ڕوونکردنەوەیەک لە "خوا"وە

Friday, 13/01/2023, 19:38

4343 بینراوە


موسڵمانانی بە شەرەف:

پەیڕەوانی بەنی قوڕەیش:
سڵاوی گەرمی منی گەورەتان لێ بێ 
 ئەمەوێ ئاگادارتان بکەمەوە کە ماوەیەکی زۆرە کەسانێکی بڵح و تێنەگەیشتوو زۆر بە خراپ هەم ناوی من و هەم ناوی ئاینەکەم بەکار ئەهێنن; کە من لێی بێ بەریم و بە زەرەری ناو و ناوبانگم ئەگەڕێتەوە و بۆ مەسڵەحەتی خۆیان ناوی منیان کردوە بە بنێشتە خۆرەی ژێر زمانیان، كە ویستیان هەر چییەک بکەن ئەڵێن "خوا وای فەرمووە"، یان هەر کەسێک بە قسەی نەکردن ئەڵێن ئەوە "دژی خوایە " دژایەتی کردنی منیش عاقیبەتەکەی باش نابێ.
@ بۆ نموونە وەک من کارەبا بم، خەڵک ئەترسێنن و ئەڵێن "خوا بتگرێ"!
یان منێکی بێمزەڕەت لە ژیانمدا بۆکسێکم نەوەشاندوە بە یەکتر ئەڵێن " دەک خوا لەناو دەمت با"!، یان وەک ئەمر کردن بەسەرما بۆ ئەوەی یەکێک بمرێنم ئەڵێن " دەک خوا بتباتەوە بۆ خۆی"وەک ئەوەی من لەم سەرەوە ئوتێلم دانا بێ... من بە پێشنیازی کەس لەخۆمەوە کەس لەناو نابەم، تا قەناعەتم بەو لەناو بردنە نەبێ. لەناو بردن ئیشی خۆمە و بەس، هیچ پەیوەندی بە عەبدەوە نییە، گومانکردنیش لە یەکتر بەرامبەر بە من بۆتە شتێکی باو، یەکێک چل ساڵە نوێژ ئەکات و ئەوەندە چەماوەتەوە لەتاو ئازاری پشت و ئەژنۆی خەوی لێ ناکەوێ بە گومانەوە پێی ئەڵێن : ئیمانداربی..خوا ئیمانت باتێ ! ئەی بۆ ناپرسن خۆ ئەو هەموو ئیتاعەت و نوێژکردنەی لەبەر دەمی " کامێرای شاراوە"وە نەکردووە، بەرامبەر من کردویەتی و هەر لە خەوا نەبووبم، هەموویم دیوە، یاخود کەسێکتان سەفەر ئەکات پێ ی ئەڵێن "خوا حافیزت بێ " یەعنی بیپارێزم. باشە لەو کاتەدا من مەشغوڵ بم و ئاگام لەو نەبێ، ئەگەر لە سەفەرەکەیا تووشی حادیسە ببێ ئایا من مەسئولم ؟ تۆزێ ویژدانتان هەبێ.
@ ئێوەی موسڵمان، کە خۆتان بەربونەتە یەکتر و یەکتر ئەخۆن، ناوی من مەکەن بە مۆری سەر بڕیار و پەلامارەکانتان بۆ سەر یەکتری، کاتێک "داعش"ێک کە نزیک ترین کەسی منە و کەس وەک ئەو تەمسیلی ئیسلامەتی ناکات و پەیامەکانم بە نوقتە و فاریزە و سەری دێڕەوە جێبەجێ ئەکا، کاتێ خۆی ئەتەقێنێتەوە هاوار ئەکا "اللە اکبر" .. ئێ برادەر بۆ حەیای من ئەبەی بڕۆ جیهادی خۆت بکە، با کەس نەزانێ ئیزنت لە من وەرگرتوە و با ناحەزان نان و پیازی پێوە نەخۆن .. فەرموون موخابەراتی ووڵاتە کافرەکان ئەو هەموو تاوانە ئەکەن، نە کەس ئەکەن بە شایەت و نە کەسیان بەناوی منەوە خۆیان ئەتەقێننەوە، با هیچ نەبێ لەو کافرانەوە فێری پاراستنی نهێنی و تاکتیکی جیهاد بین.
@ لە سەر زۆر مەسەلە، کە من دوورم لێی تووشی گلەیی و گازندە و هەنێ جار تاوانبار کردنیش بووم، ڕاستە من کاتی خۆی "حەمە گیان"م ڕاسپارد، کە ئیسلام وەک دەستورێک بۆ حوکم و تەشریعاتەکانم بڵاو بکاتەوە، بەڵام چونکە خۆم ژنم نییە و لە گیر و گرفەکانیان هیچ نازانم، هەر لە خۆیەوە ئەڵێ گوایا من ووتومە ژن نیوەی پیاوە..! واللە وە بیلا وەتیلا، کە هەر سێکی ناوی خۆمە من شتی وام نەووتوە، خۆ ئەگەر وابوایە لە جیاتی یەک " حەوا" ئەبوایە دووانم دروست بکردایە، هەرچەندە ئەو ئادەمە بێ وەفایە شایانی ئەو یەک دانەیەش نەبوو .. بەهەر حاڵ ئەوە مەوزوعێکی تری خۆم و خۆیەتی، با نەچینە سەر سیاسەت، خۆزگە ئەو کاتە ڤایبەر و وەتس ئاپ هەبوایە، تا بە پەلە ڕوونکرنەوەیەکم بڵاو بکردایەوە، کە شتی وام نەووتوە، ئەوە حەمە گیان ڕەئی خۆیەتی، من چوزانم ئەو پیاوە خۆی عوقدەی ژن و ناوگەڵی هەیە و هەرچییەکی ویستوە بە ناوی بەندەوە ووتویەتی و کردوویەتی.
@ کاتی خۆی من بۆیە قورئانم بە عەرەبی نووسی و ناردمە خوارەوە "خۆزگە هەر نەمناردایە!!" بۆ ئەوەی، کە ئەهلی قوڕەيش و عەرەب بە گشتی ئاقڵ بن و مێشکیان بکرێتەوە و ئاقڵانە ئیسلام بڵاو بکەنەوە، بەڵام نەک ئەم هەزار و چوار سەد ساڵەی ڕۆیشتوە سێ هەزار و سێ چوار سەد ساڵی تریش لە دونیا تێناگەن و هیچ لە پەیامەکانم تێنەگەیشتوون و پێ ئەچێ  خەتای خۆم بێ، کە مێشکیانم بە باشی دروست نە کردبێ "، چونکە دوای دروست کردنیان سنوقێکی پڕ لە وایەر و پلاک بە جێ مابوو"، قسەی خۆمان بێ منیش تاقەتم نەبوو مێشکیان هەڵوەشێنمەوە، ئەگینا ئەوان داوای ووڵاتی ئیسلامی و کۆمەڵگای مولتەزیم بە ئیسلامەوە ئەکەن و منیش هاوکاریم کردن بۆ هاتنە دی خواستەکەیان، ئەی باشە بۆ ووڵاتەکانی خۆیان هی خۆیان بە جێ ئەهێڵن و پەنا بۆ ووڵاتە کافر و نەیارەکانم ئەبەن..!؟ لە ووڵاتی خۆیان مزگەوت وەک عەمودی کارەبا زۆرە، مێزەر بەسەر و مەلا و شەڕواڵ سێ روبعی بە فەردە لەسەر جادەکانن، مانگی ڕەمەزانیان هەیە، جگە لەوە یەکێتی زیناکاران، ببورن یەکێتی زانایانی ئیسلامیان هەیە، کە جار و بار بەناوی منەوە بۆ خۆیان "فتوا" ئەدەن و شتێکیش لە وەزارەتی ئەوقاف وەرئەگرن، ئێ سەرەڕای ئەمانە ڕووئەکەنە ئەوروپایەکی پڕ لە کافری بەراز خۆری سیخن بوو لە "هۆمۆ"!!هەر کە گەیشتنە ئەوێ یەکسەر حەمد و سوپاسی من ئەکەن، کە لەو جەهەنەمە، یانی ووڵاتە ئیسلامییەکە بە سەلامەتی نەجاتیان بووە، نازانن من ئەوە بە "دوو ڕوویی" حساب ئەکەم و وا بزانم کاتی خۆی لە مەسجێکا بۆ حەمە گیانم ناردبوو کە موسڵمان نابێ دوو ڕوو بێ، جا نازانم لە بیریان ماوە یان وەک فایلەکانی دوای ڕاپەڕین سووتێنران..!!.....
@ پێش ئەوەی حەمە گیان ڕاسپێرم بۆ دروست کردنی شانە نهێنییەکانی ئیسلام، لە جەزیرەی عەرەبی بەهۆی بیابان و ڕەشەبای لم و خۆڵەوە، ئافرەتەکانی قوڕەیش " سنوقێکی بەرید" یان ئەکردە سەر، تا بەر دەم و چاویان نەکەوێ، گەرچی ئێستا ئەوانەی بەناوی خۆم و حەمە گیان و ئیسلامەوە قسە ئەکەن کردویانە بە "فەرز" و ناویان ناوە حیجابی ئیسلامی ! من بمزانیایە وای لێ ئەکەن هەر زوو لای خۆمەوە چەند کاروانێک خودەی لە بابەتی ئەوانەی لە یاری "ئایس هۆکی" لەسەری ئەکەن ئەمنارد بۆیان بۆ ئەوەی بە ناوی منەوە نەیکەن بەبار بەسەر کەسەوە، هەرچەندە ئەوەندە بێ ئەقڵن ڕەنگە ئەو کاتە بیانووتایە "خودەی ئیسلامی" لە جیاتی حیجابی ئیسلامی..!!
@ ڕەنگە ئێوە بپرسن بۆچی من زۆر تەداخولی ئیش و کاری سەر ئەرز ناکەم و جم و جۆڵم کەمترە، خۆ من ئەتوانم بە یەک" فوو " هەموو ئەو مولحید و کافرانەی ناو ئێوە لەناوبەرم، خۆتان ئەزانن یا خۆم توڕە نەبم، بەڵام فووی من ئەوەنە بەهێزە ئەترسم ئێوەشی لەگەڵدا ڕا بماڵێ و مەحف ببنەوە و هەموو ڕیسەکەم لێ ببێتەوە بە خوری و ئەبێ دانیشم سەر لەنوێ  قوڕ بێنم و دروستان بکەمەوە، بەڕاستی منیش تاقەتی جارانم نەماوە و ئەو ئیشە زۆری ئەوێ و خۆشم وەک جاران کارا نیم و تاڕادەیەک وازم لەو شتانە هێناوە و سەرقاڵی شتی گرنگترم وەک شەڕی ئۆکرانیا و ڕووسیا، ئەوەندە نەبێ کە شکم نییە لەوەی کافرەکان ئەوەندە ئاقڵ بن هەر لێتان ئەبەنەوە، جا نەک یەک "من"ی تاک و تەنهاتان هەبێ، دە کۆپی وەک من فریاتان ناکەوێ...
تکاتان لێ ئەکەم چیتر بە ناوی منەوە ئەو پاشماوە کەمەی ئیسلام کە ماوە تێک مەدەن، هەر چەندە من دەستم لێ شۆریون، بە خۆم قەسەم بە هەزار و ئەوەندە سەد ساڵ نەبوون بە بەشەر بڕوا ناکەم تازە ببن، لە جیاتی ناوگەڵ کەمێک مێشکتان بەکار بێنن، گەرچی لەوەی مێشکتان پووتە خەتای منیشی تێدایە وەک ئەوەی بۆم باسکردن...
تکایە چیتر عاجم مەکەن، هەر قۆڕیاتێکتان کرد مەڵێن : یا اللە ..یا رب بە پشتیوانی تۆ، منیش و کارم زۆرە و نامپەرژێتە سەر ئەوەی کێ دژی من و کێ پیاوی چاک و ساڵحە ... ئەزانم هەموو مەرایی و هەوڵێکیشتان بۆ چوونە بەهەشتە، بەڵام بەهۆی بەرزی دۆلارەوە حۆری و شەراب کەم بۆتەوە، جگە لەوەی ئێستا بەهەشت تەقریبەن فولە..جێی بەتاڵ زۆر کەم ماوە .
 و السلام علیکم و ڕەحمەت و بەرەکاتی خۆم

خۆمی گەورە و تەعالا


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە