دەدەم ڕوونی بکەمەوە گرینگی نەریت بۆ ئێمە چییە. تێکڕای زیندەوەران (دەرەنجامی کردارێکن پێی دەگوتریت، پەرەسەندن) بە شێوەیەک پێکهاتوون تا بتوانن لە شوێنی سروشتی جۆرەکەیانی تێدایە لەژیاندا بمێننەوە. شێرەکان وا بەچاکی چێ بوونە بکارن لە دەشتودەری ئەفریکا لەژیان بمێننەوە. لەشی کولـلەی ئاویی بە جۆرێک پێک هاتووە بگونجێت بۆ مانەوە لە ئاوی سازگاردا. کەچی جۆرێکی دیکەیان (کولـلەی دەریایی) تەواو سازاوە بۆ مانەوی لە ئاوی سوێری دەریادا. مرۆڤیش ئاژەڵە، پێهاتەی ئێمەش بە شێوەیەکە باش ببین بۆ مانەوەمان لەژیان، لە جیهانێکدا پڕە لە خەڵکانی دی. ئێمە هاوشێوەی شێر و کولـلە ڕاو ناکەین و ناگەڕێین بەدوای خۆراک، بەڵکوو لەوانە دەیان کڕین کە ئەوانیش لە کەسانی دیکەیان کڕیووە. ئێمە "مەلە دەکەین" لەناو "دەریایەک لە مرۆڤەکان" وەک چۆن ماسییەکان پێویستیان بە کەوانەی ڕیشەدار هەیە بۆ مانەوەیان لە ئاودا، مرۆڤیش دەبێ خاوەنی مێشک بێت بۆ هەڵسوکەوتەکانی بەرانبەر بە ئەوانەی دی. دەریا پڕە لە ئاوی سوێر و دەبێ جۆرەکانی زیندەوەران لەگەڵیدا خۆیان بگونجێنن، دەریای مرۆڤیش گەلەک شتی تێدایە کە فێربوونی سەختە، بۆ نموونە زمان.
تۆ ئینگلیزی دەئاخڤیت، بەڵام هاوپۆلەکەت بە ئەڵمانی، هەریەکەتان بەو زمانە دەدوێت کە بۆی لەبارە "مەلە بکات" لە "دەریای مرۆڤەکانی" تایبەت بەخۆی، ئەو زمانەی بۆی بەجێ ماوەتەوە لە نەریت و پێشینەکانی. جگە لەمە هیچ شێواز و ئامرازێکی دی بوونی نییە. لە ئینگلاند بە سەگ دەڵێن دۆگ (dog)، لە ئەڵمانیا پێی دەگوترێت هوند (hund)، هیچ یەک لەم دوو وشەیە لەوەی دیکەیان ڕاستتر نییە، هەردووکیان دەگوێزرێنەوە بۆ نەوەکان و فێر دەکرێن، بۆ ئەوەی هەرکەسە و لە دەریای نەتەوەی خۆی فێرە مەلەکردن بێت. پێویستە منداڵان زمانی وڵاتەکەی خۆیان و شتانێکی دی دەربارەی نەتەوەکەیان فێر ببن، واتە دەبێ وەک پەڕۆی وشککەرەوە بڕێکی یەکجار زۆر زانیاری بەجێماوە هەڵمژن (لەبیرت نەچێت زانیاری نەریت و بەجێماو تەنیا ئەو شتانە دەگرێتەوە لەڕێی باپیرانەوە بۆ باوکان و بۆ منداڵان دەگوێزرێنەوە). ڕاستە مێشکی منداڵ هەڵمژێنەری زانیارییە گوێزراوەکانە، بەڵام پێشبینی ئەوە لە منداڵ ناکرێت کە بتوانێت زانیاری ڕاست و چاک لەوانەی دیکە جیا بکاتەوە وەک وشەکانی زمان، زانیاری وەرگیراوی خراپ و پڕوپووچ، باوەڕهێنان بە جادووگەران و شەیتانەکان.
بەداخەوە، هەرگیز نابێ ئەم پرسە بەم شێوەیە بێت، چونکە منداڵان وەرگری تێکڕای زانیارییەکانن لە باوانیانەوە، ئەگەری زۆرە بڕوا بە هەموو شتێک بکەن گەورەکان و پێگەیشتووان پێیان دەڵێن، جا ڕاست بن یان هەڵە. زۆربەی ئەو شتانەی گەورەکان پێیان دەڵین ڕاستن و خاوەن بەڵگەن و بەلایەنی کەمەوە لۆژیکیین، بەڵام کاتێک هەندێکیان ناڕاست و بێمانا و هەتا ئەگەر ترسناک و خراپەکارانە بن، دیسانەوە هیچ شتێک ڕێگرییان لێ ناکات بۆ باوەڕپێکردنیان. ئێستە، ئەو دەمەی منداڵەکان گەورە دەبن چی دەکەن؟ بێگومان بەهەمان شێوە بۆ نەوەی داهاتوو دەیگێڕنەوە. بۆیە بڕواهێنان بە بابەتێک بە زەبری هێز و زۆرلێکردن، ئەگەرچی هەڵە بێت و لە سەرەتاوە هیچ هۆکارێکیش نەبووە بۆ باوەڕپێهێنانی، دەشێ هەتاهەتایە درێژە بکێشێت و بمێنێتەوە.
ئایا ڕێی تێ ناچێت ئەمە لەگەڵ ئاینەکانیشدا ڕووی دا بێت؟ باوەڕهێنان بە خوا و خواکان، بە بوونی بەهەشت، بەوەی مەریەم هەرگیز نەمردووە، عیسا باوکێکی مرۆیی نەبووە، مەی بگۆڕێت بۆ خوێن، بگەیتە هیوا و ئامانجەکانت بە نوێژ و دوعاکردن، بێگومان هیچ کامەشیان خاوەنی بەڵگەیەکی ڕاستەقینە نین. ئەوەی جێی سەرنجە ملیۆنان کەس باوەڕیان بەمانە هەیە، لەوانەیە هۆکارەکەشی ئەوە بووە کە کاتێک پێیان گوتراوە منداڵ بوونە و ئەو ئامادەیییان تێدا هەبووە باوەڕ بە گشت شتێک بکەن.
ملیۆنان مرۆڤ باوەڕیان بە شتانێکی گەلەک جیاواز هەیە لەیەکدی، چونکە ئەو دەمەی منداڵ بوونە شتانێکی جیاجیایان پێ گوتراوە. منداڵانی موسڵمانەکان باسی بابەتی جیاوازیان بۆ دەکرێت لەوانەی منداڵانی کرستییانەکان، هەردووکیان گەشە دەکەن و گەورە دەبن بەبێ بوونی هیچ گومانێک، پێیان وایە هەق و ڕاستی لەلای ئەوانە و بیروباوەڕی ئەوانەی دی هەڵەیە. لەناو خودی کریستییانەکانیش، کاتۆلیکی ڕۆمی باوەڕ بە شتگەلەکی جیاواز دەکات لە کلێسای ئینگلاند، کەشایەتی ئەمریکایی، مۆرمۆنییەکان، چەندان کلێسا و لک و گروپی باوەڕداری جۆراوجۆر، هەمووشیان تەنیا خۆیان بەڕاست دەزانن، تێکڕای ئاین و ئاینزاکانی دیکە بەهەڵە و ناهەق دادەنێن. ئەوانەی باوەڕیان بە شتانێکی جیاواز هەیە، کتومت بەهەمان ئەو هۆکارەیە کە تۆ بە ئینگلیزی دەئاخڤیت و یەکێکی دی بە ئەڵمانی. ئەم دوو زمانە لە وڵاتەکانی خۆیاندا ڕاستن بۆ پەیوەندیکردن و لێکگەیشتن، بەڵام نابێ بڵێین گشت ئاینەکانیش ڕاستن، لەبەرئەوەی ئاینەکان زۆر لەیەک جیاوازن و کۆمەڵێک بیروباوەڕیان دژی بە یەکن. چۆن دەبێ مەریەم لە وڵاتێکی کاتۆلیکیدا نەمردبێ، کەچی لە ئایرلەندی باکوور مردبێ.
باشە چی بکەین بەرانبەر بەوانە؟ ئاسان نییە بۆ تۆ هیچ هەڵوێستێک وەربگریت، چونکە تەمەنت تەنیا دە ساڵە. دەتوانیت ئەمەیان تاقی بکەیتەوە، ئەگەر ئەم جارەیان کەسێک باسی بابەتێکی گرینگی بۆت کرد، لە ناخی خۆتدا بیری لێ بکەوە: ئایا ئەمە لەو شتانەیە خەڵکی بە بوونی بەڵگەوە دەیزانن؟ یاخۆ لەو جۆرانەیە کە خەڵک باوەڕی پێی دەکات، تەنیا لەبەرئەوەی لە دابونەریت و دەسڵاتداران و وەحییەوە وەرگیراون؟
لەمەودوا ئەگەر کەسانێک پێیان گوتی ئەم شتە ڕاستە، بۆچی پێیان ناڵێیت، چی جۆرە بەڵگەیەک هەیە بۆی؟ ئەگەر نەیان توانی وەڵامێکی چاک و گونجاوت پێ بدەن، هیوادارم بەباشی بیر بکەیتەوە پێش ئەوەی بڕوا بهێنێت بە گوتەکەیان.

باوکت، خۆشی دەوێیت


*بەڕای منی وەرگێڕ، ئێمەی کورد لە هەموو نەتەوەیەک پتر پێویستمان بەوەیە منداڵەکانمان دوور بگرین لە خوڕافە و نێزیکبوونەوە لە زانست، چونکە ژمارەیەکی زۆر لە نەیارانی دەرەوە و کۆنەپەرستانی ناوەوە لە هەوڵی بەگەمژەکردنی ڕۆڵەکانمانن و هەرگیز نایانەوێت کورد هەنگاو بنێت بەرەو زانست و پێشکەوتن.

ڕیچارد دۆکینز کێیە؟

دۆکینز زانایەکی هاوچەرخی فرە ناودارە، یەکێکە لە ناسراوترین ڕەخنەگر لە ئاینەکان و ئەو مەترسییانەی کە لە ئاینەکانەوە سەرهەڵ دەدەن.
ڕیچارد دۆکینز (Richard Dawkins)، لە ساڵی 1941 لەدایک بووە، زانایەکی ئینگلیزی زیندەوەرزانی پەرسندنەکی و ڕەفتاری ئاژەڵان و فەیلەسووفی ئاینەکانە، خاوەنی کۆمەڵێک کتێبی زانستییە و ژمارەیەکی یەکجار زۆر چاوپێکەوتنی لەگەڵ ئەنجام دراوە لە تەلەفزیۆن و ڕادیۆ و ئامرازەکانی دیکەی ڕاگەیاندن. لەپاڵ کاروکردەوەکانی لە بواری پەرەسەندندا، دۆکینز خۆی وەک کەسایەتییەکی بێخوا و گومانەکی، مرۆدۆست و عەلمانی، ئەقڵانی و زانستخواز و بە بیروڕاکانی کە دژ بە ئاینەکانە ناسراوە. هاوکات داکۆکیکەرێکی پتەوی بیردۆزی پەرەسەندنی داروینە و ڕەخنەگرێکی گەلەک تووندی لایەنگرانی بیردۆزی نەخشەسازی ژیرە.
 لە گوتەکانیدا دەربارەی قۆناغی منداڵی گوتوویەتی، لە خێزانێکی کریستیانی ئەنگلیکانی ئاسایی پەروەردە بووە، لەو دەمانەدا باوەڕی بە بوونی خوا هەبووە، بەڵام لە ساڵانی هەرزەکاریدا گەیشتە ئەو بڕوایەی کە بیردۆزی پەرەسەندن ڕاڤەیەکی چاکتر و گونجاوترمان پێ دەبەخشێت لەوەی ئاینەکان بۆ هاتنەکایە و پەیدابوونی بوونەوەرە زیندووەکان، بەمەش دەرەنجام بوو بە کەسێکی بێئاین.
لە ساڵێ 1959 چووەتە زانکۆی ئۆکسفورد و لەوێدا بڕوانامەی بەکەلۆریۆسی لە ئاژەڵناسی بەدەست هێناوە، پاشان لە هەمان زانکۆ بووەتە خاوەن بڕوانامەی ماستەر و دکتۆرا بە سەرپەرشتی زانای ناوداری خاوەن نۆبڵی پزیشکی، نیکۆلاس تینبێرگن.
گرینگترین کاری دۆکینز کە بووە هۆکاری بەناوبانگبوونی کتێبی جینی خۆویست (1976 - The Selfish Gene) بوو. لەم شاکارەیدا هەوڵ دەدات زۆربەی بەهەڵەتێگەیشتنەکان لە بیردۆزی پەرەسەندن ڕاست بکاتەوە. دۆکینز جەختی لەسەر ئەوە دەکردەوە کە هەڵبژاردنی سروشتی لە ئاستی جینەکانەوە کاری خۆی دەکات، نەک لە ئاستی جۆرەکان و تاکەکان کە پێشتر زاناکان بۆی دەچوون. ئەم کتێبەی سەرکەوتنێکی یەکجار زۆری بەدەست هێنا، لەبەر ناوەڕۆکەکەی و شێوازە ئاسانەکەی بۆ تێگەیشتن لەلای خوێنەری ئاسایی. 
دۆکینز چەندان کتێبی دی هەیە وەک، چەشنی دەرەکیی فرەوانکراو (1982 - The Extended Phenotype)، کاتژمێرسازێکی نابینا (1986 - The Blind Watchmaker)، ڕووباری لە عەدەن دەرچوو (1995 - River out of Eden)، سەرکەوتن بەسەر چیای نائەگەریی (1996 - Climbing Mount Improbable). لە نۆهەتەکانەوە دەستی کرد بە دەرکردنی بەرنامە تەلەفزیۆنییەکان و فلمە بەڵگەنامەییەکان دەربارەی پەرەسەندن. پاشان کتێبی هەڵوەشاندنەوەی پەلکەزێڕینە (1998 - Unweaving the Rainbow) دێت کە پەیوەست بوو بە پەرەسەندن بۆ ڕاڤەی ڕەچەڵەک و سەرچاوەی زیندەوەران، لە کێبەکەشی بەناوی چیرۆکی باوەگەورە (2004 - The Ancestor’s Tale) پێدادەچێتەوە لە مێژووی ژیان، بۆ پێکبەستنی ئەو لکەی مرۆڤی لێ هاتووە لەگەڵ پەرەسەندنی زیندەوەرانی دیکەی درەختی ژیانی.
وڕێنەی بوونی خواکان (2006 - The God Delusion)، لە هەموو کتێبەکانی پتر مشتومڕی و گفتوگۆی هێنایە کایەوە، دۆکینز لەم کتێبەیدا گشت بەهەڵەبردنە لۆژیکییەکانی لە بیروباوەڕە ئاینییەکاندا هەن شی دەکاتەوە، دەگاتە دەرەنجامێک کە هیچ خوایەک و دروستکەرێکی شاراوە و نادیار بوونی نییە، باوەڕهێنانیش تەنیا وڕێنە و ئەندێشەیە. لە هەمان ساڵدا دەزگەیەکی دامەزراند بەناوی (دەزگەی ڕیچارد دۆکینز بۆ لۆژیک و زانستەکان)، ئەو دامەزراوەیەی کە هەوڵ دەدات بۆ بەئاسایی وەرگرتنی بیرۆکەی بێئاینی و بەرگریکردن و گەڕان بەدوای وەڵامی زانستی بۆ پرسیارە سەختەکان دەربارەی هەبوونایەتی. لە ساڵی 2007دا هەڵمەتێکی ڕاگەیاند بۆ هاندانی بێئاینان و بێخواکان بۆ بەئاشکرا دەرکەوتنیان و خۆناساندن و دەربڕینی ئازادانەی بیروراکانیان. چەندان کاری ئەنجام داوە بۆ زیاتر ناساندی دەزگاکەی لەڕێی ماڵپەڕ و کەناڵەکەی لە یوتوب، لە بەرهەمهێنانی ژمارەیەک لە فلمی بەناوبانگی وەک، سەرچاوی هەموو خەراپەکارییەکان (2006 - The Root of All Evil)، دوژمنانی لۆژیک (2007 -The Enemies of Reason)، بلیمەتی چاڕلس داروین (2008 - The Genius of Charles Darwin)، هەڕەشەی قوتابخانەی باوەڕهێنان (2010 -Faith School Menace)، سێکس، مەرگ و مانای ژیان (2012 - Sex, Death and the Meaning of Life). پاش ئەوانەش بڵاوکردنەوەی کتێبی گەورەترین نمایش لەسەر زەوی: بەڵگە لەسەر بیردۆزی پەرەسەندن (2009 -The Greatest Show on Earth: The Evidence for Evolution )، کتێبی ئەفسوونی هەڵکەوت و ڕاستی: چۆن بەڕاستی دەزانین چی شتێک ڕاستەقینەیە (2011 - The Magic of Reality: How We Know What's Really True).
---------------------------

سەرچاوەکان:



نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست