مەترسی هێرشی بوونەوەری هەسارەی دی و ژێر زەوی بۆ سەر زەوی!

Saturday, 14/01/2023, 21:35

1850 بینراوە


بوونی کەل "کون" بۆ چوونە نێو ژێر زەوی:

بیرۆکەی ئەوەی کە گۆی زەوی کەل یان کونی هەیە، کە یەکیان کەوتۆتە جەمسەری بەستووی باشوور و ئەویتریان کەوتۆتە جەمسەری بەستووی باکوور، لە سەدەی هەڤدەدا ئەدمون هیڵای باسی لێوە کردوە و بڕوای وابووە کە لەژێر زەمین ژیان و وڵات هەبووە، بەڵام ئەو کات ڕووبەڕووی  کاردانەوەی نێگەتیڤ بووە لە لایەن کۆمەڵگەوە. لە ساڵی ١٨٩٢دا ویلیەم برادشۆ لە خەیاڵی خۆیدا ئەو نەخشەیەی خوارەوەی کێشاوە لە پەرتوکی "گۆدس ئەتڤەتابار".
https://en.wikipedia.org/wiki/William_R._Bradshaw

A cross-sectional drawing of the planet Earth showing the "Interior World" of Atvatabar, from William R. Bradshaw's 1892 science-fiction novel The Goddess of Atvataba
هەندێک سەرچاوە ئاماژە بەوە دەدەن کە بیرۆکەی بوونی کەل و هەبوونی ژیان لەژێر زەوی لە زۆربەی پەرتوکە ئاینییەکاندا هاتووە، وەک لە قورئان، تەورات، ئینجیل، هیندۆس تا دەگات بە ئاینی تیبتەن و بودیستیش، واتە ئەو بیرۆکەیە کە لە سەدەی هەڤدەدا وروژیندراوە، لەخۆڕا نەبووە پێشوەخت لە پەرتووکە مێژوویەکاندا باسی کراوە، بەڵام بەهۆی جەنگەوە لە هەموو قۆناغە جیاوازەکانی مێژوودا، ئەوەی دەسەڵاتی گرتۆتە دەست، یەکەم شت کە کردویەتی، ئەوە بووە کە هەموو پەرتووک و نووسراوانەی کە پێش خۆی بڵاو کراونەتەوە سوتاندوە، بۆیە ئێستا ئەستەمە ئەو پەڕتووک و نووسراوانەی کە لە مێژووی کۆندا هەبوون پارێزراو بن یان دەستبکەون. 
 لەهەر قۆناغێکی دیاریکراوی مێژووی ژیانی مرۆڤایەتییدا، بەگوێرەی ئەو قۆناغە هێز ئامرازێکی کارا بووە بۆ سەپاندنی دەسەڵات، دیاری کردنی سنووری جوگرافیای دەسەڵاتی ئابووریی و سیاسی و سەربازیی، واتە بەگوێرەی هەر قۆناغێک لە مێژووی ژیانی مرۆڤایەتییدا چەند زلهێزێک هەبووە کە هەمیشە لە کێشمەکێشمدا بوونە، بۆ مانەوە و کۆنتڕۆڵ کردنی گۆی زەوی، ئەوان تا ئەمڕۆ لە جەنگی سارد و گەرمدا بوونە.  جگە لە جەنگی سوپا و هێرشی سەربازیی، زلهێزەکانی دنیا جەنگی دیشیان 
دژی یەکدی و میللەتانی ژێردەست ئەنجام داوە وەک، جەنگی ئەفیون کە بریتانیا لە هیندەوە ببوو بەسەرچاوەی سەرەکیی ناردنی ئەفیون بۆ چینییەکان بە مەبەستی گەندڵ کردنی تاکی چینی. جەنگی بڵاوکردنەوەی ڤایروس کە ئەگەر بە وردی سەرنج لە مێژوو بدەین، دەردەکەوێت لەکاتی جەنگە گەورەکاندا هەمیشە پەتایەکی تایبەت بڵاو بۆتەوە، بۆ نموونە لە جەنگی یەکەم و دووەمی جیهانییدا پەتای تاعون، کولیرا، هەناسە تەنگی، گوڕو هیتر، سەرەڕای ئەوە جەنگی میدیا و بەکارهێنانی بۆ نەهێشتنی مۆڕال لەنێو کۆمەڵگەکان، جەنگی پەروەردەی ناتەندروست و بەدڕەوشت کردنی گەلان. لە هەموویان گرنگتر ترس و تۆقاندن، وەک ئامرازێک بەکارهێنراوە، بۆ کۆنتڕۆڵ کردنی کۆمەڵگە، ڕووخانی  ورەیان، هەوڵدان بۆ لاواز کردنی بیروباوەڕیان بۆ بەرگری کردن.  
لە سەرەتای سەدەی ڕابردوودا ململانێی نێوان زلهێزەکانی دنیا گەیشتۆتە ئاستی ئەوەی کە،  بۆشایی ئاسمان و ژێر زەوی و دەریاکان بگرێتەوە. واتە هاڤرکێی لەنێوانیاندا دروست بووە، بۆ ئەوەی بتوانن بگەنە هەسارەی دی، بودجەی خەیاڵی تەرخان بکەن، بۆ لێکۆڵینەوە و توێژینەوە  لە بۆشایی ئاسمان و ژێر زەوی، بەگوێرەی بەرژەوەندیی خۆیان زانیاریی دەربارەی ئەو بابەتە لەنێو مرۆڤدا بڵاو بکەنەوە، کە هەمیشە ئەو بابەتە بۆ زۆرینەی خەڵکی هەسارەی زەوی دنیایەکی تاریکستان و نامۆیە.
ڕیتشارد ئی بێرد، ئەفسەرێکی ئەمریکییە لەنێوان ساڵەکانی ١٨٨٨-١٩٥٧ ژیاوە. لە ٩/٥/١٩٢٦دا خۆی و فڕۆکەوان فلۆید بێنت، یەکەم ئەفسەر بوونە کە لە ئاسمانی جەمسەری بەستووی باکووردا بە فڕۆکە فڕیون. ئەو کات ئەمریکا بەهۆی ئەوەوە لە میدیاکاندا نازناوی پاڵەوانیان بە ڕیتشارد بێرد  بەخشی. لەگەڵ ئەوەشدا هەندێک لە ئەفسەرانی ئەمریکی ڕازی نەبوون، پێیان وابوو کە بێرد یەکەم کەس نەبووە لە ئاسمانی ئەو ناوچەیە فڕۆکەکەی بفڕێت. 
لە ساڵی ١٩٤٦دا وەزیری دەریایی جیمس فورستال، سەڕۆکی پڕۆژەی "های جەمپ" بوو، کە لە ئەنتارکتیکا بە هاوکاری هێزی دەریایی ئەمریکا کە تێیدا ٤٠٠٠ سەرباز و ئەفسەری ئەمریکی، ١٥ فرۆکە و دوو فڕۆکەی دەریایی بەشدار بوون، لەژێر دروشمی گەشتی پشکنین و پێشخستنی جەمسەری بەستووی باکوور بوو کە لە ٦ تا ٨ مانگی خایاند، لە ٣١/١٢/١٩٤٦دا گەیشتنە دەریای روس.
 دوای ئەو گەشتەو پشکنین و لێکۆڵینەوەیە، بێرد لە میدیاکاندا ڕایگەیاند، کە ئەو نیگەرانە لەبوونی مەترسی لەسەر ئاسایشی ئەمریکا، بەڵام تا خۆی مابوو لەوە زێتر زانیاریی دی بە جەماوەر نەکرد. پاش مردنی بیرد لە ساڵی ١٩٥٧دا، بە ساڵانێکی زۆر ئەوجا لە ساڵی ١٩٩٦دا  پەرتوکێک بە ناونیشانی" بیرەوەریە نهێنیەکانی بیرد"،  لەلایەن کوڕی بیرت بڵاوکرایەوە، کە گوایە ڕیتشارد بیرد  لە ڕۆژنامەی یادەوەریەکانییدا لە گەشتەکەی بۆ جەمسەری بەستووی باکووردا تۆماری کردوە و نووسیتی: 
" لە بۆشایەکی زەویەوە واتە لە "کونێک" لە قوڵایی جەمسەری باکووردا چۆتە ژێر زەوی، دارستانێکی چڕی دیوە، لە مێژوویەکی کۆندا جۆرە بوونەوەرێک لەوێدا ژیاون، پاشماوەی فڕۆکەیەکی سەربازیی دیوە کە لە ڕووی تەکنەلۆژیاوە زۆر پێشکەوتووتر بووە بە بەراورد بەوانەی سەر زەوی، لەژێر قوڵای جەمسەری بەستووی باکووردا حەشار دراون". 
بەگوێرەی هەندێک دۆکیومێنت بێت، ڕیتشارد ئی بیرد، ئەو وڵاتەی کە لەژێر قوڵای زەویدا هەبووە نەخشەکەی کێشاوە و بریتی بووە لە ١٢٩ شار.
بیرد و نەخشەی قوڵایی ژێر زەوی لە جەمسەری بەستووی باکووردا
ئەوەی لە میدیاکاندا و لە نووسراوەکان بڵاو بۆتەوە، لەژێر زەویدا بوونەوەرێک گوزەر دەکات، کە پێیان دەگوترێت ڕومادی یان گرەیی، لەبەرئەوەی ڕەنگیان خۆڵەمێشیەو لە گۆڕانە، کۆئەندامی زاوزێ و هەرسیان نییە، بوونەوەری خاون عەقڵێک و تەکنەلۆژیای پێشکەوتوون، فیشەک یان چەک نایانکوژێت، هەندێکیان باڵا بەرزن و هەندێکیان قەزەمن. گوایە ئەوان لە جەنگی دووەمی جیهانییدا یارمەتی هیتلەریان داوە، دوای نەمانی هیتلر ئەمریکا ئەوانەی دۆزیوەتەوە. گوایە ئەمانە زەمانێک لەسەر زەوی دەسەڵاتیان هەبووە، هەنووکەش ئەوانن حکومەتەکانی سەر زەوی بەڕێوە دەبەن، لە ئایندەدا ئەوان دێنە سەر زەوی، دەسەڵات دەگرنە دەست، بۆیە دەبێت مرۆڤی سەر زەوی یەک بگرێت و خۆی ئامادە بکات بۆ ڕووبەڕوو بوونەوە!  
ئەوەی پێویستە بگوترێت ئەوەیە، کە هیچ سەرچاوەیەک نییە بیسەلمێنێت کە ئەو بوونەوەرانە دیتراون، ئەو وێنانەی بڵاو دەکرێنەوە بەڵگەی تۆکمە نین بۆ سەلماندنی ئەو بیرۆکەیە، هەروها ئەو وێنانە دەستکردن و شێوەیان ڕەنگدانەوەی خەیاڵی زانستی مرۆڤە.  ئەگەر ئەو بوونەوەرانە خاوەن تەکنەلۆژیا و چەکی زۆر پێشکەوتتر بن لە مڕۆڤی سەر زەوی، ئەی بۆچی تا ئێستا هەوڵی ئەوەیان نەداوە بێن؟ دواتر ئەگەر ئەمان ئەوەندە بەهێز بوونە و یارمەتی هیتلەریان داوە، ئەی بۆ ئەو لە جەنگی دووەمی جیهانی دۆڕا. ئەو وێنە و باسانەی کە لەسەر ئەمان دەکرێن، لە یاری کردن بە عەقڵ و هزری مڕۆڤ بەولاوە هیچی دی نین، دەسەڵاتداران دەیانەوێت مرۆڤ بەو جۆرە باسانە  بتۆقێنن و تووشی گێژاوەی فکریان بکەن.  
مرۆڤ هەمیشە عەوداڵی وەڵام بووە بۆ چەند پرسیارێک کە لە مێشکیدا لەگەڵ تەمەنی باڵقبوونی دروست بووە، کە ئەو ناسنامەی مرۆڤی چۆن پێ بەخشراوە؟ چۆن دروست بووە؟ کێ دروستی کردووە؟ ڕۆح چییە؟ مردن چییە؟ دوای مردن چی هەیە؟  بەدرێژایی مێژوو، مرۆڤ بۆ دەستکەوتنی وەڵامی ئەو پرسیارانە پەنای بۆ ئاین بردووە، تا بگاتە خاڵێک کە وەڵامی ئەو پرسیارانەی لا دروست بێت. لەزۆربەی ئاینەکانیشدا وەڵامەکە بۆ غەیب دەگەڕێننەوە،  ڕەنگە بۆ ڕێژەیەکی زۆری مرۆڤ ئەو وەڵامە جێگەی بڕوای تەواو بێت، ئارامیەک بە هەست و مێشکی بگەیەنێت، بەڵام بۆ هەندێکی دی هێشتا تامەزڕۆی دەستکەوتنی وەڵامی نەشکاندوە.
لەگەڵ گەشە کردنی زێتری هزری مرۆڤ و زانست، پرسیارەکە تەنیا لەو چوارچێوەیە نەماوە، کە تەنیا مڕۆڤ بیر لە جۆری دروست بوونی خۆیدا بکاتەوە، بیری لەوە کردۆتەوە کە ئایا لەسەر زەوی تەنیا مڕۆڤ و ئاژەڵ هەیە؟ یان بوونەوەری دیش هەن؟ ئەڵبەتە بیری لە هەموو هەسارەکان، ئەستیرە، مانگ و ڕۆژ، بەگشتی کەون کردۆتەوە کە ئایا ئەمانە چۆن دروست بوون؟  یان ئایا هەسارەکانی دی ژیان و بوونەوەری دیان تێدایە؟  ئەوانەی کە ئەمڕۆ دنیایان کۆنتڕۆڵ کردوە، کار لەسەر ئەو جۆرە پرسیارانە دەکەن، بۆ زێتر سەپاندنی شکۆی خۆیان بەسەر تاکدا، بۆیە کارکردن لەسەر ئەو بابەتە لە ناوەڕاستی سەدەی ڕابردوودا بەزەقی سەریهەڵداوە، تا ئەمڕۆ لە میدیاکاندا لەسەر ئاستی دنیادا، گوێبیستی ئەوە دەبین کە، هەسارەی زەوی لەژێر مەترسی هەڕەشەی بوونەوەرەکانی هەسارەی دی لە بۆشایی ئاسمان یان ژێر زەوییە، بۆ سەلماندنی ئەوەش هەندێک دۆکیۆمێنت دەخەنە ڕوو، واتە ئەو بابەتەش بە سیاسەت کراوە.
 هەموو ئەو دامودەزگەیانەی کە لێکۆڵینەوە لە بۆشایی ئاسمان و ژێر زەمین دەکەن، سەر بە دەزگەی هەواڵگرین، واتە هیچ زانیاریەک بەبێ ڕەت بوون بەو دەزگەیانە بەجەماوەر ناکرێت.  لاری لەوەدا نییە کە زانست زۆر شتی ڕوون کردۆتەوە بەڵام نەک لە سەدا سەد، واتە تا ئێستا نەیتوانیوە وەڵامی هەموو پرسیارێک بداتەوە. ئەو زانیاریانەی دەربارەی بوونەوەری دی و هەسارەکان بڵاو دەکرێنەوە، تێکەڵیەکن لە زانیاریی ڕاست و دڕۆ، کە لە دەزگە هەواڵگرییەکان پۆلین دەکرێن، ئینجا بڕیار دەدرێت بەچ جۆرێک و شێوەیەک ئەو زانیاریانە بەجەماوەر بکرێت، ڕوون نییە ڕێژەی ڕاستیی و درۆیەکەی چەندە، بەتایبەتی کە مەسەلەکە دەگات بە مەترسی بوونی هێرشی بونەوەرەکانی دی بۆ سەر هەسارەی  زەوی. 
Apollo 11 astronaut Aldrin saluting the flag at Tranquility Base
پشکنین لە بۆشایی ئاسمان و قوڵایی زەویدا، ئەوەندەی بۆ دەستکەوتی ئابوورییە، ئەوەندە بۆ ئەوە نییە کە بتوانرێت بەرپەرچی هێڕشی بوونەوەرەکانی تر بێت بۆ ئەو هەسارەیەی کە ئێمە لەسەریدا گوزەر دەکەین. لە چەند سەدەیەکی ڕابردوودا کاتێک کە بریتانیەکان، پرتوغالیەکان و فرەنسیەکان هەر ئەرزێک یان دورگەیەکیان لەسەر هەسارەی زەوی دۆزیەوە، بە پەلە ئالای خۆیانیان لەسەر ئەرزەکەی هەڵکردوە، دەستیان کردوە بە کوشتنی ئەو کەسانەی کە بەرگریان کردوە، بۆ ئەوەی بتوانن دەسەڵات لەدەست خۆیاندا بمێنیت و خێروبێری وڵاتەکە بۆخۆیان بەرهەم بێنن، نمونەش زۆرە وەک ئەمریکا، ئوسترالیا، نیوکلۆدۆنیا، نیوزلەندا و دەیان وڵات و شوێنی دی تا دەگات بە هەڵکردنی ئاڵا لەسەر مانگ. هەندێ پروپاگەندە هەن کە دەیانەوێت ئەندازە و قەوارەی زلهێزەکان لەخۆیان زێتر پێشان بدەن، بۆ نمونە هەیم ئیشید کە ٣٠ ساڵ لە ئیسرائیل لێپرسراوی لێکۆڵینەوە لە بۆشایی ئاسمان بوو، دەڵیت:
" بوونەوەری هەسارەی دی، ڕاستە هەن و بەنهێنی پەیوەندییان بە ئیسرائیل و ئەمریکا هەیە، ڕۆناڵد ترام زانیاریی دەربارەی ئەو بابەتە هەیە،  ئەو بوونەوەرانە ئەو پەیوەندیەش بۆیە بە نهێنی دەهێڵنەوە لەبەرئەوەی مرۆڤایەتی هێشتا ئامادە نییە بۆ ئەوە).
لە میدیاکاندا بەرچاو دەکەوێت کە ئاماژە بەوە دەدەن، کە بوونەوەری دی هەبوون و هەن و پەیوەندییان بە چەند سەڕۆکێکی ئەمریکاوە هەبووە و ڕێککەوتنی نهێنی لەنێوانیاندا واژۆ کراوە. بۆ سەلماندنی ئەو بۆچوونە، هەندێک نمونە دەهێنەوە، کە گوایە هەندێک لە سەڕۆکەکانی ئەو وڵاتە ددانیان بەوە داناوە و دڵنیان کە بوونەوەری دی هەن، نمونەی جیمی کارتەر، ڕێغان، بۆشی باوک، کلینتۆن، ئۆباما. لە ڕاستییدا ئەمانە قسەیان لەسەر ئەو بابەتە کردوە، بەڵام هەرگیز سەدا سەد نەیان وتوە کە ئەوان بونەوەری دیان دیوە یان مامەڵەیان لەگەڵدا کردوون!
کارتەر سەڕۆکی ئەمریکای ساڵی ١٩٧٧-١٩٨١، پێش ئەوەی ببێتە بە سەڕۆک، لە ١٩٦٩دا لە ئاسمانی جورجیادا هەندێ شت دەبینێت، کە  سەرنجی ڕادەکێشێت، پەیوەندیی دەکات بە لایەنی پەیوەست بەو جۆرە بابەتانە دەڵێت: 
ئێوارە بوو کاتژمێر ٧:٣٠ لە ئاسماندا شتێکم دی بە ئەندازەی مانگ بەڵام زۆر ڕەونەقدارتر، دەجوڵاو ڕەنگی دەگۆڕا تا دوورکەوتەوەو ون بوو". 
کارتر هیج وەڵامێکی دەست ناکەوێت.  دواتر لە کەمپەینی خۆهەڵبژاردن بۆ سەڕۆکایەتی ئەمریکا لە ساڵی ١٩٧٦، کارتەر ئەو بابەتە بۆ بانگەشە بەکار دەهێنێت، پەیمان دەدا بەوانەی کە دەنگی بۆ دەدەن، ئەگەر ئەو بوو بە سەڕۆکی ئەمریکا، فایلەکانی وابەستە بە لێکۆڵینەوەکانی ئەو بابەتە لە دەزگەی ناسا و یۆ ئیف ئۆ ئاشکرا دەکات. دواتر کە دەبێت بە سەڕۆکی ئەمریکا، پەیوەندیی دەکات بە ناسا و یۆ ئیف ئۆ، بۆ وەرگرتنی وەڵام و چاولێکردنی ئەو جۆرە فایلانەی کە پەیوەندییان بەو بابەتەوە هەیە. سی.ئای. ئەی، ڕەتی دەکەنەوە هیچ فایلەک لەسەر ئەو بابەتە پێشانی کارتر بدەن، لەو ڕوانگەیەی کە مەرج نییە هەر یەکێک سەڕۆکی ئەمریکا بێت، بۆی هەبێت سەیری ئەو جۆرە فایلە نهێنیانە بکات، دەزگە هەیە دەسەڵاتی لەسەروی دەسەڵاتی سەڕۆکە. داوا لە کارتەر دەکرێت ڕوون کردنەوە بە ئەمریکییەکان بدات، ئەویش بۆ خۆدەرباز کردنی لە بەڵێنەکەی لە وتارێکدا دەڵێت: 
 " ئاشکرا کردنی ئەو بابەتانە بۆ هێزی سوپا و بەرگری ئەمریکی باش نییە، ئاسایشی نەتەوەیی و نیشتمانی ئەمریکا دەخاتە مەترسییەوە".
ئۆباما لە چاوپێکەوتن و میدیاکاندا باسی بونەوەری دی دەکات بەڵام ئەویش بەڵگەکانی لەوە تێپەڕناکات کە تەنیا شتێکی نامۆ یان ڕووناکیەکی نامۆیان بە ئاسمانەوە دیوە، ددان بەوەدا دەنێت کە هیچ کاتێکیش ئەو فایلانەی نەدیوە. 

ڕێگن چەند جارێک لە میدیاکاندا ڕایگەیاند:
" لە میرساد کالیفۆرنیا لە ٩/١٩٧٤دا ڕووناکیەکم دیت، کە شانبەشانی فڕۆکەکەی ئێمە دەفڕی، بۆ چەند چرکە بەدوای کەوتین، بەڵام ئەو زۆر دوورکەوتەوە و لەبەرچاوان بزر بوو".
بۆ زۆرینەی سادەی خەڵکی سەر هەسارەی زەوی ئەو جۆرە لێدوانە، وا لێک دەدرێتەوە کە ڕەنگە ئەو زانیاریەی سەرۆکی ئەمریکا هەیبێت، ئەوان نەیان بێت دەربارەی بوونەوەری دی لە هەسارەکانی دەوروبەر، ڕەنگە زانیاری لەوەش پتری هەبووبێت کە ئەو بوونەوەرانە دەیانەوێت هێڕش بۆ سەر ئەم هەسارەیەی ئێمە بێنن، بۆیە سەرۆکی وڵاتێکی وەک ئەمریکای خاوەن شکۆ، داوای یەکگرتنی هەموو وڵات و گەلانی ئەو هەسارەیە دەکات، کە یەکبگرن و خۆ ئامادە بکەن بۆ ڕووبەروو بوونەوەی ئەوان.  بێ گومان ئەوانەی لەو بوارەدا لە هاڤرکێدان بەتایبەتی ڕوسیا گاڵتەی بەو پێشبینیە و پێشنیارەی ڕێغان هات. 
لە ساڵی١٩٨٥ دا ڕێغان لەگەڵ گورباتشۆ کۆبونەوە دەکەن، بەڵام تا ساڵی ٢٠٠٩ جارنەدرا کە ئەو بابەتانەی ئەوان قسەیان لەسەر کرد بوو چی بوو، لەو بەروارەدا کەناڵی سی بی ئیسی چاوپێکەوتنی لەگەڵ گورباتشۆ کرد و ئەویش گوتی: 
" لەو کۆبونەوەیەدا ڕێگن هەر جەختی لەوە دەکردەوە، کە ڕەنگە هەسارەی زەوی لەژێر هەڕەشەی بوونەوەرەکانی دی هەسارەکانی ئاسمان بێت".  
ئەوەی پێویستە بوترێت ئەوەیە کە رێغان لە کۆبونەوەی نەتەوە یەکگرتووەکانیش بە ڕاشکاوانە ئەمەی گوتوە.
چارەکە سەدەیەک ڕەت بووە بەسەر پێشبینیەکان، ئەگەرەکانی ڕێغان، کە ڕەنگە ئێمە لەژێر ئەو هەڕەشەیە دابین، بەڵام تا هەنووکە هیچ هێمایەک نییە بۆ ڕاستی گوتەکان و پێشبینیەکانی ڕێغان، تا ئێستا بە دارلاستیکیش کەسێک لە بۆشایی ئاسمان و ژێر زەوی بەردێکی تێمان نەگرتووە، ئەوە دەبینین تەنیا مڕۆڤی سەر زەویە تێکبەربووە،  بە ڕاست و چەپ یەکدی دەکوژن، هەوڵدەدەن موشەکی دوورهاوێژ و جەنگی ئەتۆمی دژی یەکدی ئەنجام بدەن، بە ڤایرۆس و کۆمەڵکوژی مرۆڤایەتی قڕ بکەن، واتە ئەو مەترسیەی لەسەر زەوی هەیە لە هەموو مەترسیەکی دەرەکیی گەورەتر و پیسترە بۆ بوونەوەرەکانی سەر گۆی زەوی. 
لە کۆتاییدا دەبێت بگوترێت، کە ئەگەری ئەوە زۆرە، جگە لە ئاژەڵ و مڕۆڤ بوونەوەری دی لەو کەونەدا هەبن، بەڵام هیچ بەڵگەیەکی کۆنکریتی نییە، کە مرۆڤ ئەو بوونەوەرانەی دیتبێت، یان مامەڵەی لەگەڵدا کردبن، یان ڕێککەوتنی لەگەڵ واژۆ کردبن، یان ئەوان بن ئێمەیان دروست کردبێت، ئەو کەون و کائیناتەی کە هەیە زۆر زۆر لە سنووری بیرکردنەوەی عەقڵی مرۆڤ مەزنترە، زۆریش لەوە گەورەترە کە لە پەرتوکە ئاینیەکاندا باسی کراوە.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست